یەكی ئایارو دادپەروەری رۆژئاواو دیموكراسی رۆژهەڵات

مەلا بەختیار
  2022-04-30     494


یەكی ئایار، جەژنی كرێكارانی جیهانە. جەژنێكە، سەرەڕای ئەوەی خەباتی چینایەتی كرێكاران‌و ئەزمونی بەناو وڵاتانی سۆسیالیستی دوچاری شكستی مێژوویی بوون، بەڵام جەژنەكە، وەكو یاد و یادەوەری، لە ویژدانی كرێكاران‌و چەپەكانی جیهان، بەزیندوویی ماوەتەوە. دڵنیام ئەمساڵیش، یادەكە بەیاننامەباران دەكرێ‌. ئەم نوسینەی بەندە، روویەكی دیكەی یادەكەو بۆچونی خۆمە لەسەر دونیای ئێستا و ئایندەی ئەركە هاوبەشەكانی خەبات.

سەرەتا، گومان لەوەدا نییە كە تەكنیك‌و تەكنەلۆژیا، سەراپا ژیانی كۆمەڵایەتی-چینایەتی گۆڕیوە. پێگەی چینایەتی كرێكاران، پێگە دێرینەكە نەماوە. بەڵام هەتا ناكۆكی بنچینەیی نێوان كارو سەرمایە بمێنێ‌، سەنگ‌و كاریگەری كرێكارانیش، لە زەمان‌و زەمینە گۆڕدراوەكاندا، هەر دەمێنێ‌، خەباتی چینایەتیش، بە گەوهەرو شێوازی نوێ‌، بەردەوام دەبێ‌.

بە خوێندنەوەی من، بلۆكبەندی چینایەتی سەردەمی ماركس‌و ئەنجلس.. هەتا دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەرو دەوروبەری جەنگی دووەم، پێگەو رێگەی بۆ جۆرێكی دیكەی پێگەو رێگەی چینایەتی، گۆڕدراوە. تەنانەت پێگەی چینە كۆمەڵایەتیەكانی دیكەش گۆڕدراون. هزریشیان چەشنی رابوردوی كلاسیكی نەماوە. كورتیەكەی:

مرۆڤایەتی، لەم سەردەمەدا، جیاواز لە سەردەمی خوێنمژینی سەدەی هەژدەهەم‌و نۆزدەهەمی چینایەتی دەژی. بەڵكو ئەركی چارەنوسسازی مرۆڤایەتی دیكەش زەقبونەتەوە. وەكو ژینگەپارێزی‌و مەترسی نەخۆشیەكان. بۆیە، لەدوای جەنگی ساردەوە كرێكاران، لە رۆژئاوادا زیاتر لە جاران، هەم خۆشگوزەرانیان هەیە، هەم، هاوپێناوی ئامانجی دادپەروەری چینایەتی نوێیان بۆ پەیدا بووە. بەشێوەیەكی دیكە، كرێكاران ناتوانن لەبەرامبەر مەترسیەكانی تێكچونی ژینگە، كە سەرمایەداری چاوچنۆك لێی بەرپرسیارە، هاوپەیمانی فراوان لەگەڵ چین‌و توێژی دیكەدا نەكەن بۆ رەواندنەوەی مەترسیەكانی پیسی ژینگە. جگە لە كێشەگەلی نەخۆشیە فیزیكی‌و دەرونیەكان، دیسان كرێكاران‌و رەنجدەران، تەنها بە خەباتی چینایەتی ناتوانن چارەسەر بدۆزنەوە.. ئەمەیان پێویستیان بە زانست، زانا، ئەزمونگا و پارەی بێشومار هەیە.

كورتیەكەی دەمەوێ‌ بڵێم:
دۆخی رۆژئاوا، لە دوو-سێ‌ دەهەی ئایندەدا، بەرەو خەباتی دادپەروەری فراوان دەچێ‌.. كە دەبێ‌ چوارچێوە چینایەتییە دێرینەكە جێبهێڵێ‌. لەڕووی بابەتیەوە، خەباتی دادپەروەری، دەبێتە ستراتیژی كرێكاران‌و تەواوی ئەو چین‌و توێژانەی بەرژەوەندی جۆراوجۆریان (نەك هەر چینایەتی) لە دادپەروەریدا، دەبێ‌.

سەرهەڵدانی خەباتی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لەرۆژئاوادا، كاریگەری بابەتیی لەسەر خەباتی دیموكراسی رۆژهەرڵات دەبێ‌. كە بەداخەوە سەرجەم خەباتی دیموكراسی رۆژهەڵات، لەسەر دەستی بۆرژوای لەرزۆك‌و سەرمایەداری دابەستەی رۆژهەڵات، تائێستا شكستیان خواردووە. لەناو ژانی ئەو شكستە مێژوییەدا خەباتی دیموكراسی نوێی سەردەمی گلوبال سەرهەڵدەدا، كە لەڕووی بابەتیەوە هاوپەیمان دەبێ‌ لەتەك خەباتی دادپەروەری رۆژئاوادا. پێشمان وایە، ئەو خەباتە ناكۆكییەی خەونمان پێوە دەبینی، تەنها لە پەیوەندی ئۆرگانیكی خەباتی دادپەروەری رۆژئاواو دیموكراسی رۆژهەڵات (یاخود وڵاتانی دواخراو)دا، لە ئایندەدا دێتەدی. هەنگینێ‌ كرێكاران، بە گەوهەرو شێوازی دیكەی خەباتەوە، لەناو هاوكێشە ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و سیاسیەكانی ئایندەدا، كاریگەر دەبن. بێگومان بۆ ئەو ئامانجە هاوبەشانەی لەئایندەدا، لەڕووی بابەتیەوە، فۆرمیلای خەباتی كۆمەڵایەتی-دادپەروەری-دیموكراسی دەكرێن.

ئەم بۆچونانەمان، تەنها بۆچونێكی تیۆری-سیاسییە.. كە پێمانخۆشە، دیالۆگی لەسەر بكرێ‌. بەهیوای گەڵاڵەی هەمەلایەنە بێتە بەرهەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×