شین گێڕان‌و ناوزڕاند پێویستە یان ڕێگەگرتن لەدەستدرێژی سێکسی

دكتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن
  2022-04-09     573

چەند ڕۆژێکه دەستدرێژی سێکسی سۆشیال میدیایی تەنیوە، گوایە بابەتی بەکۆمەڵی دەستدرێژی سێکسی گەیشتوتە ناو سۆشیاڵ میدیاو هەر یەکەو بەجۆرێک کۆمێنتی لەسەر هەیەو نازانریت راستی بابەتەکە چۆنە، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستی هەنوکەیی و پێویستی کۆمەڵگایی ئێمەیە دەیخەمەڕو تا بتوانرێت بەر لەو جۆرە تاوانە قێزەونانە بگیرێت. 

لەڕاستیدا دەستدرێژی سێکسی تاوانێکی گەورەیە، بەڵام لەکۆمەڵگا لەبەر ئەوەی شەرمە باسکردنی بۆیە نەزانیاری هەیە لەسەری نە هۆشیاری. 
خوێنەری بەڕێز، زۆرجار ئێوەی ئازیزمان لە پشکنینی ئەو بابەتە ئاگادار کردیتەوە کە تایبەتە بەپسپۆری پزیشکی دادوەری بەو مانایەی خۆتان و منداڵتان  ئەگەر ڕووبەڕووی حاڵەتێکی نەخوازراوبون ڕێگایی چارەسەرو دڵنیابونەوە لەجۆری دەستدرێژیەکە بزانن، ئێمه کارو ئەرک و پیشەی پزیشکی دادوەریمان بە شێوازێکی ڕێک ڕوونکردیتەوە، لێرەدا وای بەپێویست دەزانم هەندێک زانیاری دیکە پێشکەشی ئێوەی ئازیز بکەم.
 
مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ ئەو حاڵەتانە بۆتە ئەزموون. دیارە کە غەمی من تەنها لە نوسین و وەشانەکانمدا هەرهێندەبوە کە هیج کامێک لە ئێوەو منداڵەکانتان توشی دەست درێژی سێکسی نەبن بەڵام لەکاتێکدا ئەگەر توش بون نەیشارنەوەو بەڵکو چی ڕێکاری پێویستی یاسایی هەیە بگیردرێتەبەر بەرامبەر تۆمەتبار .

کەسی دەست درێژی لێکراو هەتا زووە بگەیەنرێتە پزیشکی دادوەری بۆ پشکنین تاکو ئاسەواری دەستدرێژیەکە بزر نەبێت.
زۆرجار دەبینین دوایی یەک مانگ یان زیاتر دوایی یەک ساڵ یان زیاترکەسی دەست درێژی لێکراو بیر لە سکاڵاکردن دەکاتەوە کە ڕەنگە کاری ئێمە زۆر دژواربکات، بابڵێین ئاسەوار نامێنێت جونکە ئاسەوارەکانی دەست درێژی بزردەبن کە ڕەنگە ئەو کاتە ئێمە تەنها بتوانین بۆ کچان بڵێین پەردەی کچێنی ماوە یان نەماوە ئەویش وا باشترە لەهەفتەی یەکەم و بەر لەدەڕۆژی یەکەم پشکنینی پەردەی کچینی بێتە ئەنجامدان بۆ دڵنیایی لەمێژوی  دەست درێژیکردنەکە چونکە دوای ئەو ماوەیە ئەویش دیاریکردنی کاتەکەی ناکرێت تەنها دەگوتریت کۆنە.ئەم ماوە بۆ پەردەی کچینی بەڵام بۆ تاوانی دەست درێژی سێکسی دەبیت لەنیوان ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمیری روودانی تاوانەکە بگاتە شوێنی مەبەست و پشکنین.

ناسینەوەی تاوانبار
بێ شک ناسینەوەی تاوانبار لەڕووی زانستی بە DNA دەبێت .ئەویش وەک ناسینەوەیپەنجە .
کە معلومی ئێوەیە DNA هیچ کەسێک لەیەکتر ناچێت .هەر لەبەر ئەوەیە دەبێت لەماوەیەکی کورت لە مێژووی ڕوودانی تاوان دەبێت وەربگیرێت .واتە زۆر باشترە 72 کاتژمێر تێنەپەڕێت و زووتر کەسی دەست درێژی لێکراو بگەینرێتە پزیشکی دادوەری .

لەڕاستیدا ڕەنگە ئەگەر خێزانی کەسی دەست درێژی لێکراوهوشیاری و زانیاریان نەبێت مافی منداڵ یان کچەکەیان لەدەست بچێت .ئەوەش لە ئەنجامی نەبونی هوشیاری یان تێپەڕین و نەخوێندنەوەی بابەتێکی لەوشێوەیە کە بەداخەوە لەوشێوە تاوانە لەبەر دەرگایی هەموو ماڵێکە.

چۆن بەر لەو ڕووداوانە بگیرێت
لەڕاستیدا ئەو ڕووداوانە بنەبڕنابن بەڵکو دەبێت هەمیشە دەسەڵاتی چاودێری کاربکات لەسەر ڕوونەدانی لەڕێگەی دەزگا جیاوازەکان و فەراهەمکردنی پێویستیەکان و هاندانی ڕاگەیاندنەکان بۆ ووروژانی ئەو بابەتە بڵاو کردنەوەی شێوازی سزاو ڕوونکردنەوەی جۆنیەتی شیکارکردنی شێوازی تاوانەکان تا هەموو تاکێک بزانێت دەست بردن بۆ ئەو تاوانە هەرگیز وون نابێت.

پێوویستە
یەکەم .. دەبێت DNA ی ناسینەوە پشتی پێببەستریت، هەروەها پەرە بەستاف و پزیشکی شارەزا بدرێت لەو بوارە.
دووەم .. گرینگی بە هوشیاری زیاتربدرێت لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و دانانی بەرنامەی تایبەت 
لەسەر ئەو پرسە و درووست کردنی جیرۆکی ئەنیمەیشن لەسەر ئەو بابەتە بەتایبەت بۆ منداڵان .
وە هەر لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە زیاتر زانیاری لە بارەی زوو گەیاندنی کەسی تاوان لێکراو بە شوێنی مەبەست واتە گەیاندنی کەسی تاوان لێکراوە بەمافەکانی خۆی .

بەداخەوە بەشێکی زۆری هاوڵاتی نازانێت کە پزیشکی دادوەری شوێنی تایبەتی پشکنینی ئەو جۆرە کەیسانەیە و بگرە نازانن پزیشکی دادوەریش چییە.
سێهەم .. زۆر پێویستە فریاکەوتنی تایبەت بە دەست درێژی سێکسی لە پزیشکی دادوەری بکرێتەوە و لە ڕیگای سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندن ئەو فریاکەوتنە بە هاوڵاتی بناسینریت . وەک زانیاری بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە هەموو ووڵاتانی جیهان فریاکەوتنی تایبەت بەدەست دریژی سێکسی هەیە . گرینگە ئەو داواکاریەی ئێمە بەهەند وەربگیرێت لەپێناو مافی تاوانلێکراو .
چوارەم .. دەبێت کاربکرێت لەسەر یاسایەک یان ڕێنماییەکی تایبەت بە DNA چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان پشکنین و ناسینەوەی پزیشکی دادوەری(forensic identification )کە لە ڕێگەی DNA دەکرێت.
دەکرێت ئەو بابەتەی ئیستا لەبەر دەستتانە ببێتە مایەی زیاتر بە ئاگابون لە گرینگی گەیاندنی کەسی تاوانلێکراو بە پزیشکی دادوەری لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی دەست درێژی سێکسی.

دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
ماموستا لە کۆلیژی پزیشکی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×