(111) هەزارەکەی سیروان مەحەمەد لە نێوان راستی و چەواشەکاریی دەسەڵاتدا

ئالان م. نوری
  2022-04-10     686

چەند رۆژێکە ئاگرێک کەوتۆتە کای سۆسیال میدیا لە هەرێمی کوردستاندا و لێشاوێکی بەردەوامی کۆمێنت و دژەکۆمێنت دەربارەی لێدوانێکی سیروان مەحەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بەرپا بووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر لێدوانێکی هاوشێوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پاریشدا داوە و، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە گوایە، بەپێی دواترین رووپێوی (نەک سەرژمێریی گشتی) کە ساڵی 2018 ئەنجامدراوە، ئەو کەسەی دەرامەتی مانگانەی لە 111 هەزار دینار زیادتر بێت لە عێراقدا بە هەژار دانانرێت، بەو پێیەش بێت رێژەی هەژاران لە نێو دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا، بە پیی ئەنجامەکانی ئەو رووپێوییە، لە ساڵی 2018 دا، دەکاتە 5.5%.

رەنگە گەلێک کەس تووشێ شۆک بکەم کە بڵێم، لە چوارچێوەی ئەو گریمانانەی کە کاک سیروان لێدوانەکەی لەسەر بونیادناون، پێدەچێت قسەکانی راست بن. بەڵام نیوەی راستی، هیچ کات یەکسان نییە بە راستی! وەک کەسێکی پرۆفێشاڵیش دەبوا گریمانەکانی روون بکردایەوە و ئەلتەرناتیڤە پیادەکراوەکانی ئەو گریمانانەشی بخستایەتە روو، تا هاووڵاتیان هەموو تابلۆکە بەبێ شاردنەوەو گومڕا کردن ببینن.

رووپێوی ئاماری گشتی نییە!

کاک سیروان دەزانێت و ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەوەی باسی دەکات دەرئەنجامی سەرژمێرییەکی گشتی یاسایی نییە. هەر خۆیشی دەزانێت کە رووپێویی ئۆردەرکراو و مەسرەفکراوی دەزگایەکی نێودەوڵەتی، ئەو دەزگایەی ئەو بەڕێوەی دەبات، لە دەزگایەکی خزمەتگوزاریی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ بەڵێندەرێکی تایبەت.

وڵاتانی هاوچەرخی دونیا سەرژمێریی گشتی دارێژراو بەپێی یاسا و، چاودێریکراو لەلایەن سیستەمی سیاسیی هەڵبژێردراوی خەڵک، هەموو  10 ساڵ جارێک ئەنجام دەدەن. ئەنجامەکانی ئەو سەرژمێرییانەش دەبنە کۆڵەکەیەکی گرنگی داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و دیاریکردنی خەرجیی دەوڵەت.

لە عێراقدا لە ساڵی 1927 ەوە تا ساڵی 1987 هەموو 10 ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی لە کاتی خۆیدا ئەنجام دراوە (دوو ساڵ نەبێت کە لە بەر هۆکاری جیاواز پێش خراون). ساڵی 1997 یش لە ئەنجامی کشاندنەوەی دەزگا حکومییەکانی مەرکەز لە هەرێمی کوردستان و، گەمارۆی رژێمی سەددام بۆ هەرێم، سەرژمێری گشتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەنجام دراوە و هەرێمی کوردستانی لێ بێبەش کراوە.

کاری سەرژمێری گشتی لە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە و بە هەماهەنگیی چەندین دەزگای حکومەت و بەسەرپەرشتی بێرۆکراتی پسپۆڕ ئەنجام دەدرێت و، تەنها خاوەن کاری ئەم هەڵمەتەش هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەن. هەر بۆیەش هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندییاندایە ئەو پرۆسەیە لە ساختەکاری و دەستێوەردانی سیاسی بپارێزن، چونکە بنەمای ململانێی دێمۆکراسی لە هەر وڵاتێکدا زانیاریی راست و دروست و دان پێدانراوی هەمووانە.

بەڵام لەبەر ئەوەی سیستەمە سیاسییەکەی لە دوای داگیرکردنی عێراق هاتە کایەوە، هەر لە سەرەتاوە، سیستەمی پاشاگەردانی و کلیپتۆکراسی بوو، ئەوە تا ئێستا وادەی دوو سەرژمێریی گشتی تێپەڕیوە و، پێناچێت لە ئەولەویاتی دەسەڵاتی سیاسیدا بێت کە ئەو جۆرە حوکمڕانییە بەرچاوڕوونە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، رێگە پێبدەن.

لە بریی سەرژمێریی گشتی، بانکی نێودەوڵەتی، وەک دەزگایەکی دەرەکی رووپێوییەکی بەرفراوانی لە سەرتاپای عێراقدا ئەنجام دا تا ساڵی 2012 ی گرتۆتەوە و لەرووی دیزاین و مێتۆدۆلۆژییەوە یەکێکە لە چاکترین رووپێوییەکانی تا ئێستە لە عێراقدا ئەنجام دراون. بەڵام جێی داخە کە دەزگاکانی ئامار بوون بە بەڵێندەر لە پڕکردنەوەی فۆرمەکان و، لە هەرکوێیەک حیزبێکی سیاسی باڵادەست بوو، ساردابی بارەگا حزبییەکان بوون بە شوێنی پڕکردنەوەی فۆرمەکان. هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە شارو پارێزگایەکی بێناز و پشتگوێخراوی وەک سلێمانی بوو بە یەکەمی بێ رکابەری هەموو پێوەرەکانی ئەو رووپێوییە لە سەرتاپای عێراقدا…خۆشی لە خۆمان!

بە واتایەکی دیکە، کاتێک دەزگایەکی خزمەتگوزاریی گشتی بوو بە بەڵێندەرێکی تایبەت و، مافی چاودێری و بەدواداچوونی داتاکان لە هاووڵاتیان سەندرایەوە، چاکترین مێتۆدۆلۆژی و دیزاین فریای حسابکردن بۆ ساختەکارییەکان ناکەوێت.

هەرچی رووپێوییەکانی دوای ئەو رووپێوییەی بانکی نێودەوڵەتییە، لە رووی زانستی و بەرفراوانی و تۆکمەیی داتاوە، بە بەدواداچوونی بەرتەسکی رووپێوییەکەی یەکەم دادەنرێن و چیدی نا…سەرەڕای ئەوە بوونیان لە نەبوونیان گەلێک باشترە.

پێوەری هەژاری چۆن دانراوە؟

لەبەر جیاوازیی فراوانی نێوان شێوازی ژیان و رادەی بەنەختینەکردن و بە بازاڕکردنی پێداویستییەکانی ژیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، دەزگا نێودەوڵەتییەکان سێ جۆر پێوەریان داناوە بۆ دیاری کردنی رێژەی هەژاری بە شێوەیەک کە بتوانرێت وڵاتێک بە وڵاتێکی دیکە بەراورد بکرێت. پێوەری یەکەم بە پێوەری هەژاریی رەها ناسراوە و لە ناوەڕاستی سەدەی پێشوودا بە رۆژی 1 دۆلار بۆ هەر تاکە کەسێک خەمڵێندرا. ئەویش بە پێوانی تێکڕای تێچوونی دەرباز بوون لە هەژاریی رەها بۆ هەر تاکە کەسێک لە 15 هەژارترین وڵاتانی دونیادا. ئەو پێوەرە لە ساڵی 2011 دا بووە بە 1.90 دۆلار. بەڵام بۆ زۆربەی هەرە زۆری وڵاتان پێوەرێکی زۆر نزمە، تەنها کەڵکی ئەوەی هەیە کە بزانین لە وڵاتێکدا رێژەی ئەو هاووڵاتییانە چەندە کە لە یەکەمین تێکچوونی باری ئابووریدا، گەر کەس فریایان نەکەوێت، لە برساندا دەمرن!

پێوەری دووەم دیاری کردنی بڕی پێویست بۆ دەرباز بوون لە هەژارییە بەپێی داهاتی نیشتمانیی وڵاتەکە. ئەمەیان عێراق دەخاتە ئەو گرووپەوە کە بۆ ئەوەی بە کەسێک نەڵێیت هەژار دەبێت رۆژانە 5.50 دۆلار داهاتی بێت لەو وڵاتەدا. ئەمەیان ئەو پێوەرەیە کە ئاستی بەهەدەردانی داهاتی نیشتمانی و رۆڵی لە هەژارکردنی هاووڵاتییاندا بە چاکترین شێوە دەخاتە روو.

پێوەری سێیەم (کە، بە داخەوە، پێ بزانێت یان نەزانێت، بە شێوەیەکی چەواشەکارانە، کاک سیروان بەکاری دێنێت) پێوەری داتاشراوی جیاوازە بۆ هەر وڵاتێک و، بە دۆزینەوەی نێوەندی حیسابیی نێوان هەژاری توێژی باڵای چینی ناوەڕاست و توێژی نزمترینی چینی ناوەڕاست دیاری دەکرێت. ئەمەش لە وڵاتێکە وە بۆ وڵاتێکی دی دەگۆڕێت و بەکەڵکی بەراوردی نێودەوڵەتی بە ئاسانی نایەت. ئەم پێوەرە لە عێراقدا بە گشتی، لە ساڵی 2012دا، بە 3.20 دۆلاری رۆژانە بۆ هەر تاکەکەسێک مەزەندە کراوە و، ئەوەی لە خوار ئەو بڕە پارەیە داهاتی بێت ئەوا بە هەژار دادەنرێت.

لە عێراقدا، بەپێی رووپێوییەکەی بانکی نێودەوڵەتی تێکڕای ئەندامانی خێزانێک بە 6.3 کەس مەزەندە کراوە. بەپێی رووپێوییە تازەکان، پێدەچێت لە هەرێمی کوردستاندا جگە لەوەی لە بنەڕەتدا جیاوازییەکی بەرچاو هەبووە لەگەڵ‌ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، لە ماوەیەکی زۆر کورتی 5 ساڵیدا، گۆڕانێکی گەلێک بەرچاو بەسەر نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە (؟) و قەبارەی خێزان لە پارێزگای سلێمانی لە 5.8ەوە دابەزیوە بۆ 4.6، لە پارێزگای هەولێریش قەبارەی خێزان لە 6.4ەوە دابەزیوە بۆ 5.1، هەروەها لە پارێزگای دهۆك قەبارەی خێزان لە 7ەوە دابەزیوە بۆ 6.2.

بە هەر حاڵ گەر دابنێین کە تێکڕای ئەندامانی خێزانێک لە هەرێمی کوردستاندا 5 کەس بێت ئەوا بەپێی پێوەری دووەم (کە دروستترین پێوەرە، وەک لە سەرەوە باس کراوە)، دەبێت کۆی دەرامەتی مانگانەی خێزانێکی ئاسایی لە هەرێمی کوردستاندا بریتی بێت لە (5.50*5*30)، واتە مانگی 825 دۆلار، بۆ ئەوەی ئەو خێزانە بە هەژار دانەنرێت. ئەمەش هەمان پێوەرە بۆ هەر وڵاتێک کە داهاتی نیشتمانیی لە هەمان خانەی عێراقدا بێت، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی. ئەم 825 دۆلارە بە نرخی بازاڕی ئەمڕۆ دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار دینار. بەوپیەش زیاد لە نیوەی عێراق بە هەژار دادەنرێن (ساڵی 2012 رێژەکە بریتی بوو لە 52% و ئێستە بەهۆی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و جیهانەوە مەزەندە دەکرێت کە ئەو رێژەیە گەیشتبێتە 57%)

ئەگەر پێوەرەکەی کاک سیروان قەبووڵ بکەین دەبێت داهاتی خێزانێکی ئاسایی هەرێمی کوردستان لە 555 هەزار دینار کەمتر نەبێت تا بتوانن لە هەژاری دەرباز ببن.. بەڵام با بزانین لە کوێدا کاک سیروان بەپێی پێوەرەکەی خۆی بە هەڵەدا چووە:

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە بانکی نێودەوڵەتی ساڵی 2015 بڵاوی کردۆتەوە، بە ناونیشانی "هەژارەکانی عێراق لە کوێن؟" (بێ‌گومانم لەوەی کە کاک سیروان، بە حوکمی پیشەکەی ئاگادارێتی) هاتووە کە لە کاتێکدا ساڵی 2012 هێڵی هەژاریی تاکەکەس لە عێراقدا بە گشتی 105 هەزار دینار بووە لە مانگێکدا، لە هەمان کاتدا لە هەرێمی کوردستان  بریتی بووە لە 142 هەزار دینار بۆ تاکەکەس لە مانگێکدا. ئەوەش لەبەر ئەوەی تێچوونی ژیان لە هەرێمی کوردستاندا لە چاو بەشەکانی دیکەی عێراق زیادترە. جا ئەگەر بە هەمان رێژەی زیادکردنی عێراق لە ساڵی 2018 دا حیسابی بکەین ئەوا لە ساڵی 2018 دا ئەو هێڵە لە هەرێمی کوردستاندا 150 هەزار دینار بۆ تاکەکەس و 750 هەزار دینار بۆ خێزانێکی 5 کەسی، لە مانگێکدا، دەبێت!

ئەوجا بە پێی برخی دۆلاری ئەوکات بێت، هەمان لێکۆڵینەوە ئاستی هەژاری ساڵی 2018، لە هەرێمی کوردستاندا بە 132 دۆلار لە مانگێکدا بۆ هەر تاکەکەسێک دیاری دەکات. ئەگەر بە نرخی دۆلاری فەرمیی ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی عێراق، هەمان بڕ لێک بدەینەوە ئەوا هێڵی هەژاریی هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە 185 هەزار دینار بۆ هەر تاکەکەسێک. واتە 925 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێکی 5 کەسی بێت.

جیاوازیی نێوان ژمارەکانی کاک سیروان و راستیی پێوەرەکەی کە خۆی هەڵیبژاردووە بریتییە لە 370 هەزار دینار لە مانگێکدا بۆ هەر خێزانێکی 5 کەسی.

لێرەوە دەمەوێت بڵێم، وەک بێرۆکراتێک، خۆزگە ئەم بەڕێزە بە ئەرکی خۆی بزانیبا کە بەرهەمهێنی ئامار و داتای متمانەپێکراو بوایە و، ئەرکی ئارایشت کردنی دەسەڵاتی سیاسیی بۆ سیاسییەکان بەجێهێشتایە. زۆر بە داخەوە وشەی بێرۆکرات وەکو هەموو دەستەواژە سیاسییەکان بە هەڵە بەکار دێت….دەنا گەر بێرۆکراتی راستەقینەمان لە هەموو بوارەکانی کەرتی گشتی هەبوایە حاڵمان بەم رادەیەی ئێستا خراپ نەدەبوو.

هەژارانیش، لە هەرێمی کوردستان بن یان لە هەر سووچێکی دیکەی دونیا،بە هەژمارنەکردنیان دەوڵەمەند نابن، بەڵکو تەنها خوێ بە برینەکانیاندا دەکرێت و زەمینە بۆ بەردەوامبوونی باری ناهەمواری ژیانیان خۆشدەکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×