دیداری پینەکردنی کەموکوڕییەکان و تاپۆکردنی حیزب 

دانا مه‌نمی‌
  2022-05-31     534

مرۆڤ هەمیشە پێویستی جدی بە گفتوگۆیە بە ئامانجی تێگەیشتن ، گفتوگۆش مانای بیرکردنەوەو بیرگۆڕینەوە لەپێناو دۆزینەوەی هەقیقەت و کەیشتن بە تێگەیشتن ،مرۆڤی بە ئاگا یان بێدەنگ دەبێت یانیش خۆی دەپارێزێت لە چەلەحانێ کە فەزای گفتوگۆ تێکدەدات ، گفتوگۆ پێویستی بە ژینگەیەکی ئاسایی دوور لە ژینگەی رق و دەمارگیری و حەساسییەتە ، گفتوگۆ بەشێکە لە بازنەی ژیری مرۆڤ و بەشێکی دانەبڕاویشە لە ژیانی مرۆڤ و چەکێکی بەهێز و کاریگەری مرۆڤی بەئاگاو هوشیارە لە سەر مێزی دانوستاندن .  

 

لەدوای کودەتاکەی هەشتی تەمموزەوە خودپەرستی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی و هەڵبەزو دابەز و عەیب و عاری یەکێتی وەک یەکێتی لە گۆرەپانەکەدا و وەک شەریکێکی پارتی لە حکومەتدا ناشاردرێتەوەو پینە ناکرێت ، دیداری یەکێتی دیداری بێ گفتوگۆی عەقڵانی و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و ویژدانی کە تەنها باوەشی بۆ ئەوانە کردووەتەوە کە خودپەرستی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی یان قبوڵە و بوێری رەخنەگرتن و شرۆڤەکردنی ئەو دۆخەی ئێستای یەکێتی یان نییە کە ئایا یەکێتی یەکێتی تێکۆشەرەکانە یان یەکێتی پلانگێرو خانەوادەچییەکانە ؟!  

 

ئامانج لە بەستنی دیداری یەکێتی کە لە دهۆکەوە دەستی پێکرد و لە سلێمانی کۆتایی هات ، زیندووکردنەوەی ووتی وتییەکەی هەشتی تەمموز و  خۆدزینەوە بوو لە ڕەخنەی جدی و رێگەش نەدرا کە بەشداربوانی دیدارەکە راستگۆیانە  گفتوگۆی ڕاشکاو بکەن و بپرسن لە سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی کە کێ شەرعییەتی داوە بەتۆ بەبێ هەلبژاردن و کۆنگرە خۆت وەکو سەرۆکی یەکێتی بناسێنیت ؟! ئەم دیدارە نەیتوانی پرسی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی و هەوڵی کوشتنەکە چۆن بووەو بۆچی شکستی هێنا باسبکات ! نەیتوانی پرسی ژەهرەکەو قسەوباسی ژەهرەکانی تر بوروژێنێت کە ناوبەناو سەرکردەیەکی یەکێتی قووت دەبویەوەو بانگەشەی ژەهراوی بوونی دەکرد ! دیدارەکە نەیتوانی دەستێوەردانی پارتی لە بارودۆخی یەکێتی ،پرسی قاچاخچێتی دەرمان و جگەرە ، پرسی کوشتن و تیرۆری سیاسی کە لە دوای هەشتی تەمموزەوە تورکیا جوڵەی سیاسی و هەواڵگری خۆی لە سلێمانیدا زیاد بووە شرۆڤە بکات ، زۆر بابەتی گرنگ و هەستیاری تر کە دەبوایە لەو دیدارەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرایە بەڵام نەکرا . 

 

دیداری یەکێتی نەیتوانی دەستبخاتە سەر برینەکانی سلێمانی و قەیرانی سوتەمەنی (غاز ،نەوت ، بەنزین ) و پرسی موچەی فەرمانبەران و داخستنی زانکۆکان و هەتا خۆڵ و خاشاكی شەقامەكان ،ئەم دیدارە نەیتوانی پەردە لەسەر داگیركردن و فرۆشتنی زەوی و شوێنە ستراتیژییەكانی سلێمانی هەڵبداتەوە! نەیتوانی خۆپیشاندانی خوێندکاران و دەرماڵەکانیان دەربڕینی ناڕەزایی خەڵک شرۆڤە بکات ! دیداری یەکێتی نەیتوانی سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی خاوێن بکاتەوە لە هەڵەو کەموکوڕییەکانی دوای هەشتی تەمموز و دیدگا و دەنگە جیاوازەکان بە سینگێکی فراوان قبوڵ بکات. 

 

دیداری یەکێتی دیدارێکە ناچێتە ناو خانەی دیدارو گفتوگۆو دیراسەکردن بۆ دۆخی یەکێتی و قەڵەمڕەوییەکەی ، دیدارەکە زیاتر لە نمایش و شانۆگەری سیاسی دەچێت کە سەرۆک پاڤڵ تاڵەبانی میرغەزەبانە بە بێ هەڵبژاردن و لە دەرەوەی ڕێکاری حیزبی و پەیڕەوپرۆگرام و شەرعییەتی یاسایی خۆی دەکاتە سەرۆکی یەکێتی و یەکێتیش لەسەر خۆی تاپۆ دەکات !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×