دۆخی شەپڕێوی ڕۆژنامەگەری کوردی!

محەمەد خۆشناو
  2022-04-24     581

ئەگەر بەشێوەیەکی پانۆڕامی خێرا سەیری دۆخی ڕۆژنامەگەری بەتایبەتی ڕاگەیاندنی خۆمان بکەین ، هەست بەجۆرێک لە شەرم و قێزەوەنی دۆخەکە دەکەین و دەبینین زۆربەی ئامرازەکانی ڕۆژنامەگەری بەدەست حزبەکانن و گوزارشت لە بەرژەوەندی ئەوان دەکەن وەلای زیاتربۆ ئەوان هەیە وەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان بێت و ، واینابینین کە ئەم کایە گەورەیە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن بێت ، ڕاگەیاندنی ئێمە هەموو سنوورەکانی بڕیووە و بۆتە حکومەت لەناو حکومەت و هەر ڕاگەیانکار و ڕۆژناماوانە وا خۆی پێشاندەدات کە ئەو مامۆستایە ، مێژوونوسە ، سەرکردەیە… ئەو جۆرە ڕاگەیاندنە بۆتە دڕکێک لەپشتی کۆمەڵگەی کوردیدا و هەر خەریکی تۆمەتهەڵبەستن و رکوکینە و قوڵکردنەوەی دوژمنداری و دابەشکردنە و ، هەندێک لەو ڕاگەیانکار یا ڕۆژنامەوان کە لەبەردەم کامیرادا دەبن یا ووتار دەنووسن مولەقینێک لەپشتەوە ژەهر دەخاتە سەر زمانی و هێزێکی نادیار یا دیار ئەو تارمایەنەمان بۆ دەجوولێنێت کە شەو و ڕۆژ دەیبینین کە چی بەیەکدی دەکەین و چ مەهزەلەیەک دروستدەکەین ،ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە متمانە لەنێوان ڕاگەیاندن و دەسەڵات لەلایەک و ڕاگەیاندن و خەڵک لەلایەکی دیکەوە زۆر لاوازە ، کە دەبێت بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و ، نهێنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە ڕۆژنامەگەری لەلایەن دەسەڵاتەوە وەلانراوە ، ئەگەر بۆ نموونە هەر ڕۆژنامەیەک وتارێک لەسەر تایبەتی تایبەتمەندی هەر وەزیرێک بڵاوبکاتەوە ، لەکن وەزریرەکە شتێک نیە کە پەیوەندی بەئەوەوە هەبێت تا وەڵامی بداتەوە و بایەخی هەر پێنادات بە ڕەتکردنەوە یا قبوڵکردن ، بۆیە هەرچی بینوسێت لەکن مەسئولەکە شتێک نیە کە پەیوەندی بەوەوە هەبێت و یا بڵێت: پێکات.. دەستتخۆشبێت.. هەڵەتکرد..زێدەڕۆییت کرد ، 
، بەدەستهێنانەوەی متمانە شتێکی زۆر قورسە ، وەک ئەوە وایە کەبەسەر چیایەکی سەختدا سەرکەویت کە تووشی دوو شت بیت هەتا دەگەیتە لووتکەکە یان متمانەی خەلک لەدەستدەدەیت کە زۆر ئاسانە وەکو لە لووتکەی ئەو چیایە کە سەرکەووتبوی لەچەند خوولەکێکدا بکەویتە خوارەوە لەچرکەساتی بەربوونەوە لەو ئاسمانەدا ، ئەمە لەو ڕۆژنامەنووس  و ڕاگەیاندنانە ڕوودەدات کە خۆیان لەبۆسەدانابێت بۆت و ئەم تەرزانە بۆ هەرشتێک کە ڕوودەدات ئامادەن و هەر دەسکەوتێکیش ئەنجامی بدەیت بچووکی دەکەنەوە و تیرۆری دەکەن وەک ئەوەی ئێستا ئێمە دیکەین.
هەندێک جار ڕۆژناگەری دەبێتە فریادڕەس و پاڵەوان ، 
 وەک ئەوەی دەوڵەتی گانا کە کۆدەتا سەربازیەکەی «35» ساڵی خایاند و  وڵاتی دووچاری ماڵوێرانی کرد ، ڕۆژنامە بوو ئەو وڵاتەی لەداگیرکاری ئۆرگانیک ڕزگار کرد و ساڵی 1992 دەستوری نوێ بۆ وڵات دانرا و ڕێگە بە فرەحزبی درا و ڕێگە بە ڕۆژنامە درا رەخنە لە کارەکانی حکومەت بگرێت و ، ساڵی2000 دەستاودەستی دەسەڵات بە ئاشتیانە کرا ، ڕۆژنامە خەڵک ڕۆشن دەکاتەوە ، هەر ڕادیویەکیش بوو گەورەترین فیتنەی دوای نەوەدەکان  لە ڕواندا دروستکرد و شەڕێکی خوێناوی لەنێوان دوو قەبیلەی هۆتۆ و تۆتسی دروستکرد بە ملیونەها کەس کوژران ئەمەش کارەساتی ڕاگەیەندنە کە ئەگەر خەراپ بەکارت هێنا.
ڕۆژنامە لەپاشەکشەدا دەبێت کاتێک خۆشەویستی و ڕێزگرتن لەنێو هاوپیشەکاندا نەبوو و ڕقوکینە و ئیریی و زاڵ بوو و کاتێک بەرپرسیارێتی پیشەیی بەجۆرێک بێت پاپەند نەبێت بە دابونەریتی پیشەیی و دوور بێت لە ووردبینی زانیاری و ناوزڕاندن و بایەخ نەدان بە روحی ئینتیما بۆ نیشتیمان.
ڕۆژنامەگەری زانست و پیشەسازیە و بەسودفە نایەت ، بەڵام لەکن ئێمە ئەوەی ئیشی دەست نەکەوێت دەبێتە ڕۆژنامەوان ، کاتێک ڕۆژنامەگەری ڕێزی لە قانونەکانی پیشە بگرێت و بەلای ویژدانی کۆمەڵگە بشکێتەوە و خۆی دوور بگرێت لە بەشەخسیکردن و گەڕان بەدوای ڕاستی و دەستەبەرکردنی زانیاری بۆ ڕای گشتی بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیە باڵاکان و بازرگانینەکردن بە خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگا، ئەوکاتە ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبیتە کۆلەکەیەک لە کۆڵەکەکانی نیشتیمان و کۆمەڵگا .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×