تەورەکان بنێژن!

ڕێبوار ڕەشید
  2022-04-11     384

زۆر جار ئەو قسەیەم لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە کردووە. ئەو کێشە ناوخۆییانەی کورد زوو یان درەنگ هەر دەبێت لەوێوە دەست پێ بکات کە تەورەکان بنێژین. بەڵام پێم دروستە لێرەدا تایبەت بە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بدوێم.

گەورەترین شانازیی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بە دڵنییایەوە لەوێوە دەست پێ دەکات کە پۆلێک لە تێکۆشەری ئەو دەم نەیانهێشت دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ شادیی ئێراق و ئێران و تورکیا و سووریا درێژە بکێشێت. لەو بارەوە گیانبەختکردووانی وەکوو شەهاب و ئەنوەر و جەعفەر و ئارام و بە سەدانی دیکە دەبێت ئەو چریکەیە بن کە نەوە بە نەوە ئەوەمان وەبیر بهێننەوە.

یەکیەتیی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕێکخراوەیە بوو کە لە زاخۆوە هەتا خوار بەغداد ئەندام و لایەنگری هەبوو، بەڵام هیچ کاتێک بەئەژماربوونی ئەندام و لایەنگر گەرانتیی بۆ بەردەوامبوونی ژیانی ڕێکخراوەیەک نییە. ئەوەی ڕێکخراوەیەک بە پێوە ڕادەگرێت و پێش دەخات توانای خۆنوێکردنەوە و خۆگونجاندن و خۆڕێکخستنەوە و خۆڕەخنەگرتن و ڕیفۆرمی جیاوازە.

بەشێکی بەر چاو لەو کێشانەی ئەوڕۆ بەرۆکی باشووریان گرتووە، هەر لە کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە کە ئەسڵەن نە دەبا کێشەیەک بێت و کە بە ئاشکرا غەدر لە یەکیەتیی دەکرێت، هەتا کێشەی بندیوار و بێمووچەیی و مەلەفەکانی نەوت و گاز و هتد کە بە چەندین ساڵە زەرەری گەورە لە خەڵکی باشوور و پرسی دیموکراسیی و ئازادیخوازیی کورد دەگەیەنن ڕەنگە لەو کەموکورتیانەوە پێ هەڵ بگرن کە کۆنگرەی سێ، بە ئاماژە بە سۆسیالدیموکراتیبوونییەوە، نەیتووانی دروست وەڵام بداتەوە.

کۆنگرەی چوار بە داخەوە لە جیاتیی ئەوەی وەڵآم بەو پرسیارانە بداتەوە و پرۆژەی تایبەتیی چارەسەریی بۆ ئەو کێشانە بدۆزێتەوە، کرا بە دانیشتنێک بۆ ڕێککەوتنی ناوخۆیی و بۆ دابەشکردنی ئیمتیاز و پاوان و قەڵەمڕەوی تاکەکەسیی. لە سەرەتاوە دیار بوو کە ئەم سترەکچەرە قورس و قەبە و ناقۆڵایە توانای بەرهەمهێنانی هزر و بیری گۆڕانکاریی لە سەر ئەو بنەمایانە نییە کە یەکیەتیی پێی لە سەر  دادەگرێت، و ناتوانێت زەمینەیەک بۆ جۆرێک لە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیانەدا خۆش بکات کە لە یەکیەتییەوە نێزیکن و ناتوانێت لە ئاستی ناوخۆیشدا دڵانی دڵسۆز بەڵام تۆراو ئاشت بکاتەوە و هتد هتد.

قسەی تێدا نییە کە لە ناو یەکیەتییدا بە سەدان و بگرە هەزاران لە دڵسۆزانی ژن و پیاو هەن کە دەتوانن کۆمەک بە ڕێکخستنەوەیەکی باشتر، بە چارەسەری دروست و ریفۆرمی جیاواز بۆ بواری جیاواز، بە چاککردنەوە و باشکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگا و ئەو لایەنانەی دەتوانن لەگەڵ یەکیەتییدا لە هاوپەیمانیی جیاوازدا بن و هتد بکەن، بەڵام پێش هەر شتێک پێویستە لە ناو خۆدا تەورەکان بنێژرێن.

کێشەی ناوخۆی یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان پرسگەلی ڕێکخراوەیی نیین چون لاوازبوون یان بەهێزبوونی یەکیەتیی وەکوو ڕێکخراوەیەک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر تەواوی پرسە سیاسیەکان هەیە.

یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان خاوەنی مێژوو و خەبات و کارە، بەڵام وەکوو هەموو ئەوانە گرینگ ئەوەیە کە بە پێی پرۆگرامی سیاسیی یەکیەتیی خاوەنی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالدیموکراسییە و کە بافڵ تاڵەبانی و عەتا سەراوی و یەک دوو کەسی دیکەی سەرکردایەتیی لەم دوواییەدا چەند جارێک لە باسی جیاوازدا جەختیان لە  سەر کردووە و کردووەتەوە. هەر ئەوەیش، واتە ئاماژە بە سۆسیالدیموکراسییبوون، وای کرد بە پێویستی بزانم ئەم چەند دێڕە بنووسم.

کاتێک ئێمە لەوە دڵنییا بیین کە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان پارتێکی سۆسیالدیموکراتە لە ڕاستییدا کێشەیەکی تایبەت نامێنێتەوە قسەی لە سەر بکەین. تا ئەوڕۆ بە هەزاران لاپەڕە لە سەر سۆسیالدیموکراتیی نووسراوە و لە ئوروپا ئەزموونی زیاتر لە سەد ساڵ حکومڕانیی سۆسیالدیموکراتیی هەیە. لە پوختە و کورتەی باسدا لە سەر ئەو بنەمایە ی ن ک دەبێت ماکینەی چەتری ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان بێت، لانکەی بە دەیان و سەدان ریفۆرمی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی بێت، پشتوپەنای سەندیکا کرێکارییەکان و پیشەییە جیاوازەکان بێت، هاوپشتی مافی ژنان و داواکاری جیاکردنەوەی دین و دەوڵەت بێت، و هانی کۆمەڵانی خەڵک بدات لە شوێنی خۆیان خۆ ڕێک بخەن و خۆ بە ڕێوە ببەن، بەردەوام دەستپێشخەریی لە دۆزینەوە و ئانالیزی کێشە نویێەکاندا بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ڕاستە ئاڵانگاریەکان بە ئەژمارن و دەتوانن زۆر زەحمەت بن و پلەبەندیی/ ئەولەویات دەتوانن هەبن، بەڵام یەکەم هەنگاوێک هەر دەبێت هەبێت و لە شوێنێکەوە دەست پێ بکات.  بەڵێ، لە سەر بناخەی پابەندبوون و پێڕەوکردنی پرینسیپی سۆسیالدیموکراتیی زوونی سەوز دەتوانێت لە سەر ئاسی باشوور و تەنانەت لە ئێراق و ناوچەکەدا ببێت بە نموونەی حکومەتی خۆشگوزەرانیی.

واتە یەکیەتیی دەبێت پارتی کار و کردار بێت، سیاسەت بریتییە نییە لە هەڵبەستن و داڕشتن و پێکەوەنووساندنی قسەی نەستەق.

ناسەقامگیریی خەسڵەتی سەرەکیی بارودۆخی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە کوردستان لە ناوجەرگەیدایە و بە هۆی ئەو سامانە زەنگین و کولتورەڕەنگینە فرەلایەنەوە کە کوردستان هەیەتی، گەمارۆ دراوە. داگیرکاران هەوڵ دەدەن هیچ ناوەڕۆکێکی شایانباس و جیددیی بەو ڕێکخراوانەوە نەهێڵن کە مێژوو و ئەزموون و دونیابینیەکی شۆڕشگێڕیان هەبووە و کە ئێستا پۆتانسیالی گۆڕانخوازیی و ریفۆرمخوازییان هەیە و کە کاریان لە دەست دێت. ئەو شەڕە بە شێوەیەکی پرۆفیوشیونال لە پشت پەردە و لە ڕێگای نانەوەی ئاژاوە و فیتەگرایی و ئاشوبی ناوخۆییەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێت.

باشترین بڕیار و کاردانەوەی یەکیەتییەکان بۆ پەرچدانەوەی ئەو دۆخەی ئەوڕۆ پێش هەر شتێک ناشتنی تەوری ناوخۆیە. سەرکردایەتیی یەکیەتیی دەبێت بانگەوازی ئاشتیەوانییەکی سەرانسەری بکات و جێی خۆیەتی هەمووانیش بە دڵفراوانیی و ئامێزی ئاوەڵەوە بە پیریەوە بچن، نەک بەو هیوایەی هەموو ئەوانە بگەڕێنەوە و دەست بە کار بن کە بە هۆی جیاواز ڕۆیشتوون، چون خاڵەکە سەبارەت بە کۆکردنەوەیەکی زۆربێت و بۆربێت بۆ ئێوارەخوانییەک نییە، بەڵکو بەو پلانەوە کە هەموو ئەوانەی دەتوانن و ئامادەن دەرفەت بە نویژەنکردنەوە و دووبارەتێهەڵچوونەوە بدەن، بتوانن بێنەوە مەیدان.

ئەم پاکەتە، ڕێککەوتننامەیەکە لە سەر سێکوچکەی ماف و ئەرک و بەرپرسیاریی بۆ هەمووان.

یەکیەتیی دەتوانێت ببێت بە پارتێکی سیاسیی توند و بەهێز، و ببێت بە ناخودای ئەو کەشتییەی کە لە دەریای تاریکستانی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕێگای خۆی بدۆێتەوە و بەو شێوەیە سەهمی خۆی لە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردساندا هەم بهێڵێتەوە و هەم پێش بخات. ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی دەبێت لەو ئاستەدا و بەو مەبەستە خۆیان ڕێک بخەنەوە.

حەتمەن ئەم باسە زۆر زیاتر لەوە هەڵ دەگرێت کە لەم وتارەدا جێی دەبێتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بڕامێین کۆتاییهێنان بە شکاندنی پشتی یەکتر و ئاشتییەوانی سەرانسەریی لە هەنگاوەکانی یەکەمن. وا شەست ساڵ بە سەر ئەو قسە بە نرخەی کەنەدیدا تێ دەپەڕێت، و یەکیەتیەکانیش دوور لە هەر جۆرە بەرژەوەندییەکی کەسیی، دەتوانن لە خۆیان بپرسن: "ئایا دەتوانین چی بۆ یەکیەتیی بکەین؟"، بۆ ئەوەی لە بەردەوامییدا لە خۆمان برسین: ئایا دەتوانین چی بۆ کوردستان بکەین؟"

ئەو ئەرکە تا دێت زەحمەتتر دەبێت، لەبەرئەوە باشتر وایە لە ئێستاوە و زوو بە زوو شان بخرێتە ژێری.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×