ئایا «قازانجی ماددی» وادەکات پەکەکە و پارتیی بە ڕێکەوتنێک بگەن!

شه‌ریف عەلی
  2022-05-08     952

ڕێکەوتن مانای ئەوە نییە کە بەندەکانی ئاشکرابێ یاخود ئاشکرا بکرێن.

 

پارتیی و پەکەکە ململانێیان ھەیە. بەڵام، جیۆپۆلەتیکی ھاوبەشیان ھەم بەدیوی خۆراوای کوردستان و، ھەمیش بەدیوی باکوری کوردستان ھەیە. ئێستا پارتیی دەوڵەمەندترین و بەھێزترین حیزبی کوردە. پەکەکەش خاوەنداری جیۆپۆلەتیکێکی گەورە دەکات!

 

تورکیا بەوردی ئەوە دەزانێت کە ئەستەمە بەبێ پارەدان بە پەکەکە، پرۆژەی گاز و نەوت پارێزراو بێت. یاخود تورکیا دەبێت زۆر بە ڕێکخراوەیی بۆرییەکانی نەوت و گاز بپارێزێت.

 

تورکیا ئێستا بەھێزتر بوە، توانای سەرمایەگوزاری «پرۆژەی ئاو»ی بەسەر عێراق و سوریادا ھەیەو، بەئاسانیی ئەتوانێت کارتی ئاو لە دژیان بەکاربێنێت.

 

پێموایە: تورکیا ئاگاداری پەیوەندی بازرگانیی و بازرگانیی نەوتیی نێوان خۆراوا و باشوری کوردستانە «پەکەکە و پارتیی». تورکیا ئەوە لە پارتیی قبوڵ دەکات، چونکە حسابی جیۆپۆلەتیک دەکات و، پارتییش بە ھێزێکی نزیک لە خۆی دەزانێت.

 

پێشموایە: ھەر ڕێکەوتنێک لە نێوان پەیەدە «خۆراوای کوردستان» و ڕژێمی ئەسەد ڕوبدات، بە قازانجی پارتییە. چونکە ئەوکات پارتیی دەتوانێت لە ڕێی ڕژێمی ئەسەدیشەوە، بازرگانیی نەوت و گاز بباتەسەر ڕێڕەوی دەریای ناوەڕاست بۆ ئەوروپا. لە بنەماش دا، ئینگلیزەکان لە بیستەکان ھەمان ڕێڕەویان بۆ بردنی نەوتی کەرکوک و موسڵ بەکارھێنا بۆ بەریتانیا.

 

لە ڕوی تەکتیکییەوە بە قازانجی پارتییە کە پەکەکە لە شنگال دەربکرێت. بەڵام لە ڕوی ستراتیژییەوە لە زەرەری پارتییە. چونکە ئەگەر حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی شنگال بکەن، ئەگەری ھەیە لە دورمەودا دا ئێران لە ڕێی حەشدی شەعبییەوە کێشە بۆ بازرگانیی نەوت و گازی پارتیی-تورکیا دروست بکات. ھەرچەندە، ئەو ئەگەرەش ھەیە کە تورکیا و پارتییش بتوانن لە شنگال کێشەی جددی بۆ ئێران-حەشدی شەعبیی دروست بکەن و، لەو ئەگەرەدا وڵاتانی خۆراواش پشتیوانی تورکیا-پارتیی دەکەن.

 

یەکێتیی لە ھاوکێشەکەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. ڕاستە ناوچەکانی «گاز»ی ھەیە، بەڵام ھەم جیۆپۆلەتیکەکەی خراپە، ھەمیش لە ڕوی جەماوەرییەوە، یەکێتیی لاوازتر بوە. لە ڕوی ڕێکخراوەییشەوە توانای ئەوەی نییە بە ڕێکوپێکی پارەی گومرگی سنورەکانیی و ھەقە بەشی ٪‏٤٣ ی زۆنەکەی کە لای پارتیی وەری دەگرێت، بدات بە موچەخۆران. بگرە، ڕونە ھەر تەکەتولێکی یەکێتیی و ھەر بەرپرسێک بەشێک لە پارەی گومرگ و ناوچەیەک دەبات. 

بەریتانیی و ئەمریکییەکان زۆر بەباشیی ئاگاداری ئەوەن یەکێتیی چی ئەکات و چیی ناکات! لای بەریتانییەکان ئەم ھەڵسوکەوتانەی یەکێتیی ئاساییە. چونکە لە ١٩٧٦ ەوە تا ١٩٨٤ لە سەدان بەڵگەنامەدا ھاتوە کە سەرکردەکانی یەکێتیی سەرانەدەسێنن و، کەسیان متمانەیان بە یەکتریش نییە. 

واتە: یەکێتیی ھەر وابوە. بەڵام بۆچی ئێستا لە ڕوی جەماوەرییەوە دۆخەکەی بەمە گەشتوە؟ چونکە جەماوەرەکە تازە لێی تێ دەگەن. ھەربۆیەشە، بەشێکی گرنگی جەماوەرەکەی لە دەست داوە!

 

مەبەستمە لەم بابەتەدا ئاماژە بەوەش بدەم: ڕاستە بەشێکی زۆری ئەوانەی لە سنوری زۆنی یەکێتیی کە خۆیان بە «پەکەکە» دەناسێنن، سەر بە دەزگای زانیاریین و، کەسوکاریان یەکێتییەو، یەکێتیی دەمێکە بۆ ئامانجی ئاڕاستەکردنی پەکەکە دژی پارتیی، ئەو کەسانە بەکاردێنێت. 

واتە: یەکێتیی ئەیەوێت لە ڕێی ئەوکەسانەی کە پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە دەکەن لە سنوری زۆنی یەکێتیی و، بەنھێنیی سەر بە دەزگای زانیاریین، ئەوا ململانێ و شەڕی پارتیی بە پەکەکە بکات. 

بەڵام، جیۆپۆلەتیکی پەکەکە و پارتیی وا دەکات عاقیبەت پارتیی و پەکەکە لە پێناو پارە، ئەگەری ھەیە بە ڕێکەوتنێک بگەن! 

 

ئەوانەی شیکەرەوەی سیاسیین دەزانن ساڵانێکی پێشتر پارتیی سەرانەی بە پەکەکە داوە. بۆیە دور نییە، بەرژەوەندی ماددی ھاوبەشی نێوان پارتیی و پەکەکە ببێتەھۆی ئەوەی دیسانەوە بە نھێنیی ڕێکەوتنێک لە نێوان پارتیی و پەکەکە بێتەکایەوە، پارتیی ھەستێت سەرانە بە پەکەکە بدات. بێگومان دەکرێ پارتیی لەو ھەنگاوەی تورکیاشی لێ ئاگادار بکاتەوە.

پڕوپاگەندەی میدیایی جیایەو، ڕێکەوتنی نھێنییش مەسەلەیەکی ترە!

 

ئەوەش کە بافڵ تاڵەبانیی وتی: ''ناھێڵم گاز بڕوات''. مەبەستی ئەوەبو: گەر پارتیی سەرانە بە یەکێتیی نەدات، ئەوا یەکێتیی ناھێڵێت گاز بڕوات. واتە: بافڵ ھەستا ھەمان «خووی» پەکەکە ی دژی پارتیی گرتەبەر.

بەڵام بافڵ و سەرکردەکانی یەکێتیی لەوە تێنەگەشتون کە پارتیی بەئاسانیی ئەتوانێت ملنەدات بە داواکارییەکانی یەکێتیی، چونکە پەکەکە جیایەو یەکێتییش جیایە. 

پەکەکە لە «شاخ» دایەو دەتوانێت جار-جار بە تەقاندنەوەی بۆرییەک تێکی بدات «کە ئەگەری ھەیە ئەو توانایەشی نەھێڵرێت!». ھەروەھا، پەکەکە جیۆپۆلەتیکێکی گرنگی ھەیە بەدیوی خۆراوا و باکوری کوردستان. 

بەڵام یەکێتیی لە «شار» دایەو جەماوەری لە دەست داوەو، کێشەی سەختی ناوخۆیی ھەیە.

 

 «لە شار دایە»: لە سیاسەت دا بەو مانایە دێت کە یەکێتیی ناتوانێت تێکی بدات. چونکە لەو ئەگەرەدا حوکمڕانییەتەکەی لە زۆنەکەی خۆی دا تێک دەدات. بۆیە لە ڕوی سیاسیی و دبلۆماسییەوە، بافڵ مانۆڕێکی ناھوشیارانەی کرد کە بە قازانجی پارتیی بو، چونکە کارتێکی بەھێزی نەخستەڕو. 

ئیتر با ئەوەش بوەستێت کە ھاوکێشە سەرەکییەکە بەدەست وڵاتانی خۆراواوەیەو، وڵاتانی خۆراواش حسابێکی تر بۆ ئەو قسانەی بافڵ دەکەن!!! بەو مانایەش دێت کە لای وڵاتانی خۆراوا بافڵ نێچیرێکی زۆر ئاسانە «تەنانەت تا ئاستی لابردنیش!! کە ئەوەیان جارێ لە گۆڕ دا نییە!». بەڵام پەکەکە پرسێکی ترە و جیۆپۆلەتیکەکەشی شتێکی ترە!

 

ئەگەر پارتیی بەئاگاداری تورکیاو وڵاتانی خۆراوا ڕێکبکەوێت بە نھێنیی سەرانە بە پەکەکە بدات. لەولاشەوە ئەو ڕێکەوتنە ببێتەھۆی ئەوەی بەدیوی خۆراوای کوردستان ڕوەو ئەسەد، پارتیی دەلاقەیەکی تری کاریگەر بکاتەوە. پارتیی بەھێزتر دەبێت. پەکەکەش لە ئاشبەتاڵ کەمێک ڕزگاریان ئەبێت. لەو ئەگەرەدا، ئەگەر لاھور تاڵەبانیی کەمێک ھوشیاری سیاسیی ھەبێت، دەلاقەیەک بە ڕوی ئەویش دا دەکرێتەوە کە «بەنھێنیی بە ھاوکاری پارتیی و پەکەکە» خۆی بکاتەوە بە «ژمارە» لە زۆنی سەوز. بیگومان، بونی لاھور لە ڕابردودا لە تورکیا و پەیوەندییە سیخوڕییەکانیی، ئەکرێت دەلاقەیەکی بۆ بکەنەوە، بەڵام پێویستیی بە ھوشیاری سیاسییە. 

 

سیاسەت وەھایە: ئەکرێت لە پێناو بەرژەوەندیی دا، ڕۆژێک لە ڕۆژان، پارتیی و پەکەکە و لاھور بەنھێنیی لە یەکتر نزیکببنەوە.

 

ئەمە ئەکەوێتەسەر ئەوەی: ئایا تورکیا و وڵاتانی خۆراوا بەوە ڕازی دەبن کە بەنھێنیی پارتیی سەرانە بە پەکەکە بدات!؟ ئەشکەوێتەسەر ئەوەی ئایا یەکێتیی ڕێگری دەکات لە ناردنی گاز ھەتا وڵاتانی خۆراوا و تورکیا لایەک بەلای پەکەکە و لاھور دا بکەنەوە!؟ ئایا یەکێتیی دەتوانێت بەخۆی دا بچێتەوەو زوڵم لە جەماوەری زۆنەکەی نەکات!؟

 

بێگومان دۆخی حوکمڕانیی زۆنی یەکێتییش لای وڵاتانی خۆراوا بەتایبەت بەریتانیا و ئەمریکا تەرکیزی زۆری لەسەرە. ئەگەر یەکێتیی ھەر نەتوانێت کەمێک حوکمڕانییەکەی باش بکات و بەردەوام بێت لە بردنی پارەی بانکەکان و گومرگەکان، دور نییە پێش ئەوەی زەمینەی ئەوە خۆش ببێت کە دەوڵەتی ناوەندی عێراق-ئێران تەواوی جومگەکانی زۆنی سەوز بگرن، ئەوا وڵاتانی خۆراوا ھەنگاو دژی یەکێتیی نەنێن!!

 واتە: وڵاتانی خۆراوا نایانەوێت بەشێکی ھەرێمی کوردستان بەھۆی یەکێتییەوە، لە دەست بەرژەوەندییەکانیان دەربچێت. چونکە ئێستا لە ئاستی جیھانیی دا ململانێی جەمسەرەکان توندتر بوەو، کوردستانیش ھەم جیۆپۆلەتیکێکی گرنگیی لە ناو ململانێکان دا ھەیەو، ھەمیش وەک «ھەناردەکردن» نەوت و «لە ئایندەش دا» گازیشی دەبێت.

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×