پرسیار لە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێرشەکەی سوپای پاسداران

ئاری هەرسین
  2022-03-19     535

بە پێی ڕێسا و ڕێکەوتنەکانی ڕێکخراوی (دەوڵەتە) یەکگرتوەکان، سنوری دەوڵەتەکان پارێزراون. بەڵام ئێمە  دەوڵەت نین، بەڵکو هاوڵاتی پلە خواری دەوڵەتی (بە دەست دروستکراوی) عێراقین. بۆیە قانونی نێودەوڵەتی شمولی ئێمەی کورد ناکات و، هەرچیەکیشمان بەسەر دێت، لە ئەنجامی چەند بەرەکی ناو خۆمان و، بێ موبالاتی دونیای دەرەوەی خۆمانە. 

بە پێی هەواڵی میدیاکان، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر پایتەختی کوردستانی لە ئەستۆ گرتوە. پێ دەچێت ئەم هێرشانە لەڕێی موشەکی بالەستیکەوە ئەنجامدراون. ئەم کردارە وە حشیانە و قێزەوەنەی سوپای پاسداران جگە لە ڕاگەیاندنی جەنگ لەگەڵ هەرێمی  کوردستان، هیچ تەفسیرێکی تر هەڵناگرێت. ئێران بۆ وادەکات؟… ئایا ئێمە ئامادەیی ئەم شەڕە مان هەیە؟… با لە ڕێی چەند ڕاستیەکەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو دوو پرسیارە بدەینەوە.

یەکەم: لەوەڵامی پرسیاری یەکەمدا: دانوسانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران نەگەیشتونەتە بنبەست، بەڵام خاوبونەوە یان بۆ دروست بوە. یان ئەوە تا ئێران زۆری حەز بە دەستپێکردنەوەی دانوسانەانی بۆ ئەوەی لەو قەیرانەداراییەی لە ئەنجامی حەسارەکان توشی بوە ڕزگاری ببێت، یانیش ئەوە تا بە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ماڵی خۆیاندا ناوێرێت و، لە ترسنۆکی خۆیدا و بۆ دەرخستنی (ماسولکەی ئازایەتی) خۆی، پەلاماری ئێمەدەدات. ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ، خۆرئاوا ناچار بە دەستپێکردنەوەی دانوسانەکان بکات. هەندێک کەس دەڵێن، ئەم هێرشە پەیوەندی بە جەنگەکەی ئۆکرانیاوە هەیە، بەڵام من بڕوا ناکەم وابێت. ئەگەر کەسێک بڵێیت تەوقیتی شەڕەکە ی ئۆکرانیا گونجواوە بۆ ئەم مانۆڤرەی ئێران، ئەوەیان شتێکیترە.

دووهەم: بەڵێ ئێمە بەرگەی هەموو هێرشێک دەگرین. بەڵام بە مەرجێک هێزی حەفتاو هەشتا و دوو ئیدارەیی لە ئارادا نەبێت. دوا ئەزمونی دۆڕانی ئێمە لە ئەنجامی خیانەتەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ٢٠١٧ بوو. هەتا ئەوکاتەی  ئێران، توانای درز خستنە ناو ماڵی کوردی هەبێت و، لەسەرێکەوە داوای داخستنی بارەگاکانی کۆمەڵەو دیموکرات لە ئێمە بکات و، لە لایەکیترە وە کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر پەکەکەدا هەبێت و، وەک دەستکەلا بەکاری بهێنێت، هەم بەرانبەر کوردستان و هەم بەرانبەر دەوڵەتی تورک ئێمەی کورد دەبینەوە بە (قەشمەرەکەی) سەردەمی سەفەوەی و عوسمانی. لەکاتێکا ئەمە ئیزدیواجیەتی ئێران دەگەیەنێت. چونکە، ئەی پەکەکە و دیموکرات و کۆمەڵە لە یەک دایک و باوک نەبون لەدایک؟… ئەی هەر یەکەیان بە ئەندازەی ئەوەی تر کورد و کوردستانی نین؟… بۆچی بۆ پەکەکە حەڵاڵە، بەڵام بۆ دیموکرات و کۆمەڵە حەرامە؟… 

بەداخەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی لاوازی بڵاوکردۆتەوە کە تێیداداوا  لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی عێراق دەکات کە کاری جددی لەسەر ئەو پەلامار و هەڕەشانە بکەن…! پرسیاری سەرەکی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە کە ئایا: ئەی خۆمان چ کارێکی جددی دەکەین بۆ ئەوەی هیچ نەبێت توانای پاراستنی سەرو ماڵ وکەرامەتی خۆمانمان هەبێت؟… کەی عاقڵ ئەبین؟… کەی ئەبینە یەک مشت؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×