شەڕی روسیاو ئۆکرانیاو بەرژەوەندییەکانی ناتۆ

فوئاد زیندانی
  2022-05-27     466

کێشەی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لۆگانسک لە ساڵی(٢٠١٤) دا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووە هۆی هەلگیرسانی شەڕێکی خوێناوی لە نیوان هێزەکانی ئۆکرانیا و جوداخوازەکانی گرێدراوی ڕوسیا لەو دوو هەرێمەدا. دواتر لە سێپتێمبەری هەمان ساڵ ڕێککەونێک بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لەنێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا و نوێنەری دوو هەرێمەکە بە ئاماددەبوونی نوێنەری ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپا لە مینسک پایتەختی بێلاڕوسیا واژۆکرا کە بە ڕێککەوتنی مینسک یەک ناسرا، پاش سەرهەڵدانەوەی شەڕ ساڵی ٢٠١٥ مانگی دوو لە مینسک دووبارە ڕێککەوتنکرا بە مینسک دوو ناونرا، بە بڕیارێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پاڵپشتیکرد.

حکومەتی ئێستای ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتی هەرزەکارێکی سیاسی وەک زیلینسکی لەلایەن ئەمەریکا و ئینگلیز هاندەدرێ، سەرباری ئەوەی ئۆکرانیاهەردوو ڕێککەوتنەکەی لە ڕابردوودا واژۆ کردووە، خۆی لە ڕێککەوتنەکانی مینسک لادەدا، بەهەڕەشەی دەزانی بۆ سەرخاکی ووڵاتەکەی و تاکلایەنە بە هەڵوەشاوەی هەژمار دەکا، بەو هۆیەوە گەلی ئۆکرانیای کردە سوتەمەنی شەڕێک کە پێوویست نەبوو!

ڕوسیا دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتی سۆڤیەت داوای لە ئۆکرانیا کردبوو کە نابێت ناتۆ لە سنورەکانی ڕوسیا نزیک ببێتەوە و نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ناتۆش بە پێچەوانەوە هەر لەوکاتەوە بە ئامانجی گەمارۆدانی ڕوسیا هەوڵی نزیک بوونەوەی لە سنورەکانی ڕوسیا دەدا.

شەڕ لە سێ پیت پێکهاتووە، بەڵام کارەساتبارە، شەڕ بەفەرمی لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا لە(٢٤) ی مانگی دووی(٢٠٢٢) دەستیپێکرد،  فلادمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیا بڕیارێکی قورسی هەڵبژارد ئەگەر ئەو بڕیارەی نەدابا باشتربوو. ناوەڕۆکی کێشەکە گەورەترە لەوەی هەرێمەکانی دۆنێستک و لۆگانسک سەربەخۆیی بەدەستدێنن یان نا، مافی خۆیانە یان نا؟

هۆکاری سەرەکی شەڕەکە ئەوەیە: هەر چۆن ئەمەریکا ڕێگا نادا ڕوسیا لە ووڵاتێکی وەک کوبا ڕۆکێتی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی جێگیر بکا، یا لە سەر سنوورەکانی ووڵاتێکی وەک کەنەدا و مەکسیک کە هاوسنورن لەگەڵ ئەمەریکا ئەو جۆرە چەکانە جیگیر بکات، بەهەمانشێوە ڕوسیا ڕێگا نادات ئەمەریکا و ناتۆ لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە لە سنوورەکانی ووڵاتەکەی نزیک ببنەوە.

 شەڕەکەی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا سێ مانگی تێپەڕاند، سەرەتای شەڕەکە ئەمەریکا و ئیدارەی بایدن خۆشحاڵبوون بە هەموو توانایان چەک و جبەخانەیان بۆ ئۆکرانیا کۆدەکردەوە، داوایان لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا کرد بەهەموو شێوەیەک یارمەتی ئۆکرانیەکان بدەن، پرسیار ئەوەیە ئایا لەم شەڕەدا ئەمەریکا لەسەر ناوی ناتۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە دژ بەڕوسیا؟

دەواتنم بڵیم بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ئەمەریکا سەرکەوتووبوو توانی بلۆکی ناتۆ تا ئاستێک نۆژەن بکاتەوە کە خەریک بوو لێکهەڵدەوەشاوە، بەڵام لەماوەی درێژخایەندا، دوورمەدا ئەمەریکا و ناتۆ دۆڕاون، چونکە بە هۆیانەوە هەردوو ووڵاتی چین و ڕوسیا بەشێوەیەکی وا لەیەکتر نزیکبوونەوە کە پێشتر شێوەی نەبووە. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکە سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیاری قەدەغەکردنی زمانی ڕووسی و قەدەغەکردنی(١١) پارتی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی خاوەن مۆڵەتی لە ئۆکرانیا دا. هەروەها پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشانەی ووڵاتانی ناتۆ بە ناوی ئازادی ڕۆژنامەگەری بیروڕای ئازاد دەیانکرد، نووسینگەی کەناڵەکانی ئاڕتی و ڕوسیا تودەی داخران، هەروەها هێرش کرایە سەر ڕۆژنامەنووسانی روسی.

ئەمەریکا یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەبوو ئەڵمانیا بخزێنێتە ناو شەڕەکە بەشێوەیەک ئەڵمانیا و ڕوسیا بکا بە دووژمن. بەداخەوە هەندێک پارتی سیاسی پەرلەمانی ئەڵمانیا دوای سێ مانگ لە ئامانجەکەی ئەمەریکا تێگەیشتن.

ئەمەریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسای هاندەدا تانک- دەبابە  و فڕۆکەی شەڕکەر بدەنە ئۆکرانیا، تەنانەت ئەو ووڵاتانە بەنیازبوون داواکارییەکە جیبەجێبکەن، بەڵام ئەڵمانیا تا ئێستا تانک و فڕۆکەی هەناردەی ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە ئەڵمانیەکان دەزانن ئەو کارەبکەن دەبن بەبەشێک لەو شەڕە، لەلایەن ڕوسیا بە لایەنێکی ڕاستەوخۆی شەڕەکە هەژمار دەکرێن، هەروەها ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ووڵاتەکەیە، ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر روسیا گۆشەگیر بکەن ئەوا پوتین سەرۆکی ڕوسیا بێدوودڵی چەکی ناوەکی بەکاردێنێت. ئۆکرانیا ئێستاش چاوەڕێیە ئەڵمانیا تانک لە جۆری(ماردێر) یا(لیۆپارد) ی بۆ بنێرێت. بەهەمانشێوە فەڕەنسا و بەریتانیاش چەکی سەرشان و چەکی سوکیان ناردووە، لەبەر هەمان هۆکار ناوێرن تانک و فڕۆکە هەناردەی ئۆکرانیە بکەن.

ووڵاتی پۆڵەندا(٢٤٠) تانک جۆری تی(٧٢) ی سۆڤیەتی هەبوو دایە ئۆکرانیا، بەڵام پۆڵۆنیا بە پلەی یەکەم ئامانجی ئەوەبوو ئەڵمانیا و ئەمەریکا سوپاکەی بە تانکی مۆدێرن قەرەبوو بکەنەوە، تا ئێستا هیچی دەستنەکەوتووە، بەو هۆیەوە لە ئەڵمانیا توڕەیە. ووڵاتی چیک(٤٠) تانکی جۆری تی(٧٢) ی داوە بە ئۆکرانیا. سلۆڤینیا بەهەمانشێوە بە نیازە ژمارەیەک تانک جۆری تی(٧٢) بدا بە ئۆکرانیا. تورکیای ئەندامی ناتۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بەیرەقداری داوە بە ئۆکرانیا، تا ئێستاش پەیوەندی باشە لەگەڵ ڕوسیا!

ئەڵمانیا و ووڵاتانی ناتۆ کێشەی ووزەیان هەیە، دەستبەرداربوونی گاز و پەترۆڵی ڕوسیا کارێکی ئاسان نیە، هەروەها دۆزینەوەی ئالتەرناتیف ئاسان نیە. شەڕەکە شەڕی زلهێزەکان و بەرژەوەند خوازەکانە، باجەکەش گەلانی ئەو ووڵاتانە دەیدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×