پاش ساڵانێکی زۆر دابڕان، کورتە سەردانێکی سلێمانی و چەند سەرنجێك

سالار باپیر
  2022-05-18     906

بە لامەوە سەیر بوو، کاتێك فڕۆکەکە بەرەبەیانییەکی زووی بەهاریی گەشتە ئاسمانی سلێمانی بەڵام من هیچ سۆزێکم لە لا دروست نەبوو، نە هەستی شاگەشکەیی، نە دڵپڕبوون و نە هەستی گەڕانەوە بۆ باوەشی "دایکی نیشتمان"!

ئاخر ژیانی غوربەتێکی درێژخایەن زۆر لە ئەو هەستانە بەرامبەر زایەگە دەگۆڕێت. بە خۆڕایی نەوتراوە کە لە کوێ توانیت بە بێترس پشتوێنەکەت شل بکەیتەوە ئەوە نیشتمانتە.

زۆرینەی سەرنشینە "دونیادیدەکانی" فڕۆکەکە پەلە و پاڵەپەستۆیان بوو دابەزن، جا نازانم لە حەیبەتی دیداری نیشتمان بوو یان هەر نەبوونی کەلتوور وئەتەکێتی سەرەگرتن بوو. لە ژێر وێنەیەکی گەورەی مامجەلالدا، ئاخۆ پەیوەندیی بە شوێنێکی گشتیی وەکو فڕگە چیە، کارمەندانی فڕگەکە زۆر بە ئەدەب و دۆستانە مامەڵەیان ئەکرد و هەستێکی بەخێرهاتنەوە و ئارامییان دەبەخشی. تێبینیمکرد کە یەکێك لە سەرنشینەکان وەکو سوپاس و پێزانین، ویستی چەند تاکە دینارێك بدات بە کارمەندێكی سادە کە هاوکاری کرد لە گواستنەوەی جانتاکانی بەڵام وەرینەگرت و گووتی "بۆمان نیە بەخشیش وەرگرین". هەڵوێستی ئەو کارمەندە هەژارە بەلامەوە جێگەی تێڕمان و دەستخۆشی بوو چونکە پارەکەی وەرنەگرت سەرباری ئەوەی کە چاك دەزانێت توێژێکی کۆمەڵگاکەی تێوەگلاوی گەندەڵییە و سامانی وڵاتەکەی تەخشان و پەخشان کردووە.

بەداخەوە، دووبارە سەرەگرتن لە چوونە دەرەوە و ڕیزی تاکسییەکاندا بوونی نەبوو و هەربۆیە ئێمە دوایەمین کەسبووین کە سواری تاکسی بووین.

دیمەنی زەبەلاحبوونی سلێمانی و گڵۆپی لە ڕادەبەدەری باڵەخانە و بینا بازرگانییەکان سەرنجڕاکێشەربوون. کاتێك من شارم بەجێهێشت، باخی بەختیاری سنووری سلێمانی بوو و بەکرەجۆ و سەرچنار لە دەرەوەی شار بوون، هەربۆیە هەستم ئەکرد لە شارێکی تری وەك دیمەشقم نەک سلێمانیی زایەگەم. ئەگەرچی دواتر بە بینینی کەسوکاری لە دڵاشیرینی کۆن و نوێ هەستێکی نۆستاڵژی لە ناخمدا چەکەرەی کرد.

هەمان ڕۆژی گەشتنم سەردانی مەڵکەندی، جادەی ئۆرزدی و کاوە، بەرخانەقا و نێوبازاڕم کرد. ئای کە ڕێگاوبانەکان چەند کۆڵەوارن، باڵەخانەکانی کەرتی تایبەت بەرەو ئاسمان هەڵکشاون و چاڵیی شەقامەکان کە کەرتی گشتین بەرەو ناخی زەوی! وەزعی شۆستەکانیش، کە لە ڕادەبەدەر قەرەباڵغن، لە جادەکان خراپترن و نازانم تەمەنداران و کەمئەندامان چۆن دەتوانن بەڕێبکەن و بەکاریانبهێنن؟! لەوانەیە هەڵەبم، بەڵام پێدەچێت سەرهەڵدانی قەیران و کێشە گەورەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە خەڵك بێبایەخانە چاوپۆشی لە کارە نالەبار و نابەجێ بچووکەکان دەکەن. دەشێت کە دەسەڵاتداران درکیان بە ئەو مەسەلەیە کردبێت و بۆ بەردەوامی ڕکێفیان سوودی لێوەربگرن. چونکە کاتێك چاوپۆشی لە شۆستەیەکی ناقۆڵا بکەیت چاوپۆشی لە مووچە بڕینیش دەکەیت، ئەگەر بێدەربەستبیت لە بۆگەنی ئاوەڕۆییەکی گەڕەکەکەت بێدەربەستیش دەبیت لە نەبوونی نەخۆشخانەیەکی شیاو. پێشینان وتوویانە ئاگاداری لە فلس بکە دینار ئاگاداری لە خۆی دەکات.

شار سەرتاپا بۆتە گوند و پرۆژەی نیشتەجێی تەلەبەندکراو، کە هەتا ئەمساتە ناتوانم بۆچوونی خۆم دەربارەیان یەکلایی بکەمەوە. لە لایەك پێمباشبوو کە ژیانێکی شایستەی هاوچەرخیان لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و سەلامەتییەوە بۆ خەڵك دابینکردووە، بەڵام هاوکات جۆرێك لە پۆلێنکردن و دابڕانی کۆمەڵایەتیشیان خوڵقاندووە. بەو مانەیەی ئەمەی ناو ئەم شوورەیە گوندی نیشتەجێی و دونیای منە و ئەگەر ئێرە باش بێت ئیتر من بەلامەوە گرنگ نیە چی لە جێگەکانیتر دەگوزەرێت!  

لە سلێمانی، کە ئێستا بۆتە شارێکی نیمچە کۆزمۆپۆلیتان و جیاوازیی چینایەتی لە جاران زەقترە، نرخی شتومەك و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕدا ڕەنگدانەوەی نەبوونی سیستەمێکی ئابووریی زانستیانەیە. ئەگەرچی دیمەنی ڕێستورانت و بازاڕەکان وەها دەکات هەست بە قەیرانی ئابووریی نەکەیت، بەڵام لەگەڵ هەر کەس بدوێیت دەستبەجێ ڕاز و گلەیی خۆی لە دەستی نادادپەروەریی و سەختیی بژێویی ژیان بەیان دەکات.

هەموو هەمان شت دووبارە ئەکەنەوە کە توێژی دەسەڵات و ئۆلیگارش گەندەڵ و ستەمکارە و هەندێکیشیان تەنانەت ستایشی سەردەمی سەدام ئەکەن، کە ئەوە ناچاری دەکردم قسەکەیان پێببڕم و بڵێم کە ئێمە ستەم و تاڵاوی سەردەمی بەعسمان چێشتووە و خراپی حوکمڕانانی ئەمڕۆ مانای ئەوە نیە ستایشی سەردەمی بەعس بکەین، بەڵکو هەردووکیان بە جۆری جیاواز دڕندە و نالەبارن، ئاخر وەك دەوترێت دوو جۆر دەسەڵات هەیە، خراپ و خراپتر.

هەروەها هەموو تاکێکی ئێمەش، زۆر یان کەم و ئاگایانە یان گێلانە، بەرپرسیارە لە هێنانەکایەی بارودۆخەکەی ئەمڕۆ و گەیاندنی کەسانی ناشایستە بە جومگەکانی دەسەڵات، ئەگەرچی لەگەڵ هەر کەسێك بدوێیت تاوانی خراپیی دۆخەکە دەخاتە ملی هەموو کەسێکیتر جگە لە خودی خۆی! ئاخر ئەو شوفێرەی کە لەسەر شەقامێکی گشتی ڕێگە بە ئەمبولانسێكی لورەلورکەر نادات پێشی بکەوێت هەمان ئەقڵیەتی ئەو لێپرسراوەی هەیە کە کورسیی دەسەڵات چۆڵ ناکات.

شتێکیتر کە زۆر سەرنجڕاکێشەر بوو، ژمارەی لە ڕادەبەدەری کلینیکی پزیشکەکان بوو، کە بە تابلۆی گەورەی باقوبریقاوی بازرگانئاسا ڕازێنراونەتەوە. بەداخەوە ئەوە دوو لێکدانەوە دەبەخشێت، یەکەم کە کۆمەڵگا لە ڕووی باری تەندروستییەوە زۆر خراپە و دووەمیش کە لەوێ پیشەی پزیشکی زیاتر بەرەو لایەنە بازرگانییەکەیدا دایشکانۆتەوە وەك لە لایەنە مرۆییەکەی.

بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەی سەرەوە، لە ئەو سەردانە شەش ڕۆژییەمدا هەستم بە جۆرێك لە گەشبینیکرد. خەڵك بە گشتی ئارام بوون و شەڕانگێز نەبوون. بە دەگمەن گوێبیستی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان دەبووم، زۆرێك لە کچان و ئافرەتان دەبینی کە جلوبەرگی مۆدێرنیان نەدەبووە مایەی چاوتێبڕینی نێرینەکان. چوونی مێینە بۆ شوێنە گشتییەکان لە شەو و ڕۆژدا، کە تەنانەت لە سەردەمی زێڕینی حەفتاکانی سلێمانیدا جۆرێك لە تابو بوو و هەر بۆ پیاوان بوو، وەکو جاران نەماوە. گەڕەکەکان، نەك ناوجەرگەی شار، لە جاران پاکوخاوێنترن و گوێژە و ئەزمڕ سەوزترن. ئەگەرچی ژمارەیەکی بێشومار سەگی وێڵ هەن بەڵام بە گشتی پێناچێت خەڵك ئازاریان بدەن. ڕێژەیەکی زۆری خەڵك بایەخ بە ژینگە و گۆڕانکارییەکانی دەرەوەی کوردستان دەدەن و هەست دەکەن کە هاوڵاتیی نیشتمانێکی فراوانترن کە ناوی گۆی زەوییە و بەشێکن لە کۆمەڵگایەکی گەورەتر کە پێیدەووترێت مرۆڤایەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×