منیش بەشداری داستانی کۆڕێم کرد... شەڕەکە چۆن بوو؟

غازی حەسەن
  2022-04-20     803

لە کۆڕەودا خەڵک پێ ڕانەدەگەیشت ڕابکات، بە پێ، بەسواری ترومبێل، بە تاک و کۆمەڵ بەرەو سنوورەکان دەڕۆیشتن. هەریەکەی بوخچەیەک و بەڕکێک نان و پارە و شتی گرنگی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو. من لە کۆڕەوا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندام و پیشمەرگەی زەحمەتکێشان، کە تاکو نزیکەی سەعات ١٢ نیوەڕۆی ڕۆژی گیرانی هەولێریش لەنێو هەولێر لەبارەگای حزب بووین، بە دۆشکە تەقەمان لە فڕۆکەی سوپای بەعس دەکرد. لەبیرمە یەکێک لە فڕۆکەکان موشەکێکی تێگرتین، لەپشت ئێمە بە باڵاخانەی کشتوکاڵ کەوت و تۆز و دوکەڵی لێ بەرزبۆوە. بەمە ترساین و وازمان لەم تەقە خۆتڕێنە کرد. بەسەرسوڕمان لە هەولێر دەربازمان بوو. وابزانم لەو هاوڕێیانەی بەیەکەوە بووین تەنیا حاکم ئەحمەد لەنێو هەولێر لێمان دابڕا. سەرکردایەتی حزب لەئازادی بوون، کە رۆیشتبوون، بەئێمەیان نەگووت کە لەهەولێر دەردەچن و ئێمەش فکرێک لەوەزعی خۆمان بکەینەوە. کاتێک زانیمان کار لەکار ترازابوو.

لەبیرمە تاکو نزیک خاڵی پشکنینی گشتی ئەو کاتی شەقڵاوە - هەولێر خۆمان بەلۆریەکەوە هەڵواسیبوو. کە گەیشتینە نزیک خاڵی پشکنین دەبابەی سوپای بەعس لەناوەندی شەقامەکە وەستابوون. لۆریکە بەخێرایی بەرەو هەولێر بایدایەوە، لەم بداناوەیەدا (سەید زاهیر و جیهانگیر بەرزنجی) خۆیان فڕی دایە خوارەوە. دەبابەش دەستی بەتەقاندنی دۆشکە کرد. بەسەرسوڕمان ئەم دوو برادەرە و ئێمەش دەربازمان بوو، هەندێک بەرەو هەولێر گەڕاینەوە و لۆریەکە ڕایگرت و لەنزیک دەواجنەکانی ئەحمەد ئیسماعیل کەند و کەند بەرەو بەرزاییەکان بەئاراستەی بەستۆڕە دەستمان بەڕۆیشتن کرد. چیرۆکی ئارام و سەدیقی خاڵی لەدەرفەتێکی دیکەدا دەگێڕمەوە.

بەپێ تاکو ڕەواندز چووم، سەرکردایەتی حزب، چونکە قادر عەزیز لە ڕەواندز بوو، واتە سکرتێر لەهەر کوێیەک بووایە سەرکردایەتیش لەوێ دەبوو. هەرچەندە سەرکردایەتی تەنیا چەند کەسێک مابوونەوە. ڕقم لە قادر عەزیز نەبوو، بەڵام کە دەوربەرەکەیم لەوێ دیت، ئارەزووی ئەوەم نەدەکرد لەوێ بمێنمەوە. نازانم ئەم هەستە بۆچی وەها بەخێرایی بەم شێوەیە لام دروستبوو؟ بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم هیچ شتێکم لەوێ نەدەچووە بەر دڵیی. هەستم دەکرد جۆرێک لە ماستاوچیەتی تێدایە.

گرنگ دوای چەند ڕۆژێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم بەسواری گەلابەیەک گەڕاینەوە خەلیفان، بارەگایەکی حزبمان لەوێ بوو. برسی، بێ پارە، بێ بەرنامە. چەند ڕۆژێک لەوێ ماینەوە، لەسایەی (برزۆ)ی قسەخۆش مانگایەک پەیدا کرا، ئەم جارە بەسکی خۆمان نانێکمان بەتێری خوارد.

گرنگ بڕیار درا ئێمە بچینە شەقڵاوە و لەویش بۆ حوجران. بەرپرسی ئەو هێزەی حزبی زەحمەتکێشان کە بۆ حوجران و دواتر بەنێوی داستانی کۆڕێ نێوبانگی دەرکرد، (د. سەردار موحەمەد) بوو. من دکتۆر سەردارم لە کۆنفرانسی دامەزراندنی زەحمەتکێشان لە مانگی نیسانی ١٩٨٨ لە ناوچەی زێبارەتی لە کافیێ دیتبوو.

ئێمە بیست و هەشت کەس بووین، لەبەر ئەوەی من تازە لەزیندانی بەعس رزگارم بوو بوو، تەنیا منیش لەوانەی لەزیندان ئازاد بووبووین لەشەڕەکە بەشدار بووم. لەبەر لەڕ و لاوازیی و تۆزێک نازی زیندان منیان وەکو ئیدارەی بارەگای حوجران حیساب کرد، لەبیرمە یەکەم ناوی لیستی پشمەرگە ئامادەبووەکانی زەحمەتکێشانم بەدەستخەتی خۆم نووسیەوە، کە لەکتێبێکی (جیهانگیر بەرزنجی) لەبارەی داستانی کۆڕێ بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا وێنەیەکی ئەم دەستەخەتە بڵاودەکەمەوە.

ئێمە شەوی پێش دەستپێکردنی شەڕ و هێرشی سوپای داگیرکەری بەعس گەیشتنە حوجران و خانووێکی چەند ژووریمان بۆ دروستکردنی بارەگا گڕدا. ئاوەدانی لە گوندا نەمابوو.

دکتۆر سەردار لەگەڵ بەرپرسەکانی دیکەی بەرەی کوردستانی ئامادەکاری بۆ چۆنیەتی دابەشکردن و بەشداری ئەم هێزەی زەحمەتکێشان دەکرد. ئەگەر لە حوجرانەوە سەیری هەردوو زنجیرە شاخی پێش حوجران بەلای مەسیفدا بکەین، گوتیان هێزەکەی ئێمە دەبێت بچنە لای چەپی شاخەکە، کە هێزێکی یەکێتی تێدا بوو.

هێشتا بەیانییەکی زوو بوو، لەگەڵ دەنگی تەقە و تۆپ و هاوانان بەئاگا هاتین و هەر یەکە خۆی کۆکردەوە بۆ بەشداری لەشەڕەکە.

کە شەڕ دەستی پێکرد بەشێکی لای ڕاستی شاخەکە لەلایەن سوپای بەعس گیرا بوو، ئەم بەرەیە هێزەکانی پارتی و سۆسیالیست و شیوعی و ئیسلامییەکان و حیزبوللا و ژمارەیەک پێشمەرگەی بارزانیشی لێبوو. لای چەپیش هێزی یەکێتی تێدا بوو، دەبووایە ئێمەش بچنە ئەو بەرەی هێزەکانی یەکێتی لێبوو. ڕاستە ئەم لوتکە شاخە لەلایەن سوپای بەعس نەگیرابوو، بەڵام هێزێکی زۆری سوپا تاکو نزیک لوتکەی سەرەوەی شاخەکە هاتبوو. دوو پێشمەرگەی یەکێتی لەسەر شاخدا شەهید بوو بوون و دوانیشیان بریندار بوو، هێزەکەی یەکێتی ئەوانەیان لەنێو غەرە بەردەکان جێهێشتبوو. دواتر یەکێک لەبریندارەکانیش شەهید بوو. دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێم، ئەو شەهید و بریندارانەی، کە لەسەر شاخ جێهێلرابوون، هاوڕێیانی هێزەکەی ئێمە دوو بریندارەکەیان هێنابووە خوارە و دواتر ڕەوانەی شەقڵاوە کرابوون. وابزانم (نەبەز تورکی) یەکێک بوو لەوانەی بریندارەکانی بەپشتی خۆی لەسەر ئەو پردە بچووکەی لەسەر چۆمەکە دروستکرابوو گەیاندبووە ترومبێلێک، بۆ ئەوەی بیگەننە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، بەداخەوە بەهۆی سەختی برینی یەکێکیان لەڕێگە شەهید دەبێت.

هێزە بچووکەکەی ئێمە (٢٩) پێشمەرگە بوو، لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکە بەشێکیان بەرەو ناوەڕاستی شەقامی کۆڕێ چوون و دەستیان لەشکاندنی ئەو دەبابانەش هەبوو، کە ئێستا بۆ بیرهێنانەوەی ئەم داستانە لە کۆرێ دانراون. لەم بەرەیەدا (نەبەز تورکی و مام جەوهەر و مولازم ئارام و جیهانگیر بەرزنجی و هاوارە ڕەش و چەند هاوڕێیەکی دیکە) هەبوون، ئەوانی دیکەش بەڕێکرابوون بۆ سەر شاخی لای چەپ، بەکردەوەش هەردوو هێزە بچووکەکە توانیبوویان شەڕێکی مەردانە بکەن. کە ئێستا هەندێک دەیانەوێت ئەم داستانە گرنگ و ستراتیژییە وەکو مەسەلەیەکی حزبی بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێنن. بەتایبەتی کەسانێک، کە ئەو کات هێشتا فەریکە سیاسی بوون، یان هێشتا لەنێو قەپێلکی هێلکەی سیاسەتەدا نەتروکابوون، باش نییە باسی ڕووداوە مێژووییەکان بەهەڵگەڕاوەیی، یان بۆ ئاژاوە بکەن.

ئەم داستانە بووە هۆکار بۆ ئەوەی پلان و بەرنامەی سوپای عێراق بگۆڕێت، بەرەی کوردستانی بەهێز و پێگە و وزەیەکی دیکەوە لەگەڵ ڕژێم دەست بەگفتوگۆ بکات، بۆ ئەوەی ڕێگە لەئازار و مەینەت و کارەسات و قوربانییەکانی کۆڕەو بگرێت.

باشم لەبیرە، دکتۆر سەردار لەئەنجامی تەقینەوەی هاوەنێک لەنێو حوجران بریندار بوو، بۆ مێژوو دەیڵێم ئەو لەبەر برینەکەی شەڕەکی بەجێ نەهێشت و هەر لەوێ مایەوە.

من لەوێ بووم، هەموو ڕووداوەکانم لەبیرە، ئەم شەڕە ستراتیژی سوپای بەعس و نیەتی حکومەتی بەرانبەر بەرەی کوردستانی و خەڵک گۆڕی. (شڤان پەروەر) بەچەند ڕۆژێک دوای وەستانی شەڕەکە هاتە حوجران و دواتر لە شەقڵاوە ئاهەنگێکی بچووکی ڕێکخست و گۆڕانی بۆ پێشمەرگە و جەماوەر گوت. (ناسری رەزازی) یش ئەو کات هاتبووە شەقڵاوە.

بەڕێزان منیش لەوێ بووم، هەندێک لەکاتی شەڕەکەدا چەکیان فڕی دەدا و بەئێمەی بێ چەک و بێ ئیمکانیاتی کەرەستەی شەڕیان دەدا، بۆ ئەوەی خۆیان ڕابکەن. ئێمە چەکمان کەم بوو. نانمان کەم بوو. دوای شەڕەکە و بەشداریمان لەم داستانەدا هەندێک لەبەرەی کوردستانی پێگەمان باشتربوو. لێتان ناشارمەوە ئێمەش وەکو خوێن گەرمی سیاسی دڵمان بەم نیمچە ڕێزگرتنە خۆشبوو. ئەمە یەکەم ئەزموونی بەکردەوەی بەشداری زەحمەتکێشان بوو لە شەڕی بەرەیی و شەڕ لەگەڵ هێزەکانی بەرەی کوردستانی. ئەو کاتی بۆ بەشە خۆرکی خۆمان وەکو هێزی پێشمەرگە دەچووین لە شەقڵاوە لەبەرەی کوردستانی خۆراکمان وەردەگرت.

خواردنی ئەو کات خورما و نان و حەڵوا بوو، لەسەر شاخ هەموو تووشی فیڕکان هاتبووین. گرنگ شەڕەکە بەشێوەیەک کۆتایی هات، کە چاوەڕوانکراو نەبوو. ئەگەر پێشمەرگە شەڕکەرەکان نەبوونایە، دۆخەکە بەشێوەیەکی دیکە دەگۆڕا و حکوومەت پێشڕەوی پتری دەکرد. بۆیە دەڵێم پێشمەرگە خاوەنی ئەم داستانەیە. بۆ مێژوو دەڵێم هەر لەوێ ڕۆژێک هەندێک لایەن پڕوپاگەندەیان دژی هێزەکانی پارتی دەکرد، دەیانگوت (کاک مەسعود بارزانی) لەهێزەکانی پارتی تووڕە بووە، کە شەڕیان نەکردووە، دوای ئەوە هێزێکی ناردۆتەوە شەڕەکە و هێزێکی بارزانییەکان ڕۆلیان هەبووە لەگرتنەوەی لوتکەکانی لای ڕاستی شاخەکانی کۆڕێ. واتە ڕکابەریی و پڕوپاگەندەی خراپ هەر لەوێ ڕۆژێ هەبووە و ئەمڕۆش بەشێوەیەکی دیکە بەکاردەهێنرێت. وەکو چۆن ئێمە لەزەحمەتکێشان کە کەیفمان بە سۆسیالیست نەدەهات، نەمان دەویست ئاماژە بەبوون و ڕۆڵی (خارە سەید کاکە) لەم شەڕەدا بکەین، چونکە حزبایەتی کوێری کردبووین و نەمان دەتوانی لەژێر کاریگەریی حەماسیەتی سیاسی و خۆبەستنەوە بە ئایدیۆلۆژیا و بەپیرۆزکردنی حزب دەربچین. ئەوەی ئێستا بیری لێ دەکەمەوە، ئینجا دەزانم چەند هەڵوێستی خراپمان لەسایەی حزب نواندووە، چۆن لەسایەی حزبدا ڕقمان چاندووە، کە هەندێکمان ئەگەر پێیان بکرابایە کاری بۆ خراپ بەکارهێنانی ڕکابەرەکانی خۆشیان دەکرد.

بۆمێژوو، بۆ ئەوەی کەس نەبێتە هۆکار بۆ شێواندنی ڕاستییەکان لە لای ڕاستدا هەندێک شوێن گیرا، لای چەپ هێزەکانی یەکێتی شەهید و بریندارەکانی خۆیان جێهێشتبوو، کە پێ دەچوو بەر هاوان کەوتبن. دوای کێشەکانی لای ڕاست و ترس پەیدابوون لەلای چەپیش بەگەیشتنی دەستەیەکی بچووکی شەڕكەری هێزەکانی زەحمەتکێشان بۆ سەر لوتکەی لای چەپی شاخەکە توانرا ئەو هێزەی دوژمن ڕابگیرێت. لەم بەرەیەدا چواردە هاوڕێ بەشدار بوون کەبریتین چەتۆ مەنتک و شەیدا مەنتک و چەتۆ ئاودەلی سورچی و دڵزار عەبدوڵڵا و سەید تاهیر و مەلا هەندرێن و شەهید زێبار و پیرۆت و ڕەوەند و کاوە کاکل و سەید جاسم و موحەمەد حەسەن چەند هاوڕێیەکی دیکە بەشدار بوون. کە لای چەپیش خەریکبوو بگیرێت. پارتی و سۆسیالیست و شیوعییەکان بەشداربوون لەگرتنەوەی بەرەی لای ڕاستدا و هێزێکی بارزانییەکان بەشداریەکی کارایان لەگرتنەوەی شوێنە چۆلکراوەکە هەبوو. بەمە پارسەنگی هێز بەلای بەرەی کوردستانیدا گۆڕایەوە.

هیچ گومانی تێدا نییە، لەشەڕدا خەڵکانێک هەن لەچاوی ماری مروودش ناگەڕێنەوە و هەشیانە لەهیچ ناترسێت و لەئازایەتیدا شا حەسودیان پێ دەبات و هەشیانە زوو دەست و قەڵەمی دەشکێت و زاری دەکەوێتە تەتەرە. ئیستغلالکردنی کەشی ئاوهەوا و پڕوپاگەندەی دانوستان کاریگەریی لەسەر پێشڕەوییەکانی سوپای داگیرکەری بەعس هەبوو.

هێزەکان ڕەنگە چاوەڕوانی ئەوە نەبووبن لەنێوان دانوستان و شەڕدا سوپای بەعس ئەم هێرشە بکات، هەرچەندە بەرەی کوردستانی ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەم زنجیرە شاخانە دەکرد. ڕۆژێکی تەڕو تووش بوو، لەتەک ئەوەشدا لەنێوان کۆڕە و دەنگۆی خراپدا مرۆڤ دەکەوتە نێو دۆخێکی دەروونی سەخت لەنێوان ڕاکردن و بەرەنگاریدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×