ئایا گەر سەدر ببێتە کەسێکی عێراقیی، ئێران تیرۆری ناکات!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-03-28     910

ئێران ھەمو ئەو سەرکردە عەرەبانەی کە بڕوایان بە «عێراقیی بون» ھەبوە، لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا، یان تیرۆری کردون، یاخود وای لێکردون کە لە عێراق ھەڵ بێن. دیارە نمونەش زۆرن. بەڵکو سیاسەتی ئێران ئەوەبوە ئەوانەی لە عێراق دەکرێنە کاربەدەست، بڕوایان بە «ئێرانیی بون» ھەبێت. بۆ ئەو ئامانجەش، ئێران چەندین ھێزی لە عێراق و کوردستان دروست کردوە، وەک گروپەکانی حەشدی شەعبی سەر بە مالیکی و عامری تا دەگات بە کۆمەڵی دادگەری کوردستان و ھتد.

 

ھاتنەکایەی بەرەی سەدر-پارتیی و بەشێکی زۆری سونەکان، گەورەترین گورزی سیاسیی بو کە لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا، بەرەیەک توانیبێتیان بەو شێوە یەکلاکەرەوەیە، دژی خواستەکانی ئێران، کاندیدیان بۆ پۆستەکانی عێراق ھەبێت و، مل نەدەن بۆ فشارەکانی ئێران. بێگومان ئەم بەرەیە زیاتر وڵاتانی خۆراواییان لە پشتە.

 

بەرەی دووەم کە بەرەی ئێرانن، کەمینەی دەنگی ھاوڵاتیانی شیعەکان بە سەرۆکایەتیی مالیکی، کەمینەی سونەکان و، کەمینەی دەنگی ھاوڵاتیانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی کە بێگومان یەکێتیی لە ئێستادا سەرۆکایەتیی کۆمەڵ و یەکگرتوش دەکات. ئەمانە بەڕونی دەڵێن: دەبێت حساب بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران بکرێت لە تەواوی پۆستەکانی عێراق.

 

خەڵکێک پێشتر وایان دەزانیی، یەکگرتو تەنیا سەر بە تورکیایە. بەڵام لە زۆر ڕوداودا دەرکەوتوە، کە یەکگرتو سێ باڵن. باڵێكیان ئەردۆگانین، باڵێكیان ئێرانین، کەمینەیەک لە خوێنەوارەکانیشیان ئایدیای ئاینیی و ناسیۆنالیزمی کوردییان بەتێکەڵکێشکراوی ھەیە.

ئەم جارە باڵی سەر بە دەزگای زانیاری یەکێتیی، ڕۆڵی گرنگیان دی کە ھەڵوێستی یەکگرتو لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت. کاتێک لە چەند ڕۆژێک دا، چەند جارێک موسەنا ئەمین لە کەناڵی ڕوداوی پارتیی دەڵێت: ''پارتیی حسابی بۆ ھاوپەیمانەکەی نەکردوە کە یەکێتییە لە پرسی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دا''.

واتە: پەیامی دەزگای زانیاری ئەوەیە کە دەبێت پارتیی حساب بۆ یەکێتیی بکات. 

یەکێتیی بۆچی دێت لە ڕێی ترەوە ئەو پەیامە بۆ پارتیی دەنێرێت!؟

 

چونکە بۆ ئەوەی بڵێت: یەکێتیی کاریگەری لەسەر زۆرینەی حیزبەکانی ھەرێم ھەیەو دەتوانێت ئاڕاستەیان بکات دژی پارتیی.

 

ھەرچەندە، دەکرێت ئەم سیاسەتەی دەزگای ھەواڵگری یەکێتیی لە ماوەی دوردا زەرەری بۆ یەکێتیی ھەبێت. ڕاستە لە تەکتیک دا قازانجی بۆ یەکێتیی ھەیە. بەڵام بۆ دورمەودا وەسیلەکانی دەزگای ھەواڵگری یەکێتیی ئاشکرا دەبن.

 

 بۆ نمونە: یەکێتیی توانی چەندان فەیسبوکەوان بنێرێتە ناو گۆران. دەستی یەکێتیی لای خەڵکە عەوامەکە کەشف نەبو، ھەتا لاھور دەرکرا. ئیتر بەتەواوی ڕون بویەوە کە ئەو فەیسبوکەوانان و قەڵەم بەدەستانە کامانەبون، کە دەمێکە سەر بە دەزگای زانیاری باڵی لاھور بون و ھەن، ئەوانەشیان کامانەن کە سەر بە دەزگای زانیاری باڵی بافڵن. 

 

ئەڵبەتە، ھەردو دەزگای ھەواڵگری پارتیی و یەکێتیی، ئەو فەیسبوکەوان و قەڵەم بەدەستانەی کە سەر بە دەزگا ھەواڵگرییەکانیان، وا ئاڕاستە دەکەن، کە جنێو و سوکایەتی بە کاراکتەری حیزبەکانی خۆشیان بدەن. بۆ ئەوەی دەستیان کەشف نەبێت. بەڵام ئەوە ستایلێکی کۆنە لە کاری ھەواڵگریی داو، عاقیبەت بۆ خەڵکە عەوامەکەش ڕون دەبێتەوە کە کێن ئەو فەیسبوکەوان و قەڵەم بەدەستانەی سەر بە دەزگای ھەواڵگری: لاھور، یا بافڵ، یان مەسرورن.

 

بیریشمان نەچێت، ھەندێک لەمانە. چەند سەرەن. واتە: بە جارێک ئیش بۆ چەندین لایەن دەکەن. بۆ نمونە، گەر کەسێک لە ناو یەکگرتودا ئیش بۆ دەزگای زانیاری بکات، ئەکرێت لە ھەمان کاتتدا ئیش بۆ دەزگای میتیش بکات. با ڕونتری بکەمەوە، بەڵگەنامەی بەریتانییم لایە، سەرکردەی یەکێتیی ھەبوە زانیاری بە ئێران داوە، کەچی زانیاری تریشی بە بەریتانیا داوە. واتە: سیخوڕی دوو سەرە بوە.

 

ئەم جۆرە سیاسەتەی حیزبەکانی کوردستان، کە سەرکردەکانیان لە یەک کاتتدا سیخوڕی بۆ چەند لاینێک دەکەن، وا دەکات، لە ناو کورددا «سەرکردەی نیشتیمانپەروەر» دروست نەبێت. بەڵکو زیاتر ئەو سیاسییانە دەرکەون کە بە جارێک ئیش بۆ چەند دەزگایەکی ھەواڵگری ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی دەکەن. بەمەش بەرژەوەندییەکانی ھێزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەکان، ھەمیشە دەخرێنە پێش بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان.

 

پارتیی لەبەر ئەوەی لە بنەڕەت دا دەزگا ھەواڵگرییەکەی لەلایەن مۆسادەوە، دروستکراوە، کە لە کۆتایی شەستەکانەوە تا ئێستا لە کارەکانیان بەردەوامن. لە دەزگای ھەواڵگری یەکێتیی، وردترن. بەڵام، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران توانیویەتی خۆی بخاتە ناو پارتییەوە. ھەر لە کەناڵەكانیانەوە، تاوەکو فڕۆکەخانە و ھتد. لە چەند ڕوداوێک دا ئەمە بۆ مرۆڤی سیاسیی ھوشیار ڕونبوەتەوە. ئەکرێت دەزگای ئیتلاعات لەم ماوەیەدا، پرۆکسییەکانی خۆی  چ لە ناو پارتیی و دەرەوەی پارتیی، زیاتر بکاربێنێت. بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ کاندیدەکەی پارتیی زیاتر دروست بکات.

 

ساڵی ٢٠٠٣، پێموایە لە گۆڤاری فۆریین پۆلیسی بو. بابەتێکی ئینگلیزیم لەسەر پرۆژەی فراوانخوازییەکانی ئەردۆگان خوێندەوە. لە باسی ویلایەتی موسڵ دا، باس لەوە کرابو کە ئەردۆگان بە ھاوپەیمانێتیی لەگەل نێچیرڤان پرۆژەی تایبەتیان ھەیە بۆ ھەرێمی سلێمانیی کە تاڵەبانی فەرمانڕەوایی دەکات و ئێران بەسەر بڕیارەکانی دا زاڵە. 

ئایا پرۆژەکەی ئەردۆگان بەھاوپەیمانێتیی نێچیرڤان بریتی بو لە «نەوەی نوێی ئێستا»، یان «بزوتنەوەی گۆران» ی پێشو، ئەوە پرسیارە ستراتیژییەکەیە.

 

لێرەدا نامەوێت وردتری بکەمەوەو درێژدادڕی بکەم و، باسی پەیوەندی نێوان نەوشیروان و نێچیرڤان، یا شاسوار و ھتد بکەم. 

 

بەھەرحاڵ، پارتیی لە ئێستادا کە «زۆران» لەگەل ئێران دا دەگرێت، پێویستە خۆی بۆ کەرەستەکانی دەست ئێرانیش ئامادە کردبێت. پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا سەدر خۆی دەسەلمێنێت کە دەبێتە سەرکردەیەکی عێراقیی و پشتی پارتیی بەرنادات، ئایا ھیچ ھێزێکی نێودەوڵەتیی لە نێوان سەدر و پارتیی دا ھەیە کە گەرەنتی ئەمەی بە پارتیی دابێت؟

 

 چونکە بیرمان نەچێت، ھێزە شیعەکان زوو-زوو ھەڵوێست دەگۆڕن. بۆ نمونە، گەر سەدان ساڵ یەکێتیی و یەکگرتو و کۆمەڵ بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران سیاسەت بکەن، ئەگەر ئێران سبەینێ بزانێت بەرژەوەندییەکی تری ھەیە، بەسانایی دەیانکاتە قوربانیی. ئەی ئایا گەرەنتی چییە کە سەدر، پارتیی ناکاتە قوربانیی!؟ ئەڵبەتە سەدر لە ئێران باشترە، بەمەرجێک عێراقیی بێت! ئەگەرنا، خراپترە!

 

لەوانەش گرنگتر، گەر سەدر ببێتە سیاسییەکی عێراقیی، ئایا لەلایەن ئێرانەوە تیرۆر ناکرێت!؟

 

پارتیی و سەدر و زۆرینەی سونەکان تەنیا بە یەک ڕێگا ئەتوانن لە عێراق دا «زۆران» لەگەل ئێران دا بگرن، ڕێگاکەش ئەوەیە: ''ئەگەر ھاوپەیمانێتییەکەیان توندوتۆڵ بێ و، پشتی یەکتر بەرنەدەن و، ھێزێکی نێودەوڵەتیی متمانەپێکراو لە نێوانیان دا ھەبێت''.

 

پێشموایە: بافل ئەگەر کەمێک ستراتیژبین بێت، ئەکرێت لەسەر بنەمای: ''زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە، ھەر قازانجە''. ڕێکەوتن لەگەل پارتیی، بکات. چونکە جیۆپۆلەتیکی «ھەرێمی یەکێتیی» وەک جیۆپۆلەتیکی «ھەرێمی پارتیی» نییە، کە یەکێتیی «بەتایبەت لەم دۆخەی دا» بتوانێت وەک پارتیی یاری بکات.

 

ڕەنگە کەسانێک لەو دێڕەی سەرەوەم تێ نەگەن. بەڵام ئەو سەرکردانەی یەکێتیی کە کەمێک ھوشیاری ستراتیژییان ھەبێت، لە مەبەستەکەم دەگەن. 

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتیی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×