دوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مام جەلال 

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2022-04-05     1626

مامجەلال دوای ڕوخانی دەسەڵاتی  بەعس و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ، دوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی كرد كە زیانەكانیان  لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ كورد   ئەوەندە گەورەبوو هەرگیز قەرەبوو ناكرێنەوە . كاریگەری هەڵەكانی مامجەلال لە سەر هەرێمی كوردستان تا ئێستاش بەردەوامەو ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت ، ئەنجامی ئەو هەڵانەی مامجەلال بوو . 
دوای ڕوخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و پێكهێنانی حكومەتی عێراقی لە ساڵی 2005  عێراق لە بارودۆخێكی ئێجگار خرابدابوو  لە هەموو بوارەكانی ژیاندا . سوپای عێراق بەتەواوی نەمابوو . كێشەی زۆر گەورە لە نێوان شیعەو سوننە لە لایەك و سوننەو سوننەو ، شیعەو شیعەش لە لایەكی تردا  هەبوو . هێزی ئەمنیش نەمابوو بۆ پارێزگاری لە سەلامەتی خەڵك . باری ئابوری خەڵك زۆر خراپ بوو . پۆڵ بریمەریش حاكمی مەدەنی عێراق لە بارودۆخێكی زۆر خرابدا بوو نەیدەتوانی لایەنەناكۆكەكان یەك بخات و ئەمن و ئاسایش بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە .
لەو كاتەدا كورد لەو پەڕی بە هێزیدابوو . خاوەنی هێزێكی پێشمەرگەی ئامادەبوو بۆشەڕ. ئەگەر كورد بیویستایە بەعقوبەشی داگیر دەكرد . باری ئابوری خەڵكی كوردستانیش زۆر باشتر بوو لە خواروی عیێراق . پۆڵ بریمەریش زۆر پێویستی  بە هاوكاری كورد بوو لەو كاتەدا. ئەگەر سیاسیەكانی كورد خاوەنی بەرنامەی نیشتمانی بونایەو بیانزانیایە ئەو چەندین  ساڵە بۆچی شەڕیان كردوەو لە شاخ بون ، دەیانتوانی دەسكەوتی گەورە بۆ میللەت 
دەستەبەر بكەن چونكە بارودۆخەكە زۆر گونجاو بوو بۆ كورد . بەڵام بە هۆی نەشارەزایی و ناكۆكیە كانی نێوان پارتی و یەكێتی لە لایەك و حەزوو ئارەزوی بەرپرسانی كورد  بۆ دەسەڵات و وەرگرتنی پۆست و پلەو پایە  هەموو ئەو هەلە زێرێنانە لە دەست چون .جاری  یەكەم هەڵەی كورد ئەوەبوو كە لەدەستووردا   ڕازی بون  بەوەی ناوچە داگیركراوەكانی كورد ناو بنرێن ، ناوچە كێشە لەسەرەكان . واتە لە هەنگاوی یەكەمدا هەڵەی گەورە كراو  حكومەتی عێراقیت كردە هاوبەشی  نیشتمانەكەت كە چیندین ساڵە خوێن دەڕێژی لە پێناویدا . . 
دوو هەڵە ستراتیجیە گەورەكانی مامجەلال ئەمانەن  : 
یەكەم : وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار 
زیانەكانی ئەوپۆستە  لەسەر ئاستی عێراق: 
    وەكو لەسەرەو ئاماژەم بۆ كرد  عێراق لە ئاستێكدابوو ئەگەر كورد ، كارامەیی سیاسی هەبوایە دەیتوانی دەسكەوتی زۆر گەورە بەدەست بهێنێت . بەڵام لە شانسی عەرەبی عێراقی لەو كاتەدا مامجەلال كەڵكەڵەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری كەوتە مێشكەوە . بە جۆرێك خولیاو عەشقی ئەو پۆستە ببو ئامادەبوو هەموو شتێكی لە پێناودا  دابینێت و دواجاریش هەروای كرد. 
پۆستی سەرۆك كۆمار بە پێی دەستوور پۆستێكی تەشریفاتییە , كەواتە بۆ كورد پۆستێكی كارتۆنیەو هیچ بەهایەكی نییە چونكە هیچ بڕیارێكی لە بەرژەوەندی  كورد پێ نادرێـت . ئەگەر مامجەلال سەرۆك كۆمار نەبوایەو لە قەڵاچوالان  دانیشتایەو پێداگری لەسەر  مافەكانی كورد بكردبایەو  بیگوتایە ئێمەی كورد چەندین ساڵە  لەسەر خاك شەڕدەكەین و دەمانەوێت ئەو حەقەمان بۆ بگەڕێننەوە ، ئەو كات پۆڵ بریمەریشی توشی ئیحراجی دەكرد چونكە ئەو زۆر پێویستی بە هاوكاری كورد بوو . 
بەڵام كاتێك پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرت بە هۆی دەستوورەوە مامجەلال بە دەستی خۆی كەلەپچەی خستە دەستی خۆیەوە . كاری مامجەلال لە بەغدا تەنها ئەوە بوە پێشوازی لە سەفیری وڵاتان بكات و خەریكی چارەسەری كێشەی ناو عەرەبەكان بێت و پێشوازی لە سەرۆكی عەشیرەتە عەرەبەكان بكات  لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار و جەنابیان بە تەسبیحێكی قەزوانی نیو مەترییەوە بەرامبەریان  دانیشیت و نوكتەیان بۆ بگێڕێتەوەو وە پێكەنینیان بهێنێت . لە كەسێكم بیست وتی : تۆفیقی حەڵواچی وتویەتی تا مامجەلال لە بەغدا بوە  بایی 120 دەفتەر دۆلار بە سەیارە حەڵوای گەزۆم  بۆ ناردوە .
 ئەی دەبێ بایی چەند هەنگوین و  فستقی بۆ كڕابێت ، ئەی دەبێ چەند  پارەی زیادە حساب كرابێ .  مامجەلال دڵی بەوە خۆش بوو كە پێیان دەگوت سەمامی ئەمان . بەڵام ئەوە تەنها سودی بۆ عەرەبەكان هەبوو نەك بۆ كورد .لە سەردانێكیدا بۆ شاری كەركوك ،  لێدوانێكی دا كە بوو بە میژوو .
بەڵام چۆن میژویەك ، بۆكورد زۆر خراپ بۆ توركمان و عەرەب زۆر باش و تا ئێستا ئەوان لەو بۆنانەدا كە بۆخۆیان قازانجە وەكو قاوان لێی دەدەنەوە . لە سەردانەكەیدا مامجەلال وتی : پۆستەكانی شاری كەركوك بە یەكسانی لە نێوان كوردو توركمان و عەرەبدا دابەش دەكرێت . ئەوەش مانای ئەوەیە كە كەركوك شارێكی كوردستانی نییە . 
خۆزگەی ئێستا لە ژیاندابوایە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی بیبینیایە  چۆن یەك لە دوای یەك ئەو كوردانەی پۆستیان هەیە چۆن لێیان وەردەگیرێتەوەو عەرەب دەخرێتە شوێنیان .  گوندی بەشیری بۆ ڕازیكردنی توركمانەكان و توركیا  دروست دەكردەوە ، بەڵام كوردەكان بە زیادەڕەوی خانویان دروست دەكردو ئەوەتا ئێستا پَیان تێك دەدەنەوە . 
 ماوەی 8 ساڵ مامجەلال سەرۆك ۆمار بوو لە بەغداو بەو هەموو فورسایی خۆیەوەو ئەو  هەموو كوردانەشی پۆستی باڵایان هەبوە لە بەغدا ، نەیان توانی ئەوەندە كاریگەرییان هەبێت كە یەك كورسی پەڕلەمان لەناو یەك ملیۆن كوردی فەیلی بەدەست بهێنن.  ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوەندەی مامجەلال  گرنگی بە عەرەبەكان دەداو موجامەلەی دەكردن ، بەرامبەر بە كوردەكان ئەوەندە بە مەرحەمەت  نەبوو .
 جەنابیان تەنها بە چارەسەری كێشەی عەرەبەكانەوە خەرێك بوو بۆ ئەوەی لێی ڕازیبن ، وەكو ئەوەی خۆی بەقەرزداریان بزانێت  كە بۆتە سەرۆك كۆمار . كەواتە لێرەوە دەردەكەوێت  كە پۆستی سەرۆك كۆمار هیچ سودێكی بۆكورد نەبوە .   
زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵیم مامجەلال بۆخۆی لە بەغدا بوە نەك بۆ كورد ئەو سەرسام بوو بەو سەفەرانەی بە تەیارەی تایبەت  بۆ وڵاتانی دەكرد . لەوەدەچێت  لە بیری چوبیتەوە بۆچی لە بەغدایە .  لە كۆتایی ئەم بەشەدا دڵێم : ئایا مامجەلال لە ماوەی 8 ساڵی سەرۆك كۆماریدا چ دەسكەوتێكی بۆ كورد بەدەست هێنا ؟. مادەی 140 ی جێبەجێ‌ كرد ؟. ئەوەتا كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانیش وەكو سەردەمی بەعس داگیر كرانەوە .  ئەگەر مامجەلال پۆستی سەرۆك كۆماری وەرنەگرتبایەو  خۆی خۆی كەلەپچە نەكردبایەو  بە ئازادی لە قەڵاچوالان دانیشتایە دەیتوانی  زیاتر پێداگری لە مافەكانی كورد بكردایە و پۆَل بریمەریش ناچار دەبوو خۆی سەردانی قەڵاچوالان بكات گوێشی لێبگرێت .  
 زیانەكانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان:   
  چەندین ساڵە بنەماڵەی بارزانی  و تاڵەبانی لە كوردستان شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامیان حاكمی موتڵەقی  هەرێم بن و خاوەن دەسەڵاتی یەكەم بن . لەو پێناوەدا دەریایەك  خوێنی كوردان ڕژاوە . كەچی سەیرەكە لەوەدایە مامجەلال لە پێناوی پۆستی سەرۆك كۆماردا زۆر بە ئاسانی هەرێمی كوردستانی تەسلێم بە بارزانی كرد . ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت و هەموو ئەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی  هەرێم دەبنەوە ، ئەنجامی ئەوەیە كە مامجەلال لە پێناوی پۆستی سەرۆك كۆماردا، مەیدانەكەی چۆڵ كرد بۆ بارزانی و ئەویش لە پێناوی بنەماڵەكەیدا  هەرێمی كوردستانی گەیاندۆتە لێواری لەناوچون .
سەیرەكە لەوەدایە  ئەگەر مامجەلال داواشی لە مەسعود بارزانی بكردبایە  پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت  كە بۆ كورد دانرەوە  وەری نەدەگرت  لەبەر ئەوەی  ئەو نایەوێت دوور بكەوێتەوە لە ناوچەی خۆی و كۆنتڕۆڵی  حیزبەكەی  لە دەست بدات ، لە ڕاستیشدا ئەو باشتر بیری كردۆتەوە لە مامجەلال . لە لایەكی تریشەوە  ئەو خۆی پێ گەورەترە  لەوەی سەرۆك كۆمار بێت . لە لایەكی تریشەوە ڕەنگە لە خۆی ڕانەبینێت  سەرۆك كۆمار بێت ،  سەیركەن ئیستا دەیەوێت ئەو پۆستە بۆ حیزبەكەی خۆی وەرگرێت ، نەخۆی و نەهیچ كەسێك  لە خانەوادەكەی خۆی  ئەو پۆستە وەرناگرن .
 لە ڕاستیدا هەر پۆستەكەشی سوك كردوە. ئەوەتا ڕۆژێك فوئاد حوسەین كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە كە بەرپرسی نوسینگەكەیەتی و تەنها لە كەسێكی گەمژە دەچێت و  ڕۆژێكی تر ڕێبەر ئەحمەد كاندید دەكات  كە لە هەولێریش  خەڵك بە باشی نایناسێت و  و ڕۆژێكی تر هوشیار زێباری  كە لەبەغدا لە پۆستی وەزیری دارایی دوور خرایەوە  گوایە پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكار هێَناوە .  بەڵام مامجەلال  ئامادەی هەموو سازشێك بوو  بۆ بارزانی لە پێناوی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا و لە ئەنجامدا هەرواشی كردو هەرێمی كوردستانی زۆر بە ئاسانی خستە ناو دەستی بارزانیەوە .
 هەتا مامجەلال لە بەغدا بوو تا ئەو كاتەی لە ژیاندا نەما ، بەردەوام سازشی بۆ بارزانی دەكرو بەردەوام  یەكێتی لە ناوحكومەتدا ڕۆڵیان بەرەو لاوازی دەچوو و لەپاشەكشەدابون .ئێستاشی پێوەبێت  یەكێتی نازانێت  ئەوگرێبەستە نەوتیانە چۆن كراون و چەندە  نەوت دەفرشرێت و داهاتی نەوت چۆنە . لە كاتێكدا  مامجەلال سەرۆك كۆمارەو لە پشكی كوردە ، دەبو هەموو پەیوەندیەكانی سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ  بەغدا  لە ڕێگای سەرۆكی كۆمار و نوێنەرانی كوردەوەبێت  لە بەغدا . بەڵام بەدرێژایی ئەوماوەیەی  مامجەلال لە بەغدا سەرۆك كۆمار بوە ، مەسعود بارزانی  بێ ئاگاداری مامجەلال  لەگەڵ سەرۆكی حكومەتەكان  خەرێكی كێشە دروستكردن بوە .
 ئەوەشی  بۆ لاوازكردنی پێگەی مامجەلال  كردوە  . ویستویەتی  بە بەغدا بڵێت  ئەگەرچی مەمجەلال سەرۆكی كۆمارە ، بەڵام هەرمن حسابم . وەكو باسی دەكەن ئەو شەوەی كە مامجەلال توشی جەڵتە هاتوە  تا بەرە بەیان نەخەوتوەو بۆ ئارامكردنەوەی خۆی  خواردویەتەوەو خواردنی خواردوەوخەرێكی نێوەند گیری نیوان مەسعود بارزانی  سەرۆكی حكومەت بوە . لە ئەنجامدا توشی جەڵتەهات و ئەو پۆستە سەری خۆشی خوارد .  
دووەم  هەڵەی گەورەی دووەمی مامجەل 
لە سەرەوە باسی ئەوەمان كرد كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار هەر لە بنەڕەتەوە هەڵەبوەو  ئەنجامەكەشی بە زیانی كورد شكایەوە. بەڵام كاتێك مامجەلال پۆستی سەرۆكی كۆماری وەرگرت دەبوایە كۆنفڕانسێكی خێرا  بگرن و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و زوربەی كادیرە ئەساسیەكانی  یەكێتی كۆبكەنەوەو بەڕێز مامجەلالیش ڕونی بكردایەوە كە ئەو بۆتە سەرۆكی كۆمار  گەیشتوە بە ئامانجەكانی  خۆیی و چۆتە شوێنی سەدام حوسەین .  
دەبوایە ڕونی بكاتەوە كە ئەو دەچێتە بەغداو ناتوانێت سەركردایەتی یەكێتیش بكات . لەبەر ئەوە بڕیارم داوە   ئارەزومەندانە دەستەبەرداری پۆستی سكرتێری گشتی  یەكێتی ببم . خۆشتان دەزانن تا لە شاخ بوین كاك نەوشیروان جێگری من بوەو  براگەورەی ئێوەش بوە . بۆیە بە باشی دەزانم ئەو لە شوێنی من ببێتە سكرتێری گشتی یەكێتی  . دڵنیام  زۆرینەی هەرە زۆریان ڕازی دەبون . ئەگەر ئەوەی بكردبایە یەكێتی نەك لاواز دەبوو ، بەهێزتر دەبو چونكە كاك نەوشیروان دەیتوانی جڵەوی یەكێتی بە باشی بگرێتەدەست .
بەڵام سەد مەخابن مامجەلال ئەوەی نەكرد . هەر وەكو سكرتێری گشتی مایەوە . ئەگەر لە ناحیەیەك ئەندامێكی كۆمیتەیەك دانرایە ، دەبو ئەو لێی ئاگادار بێت . لە غیابی مامجەلال و  نەبونی كەسێكی بەهێزی وەكو كاك نەوشیروان بۆ سەركردایەتی كردنی یەكێتی ، هێواش ، هێواش یەكێتی لەسەر سكەی خۆی لایداو كەوتە لاڕێ , هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە  بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی  خۆیان بەكەمتر نەدەزانی لە یەكتری , بۆیە هەر یەكەیان بە ئارەزوی خۆی  بڕیاری دەداو كەوتنە كەڵاَ كەڵەی خۆ دەوڵەمەندكردن و
 كۆكرنەوەی سامان و  گەندەڵی كردن  لەسەر حسابی گشتی .
كار گەیشتە ئەوەی سەركردەكانی یەكێتی ناو بانگیان خراپ ببێـت و ببیزێن نەك هەر لای هاوڵاتیان بە گشتی بەڵكو لای ئەندامانی حیزبەكەی خۆیان و هێزی پێشمەرگەشەوە .كاتێك كۆنگرەی چواری یەكێتی بەستراو سیستەمی بەڕێوەبردنیش گۆڕا  بۆ هاو سەرۆكی ، هیچ كام  لە سەركردە كۆنەكانی  سەردەمی شاخ   پلەو پۆستیان وەرنەگرتەوەو لە لایەن  ئەندامانی یەكێتییەوە سزادران . 
لە جێگەی ئەوان  دوو گەنجی بنەماڵەی تاَڵەبانی  بونە سەركردە ، كە ئەلف و بێی سیاسەتیان نەخوێندبوو تا ئەوكاتەی هەڵبژێران بە هاوسەرۆكی یەكێتی .
پارتیش لە پێناوی زیاتر لاوازكردنی یەكێتی  كەوتنە دژایەتی شێخ لاهور  بە پاساوی ئەوەی  زۆر دژی ئەوانە .بەڵام ڕاستییەكەی  بۆ ئەوەبوو ناكۆكی بخەنە نێوان ئامۆزاكانەوە . بنەماڵەی  بارزانی  لەكوڕەكانی مامجەلال نزیك بونەوەو وایان لێكردن  كە دژی لاهور بوەستەنەوە . 
دیارە پێیان وتون ئێوە كوڕی مامجەلالن و باوكتان پێاوێكی زۆر گەورە بوەو  چۆن ڕێگا دەدەن  كەسێكی تر جێگەی ئەو بگرێتەوە لە كاتێكدا ئێوە هەن . دواجار  بافیڵ تاڵەبانی  لاهوری  لە بەرپرسیاریەتی ناو یەكێتی  دوور خستەوەو دەسەڵاتی تەواوی یەكێتی كەوتە دەستی كوڕەكانی مامجەلال. ئەمە قۆناغی یەكەمی پلانەكەی بارزانی بوو بۆ ئەوەی كێشە بخاتە ناو بنەماڵەی  تاڵەبانییەوەو لەوەشدا سەركەوتوبون .  قۆناغی دووەمی ئەوەبو داوای پۆستی سەرۆكی كۆماریان  كرد . بەبەهانەی ئەوەی چەندین ساڵە ئەو پۆستە  هەر بۆ یەكێتی بوەو  لێرە بەدواوە دەبێ بۆ ئەوان بێت . بەڵام چۆن لە سەرەتاوە  لە بەغدا بڕیار درا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردبێت ،لە كوردستانیش  وابڕیار درا كە پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت وئەمە ڕێكەوتنی پێش وەختەی لەسەر كراوەو بڕاوەتەوە . 
 بەڵام پێداگری پارتی  بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەهانەیەو بۆ تێكدانی ناوماڵی  یەكێتییە لە لایەك و ناوماڵی كوردە لە لایەكی تر .  بەڵام بافێڵ تاڵەبانی ملی بۆ ئەو داوایەی پارتی نەداو ڕازی نەبوو . كاتێك بارزانی هەستی بەوە كرد كە ناتوانن ئەو پۆستە وەرگرن ، فۆكسیان خستە سەر دكتۆر بەرهەم و گوایە ئەو هەوڵی داوە دوو كورسی هەولێری پارتی بۆ یەكێتی بەرێت .
لە كاتێكدا ئەمە تەواو دوورە لە ڕاستییەوەو ئەوە كۆمسیۆن بوە ئەو بڕیارەی داوەو پارتی تەزویری كردوەو دەبوایە هەر شەرم بكەن باسیشی بكەن . هاتنە سەر ئەوەی ئەوان ڕازین پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت ، بەڵام با كەسێكی تر بێت و ئەمانیش پێی ڕازیبن . بەڵام خۆشبەختانە بافێڵ تاڵەبانی تا ئێستاش بەو داوایەی پارتی ڕازی نەبوەو  من لە لایەن خۆمەوە دەس خۆشی لێدەكەم و هێوادارم ئەگەر یەكێتی ئەو پۆستەش لە دەست بدات ، بە داواكانی پارتی ڕازی نەبن .
بارزانی  بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەرێت  بۆخۆیی و ناوماڵی كورد زیاتر تێك بداو وا لە بەغدا بگەیەنێت  كە ئەوان بریاردەرن لە هەرێمی كوردستان، چۆتە بەرەی حەلبوسی و سەدرەوە . بەوەش ئێرانی توڕە كردوە كە بارزانی دەیەوێت ناوماڵی شیعە تێك بدات . بەو  هۆیەوە  جاری یەكەم  خۆپیشاندان كرا لەبەرر دەم بارەگای لقی پێنجی پارتی و دەیانگوت ئەوە یەكێتییەكان بون . دوایی  بارەگای لقی پێنجی پارتی سوتێنرا. بەڵام سەیر بوو نەیانگوت  دكتۆر بەرهەم بوە . هەولێر كەوتە بەر ڕەحمەتی  ساروخەكانی ئێرانەوە .  مەسرو بارزانیش چوو بۆ قەتەر و ویستی  وەكو چۆن نێچیری ئامۆزای  نەوتی كوردستانی هەڕاج كرد ، غازەكەی سنووری یەكێتیش  هەڕاج بكات . بەڵام نەك ئەوەی بۆ نەكرا ، بەڵكو بەو سەردانەی  هەرێمی كوردستانی خستە بەرمەترسی زۆر گەورەوە بە پێی  بڕیاری دادگای فێدڕاڵی عێراق ، چیتر ڕێگا نادرێت هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوت و غاز بفرۆشن . 
 بەڵام نە ئێران و نە روسیاش بەوە ڕازی نەبون و یەكێتیش مەردانە هاتنە سەرخەت و وتیان ڕێگا نادەین غازی ئێمە وەكو نەوتەكە بەتاڵان بەرن و  ئیتر ستۆپ بەسە .  بۆ ئاگاداری هەموو لایەك كاتی خۆی ئاشتی هەورامی ڕێگای نەدا دانا غاز پەرە بە فراوانكردنی كیلگەكانی  غازدا بدات  لە سنووری گەرمیان بۆ ئەوەی یەكێتی نەبێتە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆی و لە ئەنجامی سكالایەكی داناغازدا ، هەرێم بڕی دوو ملیار دۆلاری بە دانا غاز دۆڕاند ..
 سەیركەن ئەوانە ئەوەندە  قین لەدڵ و حاقیدن  بەرامبەر بە زونی سەوز ئامادەبون  بڕی دوو ملیار دۆلار كەرانە بە داناغاز بدەن لە پێناوی ئەوەی یەكێتی سود مەند نەبێت . بۆیە نابێ یەكێتی ئەوەی لە بیر بچێتەوەو هەرگیز ڕێگا نەدا ئەوان غازی ئەم ناوچەیەش بەرن بۆخۆیان و سنووری سەوزی لێ بێ بەش بكەن . لە ئێستادا بنەماڵەی بارزانی  لە هەموولایەكەوە گڕۆڵەیان لە لێژیدایەو  سەردەمی زێڕینیان بەڕێكردو كاتی ئەوەیە باجی هەڵ و ەوسەرەڕۆكانیان بدەنەوە ،  بەڵام مەترسییەكە لەوەدایەبەوكارەیان ، هەمو هەرێمی كوردستان  دەخەنە بەر مەترسی گەورەوە . ئەوان خاوەنی فەلسەفەی تایبەتی خۆیانن كە نمونەی نییە لە جیهاندا . دەڵێن : ئەگەر  شۆڕشما پێ نەكرێت ، بە دڵنیاییەوە پێمان تێك دەدرێت . بەكردەوە ئەوەیان سەلماند .ئێستاش دەبێ بڵێن :ئەگەر خۆمان لەناو بچین ، بەدڵنیاییەوە  خەڵكی تریش لەگەڵ خۆمان لەناو دەبەین . كەواتە بۆ مانەوەی خۆمان  دەبێ حەزنەكەین ئەوانیش الەناو بچن و تا ماوین ئەو دێوەزمانە بە سەرمانەوەبن . 
لە كۆتاییدا  بە كورتی دەڵێم : ئەگەر مامجەلال پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرنەگرتبایە، كورد زیاتر دەسكەوتی دەبوو ، خۆشی گەورەتر دەبوو ،  بزوتنەوەی گۆڕانیش دروست نەدەبوو لەسەر حسابی یەكێتی و لاوازی بكات ، یەكێتی  بە بەهێزی دەمایەوە، شاسوارەكانیش دروست نەدەبون و پارتیش نەدەبوو بە خاوەنی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و   تاك لایەنە بڕیار بدات .
  سەیركەن  ئێستا كۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان بخاتە بەر مەترسی گەورەوە . ئەوەی زۆر گرنگە هەموو لایەك بیزانن هەر لە سەرەتای بەشداریكردنی  كورد لە حكومەتی عێراقیدا ئێستاشی پێوە بێت  تەنها لە پێناوی ووەرگرتنی پلەو پۆست و ئیمتیازات و  بەرژەوەندی شەخسی بوەو هیچ دەسكەوتێكی نیشتمانی بەدەست نەهاتوەو  سەیركەن  ئێستا چ  شەڕەپۆستێكە .
 واتە بەشداریكردنی كورد لەدەسەڵاتی حوكمڕانی  عێراقدا تەنها سودی بۆ ئەو كەسانە هەیە  كە پۆست وەردەگرن نەك میللەت .  وێڕای  ڕەخنەو گلەیی زۆرم لە بافێڵ تاڵەبانی  بەڵام چۆك دانەدانی بۆ بنەماڵەی بارزانی  مایەی دڵخۆشیەو هیوادارم  هەڵەی باوكی دوو بارە نەكاتەوەو نەچێتەژێر باری فەرمانەكانی بنەماڵەی بارزانی چونكە ئەوان تەنها بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن . بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ئێمە ڕەخنەوگلەییمان لە بافێل تاڵەبانی نییەو لێیی ڕازین  . هیوادارین ئەویش بەخۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی جەماوەرو ئەندامانی حیزبەكەی خۆی لە دەست نەدا .   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×