ھەموومان بەگزادەین

هاوڕێ جەمال
  2022-04-07     481

لە کتێبی رشتەی مرواری، عەللامەی کورد، عەلائەدین سجادی،دا ھاتووە:
کاتی خۆی یەکێ لە پاشاکانی عەجەم، فەرمانی دابوو ھەرچی بەگزادەی ھەورامی ھەیە بیانگرن، و چاویان ھەڵکۆڵن. دەستوپێوەندی پاشا پاش ئەوەی بەگزادەکان دەگرن، و ھەموویان لە حەسارێکدا کۆدەکەنەوە، پاشا خۆیشی لەسەربانێک رادەوەستێ و سەیریان ئەکا. لە ناکاو لە ناویانا کابرایێکی رووتەڵەی جل شڕی بەرچاودەکەوێ. بانگی دەکا بۆی بێنن. کە بۆی ئەبەن پاشا لێی ئەپرسێ : کوڕە کابرا تۆش بەگزادەیت؟ ئەویش ئەڵێ «قوربان بۆ چاو ھەڵکۆڵین بەگزادەم ، ئەگینا تا ئێستا ھەر کۆڵەداریان پێ ئەکێشام». پاشا کە وەڵامەکەی پێ سەیر ئەبێ، بەرەڵای ئەکا.
گەر لە کوردستانا بە چاویلکەی سەرگوزشتەکەی سەرەوە سەیری، دەسەڵات و رەعیەت بکەین، دەبینین چین و توێژەکان، ھەر لە کاسبکار، و جوتیار، و شۆفێر، و فەرمانبەرەوە بیگرە تا دەگاتە مامۆستا، و نووسەر، و رۆشنبیر...، دەسەڵات لە وەرگرتنی باج و خەراج، پاشەکەوتکردنی مووچە، و ھاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی لە بەرامبەر ئەو پارەیەی بەناوی گومرگەوە خڕدەکرێتەوە، ھەموو ئەو سانسۆرەی بەشێوازی جیاجیا دەخرێتە سەر وزەو توانای ئەھلی قەڵەم و رۆشنبیران، وەک بەگزادەیەک مامەڵەیان لەگەڵ ھاوڵاتیان ئەکاو، خەریکی ھەڵکۆڵینی گیرفان و بازوو سفتاحی رۆژانەیانە، و ھەر دوو ھەنگاو لەولاتریشەوە وەک عەبدولمەئموری خۆی لێیان دەڕوانێ.
جا دەسەڵاتێک، تەنھا لەو شوێنەدا ھاوڵاتیەکانی خۆی لەبیربێ کە چەندو چۆن داھات و پارەیان لێ گلبداتەوە؟!، بەڵام وەکی تر وەک رەنجبەرو مسکێنی خۆی لێیان بڕوانێ، بەوەشەوە نەوەستێ، لەململانێی لەگەڵ دەرەوەی خۆی ھەر لە خەمی بەدەستھێنانی پلەو پۆست بێ ، و خۆشی وەک پاسەوانی مافەکانی رەعیەت بناسێنێ! ئەبێ چاوەڕێی چ دڵسۆزی و ئینتمایەک لە ھاوڵاتیەکانی بکا؟ بێگومان ھەر ئەو ئینتمایەی کە ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان پێیگەیشووە، ئینتمایەک نەک ھەر نایبەستێتەوە بە خۆیەوە، بەڵکو خەریکە ئەو مێژووەشی پێوە رائەماڵێ کە بەھۆیەوە شانازی بە ماھیەتی خۆیەوە ئەکا، پێش ھەرشتێ وەک مرۆڤێک، پاشان وەک کوردێک.
دەسەڵاتێک بۆ پڕکردنەوەی چاڵی و چۆڵی گەندەڵی و شکستە یەک لە دوا یەکەکانی خۆی پەنا بۆ گیرفانی توێژی فەرمانبەران و کاسبکاران بەرێ، کە دوو گرنگترین توێژی کۆمەڵایەتین، چ لە رووی بازاڕی کار، چ لە رووی بەڕێوەبردنی حکومەت، دەرئەنجامەکەی ھەر ئەوە ئەبێ، کە کاسبکاران و ئەھلی بازاڕ لە جێی خۆیان بچەقن و نەتوانن پەرە بە سەرمایەکەیان بدەن، لەولاشەوە فەرمانبەران وەک بێگارێک لە وەزیفەو کاری خۆیان بڕوانن و پێیان وابێ ھەر خەریکی کۆڵکێشانن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×