هەرێمی کوردستان، دوای هێرشە موشەکییەکەی ئێران؟

ئیبراهیم سادق مەلازادە
  2022-03-18     597

بەر لەو هێرشە موشەکییەی کە شەوی 13/3 کرایە سەر هەولێر و دوای ئەوەش، قسە زۆر لەسەر لێکچواندنی هەرێمی کوردستان و ئۆکرایین دەکرێت. لەوانەیە لەنێوان ئەو دوو نموونەیە هەندێك لێکچوون هەبن، بەڵام جیاوازییەکان زۆر گەورەترن لە لەیەکچوونەکان.

یەکەم: گەورەترین جیاوازی نێوان ئەو دوو نموونەیە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان دەوڵەت نیە و خاوەنی هیچ جۆرە سەروەرییەکی قانونی تایبەت بە خۆی نیە بەتایبەتیش لەسەر ئاستی قانونی نێودەوڵەتی، تا بتوانێت وەکو ئەکتەرێکی سەربەخۆ بچێتە ململانێی وڵاتانی ناوچەکە. هەر لەو پێودانگەشەوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕاستەوخۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت، لەڕێی دەوڵەتی عێراقەوە نەبێت. هەموو هاوپەیمانەکانیش هەمیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە هەرێمێکی بەهێزییان دەوێت لەناو عێراقێکی بەهێزدا. لە بەرامبەردا،  وڵاتێکی وەکو ئۆکڕایین نە سەروەری و سەربەخۆیی، نە ئەندامەتیشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە هاوپەمانی و دۆستایەتیشی لەگەڵ بەهێزترین ڕێکخراو کە ناتۆیە،، نەبوونە بەربەست لەبەردەم پەلامارنەدانی لەلایەن گەورە زلهێزێکی وەکو ڕوسیا.

دووەم: عێراق وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریش، کە زیاتر دەوڵەتێکی لەرزۆکە، تا ئەمڕۆ نەیتوانیوە کێشەکانی تایبەت بەخۆی چارەسەر بکات، چۆن دەتوانێت یەکلابێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ دراوسێکانی. ئەوە ئەگەر حکومەتی داهاتووی عێراق لەبنەڕەتدا ئەو خواستەی هەبێت؛ پشتگیری لەپرسە هەرێمییەکانی هەرێمی کوردستان بکات. کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کێشەی ستراتیجین و چارەسەرکردنییان نەك هەر ئاسان نیە، بەڵکو هەر حکومەتێکی بەهێز لە عێراق بێتە دەستەڵات، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بچێتە بەرەی هێزە هەرێمیەکان بۆ نینۆککردن و سنووردارکردنی خواستە سیاسیی و ئابوورییە ستراتیجییەکانی هەرێم، بەتایبەتیش لەحاڵەتی جیاوازییە قوڵەکانی نێوان هەردوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان.

سێیەم: بڕیارەکانی دادگای باڵای  فیدڕاڵی عێراق "ئەگەر ڕەهەندی سیاسییان هەبێت یان نا"، مانای وایە لەدەرەوەی دەستەبژێری سیاسی عێراقیش ڕوحێکی دژوار دژ بە هەرێمی کوردستان چالاکە و لەکارکردندا ناوەستێت. هێزە سیاسی و ملیشیاوییەکانی عێراقیش فاکتەرێکی دیکەن لە وڕوژاندنی دژایەتیکردنی هەرێم. بۆیە، گرەوکردن لەسەر بەغدا لە چارەسەرکردنی پرسە ستراتیژیەکان، گرەوکردنە لەسەر وەهم. عێراق نەك نایەوێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر بێت، بەڵکو هەمیشە کار لەسەر ئەوەدەکات هەرێم بخاتەوە قالبی فیدڕالیزمێکی ئیداری و هەر سێ دەستەڵاتی سەرەوەریی دەوڵەت، لەهەرێم بسەنێتەوە، کە بریتین لە دەستەڵاتی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دارایی. ئەم سێ دەستەڵاتە لەزۆربەی دەوڵەتە فیدڕاڵییەکان، تایبەتمەندی ناوەندن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەلایەك عێراق بۆخۆی هێشتا دەوڵەتێکی فیدڕاڵی نیە، لەلایەکی دیکەشەوە، دۆخی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بە بەغداوە، دۆخێکی ساسی و مێژوویی تایبەتە و پەیوەندی بە تایبەتمەندی دۆخی کوردەوە هەیە، لەوانەیە ڕێژەیەکی زۆری ساسییەکان و نوخبەی قانونی عێراقیش لێی تێنەگەن.

چوارەم: خەڵكی ئۆکرایین وەکو دەوڵەت، بە ئەقڵییەتی دەوڵەت، بە ئەزموون و پاشخانێکی شارستانیی بەهێزەوە، لەڕێی حکومەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وتاری سیاسی و پەیوەندییەکانی خۆی پێش دەخات. هەموو ناتۆ بەهەموو هێزیی تەکنۆلۆجییاوە پشتیوانی لە ئۆکراین دەکات، ئۆکرایینێك وەکو نوێنەری بەها شارستانییەکانی ئەوڕوپا و ململانێیەکی چارەنوسسازی نێوان دوو مۆدێل لە دەستەڵات و بەڕێوەبەریی، ڕەفتاری لەگەڵدا دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە مۆدێلی ڕووسی تاکڕەهەند و دیکتاتۆر و خۆسەپێنەر تەنانەت بەسەر گەلانی ڕوسیادا، لەگەڵ مۆدێلی رۆژئاوای دیموکڕاسی و پارێزەری باڵانسی سیستمی نێودوڵەتی و دەمڕاستی بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و سەقگیری نێودەوڵەتی.

هەموو ئەمە بەپێچەوانەی دەستەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ هەرێمێکی یەکگرتوومان نیە. لەسەر ئاستی نێودەولەتیش خۆشیمان بێت یا ترشی، وەکو عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەرێمێك کە حکومەتێکی بەهێزی هەرێمیشی تیانیە لەسەر ئاستی قانونی و دەستەڵاتە جێبەجێکارییەکانییەوە، بەڵکو دوو حیزبی بەهێزمان هەن، لەدوو زۆنی جیاواز، هەرێمێك تا ئەمڕۆ نە هێزێکی نیشتمانی تۆکمەی هەیە، نە داهاتەکانی ڕاستەوخۆ لەژێر دەستەڵاتی حکومەتێکی بەهێزدان، نە لەسەر ئاستی سیاسیش ئەو دوو حیزبە تەبا و هاوهەڵوێستن لەسەر پرسە ستراتیجییەکان. لەبەر ئەو هۆکارانە، بچوکترین ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی بۆی هەیە هەرێم بخاتە ناو گێژاوێکی ترسناك و هەموو دەستکەوتەکانی بخاتەوە ژێر دەستی دەستەڵاتێکی سەنتڕالیزمی ترسناك.

پێنجەم: چونکە جیاوازی نێوان هەرێم و ئۆکرایین، قابیلی بەراوردکاری نین، پێویستە هەرێم سیاسەتێک بگرێتە بەر خاوەنی ڕوانگەیەکی ستراتیجی بێت، بەو سێ خەسڵەتانەی خوارەوە:

یەکەم: هەردوو حیزبی سیاسی حوکمڕان و دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هەموو سیاسەتێکی تاکتیکیی خۆیان بخەنە خزمەتی سیاسەتێکی ستراتیژییانەی هەرێم لە مامەڵەکردنییان لەگەڵ بەغدا و لەسەر ئاستی ناوخۆشدا. بەمانای خۆدوورگرتن لەوەی وەکو دوو حیزبی عێراقی جیاواز بچنە ناو هاوکێشەکان لە بەغدا، کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی وزەیەکی زۆری خودی هەردوو حزبە سەرەکییەکە، مەگەر بەشێک بێت لەو تاکتیکە.

دووەم: لەئاستی ناوخۆشدا، دانانی کۆتاییەکی جیددی و بێدواخستنی ئەو گەندەڵی و نادادی و فەوزا ئیدارییەی کە هەیە و بۆتە بەشێك لە ماندووکردن و ترساندنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئایندەی خۆیان، ئەمەش لەسەر حیسابی باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتیش لەسەر حیسابی کوالیتی سێکتەری تەندروستی و پەروەردە و ئابووری.

سێیەم: هەروەها، سەندنەوەی ڕێکخستنی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە حیزب و گەڕاندنەوەی بۆ حکومەت، بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. تێگەیشتن لەوەی دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە هەرسێ وڵاتی دراوسێ؛ تورکیا، ئێران و سوریا لەسەر ڕەدکردنەوەی کورد بنیاتنراوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەو مانایەی ئەوە واقیعییەتی سیاسیی و ئابوورییە وایان لێدەکات مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن. بۆیە، ڕێخستنی پەیوەندی لەگەڵ هەردسێ دەوڵەت، دەبێت ڕەهەندی ستراتیژی هەبن، لەبەرژەوەندی نەتەوەی کورد و ڕەهەندی تاکتیکیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ، بەمەرجێك هەرگیز دژ بە خواستە نەتەوەییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبێت. چونکە، لەکۆتاییدا دەبێتەوە بە خۆکوشتن و زیانگەیاندن بە خواستە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەوجۆرە، ئەزموونی هەرێمی کوردستان، موڵکی خەڵكی هەرێمی کوردستانە، نە ئۆکرایینە و نە نموونەی ئەو جۆرە فیدڕاڵییەش لەهیچ شوێنێکی دونیا هەیە. نە مافی هیچ هێزێکی سیاسیشە داهاتووی هەرێم بخاتە بەر تەوژمی رەشەبا. پاراستن و بەرەوپێشبردنی هەرێم، ئەرکی هەردوو حزبی سیاسی دەستەڵاتدار، حیزبەکانی دەرەوەی دەستەڵاتی هەرێم و دەستەبژێری سیاسی و هەموو ئەو کەس و لایەنانەشە کە دەتوانن پارێزگاری لەو ئەزموونە بکەن، بە باشترکردن و نەهێشتنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×