لە دوای شکستی حوکومڕانیی کوردیی، ئیترکاتی وەرچەخانە!

د. رزگار ئاغا
  2022-04-16     670

  دوای ئەوەی دۆخی حوکومڕانیی کوردیی شکستێکی درێژخایەنی سیی ساڵیان داوە بەدەستەوە، کاتییەتی کە بزانیین ئایا ئەتوانرێت چیی بکرێت، ئایا لە کوێوە دەستپێبکرێت و دەگات بە کوێی و بەچیی؟ ئەی هییچ دەروویەک هەیە؟ لەم کورتە رەهەندانەوە، هەندێ وەڵام دێنە سەردەم و دەمانخەنە سەر کەڵکەڵەی کۆککردنی هەندێ لە پێداچوونەوەکان و هەنگاونانێکی هۆشدارانە بۆ بەئامانجگرتنی کێشەکان لە نزیکترەوە، بەڵام دوور لە هییچ سۆز و رووپامایی و بەدەمانەهاتوویەک، لە چەند خاڵێکەوە:

یەکەم:

ئەگەر گەیشتینە سەر ئەو رایەی کە پارت و جووڵانەوە سیاسییە کوردییەکان لە سەد ساڵی رابردوودا، رووداوگەلێکی جومگەیی بوون کە دەرهاویشتە و، شکستەکانیان دەبنە مایەی دەرفرتاندنی رێچکەیەکی رۆشنبیریی نوێ کە ئیشی پێداچوونەوەیەکی رەگ و ریشەییە لە تێزە هزریی و ئایدلۆجیاییە باوەکانی شەقامی کوردیی دا، دەبێت لە پێش هەموو شتێک دا رەچاوی ئەو راستییە بکەین کە ئەم رەوتە مێژووییە سەد ساڵەیە لە هییچ رەهەندێکییدا، هییچ پارتێک وەرچەرخان نەبووە لەسەر هییچ پارتێکی تر کە دوا ئامانج و دەستکەوتەکانی بۆ کورد (خەڵک) جیاواز بووبێت لەیەکتریی و، بەڵکو دەستلەناودەستییەک کۆیکردنەوە و لەگەڵیشیدا دەستبەرداربوون و پشتتێکردنێکی گەورەی کەسانێکی باڵادەست لە بانگەشە هزریی و نەتەوەییەکانیان بوو، دابڕانێکی گەورە لە نێوان خەڵک و خۆیان، ئەو خەڵکەی کە توخمی سەرەکیی شۆڕشەکانیان بوو.ئەمە دەمنخاتە سەر رایەک کە رووداوەگەورەکانیش لە رابردوودا، تەنها هەر کاریگەرییە ئەمنیی و چەکدارییەکان بەسنەبوون بۆ ئەوەی  نەبن بە وەرچەرخان لە بزاوتی کورد دا، بەڵکو هەمیشە وەرچەرخان ئەو فۆرمەی وەرگرتووە کە بە قووتکردنەوە و پەراوێزبوونی پارتێک لەسەر شانی ئەوانی تر و، پیشاندانی تەپ و تۆزی نمایشی سیاسیی و ململانێی چەکداریی و پاکتاوکردنی یەکتریی و ناوچەداریی سەر گۆڕەپانی سیاسیی و، لە ئێستاشدا گەرمکردنیان لەڕێی کەناڵەکانی راگەیاندن بەرجەستەکردووە، هەر لە شکستی شۆڕشی ١٩٧٥ و دانوستانی ١٩٨٤ و دانوستانەکانی ئازاری ١٩٩١، هەڵبژاردنەکانی کوردستان و، ٣١ی ئاب و، ریفراندۆم  و ١٦ ئۆکتۆبەر.

ئەم دۆخە نوێیەی دوای سیی ساڵ حوکوومڕانیی پارتە سیاسییەکان کە هاتۆتەئاراوە و، مکووڕبوونێک بەردەوامیی هەیە لەسەر هەژموونی دەسەڵاتی خێڵەکیی و خێزانیی، مایەی هییچ پێداچوونەوەیەک نییە چونکە بکەرەکان لە سەد ساڵی ململانێکانیاندا باوەڕیان بە پێداچوونەوەی ریشەیی و جۆریی نەبووە، بەڵکو لە هەمووی مەترسییدارتر، گوێنەگرتن بووە، هەست بە هەڵەنەکردن بووە، بۆیە ئەو مێژووە ئەوەندە هەڵە و سەرکێشیی تیاکراوە، هەرچیی لەسەر بونیاد بنرێت شکستدەهێنێتەوە .

دووەم:

خەڵک، بەردەوام لێرەولەوێ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان ئەکات لەسەرانسەری کوردستان دا، لە پارێزگای سلێمانی زیاتر، لە نێو ئەم داواکارییە جەماوەرییانەدا، درووشمی گۆڕیینی دەسەڵاتە سیاسییەکان بەرزدەبێتەوە، لەسەر بنەمای بێبڕشتبوونی سیاسەت و مایەپووچیی بانگەشە نەتەوەیی و ئایدۆلۆجیاییەکانیان، لەسەر دژایەتییکردنی بنەماکانی دیموکراسێتیی و ئازادییەکان، دژ بە نادادپەروەریی و بێخزمەتیی و گەندەڵیی و تاڵانیی. ئەم درووشم و داواکارییانە، لە سەرەکییتریین بەها جیهانیی و مێژووییەکانی مرۆڤە لەسەر زەوییدا و، بۆ هەموو مرۆڤ و کۆمەڵگەیەک رەوایە کە هەموو رێگەیەک بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی. بەڵام، تەنها بەردەوامییەک هەبێت لە دۆخی تاک و کۆمەڵگەیی ئێمەدا، ئەوەیە ئەم ناڕەزاییانەیە، دەلالەتەکانی رەسەنن و درێژەی ئەو لەڕووداوەستانەوە و بەرپەرچدانەوەی ستەم و غەدرانەیە کە لە سەد ساڵی رابردوودا زۆر و کەم سەپێنراوە بەسەریدا و قوربانیی بۆ داوە. واتە، لەو شۆڕشە سەدساڵەییەوە هاتووە کە ئەم پارتانە پێشەنگیی خەڵکیان بۆ کردووە و، بە ئاراستەی پێچەوانە یان بە مەبەست و ئامانجی ژێڕبەژێرانە میللەتیان کردووە بەساقەی ویست و مەرامەکانیان، کە خەڵکیان لە بۆچوونەسەری بەرژەوەندییەکانیاندا رەتاندووە. ئێستەش ئەم ناڕەزاییانە، لەهەر تەرزێکیدا بێت، کەمتریینی خواستیان تێدایە بۆ گەڕاندنەوەی بەها شکستهاتووەکان، بنەما رەوشتییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان، لە رێگرییکردن لە تاڵانکاریی و لەوێشەوە  هەوڵی دەستبەرکردنی خۆشگوزەرانیی.

سێیەم:

ئەگەرچیی ئاستی داواکارییەکان نەتوانراوە لەگەڵ تەرز و ماوە و پانتایی خۆپیشاندانەکاندا یەکبگرنەوە، بەومانایەی ئەوەی لە سیی ساڵدا تاڵانکراوە و  بەردەوام تاڵاندەکرێت، نەتوانراوە بەرجەستەیەکی سیستەماتییکانە بکرێت لەلایەن پسپۆڕان و رێکخراوە تایبەتمەند و پسپۆڕییەکانەوە بۆ خەڵک خۆی و بۆ رای نیودەوڵەتیی، چونکە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات لەڕێی ئەندامەکانەوە خەریکی ژاوەژاوی سیاسیین و قسە لەسەر گەندەڵیی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات دەکەن و زوو کڕ دەبن یان دەکرێن، واتە نە بەرنامەی جیدییان هەیە و نە خەمێکی کۆمەڵایەتیی و حوکومڕانیی هەیە لە بەرنامەی سیاسییاندا. بەو مانایەی ئەگەر بەراوردێکی بکەین لەگەڵ گوڕ و تیین و هەژموونی گەلانی بەهاری عەرەبیی، دەبینینن رووبەڕوبوونەوەکان لای ئێمە ئەوەندە بەرچاو نیین، نە لە کوردستان و نە لە عێراق و نە لە ناوچەکە و نە بۆ رای نێودەوڵەتیی! ئەگەرچیی ئەو تاڵانکاریی و پاشاگەردانیی و فشۆڵیی دەوڵەت و پێشێلکردنی ئازادییەی کە دەگوزەرێت، زۆر زیاترە لە رۆژگاری پێش ساڵانی نەوەد لە عێراق و پێش بەهاری عەرەبیی لەو وڵاتانەدا، ئەگەرچیی بەها و چەمکە مرۆییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسییە جیهانییەکان هەر ئەوانەن کە مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ میللەتانی تری سەر زەویی، بەڵام ئەم رەوتە لە شۆڕشی کوردیی دا لە لای هییچ پارتێک رەنگینەداوەتەوە کە ببێتە لەبرییەک بۆ ئەو تەرزانەی کە لە بەرامبەریان وەستاوەتەوە یان ئەوەی کە میللەتەکەی پێ مامەڵەیەکی نادروست کراوە. بە روونتر، کاتێک سیی ساڵ حوکوومڕانیی دەکەوێتە دەست کورد لە زێدی خۆیدا،  دەبینرێت ناتوانێت لە ئەدا و رافتار و ئامانجییدا لە داگییرکەرەکانی جیاتربن، ئەم بەروارد و لێکچوونە لەسەر دوو ئاستدا بەردەوام پشتراستکراوەتەوە لە چاوپێکەوتن و نووسینی هاوڵاتیان دا، زەبر و زەنگ و کوشتن و بڕین و کرداری نامرۆڤانە بە رژێمی پێشوو دەچوێنن و بە نەفرەت دەکەن،  لە ئاستی بژێویی مووچە و خزمەتگوزاریی و دادگاکانیش لە رژێمی پێشوودا بە پەسەند و ماقووڵ دەزانن هەتا دەسەڵاتی کوردیی. بۆیە، هاوڵاتیان لەبرییەکیان نەدییەوە لەسەر دەستی پارتە سیاسیی و دەسەڵاتدار و سیاسەتکارەکانیان دا، نە گۆڕانکاریی کرد و نە مۆدێرنەی سیاسییشیان هێناوەتە دیی. ئێستا کوردی هەرێمی کوردستان، نەوەیەکی تازەی هەیە، لەڕێی شۆڕشی راگەیاندنی ئەلیکترۆنییەوە، کە جیهانێکی بچووکی حازربەدەستی هێناوەتە دیی، دیدیکی جیهانیان هەیە بۆ خواست و هەبوونەکانیان بەهەموو رەهەندەکانیەوە، نەک درێژکراوەی ئەوە مشتومڕ و ململانێ  بەدهزرییەی سەدساڵ لەمەوبەر کە ئیتر تەواو پووچەڵیی دەرکەوتووە. بۆیە ، دابڕانێکی گەورە و زەق هەیە و، هییچ وا بەستەییەک نەماوە بەو درووشمگەلە سەدساڵەییە بیبەستێتەوە کە هەمووی تانوپۆی دووانە دژەکانە: بەرەنگاربوونەوەی ناچییزەی ئەم سەرکردە و ئەو سەرکردە، پێشکەوتن و دواکەوتن، ئایین و عیلمانیی، ماویی و مارکسیی و کۆمۆنیستیی و نەتەوەیی، مەلایی و جەلالیی، شاریی و لادێی،..هتد. دواجار، لە هەمووی سەرسامتر، رەنگە ناچیزەتر، ئەم نەوەیە رێگرییەک نابینێتەوە کە بچێتە ژێر دەسەڵاتی هەر رژێمێک، بەڵام خواست و داواکارییەکانی ئەگەر بە رێژەییش بن، جێبەجێبکرێن. ئەم ئامادەییە، ئەگەرچیی وای دەوترێت کە کاتییە و لە ئەنجامی پەرچەکرداری دەروونی و ئاراییەوەیە بۆ رزگاربوون و لەکۆڵبوونەوەی بارێکی گران لە ئێستادا، بەڵام فشاری خۆی هەیە و دەیەوێت لێرەوە و بەدەر لەو مێژووەی کە باوەڕی پێ نییە و دەیەوێت دەستبەرداری ببێت و خۆی وەرچەرخانێک بهێنیتە دیی، گۆڕانکارییەک بۆ دنیایەکی تر، بەڵام بە بێ هەبوون و خواست و هەژموونی شۆڕشگێڕانی شۆڕشە سەدساڵەکە.

چوارەم:

رەنگە، جووڵانەوە جەماوەرییە هەڕەمەکییە ناوەختەکان (مەبەست لەو چالاکییە کتوپڕانەیە کە لەساتەوەختی پەلامار و داڕمانەکان دا روودەدەن)، بەدوور لە رێکخراوێکی سیاسیی بتوانن دەسەڵاتێکی حوکومڕانی سیاسیی لابەرن، بەڵام ناتوانن بەو زووییە سیستەمێکی لەبریی سەقامگییر دابمەزرێنن و، بەتایبەتی سیستەمێکی دیموکراسێتییانە کە جێی هەموو دەنگ و رەنگێکی تیاببێتەوە و مایەی پەسەندیی خەڵکیش بن، ئەمە بە جوانی لە دوا بەدواهاتنی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی و لە کەوتنی سەدام حوسەین لە عێراق دا بینرا، کە ئەزموونێکی بەر دییدی هەمووان بوو لە شکستهاتنی جێگرتنەوە و گوێزانەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرێتییەکان بۆ تەرزێکی دیموکراسێتی. هۆکارەکەشی زۆر بە سادەیی، رەنگە، ئەوەی دەبینرێت لە ریزی پێشەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان یان لەسەر تەلەفیزیۆن و راگەیاندنەکان، یان لە شیوەی حزبێکی ئوۆپۆزسیۆنیی دا، چەند کەسێکی جیابووەوە یان نائومێدبووی ئەو پارتە سیاسییە شکستخواردووانە بن، بەڵام ئەمە دەریانخست کە ئەوانە درووستکەری ئەو دۆخە شلۆق و شڵەقاوانە نابن، بەڵکو ئەمانە زۆرجار بە ویست و بەرنامەی پارتە دەسەڵاتدارەکان خۆیان کردووە بە دەمسپیی و رێنیشاندەر، ئەجێندایەکی مردوو یان ئازارشکێن ئەکەن بە ئاگری کڵپەسەندووی ناڕەزایەتییەکان دا و، دواتر خامۆشی ئەکەنەوە، بە دانووستان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە شکستخواردوەکان دا بە گفتی سەرپێی و نادرووست. هەر بۆیە، وەک پێشتر وتمان، رەوتی ناڕەزایەتییەکان و داڕشتن و بەرجەستەکردنی لە دەنگ و رەنگێکی شوناسداردا، ئەگەر هەیشبێت، بەهێندی خەستیی و قەبارەی ئەو ستەم و بەشخوراویی و ئازارانەی سیی ساڵەی رابردوو نیین – بە دیارییکراویی-.  جا لەبەرئەوەی زۆرجاریش،  رابەر و پێشەنگی ئەم جۆرە چالاکییانە، کەسانی قاڵبوو و بەرنامەکراوی ئەجێندایەکی هزریی، یان رێکخراوێکی بەسەرچووی رابردوون و، نەیانتوانییوە وەرچەرخان لە هزر و ویژدان و خواست و هیوای کۆمەڵگەدا بکەن. باشتریین نموونەش بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر دەستی هەمان کاراکتەرە کۆنەکانی چوار پێنج دەیەی رابردوو دادەڕێژرێن بە بانگەشەی دادوەریی کۆمەلایەتیی و ئازادیی هزریی و کەوڵداماڵیینی کۆن، بەڵام لە پیادەکردنی دەسەڵات و دیارییکردنی ئەندامانی حوکوومەت دا، ئەوەی ئەقڵ نایبڕێت لای هەواداران و شوێنکەوتووانی بزووتنەوەکە، کەسانی سەیر بەوان دەبینرێت و پلە و پۆستی پێدەسپێررێت و پاشان لە قۆناغێکی هەستیارێشدا کە تاریک و روونی و راستگۆیی بزووتنەوەکە دێتە ئاراوە، هەتا لە دوا ساتەکانیدا بەرەو ئاوان دەبێتەوە و دەچێتەوە ناو ئەو میژووەی کە لێوەی هاتووەتەدەرەوە و بەبێ هییچ لەروودامانێک دەچێتەوە ناویەوە. پاشان پاکێچی بەرەوئاوانبوونەوەکە بە بنەماڵبوونی بزووتنەوەکە و وەرگرتنی بڕوانامەی رێباز کۆتایی دێت. پاشان نەوەی نوێ دێت، بە کۆمەڵێک نیشانەی سەرسووڕمان لە  سەروەخت و چۆنیەتیی دەرکەوتن و ئامانج و بەرنامەیاندا هەیە و پانتاییەک پێکدەهێنن. (ئێرە شوێنی شیکردنەوەی درووستیی و کاریگەریی ئەم هێزانە نیین).

 

پێنجەم:

ماوەتەوە سەر رۆڵ و هەبوونی دەستەبژێری رۆشنبییر و بییرمەندەکان، لە درووستکردنی مێژووی وەرچەرخانەکان، کە زیاتر رۆڵێكی پاشکۆییان دییوە بۆ پارتە سیاسییەکان، لە پێش شۆرشەکان و لەدوای شۆڕشەکان. بەو مانایە دەڵیم، کە بیرمەند و رۆشنبیرەکان خاوەنی ئەقڵییەتی وەرچەرخان نەبوون کە فەلسەفەیەکی حوکومڕانیی و ئابووریی ئامادەبکەن بۆ قۆناغە گۆڕاوەکان. لەگەل گۆڕیینی قۆناغەکاندا زۆربەیان بە لایەنگر ماونەتەوە هەتا نزیکە کۆتایی قۆناغەکە، بە دژ ماونەتەوە و بەردەوامبوون لەسەر وتار و شیکردنەوەکانیان. ئەوەی زیاتر لە ناوچەکەدا، بزوێنەربوون بۆ گۆڕینی حوکوومەتەکان، جەماوەر بووە کە زوو بەدەم بانگەشەکانەوە چوون و قەرەباڵغییان درووستکردووە. لە کوردستان دا، جگە لەم رەوت و تەرزە شۆڕشگێڕییە شوێنکەوتنە زیاتر هییچ تەرزێکی جیاوزتر نابینرێت، چونکە گۆڕانکارییەکانی سەردەم ئەوەندە خێراو کاریگەرن، هەستی کردەیی و خەونی جەماوەریی زوو دەکەوێتە بەر کاریگەرییان، زیاتر لە ئاوەزا و هۆشیاریی دەستەبژێرە رۆشنبییرەکە بۆ سەریان. بۆیە، چیینی رۆشنبیر و بیرمەند (!) لە خەمساردیی گوۆڕانکاریی بوون و مێژوویەکەیان زیاتر قۆزراوەی دەسەڵاتەکان بوون و، شوێنکاریگەرییەکانیان زوو کاڵبوونەتەوە، بەجۆرێکە نەبوون بە پاشخانێک بۆ بەردەوامییدان یان دەستپێکردنێکی نوێ و جیاواز.

وەرچەرخان، بە مانای وشە، لەئاستی ناوەوە، کاتێک بەرچاو و کاریگەر دەبێت، کە خەڵک ئاوەزایەکی بەرەبەرە فراونتر و تێگەیشتووتری پەیداکردبێت کە بە هێندی قورسایی و جۆرێتیی ئەو ئەزموونە رەشەی سیی ساڵی رابردوو بێت. واتە، گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە مەرجەکانی گۆڕانکاریی گشتگییر و سەردەمانە لە خودیی تاکەکان و کۆمەڵگەدا گەییوبن.  رەنگە، ئەم مەرجەش بە کاڵییەکەوە هەبێت و، چاوێکی لە وەرچەرخان بێت بە هۆکاری دەرەکیی بەهێز، لە دەرئەنجامی گۆڕانکاریی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک دیفاکتۆیەک خۆی بسەپێنێت، کە ئەمجارە رۆڵی سەرەکی ببینێت لە هێنانەدیی و بەردەوامبوونی وەرچەرخانێکی راستەقیینە لەسەر هەموو ئاستەکان.

لەم سۆنگەیەوە، ئەو گۆڕانکارییەی کە لە عێراق دا چاوەڕواندەکرێت لەلایەن عێراقییەکانەوە بە خەڵکی کوردستانیشەوە، بە تەنها لە عێراق دا روونادەن و زیاتر ناوچەیی دەبن ئەگەر جیهانییش نەبن! بەڵام هەر گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە، ئایا کام سیستەمی ئابووریی و سیاسیی دەهێنرێتە ئاراوە و چەند ساڵی دەوێت؟ بەدەمەوەچوون و رێگریی و ململانێی ناوچەیی و ناوخۆیی بۆی چۆن دەبێت؟ بەشداریی دەرەکیی لەگەڵ گۆڕانکارییدا چەند و چۆن دەبێت؟ لە هەشت دەیەی سەدەی پێشوودا لە دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە دیموکراسیی و لیبراڵیی، رۆژگارێکی ناوازەی خۆشگوزەرانی بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا دییەوە، پاشان چوار دەیەی دواتر نیولیبراڵیی هاتە مەیدانەوە و تەنگی بە دیموکراسێتییش هەڵچنییوە و نییوەی پایەکانیشی تووشی داخوران و بڕیینەوەش بوون! بەم هەشت دەیەیە، نە دیموکراسیی و نە لیبراڵیی نەگەیشتە ناوچەکە، جگە لە بیری کۆمۆنیستی سۆڤێتیی نەبێت، بە تەرزێکی دەستکارییکراوەوە! دواتریش لە نەوەدەکان و لە دوای بەهاری عەرەبیشەوە، نیولیبراڵییەکە گەیشتووە بەڵام بەبێ هاوەڵییکردنی دیموکراسیی ،جگە لە هەڵبژاردن نەبێت، ئەویش بە بەرگ و رەنگ و گیانی نیولیبراڵانەوە و خاڵییکراوەتەوە لە چەمک و بەهاکانی دیموکراسیی. 

پێدەچێت ئەم سەردەمە تارییکترین و مەترسییدارتریینیان شكستی ئەم قەوارەیە بێت و  یەکجاریی بێت! بەو مانایەی قۆناغێکی تر بەناوی قۆناغی سەرهەڵدانەوە یان سازاندنەوە بۆ دۆخی کورد و حوکومڕانیی کورد ناڕەخسێتەوە، کە ببێتە شوێنگرەوەیەکی یەکلەدواییەکی نەرییتگرانە وەک هەلەکانی حوکومەتی شێخ مەحموود و ئۆتۆنۆمی ٧٠-٧٤، کە هەر دۆخێک یان هەر دەستێک هەبێت لەودیووەوە بەردەوامییەکی پێبدات یان مسۆگەری بکاتەوە! ئەمەش دوو هۆی سەرەکیی هەیە؛ یەکەمیان، ئەم سیی ساڵ حوکومڕانییە تەنها هەل بووە کە بتوانرێت حوکوومەتێکی نوێ لە تەرزی (وەک خۆیان ناویان لێناوە حوکومەتی فیدراڵیی لە عێراق دا)، دامەزرێت بە مانا پڕاوپڕەکەی، بەڵام لەباری کورددا نەبوو نیشتمانپەروەریی و حوکومڕانییەکی ژیرانە و دادپەروەرانە بکات! بەڵکو دەسەڵاتێکی پاوانخواز بۆ ئەم هەلە ئەگەڕان کە بێ لێپرسیینەوەی بەغدا و بەڵکو بە هەمئاهەنگیی لەگەڵیان، لە خەمی خێزانیی و خێڵەکەیاندا، تاڵانکارییەکی بێ وێنە و ناشریینیان پیادەکرد! حوکومڕانییەکیان کرد کە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکان چاوچنۆکیی و قۆرخکردن و ململانێی نادرووست بوون، بنەماڵە و خێڵی خۆیان بە سێ دەسەڵاتە حوکومڕانییەکە زانییوە، کە هەرگییز نیازیان نەبووە شەرعییەتەکەی لە تێگەیشتن و بەشدارییکردن و هزر وپەرۆشیی کۆمەڵگەکەوە بێت. ئەم قۆناغە درێژتر لەوانی تر، بەریەککەوتنی ئارایی خەڵک و حزبە دەسەڵاتدارەکانە، کە ناتەبا وەستانەوە، کۆکنەبوونە لەسەر یەک بەرژەوەندیی، کە جۆراوجۆرێتیی ئاییندە و داهاتوو بەرجەستە بکات لەناو دەوڵەتێکی نوێدا وەک ئەوانەی لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئاسیادا هەن. هۆکاری دووەمیان، نەبوونی تیۆرییەکی گشتگییری کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیاسیی بۆ حوکومڕانییەک کە لەدوای ئەم شکستەوە، پێڕەوێک بێت بتوانێت کۆمەڵگە و دامودەستگاکان بخاتە سەر سکەی سیستەمێکی نوێ و سەرلەبەری حوکومڕانیی تاڵانکاریی قۆناغی سێ - سی ساڵی پێشوو- بەرەبەرە بسڕێتەوە، پیوەندییە فرە رەهەندەکانی لەگەڵ ناوەنددا تۆکمانە و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتی و عورفە سیاسییەکان دابڕێژێتەوە. واتە، حوکومڕانییەکی تەواو رەهەند و بنەما جیاواز و حوکومڕانگەلێکی دوور لە کاریگەرییە مێژووییەکانی بزووتنەوەی چەکداریی کوردیی بێت.

ئەم تیۆرییە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییە ناهاتۆتەدیی، رۆشنبیر و نووسەرەکان زیاتر خەریکی بابەتگەلێکی رۆژانەی بەکاربەری کاتیی بوون، خەریکی خۆ دووبارەکردنەوە و بێهیوایی بوون. سەد ساڵ لە بزووتنەوەی چەکداریی نەیهێشتووە جوولانەوەی هزریی سەرهەڵبدات، ئەوەی لە رۆژگاری کەم تەمەنی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەبووە، خۆ دزیینەوەیەک بووە لەو ئەرکە گرنگە لەپاڵ ئەو بزووتنەوەیەدا کە وەک فریادرەس وێناکراوە و خۆیان پێ فریووداوە. بۆیە، لە نائامادەیی پرۆژەیەکی هزریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دا، هەرچ چارەنووسێک لە دەرگا چاوەڕێمان بکات، رەنگە وەڵام و چاوەڕوانیی ئەم نەوەیەی لەم قەوارەیەدا هاتنە دنیاوە و تیادا ژیان و، تووشی واقوڕمانێکی گەورە هاتن، تەنها دییدیان لە داهاتووی نزییکدا، پشتکردنە ئەو هەموو مێژووە بێت. بۆیە، بەو مانایە دێت کە بییرچوونەوەیەکی لۆجیکییانەی سەردەمانە بەڕێوەیە، بۆ سڕیینەوەی ئەم مەرگەساتە سیی ساڵییە لەبیر و یادەوەریی دا، هەرچۆن کارەسات و مەرگەساتەکانی شەڕی عێراق-ئێران و جەنگەکانی کەنداو و راپەڕینەکانی گەلی عیراق لەسەر دەستی بەعس و سەددام لە واقیعیکی تاڵتردا لەبیربرانەوە. نەوەیەک لە ئارادایە، کە بە رق و تووڕەییەوە، بە بێباکییەوە، هەر بە نووسین ئەم قۆناغە دەخوێنێتەوە وەک ژمارە و رووداوگەلێک، بە هەموو کەس و هێز و مێژووییەوە دەیانخاتە دوو توێی کتێبەوە.

 زۆر نزییکە، رۆژگارێک کە زۆر جیاوازتر لە هەموو سەدساڵی پێشوو، بە هزر و ئاوەزا و رەفتار و دییدەوە زۆر جیاوازتر، کە رەنگە سیاسەتییش بۆ کورد لە سفرەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام سفرێکی تریش کە زۆریینەی خەڵک خۆی خۆی سفردەکاتەوە! بەڵام بێگومان بێ ئارەق لێی دەرناچیین، ئەم سووکایەتیی و خراپ مامەڵەکردن و بێرێزیی و  دەستدرێژییانەی دەسەڵاتی کوردیی بۆ هاوڵاتییەکانی زۆر خراپتر ئەشكێتەوە لەسەر تاک بە تاکمان لەژێر سایەی هەر سیستەمێکی تردا کە دەکەوینە ژێرسایەیەوە.

--------------------

*د رزگار ئاغا، پرۆفیسۆری یارییدەدەرە لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی/ هەرێمی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×