کوردستان یان گۆڕستان

هێمن ئەحمەد
  2022-04-08     585

ئەو شوێنەیە  لەسەر زەوی لەوەتەی هەیە زۆرینەی خەڵکان دەیانەوێت لێی هەڵبێن. جا ئیتر هەیە هەلی بۆ ڕەخساوە و خۆی لێ قوتارکردوە و هەیە پلانی جێهێشتنی هەیە و کەسانێکیش هەن پلانەکەیان تەنها وەک خەون دەمێنێتەوە لەبەر بار و دۆخی تایبەت و نەگونجاوی خۆیان، بۆیە هەر بەم خەیاڵەوە سەر دەنێنەوە و ئاواتەکەیان دەبەنە ژێر گڵ. کوردستان، ئەو وڵاتەی سەرمایەدارەکانی هیچ بەزەییەکیان پێیدا نایەتەوە تەنها تاڵانی دەکەن و پارەکانیان دەبەنە وڵاتانی دەرەوە، بۆ شوێنێک بەشایستەی بزانن بۆ ژیانکردنی خۆیان و ماڵ و منداڵیان. ئێرە ئەو وڵاتەیە هەمو کەس حەز دەکات منداڵەکەی بەهەر زمانێکی تر دەخوێنێت جگە لە زمانی دایک با بخوێنێت، لەهەر خوێندنگەیەک بێت کێشە نیە بەلایەوە، تەنها لە خوێندنگەی کوردی نەبێت. ئێرە ئەو زانستگایەیە خوا هەڵناگرێ کەس حەزناکات قۆناغی زانکۆی تێدا تەواو بکات و بۆ وەدەستهێنانی ماستەر و دکتۆراش خوێندکارانی خوێندنی هەمو شوێنێکیان لا پەسەندترە لە کوردستان، تەنانەت ئەگەر لە سودان و سۆمالیش بێت. ئێرە ئەو چارەسەرگایەیە کە هیچ دەردەدار و نەخۆشێک ناخوازێت چارەسەر و دەرمانی تێدا وەرگرێت. تەنانەت هەموو کەسایەتیە سیاسیەکان و سەرکردەکانیش دواساتەکانی ژیانیان لە ژێر چاودێری دکتۆر و یەکە تەندروستیە بیانیەکاندا بەسەر دەبەن. زۆر جاریش هاوڵاتیانی  ئاسایی هەمان خواستیان هەیە بۆ مەبەستی چارە سەری منداڵێک دەگەنە هیندستان یان وڵاتێکی ئەوروپی. ئێرە ئەو خاکەیە خەڵکەکەی هیچ دڵسۆزی و خۆشەویستیەکیان بۆی نەماوە. تەنانەت ئەوەندە بێ بەزەین بەرانبەر بە سروشت وژینگەکەی، سروشتەکەیان شێواندوە و بۆگەنیان کردوە و بەم ڕەفتارەشیان کەش و هەوایان تۆراندوە. 
لەم نیشتیمانەدا، باری دەرونی تاک و کۆمەڵگەش هاوشێوەی سیستمی بەڕێوەبردن و تۆبۆگرافیاکەی و ژینگەکەی شێواوە و هیچ شتێک لەشوێنی خۆی نەماوە. ڕاستە هەموان حەزمان بە کۆکردنەوەی سامان و مڵک و خانوبەرە و داهاتی مانگانەیە، بەڵام ئەمە تەنها خویەکی ڕۆتینیە و نازانین بۆ حەزی پێدەکەین، لە هەمان کاتدا گەر کەسێکمان دەدوێین خۆمان بەخاوەنی هیچ نازانین. ئەو کۆمەڵگەیەی هەرگیز تاکەکانی ئاوڕی بەخێر لە کەسە  زیندوەکانی نادەنەوە، کەچی کاتێک کەسێکیان لەدەست دەچێت دەست دەکەن بە نزاو پاڕانەوە بۆی و خۆ ئەگەر لەژیاندا ژورێکی خەوتنیان پێ ڕەوا نەبینیبێت بە پەلە دەکەونە هەڵبەستن و ڕازاندنەوەی گۆڕەکەی بە گوڵ و شیعر و شانامە. ڕاستە خەڵک هەڵپەی پێشبڕکێیەتی بۆگەیشتن بە سەیرانگاکان بەڵام خۆ نازانێ بۆچی دەچێت، نە توانای پێکەنینی هەیە نە لە ناخەوە هەستی ئاسودەیی دەکات.
هەرێمێک پڕ لە کێشەو قەیران، کەچی هاوڵاتیەکانی وا ڕاهێنراون لەزەت و خۆشی ببینن لە تەنگژە و نەهامەتی. خۆشی ببینن لە ڕاکەڕاک و خۆراک شاردنەوە، هەڵپەی سەرەی سوتەمەنی لەبەیانی زوەوە، خۆگۆڕین و بە پێکەنینەوە ڕۆشتن بۆ وەرگرتنی موچە. سەیرە حەزی لەڕادەبەدەری دەستەمۆبون و کۆیلە بوون ڕۆژ بەڕۆژ لە ناخی تاکدا زیاتر ڕەگ دادەکوتێت لەبری وروژانی هەستی یاخیبون و ناڕەزایەتی. 
ئەو نیشتیمانەی هەموان لێیهەڵدێین و هیچ خێر و خۆشیەک نابینین لە ژیانکردن تێیدا، هیچ شتکی بەهێزیش نیە بتوانێت پێیمانەوە ببەستێتەوە،تەنها مردن و گۆڕەکانمان نەبێت. بۆیە هەموان تاکە داواکاری دوای مردنمان ئەوەیە لاشەکەمان لە نیشتیمان ژێر خاک بکەن. هەمیشە ئێمە بەوە دڵخۆشین بە مردویی لێرە بین نەک بە زیندویی. کەواتە ئێرە گۆڕستانە نەک کوردستان!
 محمد ماغوتی گەورە شاعیر و نوسەری سوری دەڵێت " نیشتمان ئەو بستە خاكەیە كە پێداویستییەكانی ژیان تیایدا فەراهەمن نەك هۆكارەكانی مردن."

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×