بۆچی "کوردیی سۆرانی" دروستترە لە "کوردیی ناوەندی"؟!

تاریق هێدی
  2022-05-15     680

دەمێکە خوازیارم بابەتێک لەبارەی ئەو قەرەباڵغی و فرە ناونانە بە تایبەت بۆ دیالێکتی سۆرانی بنووسم، ئێستا کە ئەو دۆستانەی هیممەتیان کرد و لە google translate دیالێکتی کوردیی سۆرانییان جێگیر کرد، هاندانێک بوو بۆ ئێمەش، کە قسەیەک لەبارەی ناونانەکەوە بکەین، کە پێم وایە باشترین کارێکیان کردووە کە بە ناوی "کوردی سۆرانی" ناویانناوە، نەک کوردیی ناوەندی و فۆرمەکانی تر. هیواداریشم ئەکادیمییە کوردەکان کە ڕێزی زۆرم بۆیان هەیە لێیان تێک نەدەن و وزەی خۆیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ناونانە سەرف نەکەن و نەکەونە هەوڵدان بۆ ئەوەی بژاردەی خۆیان کە "کوردی ناوەندی"یە بسەپێنن.

لە ڕاستیدا، ناونانی ئەم دیالێکتە بە "کوردیی سۆرانی" مۆری میللەتی لەسەرە و بە درێژایی مێژووی ئێمە جگە لە کۆمەڵێک کەسانی ئەکادیمیی کوردی، هیچ تاکێکی کوردی بەکاری نەهێناوە و ناهێنێت. ئەو ناونانە وەک زۆر دیاردەی دیکەی زمان تەنها ڕێکەوت و ڕێکەوتنە، جا ئاساییە کە جاری وا هەبێت ناوی ناوچەیەک یان سنوورێکی دیاریکراو بۆ دیالێکتێک یان زمانی فەرمی و ستانداردیش بەکاربهێنرێت و جێگیر بکرێت، دەیان نموونەش لە جیهاندا بۆ ئەمە هەن. ئیتر ئەمە هیچ پێوسیت بە حەساسیەت و گفتوگۆی سەفستاییانە ناکەت.

هەمووان دەزانین کە دەیان ساڵە بە تایبەت سەبارەت بە ناونانی ئەم دیالێکتە سەر لە کۆی خوێنەوارانی کورد تێکدراوە. کاتی خۆی لە ساڵانی هەفتا و هەشتا و نەوەد کرمانجیی خواروو بەکاردەبرا. یەکێک لە بیانووەکانی کەسێکی دیاری ئەکادیمیی ئەو سەردەمە دێڕە شیعرێکی خانی بوو، کە دەڵێت: "کورد هەمی کرمانجن، بەڵام نەمانزانی گەر کورد هەمووی کرمانج بن بۆ ئەو کرمانجی بوونە (پاش کرمانجییەکەی باکوور)، تەنها بە "سۆرانی"یەکەوە لکێنرا و دیالێکتەکانی تری نەگرتەوە؟!  ئیتر ئەو سەردەمانە دەیان نامەی ماستەر و دکتۆراش لە زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا هەر بە ناوی کرمانجی خوارووەوە پێشکەش کران و بڵاوکرانەوە. دیارە ئەوانەی ئیستا بیانوو بۆ دروستیی "کوردی ناوەندی" دەهێننەوە، ئەو کاتیش بە هەمان حەماستەوە بیانووی جۆراوجۆریان بۆ دروستیی "کرمانجی خواروو" دەهێنایەوە.

دواتر پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر ئینجا ناو و فۆرمی "کوردیی خواروو" و دواتر "کوردیی ناوەڕاست" و ئەمێستاش "کوردیی ناوەندی"یان لەناو خۆیاندا (نەک لە ناو گەلدا) چەسپاندووە، لە کاتێکدا ئەوی جێی سەرنجە کوردانی دەرەوەی بازنەی ئەو ئەکادیمی و نووسەرانە، هەر بە ڕاهاتنی مێژینەی خۆیان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان هەر فۆرمی "کوردیی سۆرانی"یان بەکارهێناوە، چوونکە مێژوویەکی چەسپاوتر و باوتری هەم لای نووسەران و هەم لای تاکی ئاسایی کوردیش هەیە. تەنانەت تەواو دڵنیام لەوەی گەر یەکێک لەو نووسەر و ئەکادیمیانە کاتێک هاتوونەتە خۆرئاوا و پێوسیتیان بە وەرگێڕی زارەکی بووبێت هەر گوتوویانە "کوردی سۆرانی". جا ئەمە بۆ کۆی تاکەکانی دیکەی کورد لە دونیادا هەر بەو شێوەیەیە و باوەڕکەن لە هەموو دونیای دەرەوە بگەڕێیت، بۆ نموونە گەر کوردێک پێویستیی بە وەرگێڕی زارەکی بێت یەک تاکە کورد ناڵێت بە "کوردیی ناوەندی" قسە دەکەم، هەر هەموو سەد دەر سەد دەڵێن "سۆرانی" و تەواو. تەنانەت کوردانی دیکە، کە بە دیالێکتی دیکەی کوردی دەدوێن، هەموو ئاخێوەرانی ئەم دیالێکتەی پێی دەنووسم هەر دەڵێن "سۆرانی". من بە ئەزموونی دوور و درێژی خۆم لە وانە گوتنەوە بە سەدان کەسانی بچووک و گەورەساڵی کوردی، بۆ یەک جاریش کەسێکم نەبینی بڵێت دیالێکتەکەم کرمانجی و کوردیی ناوەراست و ناوەند و ئەوانەیە. تاکی کوردی گەر خەڵکی مهاباد و هەولێر بێت یان سلێمانی و گەرمیان یان تەنانەت سنە و سەقز و کەلاریش بووبێت، کە لێم پرسیوە بە چ دیالێکتێک قسە دەکەیت، هەمیشە هەر یەک وەڵام هەبووە. "سۆرانی"!

پاشان  ئێمە سەدان هەزار کوردی پەڕاگەندەمان لە دەرەوەی کوردستان هەیە کە ڕەنگە زۆرێکیان بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری زمان و زمانناسی و بەشەکانی نەبن، وە نەزانن کوردی ناوەندی چییە، بەڵام بۆ فێربوونی زمانە جیاجیاکان وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی یان زمانانی سکەندیناڤی و فینلاندی پێویستییان بە سەرچاوەی دیجیتاڵی هەیە و لە زەینی ئەواندا تەنها "سۆرانی"یەکە هەیە. هەر بۆیە لە سەرجاوەیەکی دیجیتاڵیی وەک Google یان هەر سەرچاوە و ئاپێکی تر ئەو بە دوای سۆرانییەکەدا دەگەڕێت. زۆرێک هەن لە داگرتنی فۆنتی کوردی لە کۆمپیوتەرەکانیاندا سەرەتا دەڵێن فۆنت بۆ کوردی سۆرانی نییە. پاش پرسیار و گەڕانی زۆر ئینجا دەزانن کە شتێک هەیە بە ناوی Central Kurdish و لایان گەلێک نامۆیە.

دیارە کە ئەمە دەنووسم ئاگاداری سەرجەم ئەو نووسین و ئارگومێنتانەم، کە لە کۆن و نوێدا نووسراون بۆ بژاردەی ئەم یان ئەو ناونان. دیارە ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە گەر بیانەوێت جارێکی تر هەمان ئەو شتانە بڵێنەوە کە پێشتر ئاگاداریانین و بۆ ئێمە شتێکی نوێ نابێت. گرنگە ئەوەش بگوترێت کە دەیان ڕۆژهەڵاتناس و نووسەری کورد پێش دەیان ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەم ناونانە نوێیان هەر "سۆرانی"یان بەکارهێناوە، لە ڕاستیدا لە ڕووی فیلۆلۆژییەوە ئەو دابەشکردنە جوگرافییە بە سەروو و خواروو و ناوەندانە هەڵەن. چوونکە بۆ نموونە تەنها لەسەر ئەو هێڵە جوگرافییەی ی کە پێی دەڵێن کوردی ناوەندی، بۆ نموونە کوردی سۆرانی و گۆرانی تێدا دەژین. بۆ من ساڵەهای ساڵە بۆچی زیاتر ئێخەی ناونانی ئەم دیالێکتە گیراوە و ئاوا هەر سەردەمە و ناوێکی بۆ دەدۆزنەوە؟!

جا دروستترین بژاردە ئەوەیە کە ئەکادیمییە کوردەکانی ناو زانستگەکان، بە تایبەتی بەشی کوردی لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان بە فەرمی دەستبەرداری ئەو "کوردیی ناوەندی و ناوەڕاست"ە بن و تەواو. بەو ئومێدەی پەیامەکە بە شوێن و کەسانی مەبەست بگات، ئەمە لە حاڵەتێکدا گەر واز لە عینادی و بە زۆر سەپاندنی ناوێکی غەریب بەسەر تاکی کورددا بهێنرێت!

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×