پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ئۆپۆزسیۆنن یان تەماشاكەر؟

ئەحمەد مەحمود
  2022-03-23     223

رۆژبەڕۆژ لە سایەی حزبەكانی دەسەڵات قەیرانەكان زیاتر دەبن ، سەرجەم كەرتەكانی كارەبا و پەروەردە و تەندروستی و هەتا دوایی سات بە سات لە پاشەكشەدان  ئینتما بۆنیشتمان و خاك و نەتەوە لە خاڵی سفرە ، دەسەڵات هەرجارەو بەسیناریۆیەك و بە چەشنێكی جیاواز كێشە و موشكیلەكان بۆ خەڵكی زیاتر دەكات ، هیچ هۆكارێكی خۆش گوزەرانی هەر لە كارەبا و بەنزین و نەوت و ئاوو خۆراك و پێداویستی پزیشكی ..هتد بۆ خەڵكی ڕٍەش و ڕووت بە ئاسانی بەردەست نییە  ، تەواوی داهاتی ووڵات بە ڕۆژی ڕووناك بەسەرجەمی جۆرەكانیەوە بە تاڵان دەبرێت ، ستەم گەیشتۆتە لوتكە و گەندەڵی تەواوی جومگەكان وشادەمارەكانی ئەم میللەتەی تەنیوە ،  تا سەر ئێسقان سوكایەتی بە كەرامەت و كەسایەتی تاكی كورد ئەكرێت تا ئەو ئەندازەیەی كار گەیشتووەتە ئەوەی گیانی تاكە كانیش بە هۆی پاڵەپەستۆی سەرەوەرگرتنی موچە لە حاڵەتێكی خەتەرناك دایە ، ئەو مەشهەدەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لەبەردەم بانكەكانی هەولێرو سلێمانی و شاروشارچكەكانی تری كوردستان لەكاتی وەرگرتنی موچەی خانەنشینان ڕوویدا و لەماوەكانی ڕابردووش بەردەوامی هەبووە ئەوەمان پێ دەڵێت ئەگەر تاك بەتاكی ئەم میللەتە لەسەرما ڕەق ببنەوەو لەبرسا بمرن و ژێرپێ بكەون وتیابچن لای دەسەڵات نەبای دێت و نەباران وهیچ گرنگیەكی نییە و لە كەیف و سەفای خۆیان ناكەون .
پرسیارە جەوهەریەكە لێرەدا دێتە پێشەوە لە حاڵەتێكی ئاوا خەتەرناك كە دۆخەكە تەواو هەستیارە ، هاونیشتمانیان لەوپەڕی  بێزاری وتوڕەیی دان  و تف لە خاك و ئاڵا و تەنانەت خۆیشیان دەكەن ئایا ئۆپۆزسیۆن چ ڕۆلێك دەگێڕێت ؟ ئیتر دەركردنی بایاننامەی ناڕەزایەتی و بڵاوكردنەوەی لە میدیا و شۆسیال میدیا چی لە دۆخەكە گۆڕیوەو دەگۆڕێت ، ئیدی كاتی ئەوە نەهاتووە ناڕەزاییەتیەكان لەقسە و ووتار و بەیاننامەوە ببنە كردار ؟.
ئەگەر بڕیارە ئۆپۆزسیۆن جوداواز بێت لە دەسەڵات و لەبەرەی خەڵك بێت تاكەی بەكردار نایەنە دەنگ ، (30) ساڵە بەیاننامەی ناڕەزایەتی بڵاودەكەنەوە چی لە دۆخی خەڵك گۆڕیوە ؟ كاتی ئەوە نەهاتووە ئەو نەخێرانەی بەرامبەر دەسەڵات دەوترێت و ئێوەش بەشێكن لێی چیتر تەنها بەدەم نەبێت و بیكەنە كردار و ڕابەرایەتی خەڵك بكەن لە ڕێكخستنیان  لە شەقام و بیكەنە پەیامێك و گڵۆپی سور بۆ دەسەڵات داگیرسێنن ؟
دەپرسم لە ئۆپۆزسیۆن كوا دەرئەنجامی كۆبونەوە سێ قۆڵیە كە (نەوەی نوێ ، یەكگرتوو ، كۆمەڵ ) بۆچی لەپڕ پوكایەوە هەر باسیشی نەما ؟
ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە نەوەی نوێ  متمانەی نییە  كۆمەڵ و یەكگرتوو ئێوە بۆ ؟ تاكەی تەماشاكەر دەبن ؟ لەكاتێكدا لەیەك دەچن بەیەك دەخۆن و برایەتی لە نێوانتان بەرقەرارە ، سەرچاوەی فیكری و مەعریفیتان یەكە ، بنەما قورئانیەكان كە هەردوكتان بە مەرجەعی خۆتانی دەزانن پشت ڕاستی ئەمە دەكاتەوە .
ئەگەر وەڵامتان ئەوەیە ئیمە بە ئەندازەی حەجمی خۆمان دەجوڵێین ، هەر ئەوەندە خەڵك دەنگی پێمان داوە ، یان هێندە حزبێكی گەورەنین و هەرچی بكەین كاریگەری ئەوتۆی نابێت ، ئەم چەند خاڵە دەپرسم لێتان: 
یەكەم: بەو حەجمەی خۆتان كە باسی دەكەن بە درێژایی (30) ساڵ چ كاتێك بەفەرمی اعلانی خۆپیشاندان تان كردووەو هەوادارانی خۆتان تان هێناوەتە شەقام و ڕابەرایەتی خەڵكی نارازیتان كردووە ، كە ئەگەر هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 وەك پێوەر وەربگرین كۆمەڵی ئیسلامی (109,000) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی (67,000) دەنگی بە دەست هێناوە كۆی هەردووكیان دەكاتە(176,000)سەد وحەفتاو شەش هەزار دەنگ ، ئەگەر لەم ژمارەیە تەنها سەد هەزاری بێتە شەقام  بە شێوەیەكی مەدەنیانە گوزارشت لە نارەزاییەتیەكان بكات ئایا كاریگەری دروست ناكات ؟ 
دووهەم:لە قورئانی پیرۆز خوای گەورە لە چەندین شوێن وەسفی حەزرەتی ئیبراهیم دەكات بە ئوممەت (إِنَّ إِبْرَاهِیمَ كَانَ أُمَّەً) لەكاتێكدا تەنها یەك كەس بووە تەنها لەبەر ئەوەی بەرامبەر ستەم وەستاوەتەوە ، بەڵام ئێوە دووحزبن خاوەن نفوسی خۆتانن ، سەدان و هەزاران ئەندام و لایەنگر و هەوادارتان هەیە تاكەی بێ دەنگن لە بەرامبەر ئەم ستەمە، إبراهیم (سەلامی لەسەر بێت) بە تەنها كردی ئێوە بەو هەموو ئەندام ولایەنگرەوە هەر تەماشا دەكەن و بەس ؟
سێهەم: ئایا ئەم وەڵامە (بە قەدەر حەجمی خۆمان دەجوڵێین )مەنتق قەبوڵی دەكات لەكاتێكدا زوڵم لە لوتكەیە ، ئایا خۆتان ڕاڤەی قورئان ناكەن بەوەی كە ئیسلام دژایەتی لەگەڵ كوفر نییە بەڵكو دژایەتی لەگەڵ ستەم هەیە ، ئیدی ستەم لەوە ئەستورتر دەبێت ؟ مەگەر دەكرێت لێگەڕێن ستەمكاران بەئارەزووی خۆیان یاری بەموقەددەراتی ئەم میللەتە بكەن ؟ لەم حاڵەدا ئەی موعارەزەبوونتان چ واتایەكی هەیە؟ 
چوارەم: ئایا ناكرێت بەرەیەكی دەنگی نارازی لە خۆتان وهەوادارانتان و مامۆستایانی ئاینی و شیخانی تەریقەت و ئەهلی تەسەووف و خەڵكانی نوسەر و رۆشنبیر و ...هتد دروست بكەن و بە شێوەیەكی مەدەنیانە بێنە شەقام و پەیامی نارازیی بوون بدەنە دەسەڵات  لەكاتێكدا تەواوی ئەم چین و توێژانە لە دەسەڵات ناڕازیی ودڕدۆنگن ؟
پێًنجەم: ئایا ناكرێ لەگەڵ مامۆستایان و چین وتوێژە نارازیەكان هەماهەنگ بن و بە یەك دەست و بەیەك هێز بەكردار پەیامی نارەزایەتی بدەن بەدەسەڵات ؟.

بۆیە لێرەوە دەتوانم بڵێم هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بەوشێوەیەی ئێستا وەك تەماشا كەر دێتە پێش چاو هیچی لە دۆخەكە نەگۆڕیوەو ناگۆڕێت ، تاكو زیاتر دۆخەكە بەرەو خراپی نەڕۆیشتووەو خراپ تر نەبووە پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت (كۆمەڵ و یەكگرتوو) شێوازی كاری خۆی بگۆڕێت لە گوفتارو بەیاننامەوە بۆ كردار و بەفەرمی  و بەشێوەیەكی مەدەنی ڕابەرایەتی نارەزاییەتیەكان بكەن، خۆ ئەگەر ئەمە نەكەن بەرامبەر خواو خەڵكی خوا لەم هەرێمە بەرپرسیارن ، هەر ئەمەشە وای كردووە دوای خەباتێكی درێژ خایەن كێرڤی جەماوەری بوونتان لە دۆخێكی وەستاو دایە بەڵكو زۆرجار پاشكەشە دەكات ، وەك هەستیشی پێ دەكرێت خەڵكی چاوەڕێی سەركردەیەك دەكەن كۆیان بكاتەوە و ڕێكیان بخات و بەیەك دەنگ بە دەسەڵات بڵێن ئیتر بەسە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×