دەلالەتەکانی نیشتمان لە رۆمانی نیشتمانی سارا دا

هاوڕێ جەمال
  2022-04-13     593

رۆمانی نیشتمانی سارا، کە لەلایەن (میران ئەبراھام) ەوە بەشێوازی گێڕانەوە، بەزمانی کوردی پاراوو ئاستبەرزی سادە گۆ نووسراوە، ئەوەندی ئاگاداربم بۆ دووەم جارە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، رۆمانەکە باس لە مێژووی جوولەکەکانی شاری سلێمانی ئەکا لە سەرەتای سەدەی بیست تاوەکو دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەپاش کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی دووھەم.
گەرچی نووسەر لە رێگەی چەند کاراکتەرێکەوە، دەیەوێ ئەوەمان پێبڵێ کە ئەم مێژووە لێرە کۆتایی نەھاتووە، ھەرچەندە دەوڵەتێک بەناوی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ جوولەکەکان دروستکرا، بەڵام ئەم دەوڵەتە نەیتوانی ببێتە بەدیلی نیشتمانی راستەقینەی ھەموو جووەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پێناو تەواو کردنی رەگەزی گەل، وەک یەکێک لە رەگەزەکانی دەوڵەت( کە بریتین لە گەل، جوگرفیا، دەسەڵات، سەروەری) کۆچیان پێکرا یاخود ئەوانەی بۆ خۆ دەربازکردن لە جەورو ستەمی نەتەوەو ئایینی سەردەست لە تەواوی جیھانەوە بۆ ئیسرائیل کۆچیانکرد.
تێبینی دەکەین بەشێکی زۆری دێڕەکانی ئەم رۆمانە، بۆ ئەو نەھامەتی و دەردەسەریانە تەرخانکراوە، کە جوولەکەکانی شاری سلێمانی لە رێگەی جووڵاندنی ھەستی رەگەزپەرستی ئایینی دانیشتوانی شاری سلێمانیەوە، لەسەر دەستی شێخ و سەید و مەلاکان، و لەسەرو ئەمانیشەوە دەسەڵاتی سیاسی لەعێراق بینیویانە، بەڵام قوڵتر لەمە ئەتوانین ئەو رەھەندە سایکۆلۆژی و سیاسی و تەنانەت ستاتیکیە بخوێنینەوە، کە نیشتمان لە رۆمانی نیشتمانی سارادا لەخۆی گرتووە.
لە دێڕەکانی ئەم رۆمانەوە زیاد لە دەلالەتێک بۆ چەمکی نیشتمان ئەدۆزینەوە، کە پێموایە بەتێکڕای ھەموو ئەو دەلالەتانە، ئینجا ئەتوانین مانای راستەقینەی چەمکی نیشتمان بخەمڵێنین، گەرچی بە کورتیش بێ لە خوارەوە بەپێی تێگەیشتنی خۆم ھەوڵەدەم، ھەندێک لەو دەلالەتانە بخەمە روو کە لە دەرئەنجامی خوێندنەوەو تێگەیشتنم بۆ رۆمانەکە پێی گەیشتووم.
-بەپێی فەلسەفەی ھیگڵ، دەوڵەت بەرزترین ئاستی گەشەکردنی رۆحی نەتەوەیە، بە مانایەکی تر دەوڵەت فۆرمێکە بۆ بەرجەستەکردنی رۆحی نەتەوە. بەڵام ئەم رۆمانە لەسەر زاری کاراکتەرەکانیەوە پووچی ئەم تێڕوانینەمان بۆ بەیاندەکا، و پێمان ئەڵێ رۆحی نیشتمان لەسەروو رۆحی دەوڵەتەوەیە جا ئەو دەوڵەتە نەتەوەیی بێ یا ئایینی.
ئەوەتا حەسۆ میکائیل لە گفتوگۆو را گۆڕینەوەیدا لەگەڵ خایم شەلەمۆ و خامێی موشیی عەتار کە باس لە سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی پارتی خەڵتووز دەکەن، ئەڵێ: ئێمە دەمانەوێت لەسەر زێدی باوو باپیرانمان وەک جوو بمێنینەوە، و بەرگری لە خۆمان بکەین، بەڵام بیری زایۆنیستی دژی ئەوەن و مەبەستیانە ھانی ھەموو جووەکان بدەن تاوەکو بەرەو ئیسرائیل کۆچ بکەن.ل ١٩٢
-ئەو دەمەی مرۆڤەکان، بوونیان تێکدەشکێنرێ، رۆحیان زامدار ئەکرێ، ئیتر نیشتمان چیدی بەھایەکی نامێنێ بۆ پەیوەستبوون، محەمەد ماغوت گەورە نووسەری عەرەب لە یەکێک لە وەسفەکانی بۆ نیشتمان ئەڵێ: تەنھا پێڵاوەکانم دەمبەستێتەوە بە نیشتمان. واتە شتێکی نیە مانای ئینتما بگەیەنێ بۆ نیشتمان، لەم رۆمانەشدا، تەڵا سوڵتانی خاوەنی میوانخانەی پەروین لە شاری تاران، کە برینێکی بەسوێ رۆحی ئاژن ئاژن کردووە، برینی کوژرانی کوڕە پزیشکە تاقانەکەی کە لە ریزی ئەندامانی پارتی کۆمەڵەدا بووە، بەدەستی چەکدارانی پارتی دیموکرات، بەدەم گریانەوە لەلای سالار دەڵێ' ئیتر بۆ من ئەم ئوتێلە بووە بە نیشتمان، ئیتر ئاغا گیان، بۆ من کوردستان بەبێ ئەو کوڕە جوانخاسەم چ قیمەتێکی ھەس!'ل ٣٧٨
-غوربەت، چەمکێکە لە ھەناوی خۆیدا رەھەندی زۆری ھەڵگرتووە، یەکێک لەو دەلالەتانە، خەونبینینە بە گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان، گەرچی سەر زەمینی ئەو نیشتمانەش نامۆ بووبێ بە تۆ.
لەو کاتەوەی بە زۆرەملێ خایم شەلە مۆ و سابات و حەکیمی مێردی لەگەڵ کوڕەکەیان مەحموود رەوانەی ئیسرائیل دەکرێن، خەونی گەڕانەوە لەلای خایم و سابات، خەونێکی جاویدانە، و بەوەوە ناوەستن ئەم خەوە لەگەڵ خۆیان بخەنە ژێر گڵ تاوەکو نەیکەنە حەقیقەتێکی ئەبستراکتی بەدیھاتوو، چونکە لای ئەوانیش گەر شام شەکربێ، وەلات شیرنترە :
مەحموود: باپیرە تۆ بە نیازی چیت؟
خایم: دەگەرێمەوە
مەحموود: دەگەڕێیتەوە!
مەحموود: دەگەڕێیتەوە! تێناگەم بۆ کوێ دەگەڕێیتەوە؟
خایم: بۆ نیشتمان بۆ لای سارا!ل ٤١٦
لە شوێنێکی تردا خایم بە نەوەکەی خۆی (ئارۆن) ئەڵێ: لەو ٣٢ ساڵەی رابردوو، بەردەوام بە خەیاڵ گەڕاومەتەوە بۆ ئەوێ و ( واتە بۆ شاری سلێمانی) غەریبی ماڵە کۆنەکەمان و گەڕەک و شارو ھاوڕێکانم کردووە، تاوەکو ئەم تەمەنەشم لە نھێنی شوێنی لە دایک بوون و گەورەبوون تێنەگەیشتووم ...... ھەردەم ترسی ئەوەم ھەبووە بمرم و ئەو ئاواتەم نەیەتە دی.ل٤٣٤
مرۆڤەکان تەنانەت لەو کاتانەشدا کە جوانیەکانی نیشتمانیان لێ ئاوا دەبێ، و ھیچ شوێنەوارێکی دەست و پەنجەیان بەسەر تابلۆی شوێن و زەمەنی نیشتماندا نامێنێ، ناتوانن رۆحی خۆیانی لێ بێ بەریبکەن، بۆیە گەر بۆیان بکرێ پەنا دەبەنە بەر بەردێک، ئاوێک، وێنەیەک یان پەیکەرێک ....، تاوەکو رۆحی نیشتمانی بە زیندوویی تێدا ھەڵگرن، ھەروەک باپیرە خایم کردی، بەوەی ھەموو ئەو مێژوو یادەوەریانەی لەناو شەقام و بازاڕو گەرەک و کووچەو کۆڵانەکانی جوولەکان و سەرشەقام و قەیسەری نەقیب و وەسمان پاشاو سەرای ئەم شارەدا جێیان ھێشتبوو سپاردی بە ئەبەدیەتی و رەقی بەردی تورەکەکەی شانی.ل٤٤٠ و ٤٤٢
-خۆ دەکرێ نیشتمان لای ھەندێکی ترمان باوەشێکی گەرم، تەنانەت تۆزی سەر گۆڕی خۆشەویستەکەمان بێ، وەسیەتی سالار بۆ کورەکەی ئارۆن کە لە پاش مردنی لاشەکەی بسووتێنێ، و خۆڵەکەی بە دۆڵێ زەلێ دا( ئەو جێگەیەی کە سارای خۆشەویست و ھاوسەری تێدا بەخاکسپاردو گۆڕ بزربوو) بپرژێنێ, نموونەی ھەموو ئەوانەن کە لە چاوی خۆشەویستیەوە نەک نەتەوەیی یا ئایینی روانیویانە بۆ نیشتمان، ھەموو ئەوانەی ترپەی دڵی خۆشەویستان و نیشتمانیان لێ تێکەڵ ئەبێ و ناتوانن چیدی لێکدی جیابکەنەوە.ل٤٤٥

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×