بۆ بەڕێز لاهور شێخ جەنگی: لەنێوان جەلادو قوربانی لایەك هەڵبژێرە!

عەلی مەحمود
  2022-03-28     1256

 رۆژی شەممە رێكەوتی 19-3-2022, بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشووی ینك سەردانی ناوچەی گەرمیان و مۆنمێنتی ئەنفالی كرد لە دێ  بنە, سێ رۆژ پێش ئەوەش بەشداری مەراسیمی یادی كیمیابارانی هەڵەبجەی كۆمەڵەی قوربانیان بوو, هەردوكیان جێگای دەست خۆشییە, بە گشتی ئەم سەردانانە بۆلای قوربانیان پۆزەتیفە, وەلێ پێویستە تەنها سەردان نەبن بەڵكە باوەڕو پشتیوانی و هاوسۆزی راستەقینە بن لە گەڵ خواست و داواو مافەكانیان.

 ئەم سەردانەی دواینیان هاوكاتیش بوو لە گەڵ 34ەمین ساڵیادی كۆتایی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك  لە رێكەوتی 19-3, كە لە هەمان رۆژدا بوو بۆ یەكەمجار دەستەواژەی ئەنفال وەك ناشرینترین دەستەواژە هاتە ناو فەرهەنگی سیاسی و یاداوەری خەڵكی كوردستانەوە.

لاهور لە پەیجەكەی سەبارەت بە دوا سەردانی دەنووسێت" بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڤاڵانم سەردانی دەڤەری گەرمیانی سەربەرزمان كرد. سەرەتا لە گوندی دێبنەی سەر بە ناحیەی ڕزگاری مۆنۆمێنتی ئەنفالمان بەسەر كردەوە، تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفامان لەسەر مەزاری ئەنفالكراوان دانا. " 

تا ئێرە جێگای دەستخۆشییە؟؟, بەڵام دانانی گوڵ  ئایا وەڵامە بە داخوازی و داواكاری ئەنفالكراوان و كەسوكاریان؟؟, ویستی قوربانیان گوڵدانانە لەسەر گلكۆی قوربانیان كە تا هەنووكە كەس نازانێت خاوەندی ئەو روفاتانە كێن؟ یان پشتیوانیكردن لە داواكارییەكانیان؟, كە گرنگترینیان رزگار نەبوونی تاوانبارانە لە سزا ؟؟؟؟, ئەم تاوانبارانەش بە پلەی یەكەم ئەو 258 جاشە كوردەن لە كۆی 423 تاوانباری پرۆسەكە. گوڵ دانان بێ ئەوەی وەڵام بە خواستەكانی قوربانیان بدرێتەوە, جگە لە ریكلامی سیاسی و بەنجكردن و لە بیربردنەوەی داواكارییەكانیان هیچی دیكە نییە, بە گوڵ دانان بوایە كەسوكاری قوربانیانی جینۆساید كێشەیان ناما, بە ئەندازەی قەبارەی جینۆسایدكراوان گوڵ لەسەر مۆنمێنتەكانیان داندراوە, وەلێ یەك تاوانباریش سزا نەدراوە , ئایا ئەو كاتەی لاهور دەسەڵاتدار بوو چی كردووە بۆ داواكاری كەسوكاری قوربانیان لە باشتر كردنی باری ژیانیان و دادگاییكردنی تاوانباران و ...... هتد؟.

با بزانین تا هەنووكە جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی بە ئاراستەی خواست و داواكاری كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال بووە ؟؟؟, بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با سەیرێك جوڵەكانی ناوبراو لە تەنها وەرزێكی پارساڵدا بكەین؟؟؟، بیكەینە نموونە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی سەرەوەمان.

بەڕێز لاهور لە مانگی یۆنی بۆ ئۆكتۆبەری پارساڵ 2021 زۆرترین دیداری لەگەڵ ئەنفالچیەكان ئەنجام داوەو وێنەی لە گەڵیان گرتووە, ئەگەر دیداری بڵاونەكراوەی تریشی نەبێت, یان پەیوەندی دوور بە دووری دەرەوەی چاوی كامیراكانی ئەنجام نەدابێت ,  هیچكام لەم دیدارانەشی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاو نەكردۆتەوە؟؟؟., تەنانەت زۆرینەی ئەو كەسانەی دیداری لەگەڵ كردوون ئەوانەن لێبوردنی بەرەی كوردستانی یان نایانگرێتەوە, چونكە تا روخانی بەعس لە بەغدا بوونە یاخود فایلیان هەیەو ژێر بە ژێر دوای راپەرینیش كاریان بۆ بەعس كردووە, وە هەمووشیان خێڵ و دەرەبەگ و خاوەند چەندین فەوجی جاش بوونە, ژمارەی فەوجەكانیشیان لە ژمارە سەرەتاییەكان بووە, هەندێكیان ئەوانە بوونە بوتڵە غازو مریشك و كەڵەشێریشیان نەجات نەداوە لە ئەنفالەكان تاڵانیان كردووە.

بۆ نموونە لاهور شێخ جەنگی لە رێكەوتی 7-6-2021 سەردانی جەوهەر ئاغای تۆمەتباری ئەنفالی كردووە, بە مەبەستی پرسەی خوشكەكەی خیتام محێدین هەركی, بنەماڵەكەشی بە تێكۆشەر ناساندووە؟؟, ئیتر نازانم ئەنفالكردن لای ئەو تێكۆشانە ؟؟.

بۆ جاری دووەم لە رێكەوتی 9ی ئاب پێشوازی دەكات لە جەوهەر ئاغای هەركی و زەید سورچی" جەوهەر محێ جهانگیر هەركی راوێژكاری فەوجی 8, كوڕی محێی هەركی كە لە رێكەوتی 25-8-1981  صەدام كۆتایی بە ژیانی هێنا, دواتر خۆی بێشەرمانە لە بری ئەوەی تۆڵەی باوكی بكاتەوە شوێنی باوكی گرتەوە, بەشداری شەڕی گرتنی هەڵەبجە,  ئەنفالی 8ی كردووە , وەك تاوانباری ژمارە 166ی ئەنفال ناوی هاتووە لە لیستی تاوانبارانی كەیسی ئەنفال, تاكو روخانی بەعس لە بەغدا بووە, ناوبراو لێبوردنی بەرەی كوردستانی نایگرێتەوە.

براكەی ئەسعەد جهانگیر هەركی راوێژكاری فەوجی 5, داواكراوی ژمارە 8ی كەیسی تاوانی ئەنفالە, بەشدار بووە لە قۆناغەكانی 1, 2, 3,5 ی ئەنفال. 

زەید سورچی راوێژكاری فەوجی " تەئكید نیم لە پۆستەكەی" 219  تاوانباری ژمارە 178ی لیستی 423 تاوانباری ئەنفال, بەشداری ئەنفالی 8ی كردووەو مەدالیای ئازایەتی وەرگرتووە, هەروەها مامی عومەر ئاغا راوێژكاری فەوجی 77, بەشداری ئەنفالی 2 و 8 كردووە.

لە درێژەی كارە دڵسۆزییەكانی بۆ جەلادانی ئەنفالچی, لە رێكەوتی 16-8-2021 لە سلێمانییەوە دەچێت بۆ رانیە, بۆ  بەشداری كردن لە پرسەی تاوانباری ئەنفال ئەرشەد زێباری"  ئەرشەد ئەحمد زێباری وەزیری پێشوو,  تاوانباری ژمارە 7ی لیستی تاوانبارانی ئەنفال, برای لەتیف ئەحمەد محەمەد زێباری راوێژكاری فەوجی ژمارە 1, داواكراوی ژمارە 7  و 116 ەن لە لیستی تاوانبارانی  ئەنفال,  بەشدار بووی ئەنفالی یەك و دوو چوار و هەشت.

 ناوبراو لە هەمان رۆژ سەردانی سوارە ئاغا دەكات" سوارە عەباس مامەند, راوێژكاری فەوجی 82, بەشداربووی قۆناغی ئەنفالی 1 , برای هەمزە عەباس ماموند ئاكو راوێژكاری فەوجی  22, داواكراوی ژمارە 172ی كەیسی ئەنفال .

وە لە رێكەوتی 8ی ئۆكتۆبەر سەردانی ماڵی كەریم خان دەكات " 

كریم خان مەحمود خەلیفە - راوێژكاری فەوج 40 بەشداربووی پرۆسەی ئەنفال, لە قۆناغەكانی 2 و 5, داواكراوی ژمارە 371 لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال" .

دیارە دیداری ناوبراو لە گەڵ ئەنفالچیەكان هەر لە ماوەی ئەم وەرزە نەبووە, پێشتریش لە گەڵ چەندینی وەك مەلا عوزێر راوێژكاری فەوجی 130 و تاوانباری ژمارە 229 لە لیستی تاوانبارانی ئەنفال و چەندینی دیكە دیداری هەبووە.

ئەمە تەنها ئەوانەیە من كەوتۆتە  بەر چاوم و بڵاو كراونەتەوە, داخوا چەندی دیكەش كە بە نهێنی و لە دەرەوەی چاوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەنجامدراون.

بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم  لە بری گوڵدانان باشترین وەفا بۆ ئەنفالكراوان كەمكردنەوەی وێنەگرتن و دانیشتن و پشتیوانیكردنە لە ئەنفالچیەكان و داوای لێبوردن كردنە لە قوربانیانی ناو ئەو  گۆڕە بە كۆمەڵەی كە سەردانت كردن لە دێ بنە, تاجە گوڵینەكەت ئەرزشی نابێت ئەگەر داوای لێبوردن نەكەی بەرامبەر بەو هەموو سازش و پێدا هەڵدان و دیدارانەی لە گەڵ ئەنفالچییەكان ئەنجامت داون , ناكرێت هاوكات دڵی هەردوو بەرەی دژ بە یەك ئەنفالكراوئەنفالچی، جەلاد و قوربانی رازی بكەیت؟. 

دەشێت كەسانێك  لای تۆ پاك بن لای پارتی تاوانبار, یان لای پارتی پاك بن و لای ئێوە تاوانبار, وەلێ لای گەل هەموو ئەوانەی ناویان لەو لیستە 423 كەسیەو  زۆری تریش كە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار رایانیان گرتووەو پشتیوانیان دەكەن تاوانبارن, پێویستە مامەڵە لە گەڵ تاوانەكانیان بكرێت نەك ئەو سەنگەرە سیاسییەی هەنووكە تیایدان، ئەوانەشی نكۆڵی لە تاوانەكانیان دەكات و  مامەڵەیان لە گەڵدا دەكات وەك ئەوان بەر نەغرەتی مێژوو و دادپەروەری دەكەوێت. هەر ئێوەن رێگرن  لەبەردەم دادگاییكردنیان, هەر ئێوەن رێگرن لە بەردەم ئەوەی كەیسی جینۆسایدی گەلەكەمان مافی یاسایی خۆی لەسەر ئاستی جیهانی بدرێتی و وەك جینۆساید بناسرێت, چونكە دادگایی ئەم هاوڕێیانەی تۆو ئەوانی تر لە پارتی و یەكێتی تاكە رێگایە بۆ ناساندنی تاوانەكانیان بە جینۆساید. 

بۆیە پێش ئەوەی لە یادی ئەنفالدا سەردانیان بكەیتەوە, داوای لێبوردن بكە, لێبوردەیی مرۆڤی مەزنی دەوێ, هیوادارم بە رێگای بارزانی و تاڵەبانیدا نەرۆیت لە نێوان ئەنفالچی و  ئەنفالكراوان, بەرەی دووەم هەڵبژێریت, هەنگاوی  یەكەمیش  خۆ پاككردنەوەیە لە پیسایی ئەو لەودیدارانەی لە گەڵ  ئەنفالچییەكان كردوتە, بۆیە بە پەلە داوای لێبوردن بكە, بە خێرایی خۆت پاك بكەوە, پێش ئەوەی 14-4 بە گوڵی خوێناییەوە سەردانی مەزاری پیرۆزی ئەنفالكراوان بكەیتەوە.

 

سەرچاوەو دیدارو سەردانییەكان:

ئینسكلۆپیدیای جینۆساید :

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=2011041609582156642

https://web.facebook.com/alimahmud.mahmud/posts/785464648222349?_rdc=1&_rdr

https://web.facebook.com/kurdistangenocide/posts/393239882601363?_rdc=1&_rdr

https://www.puknow.com/english/view?article=169811&cat=1

https://mobile.facebook.com/watch/?v=157631236487883&_rdr

https://twitter.com/komisoniragaya1/status/1427294716975099906

https://web.facebook.com/watch/?v=667031328023502

https://web.facebook.com/watch/?v=589404325773223&extid=CL-UNK-UNK-UNK-AN_GK0T-GK1C&ref=sharing&_rdc=1&_rdr

https://web.facebook.com/watch/?v=376565373862966&extid=CL-UNK-UNK-UNK-AN_GK0T-GK1C&ref=sharing&_rdc=1&_rdr 

https://www.youtube.com/watch?v=ZPo4LEj0BEE

https://kirkuktv.net/KU/Details/4869

https://web.facebook.com/watch/?v=785683535725840

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×