تەنانەت دیموکراتی و فیدراڵیش چارەسەرنیە بۆ گەلی ناهۆشیار

سامانـی وەستا بەکر
  2022-05-31     221

تەعریب:

تەعریب یان بە عەرەب بوون و بە عەرەب کردن، پرۆسەیەکی هێواش و لەسەرخۆیە کە لەلایەن زۆرینەی عەرەبەوە وە بەتایبەتی شۆڤێنیەکانیانەوە جێبەجێ ئەکرێ، ئامانج لێی دەسترێژی کردن و داگیرکاردنی هەر خاکێکە کە دانیشتوانەکەی لە بنچینەیا عەرەب نەبن، هەموو ئەو نەتەوانە ئەگرێتەوە کە لە ڕەچەڵکا عەرەب نین بەمەبەستی فراوانکردنی جوگرافیای نەتەوەی عەرەب لەسەر ئەژماری گەلانیتر.

لەمێژووی کۆنا زۆرێک لەوڵاتانی ئەفریقا ڕووبەڕووی تەعریب بوونەتەوە، ئێستا کار گەشتۆتە ئەوەی زۆرینەی هەر زۆری گەلانی ئەو وڵاتانە لە ئێستایا خۆیان بە عەرەب ئەژمارەکەن و کەمینەیەکی زۆر کەمیان ماون کە خۆیان پاراستووە نمونەی ئەمازیغەکانی وڵاتی مەغریب.

کورد یەکێکە لەو نەتەوە دەگمەنانەی کە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ڕووبەڕووی تەعریب بۆتەوە، کلتور و زمانی خۆی پارستووە، ئەگەرچی زۆربەی هەرە زۆری خاکەکەیشی داگیرکراوە، مەخابن تەعریب تا ئەمڕۆش لەسەر کورد بەردەوامی هەیە و بگرە زۆر مەترسیداریشە بەراورد بەپێشتر.

تێبینی:

ئەم بابەتە پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی بوونەوە نیە تا هەندێک لێکدانەوەیەکی لەو شێوەیەی بۆ بکەن، بەڵکو بابەتێکی هەنووکەی و گرنگە کە لە ڕابردوو لە ئێستا و لەداهاتووشا کێشەی کورد بووە و هەر بەردەوامیشی ئەبێ ئەگەر کار بۆ ڕاوەستانی نەکرێت.

ترس لە داگیرکاری خاک و توانەوەی کلتور و نەریت و سڕینەوەی زمان مافێکی ڕەوای نەتەوەی ژێردەستە تا ئەو کاتەی ئەگاتە سەروەری نیشتمانی لەچوراچێوەی جوگرافیایەکی ڕامیاری دیارکراوا بەخۆی، بەلام دوای ئەو قۆناغە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک باشترین مۆدێکی سیاسی بەڕێوەبردنە، بەپێچەوانەشەوە مۆدێلی "نەتەوە-دەوڵەت" لەزۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دیموکراسیا بەرەو کاڵبوونەوە ئەچێ، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیربچێ کە کۆی ئەو وڵاتانە خاوەنی سەروەری نیشتمانی، جوگرافیا، سنور و سەربەخۆی ڕامیاری خۆیانن.

بەواتایەکیتر گرنگە بۆ گەل و نەتەوەی بندەست بۆ خۆپارستن لە چاوچنۆکی نەتەوەی سەردەست نەکەونە ژێر ئەژموون و پروپاگەندەی گەلانی سەردەستەوە، کە گوایە مۆدێلی "نەتەوە-دەوڵەت" بەسەرچووە، چونکوم سەروەری نیشتمانی و جوگرافیای سیاسی ئەو لەخەم ڕەخسیووە و زۆرینەیە، ترسیشی نیە لە فەوتانی کلتور و زمان، خۆ ئەگەر ڕاستەوخۆ و لەهەمان کاتا داوای سەربەخۆی و جیاکردنەوەی سنوری لێبکەی ئەوا بەبێ چەن و چوون ئەچێتەوە بەگژتا، پێت ئەڵێ بۆت نیە خاکی وڵاتی من پارچەپارچە بکەی، ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەیە کە خودی ئەو سەر بەنەتەوەی سەردەستە و چاوی بڕیوەتە ئەوەی کە تۆی نەتەوەی بندەست لەناو خۆیا بتوێنێتەوە، هەربۆیە نابێ ڕێگە بەنەتەوەی سەردەست بیرێ بەهۆکاری جۆراوجۆر سنوری خۆی لەسەر خاکی تۆی گەلی بندەست درێژ و فراوانتر بکاتەوە، نمونەی ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەهۆکاری ئابوری ئەکرێ و بەردەوامی هەیە.

ترسی نەتەوەی ژێردەست:

گرنگە میلەتی ژێردەست هەمیشە لایەنی کەمی ترسی هەبێ لە میلەتی سەردەست، چونکە بەردەوام کلتور و زمان و خاک و بوونی لەژێر هەڕەشەی فەوتانایە تا ئەوکاتەی ئەگاتە سەروەری نیشتمانی، هەربۆیە بەندە هەمیشە تووشی شۆک ئەبم کاتێک ڕۆشبیرێک و کەسێکی ئاست بەرزی نەتەوەکەم ئەبینم بێئاگایانە باس لە نەمانی سنوری نەتەوە و "نەتەوە-دەوڵەت" ئەکات و داکۆکی کردن لە نەتەوەیەکی پارچە پارچە کراو بە چوار سنوری دەستکرد و بەزۆر سەپاو بە فشەی قەومی ناوئەبەن.

نایشارمەوە ئەوان ڕاست ئەکەن، لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی پێشکەوتووا  کار لەسەر نەمان و کاڵ بوونەوەی چەمکی نەتەوە-دەوڵەت ئەکەن (هەرچەنە ساڵانێکە نەتەوەپەرستەکان بەهێزەوە هاتوونەتەوە پێشەوەو دووبارە کا لەسەر نەتەوە-دەوڵەت ئەکەنەوە)، چونکە نەتەوە جیاوازەکانی ناو سنورێکی دیاریکراو لەسەر مرۆڤ بوون ڕێز لە بوونی یەکتر ئەگرن نەک نەتەوە و ئاینزا، مەخابن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێچەوانەکەی ڕاستە، ڕێز لە مرۆڤ بوون ناگیرێ هێندەی ڕێز لە ئاین و مەزهەب و نەتەوە ئەگیرێ لەناو سنورێکی دیاریکراوا، ئەمەش ئەو هۆکارەیە کە وائەکات میلەتی بندەست هەمیشە ترسی لە فەوتانی کلتور و زمان ونەریت و خاکەکەی هەبێت.

خۆئەگەر نەتەوەکانی ناو سنورێکی دیارکراو هۆشیاری تەواویان هەبێت و ڕێز لە مرۆڤ بوون بگرن، ئەوا سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی باشترین و گونجاوترینە بۆ ئەو تێکەڵ و پێکەڵی و لکاندنە بەزۆرەملێیەی ناو سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، چونکوم لە مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکا ئەکرێ هەر نەتەوەو پێکهاتەیەک لەبری ئەوەی لەناو گلۆبالیزم یان ئیمپراتۆریەتی نەتەوەی سەردەستا بتوێنەوە، بەپێچەوانەوە درێژە بەبوونی خۆی بات و گەشەش بکات، بەڵام ئەمە تەواو جیاوازە لە مۆدێلی نەتەوە-دەوڵەت، کە لێرەیا هەموو نەتەوە بچوکتر و کەمینە و پێکهاتەکان ئەبن بەخۆراکی نەتەوەی سەردەست، نەک هەر گەشەش ناکەن بەڵکو هێدی هێدی بەرەو توانەو لەناوچونیش ئەچن.

بەبارێکیترا ئەگەر باس لە سیستمێکی دیمکراتی ڕاستەقینە بکەین ئەوا ئەبێ باس لە مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بکەین، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە نەتەوە و پێکهاتەی جیاوازی تیایە، بەڵام ئەم مۆدێلە بۆ خەلکانی نەتەوە پەرست و ئاینزای ڕادیکاڵ و ووشک قوتدانی قورسە.

بەندە لایەنگری سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیم وەک کلیلی چارەسەر ئەیبینم بۆ ئەو نەتەوەو ئاین و پێکهاتە جیاوازانەی بەزۆرەملێ لە چوارچێوەی سنورێکا کۆکراونەتەوە، بەمەرجێ نەتەوەی سەردەست و بڕیاربەدەست باوەڕی بەو مۆدێلە هەبێت، بەڵام ئەگەر نەتەوەی سەردەست و بڕیاربەدەست کاری بەو مۆدێلە نەکرد ئەوا ئەبێ نەتەوە و پێکهاتە کەمینەکانیتر لەهەوڵی پاراستنی خۆیانابن و نەتەوە-دەوڵەت لەبیرنەکەن، بۆ نمونە ئەگەر لە تورکیایا  کار لەسەر پاراستنی زمان و نەریت نەکەی، ئەوا نەک دەوڵەت بۆ دروست ناکرێ بەڵکو نەتەوەکەش ئەتوێنرێتەوە، وەک ئەوەی تورکیای دوای کەمالیزم تا ئێستاش کاری لەسەر ئەکا.

لێرە بەدواوە ئەگەڕێینەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە کە "تەعریب"ە.

خۆکردە و پێکردە:

لەم کات و ساتەی ئێستایا دوو جۆر لە تەعریب بوونی هەیە:

یەکەم، خۆکردەیە وەک ئەوەی لە باشوری کوردستان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەگوزەێ، واتا خۆڵکردن بەسەرتا بەدەستی خۆت.

دووەم، پێکردەیە وەک ئەوەی لە باشوری کوردستان و لەناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی حکومەتی عێراق ئەگوزەرێ، یان وەک ئەوەی کە باکوری کوردستان بەزۆرداری و بەهێزی چەک و ئاگر و ئاسن، دەسەڵاتی فاشستی تورکی نەتەوەپەرست و ئیخوانی بە ڕابەرایەتی دیکتاتۆری هەڵکەوتوو ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئەگوزەرێ، کە ئەمەیان ترسناکترین جۆری تەعریبە، چونکوم ئەم جۆرەیان بەبێ شەرم و بەبەرچاوی دنیاوە بەتایبەتی دنیای دووڕووی ڕۆژئاوا و زلهێزەکانەوە جێبەجێ ئەکرێ، شارێک لە شەڕێکی نابەرابەر لەنێوان کچان و کوڕانی ڕۆژئاوای کوردستان بەچەکی سانا و بچوک و مامناوەند بەرامبەر دووەم گەورەترین زلهێزی ناتۆ بە کاریگەرترین و نوێترین تەکنیک و چەکی سەردەم شارێکی کوردی و کوردستان داگیرئەکرێ، دانیشتوانەکەی ئاوارە و دەربەدەر ئەکرێن، لەبری ئەوان عەرەب ئەهێنرێتە جێیان بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و داماڵینی ناسنامەی کوردی و کوردستانی لەشارەکە، نمونەی عەفرین و سەرێ کانی و عەزاز و گرێسپی، پلانی هاتووش کۆبانی و کۆی ناوچە سنورییەکانی ڕۆژئاوایە لەگەڵ باکور تا بەکردەیی ئەو دوو پارچەیەی کوردستان لەیەک دابڕێنێ و بۆ داهاتوو یەکگرتنەوەیان قورس و گرانبێ، بگرە بۆ چەن ساڵ و دەیەی داهاتوو ئینکاری لە کوردستانی بوونی ئەو ناوچانەبکرێ و عەرەبە هاوردەکان بکرێن بەخودان و خاوەن ماڵ.

تەعریب بە زۆرەملێ:

ڕژێمە یەک لەدواییەکەکانی عێراق هەر یەکەو بەجۆرێک بەزۆرەملێ و لەڕێی ڕاگواستن و هاووردەکردنی عەرەب بۆ سەر خاکی کوردان برەویان بەم کارە یاوە، نمونەی هەر زیندووی مێژووی نزیک پرۆسەی ئەنفال بوو کە لەلایەن ڕژێمی دوژمنی مرۆڤایەتی حیزبی بەعس و سەدامەوە جێبەجێئەکرا، بەڵام لەڕاستیا مێژووی ئەم پرۆسیە زۆر لەوە کۆنترە و هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامەوە دەستی پێکردووە.

لەسەردەمی ئەبو جەعفەری مەنسور بەغا شارێکی کورد نشین بووە "باغی دااد" ناوە ڕەسەنەکەیەتی، بەسرە کەناوی "بەستەڕێی"ە ناوچەیەکی کوردی بووە کە تا ئێستاش بەشێک کەهۆزەکانی ئەو ناوچانە ئەگەرچی عەرەب زمان و عەگال لەسەریشن بەڵام ئەڵێن کە ئەوان بەڕەچەڵەک کوردن.

تەعریبی خۆکردە:

ئەم پرۆسەیە خێراو  مەترسیدارە، ئەگەر بەری پێنەگیرێ ئەوا بۆ سەد ساڵی داهاتوو ئەبێ شەڕ لەسەر ڕەسەنایەتی و کوردستان بوونی هەولێر بکرێ.

تەعرینی خۆکردە لەلایەن خودی کوردەوە جێبەجێ ئەکرێ کە ئەویش چەن هۆکاری هەیە.

١.نەبوونی هۆشیاری لای تاکی کورد.

٢.چاوچنۆکی بەشێک لە تاکی کورد و زۆرینەی بازرگانەکانی بواری نیشتەجێ بوون.

٣.نەبوونی پلان و خەمساردی دەسەڵاتداران.

٤.خەمساردی دەزگای تەشریعی و بەهەنگ وەرنەگرتنی بابەتەکە.

٥.خەمساردی شارەوانیەکان و نەشارەزای کارکردن لەگەڵ پرسێکی وەها گرنگا.

تاکی کورد بەهۆکاری دڵسافی بەشێک و ساویلکەی بەشێکیتر، لەگەڵ ئەوەی نەتوانای تێگەشتن نە ئاخاوتنی بە عەرەبی هەبێ، کەچی پەستانێکی زۆر ئەخاتە خۆی و ئەوپەڕی هەوڵئەیا تا سەروگوێلاکی چەند ووشەیەک بە عەرەبی تێکبشکێنێ و پێی بدوێ، کاتێک کە پرسیاریش ئەکەی هۆکار چیە عەرەبی نازانی و پەستان ئەخەیتە سەرخۆت؟ گوێت لە دوو وەڵام ئەبێ:

یەکەمیان ئەڵێن کابرا کڕیارەو منیش فرۆشیار ناچارم وڵامی بەمەوە!

دووەم ئەڵێن کابرا غەریبە و ئەبێ ڕێزی لێبگیرێ!

سەردانی زۆر وڵاتانی جیهانم کردووە بەڵام ئەم دیاردە شەرمەزاەکەرەم تەنها لە کوردستان و لە کورد  بینیوە.

لەنێوان کڕیار و فرۆشیارا یان گەشتیار و خەڵکانی خانەخوێ ئەکرێ زمانی سێێەم بەکاربهێنرێ "ئنگلیزی" وەک زمانێکی ستانداری جیهانی، چونکە:

ئەوە ئەبێتە هۆکارێک کە کابرای بێگانە هەوڵبات بۆ فێربوونی کوردی ئەگەر مەبەستی نیشتەجێبوونبێ لەیەلایەک.

لەلایەکی تریشەوە ئەو هەستەی لەلا کاڵ ئەکەیتەوە کە ئەو خاکە خاکی ئێراقە و ئەو خاوەن ماڵە.

فرۆشتنی زەوی و یەکەی نیشتەجێ بوون هەر ئەو کارەیە کە فەلەستیینیەکان کردیان و ئێستا بەرد ئەگرنە ئیسرائیل، پێیان ئەڵێن داگیرکار، کە لەڕاستیا داگیرکارنین و بەدوو هێندە ئەو خاکەیان کڕیوە لەبەر چاوچنۆکی فەلەستیینیەکان، هەربۆیە کەس لەسەر فەلەستیینەیەکان نایەنە گۆ چونکە ئیسرائیلیەکان بەڵگە و تاپۆی ڕەشیان هەیە.

حکومەت، پەرلەمان و شارەوانییەکان هیچ پلانێکیان نیە بۆ بەرگرتن لە تەعریبی خۆکردە یان "دڵخواز" بەهۆکاری جوڵەی بازاڕ.

کوردستان بە بەشێک لە خاکی ئێراق ئەژمارەکرێ و بەپێێ دەستوری ئێراقی خەڵکی ئەو وڵاتە سەربەستن لەهەر کوێیەک نیشتەجێبن، ئەم بڕگە دەستورییە زۆر خراپ بەسەر کوردا شکاوەتەوە چونکوم ئەگەر کورد بەرەوە باشور کۆچبکات و نیشتەجێبێ یان عەرەب بەرەو باکور بێت و نیشتەجێبێ هەر کورد زەرەرمەندە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوان زۆرینەن، خۆیان بەهاوڵاتی پلەیەک ئەبینن، نوسراو دیکۆمێنتی وڵات بەزمانی ئەوانە، زمانی زۆرینە زمانی ئەوانە و ئەتوانن هەموو نەتەوەکانیتر لەناوخۆیانا بتوێننەوە، ژمارەی لەدایک بوون لەلای خێزانی عەرەب دوو هێندو نیوی خێزانی کوردە، واتا لەبەرامبەر دوو مناڵی کوردا پێنچ مناڵی عەرەب لەدایک ئەبێ، ئەمە  لەپاڵ ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باسمان کردوون.

هۆکاری خێرابوونی تەعریب:

١. قەیرانی ئاو وە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما: کاک نەوشیروان مستەفا سیاسی دووربین و لێکۆڵەرەوەی شارەزا، پێش چەندین ساڵ ووتوویەتی کاتێ قەیرانی ئاو دروست ئەبێ عەرەبەکانی خوارو ناوەڕاستی عێراق بۆ گەشتوگوزار و حەوانەوە پاشان بۆ نیشتەجێ بوون بەرەو ناوچە کوردییەکان یەن و زەوی و خانوو موڵک ئەکڕن و نیشتەجێ ئەبن، ئەو پێش بینیەی کاک نەوشیروان ئێستا بەکاری کردار جێبەجێ ئەکرێ.

٢. شەڕ و دوژمنایەتی مێژووی نێوان سوننە و شیعە: لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس سونەکانی ئێراق بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون، لەگەڵ عەرەبە شۆڤینیەکان ڕوویان لە کوردستان کردووە و بۆ پارستنی خۆیان لە تۆڵەی ئەو زوڵمەی لە شیعەیان کردووە.

٣. نەبوونی دۆست و پشتیگری کردنی ئەمریکا لەیەک پارچەیی خاکی ئێراق: لەدوای پرۆسەی ڕێفراندۆمەوە دوژمنانی کورد دڵنیابوون کە کورد هەر وەک پێشتر هیچ هاوبەشێکی ستراتیژی و دۆست و پشتگیری نیە لەنێوان زلهێزەکانا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، واتە ئەو ترسەی لەو کارتە شاراوەیەی دەستی کورد هەیان بوون ڕەوایەوە.

٤. گرنگیان بە ئابوری و پشتگوێخستنی گۆڕینی دیمۆگرافی: خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم تەنها بیر لەلایەنی ئابوری ئەکەنەوە و لایەنی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەهەند وەرناگیرێ، بەوشێوەیەش ئاسانکارییەکی زۆر ئەکەن بۆ نیشتەجێ بوونی عەرەب لەسەر خاکی کوردان.

ڕاگرتن یان هێورکردنەوەی تەعریب:

ئەگەر کۆچی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژئاوا بەنمونە وەرگرین و کەسێک بڵێ ئەی ئەوە نیە ئەو هەموو خەڵکە بەرەو بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، وڵاتانی ئەسکەندەنافیا، ئەمریکا، کەنەدا….هتد ئەڕۆن لەو وڵاتانە نیشتەجێ ئەبن و ناشبنە کێشە بە بۆ گۆڕینی دیموگرافی نە ئەشبنە داگیرکار.

ڕۆژئاواییەکان لەڕێگەی چەند هۆکارێکی سانا و ڕێگەپێدراو و هاوتەریب لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ بەر بەگۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتەکەیان ئەگرن لەوانە:

١.  هەر لەگەڵ گەشتنی کۆچبەر یان پەناهەندە بەوڵاتی خانەخوێ، پرۆسەی توانەوە کلتوری ڕاستەوخۆ دەست پێئەکات.

٢.  فێربوونی زمانی وڵاتی خانەخوێ.

٣.  مەرجی زانینی زمانی وڵاتی خانەخوێ بۆ کارکردن و بەردەوام بوون لە خوێندن.

٤.  ئاشنا کردن بە مێژووی وڵاتی خانەخوێ لە ڕێگەی سەردانی کردنی مەیدانی شوێنەواری مێژووی و مۆزەخانەکان.

٥. فێرکردنی ڕێنوس و پیت و ڕێزمانی وڵاتی خانەخوێ.

٦. سەردانیکردنی ناوچەی پێشەسازی و وەبەرهێنانی بەرهەم و بەربوومی خۆماڵی وڵاتی خانەخوێ.

٧. نوسینی کۆی نوسراو تابلۆ و بەڵگەنامەکان بەزمانی وڵاتی خانەخوێ.

٨.خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کۆی کۆچبەرەکان بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایشەوە لەمێدیاکان، لەزاری سیاسی و خەڵکیشەوە بەناوی "پەناهەندە، بێگانە، خەڵکانی ئەودیووی سنور، ئاوارە، سەرڕەش...هتد" ناوزەند ئەکرێن و هەرگێز ڕێگەنایەن هەستی بێگانەبوون و غەریبیت بڕەوێتەوە، بۆ نمونە کاتێک لەگەل دانیشتووانی ڕەسەنی وڵاتی خانەخوێیا گفتوگۆئەکەیت و ئەڵێی "ئێمە" ئەوان ڕاستەوخۆ ئەڵێن "ئێوە" وەک بەبیرهێنانەوەیەک کە ئەو شوێنە زێدی تۆ نیە.

وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی وڵاتی قەتەر و لەگەڵ شاری دوبەی ئیماراتی ترسیان لە گۆڕینی دیمۆگرافیا نیە لەکاتێکا خەڵكی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناگەنە ٪٢٠ی ڕێژەی دانیشتوان،  ئەو ولاتانە سەربەخۆن و خاوەنی وڵاتی خۆیانن ئەگەر تەنها یەک عەرەبیش لەو وڵاتانە نەبێت ترسیان نیە و ئەتوانن پارێزگاری لە خاکەکەیان بکەن کە چواردەوریاون وڵاتی عەرەب نشینە، بەپێچەوانەی کوردستانی دایک یان هەرێمی کوردستان کە تورک و فارس و عەرەب چورادەوریان گرتووە.

هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی فیدراڵییە لە وڵاتێکی زۆرینە عەرەبی بیرخێڵەکی و دابڕاو لە پێشکەوتن و باوەڕبوون بە ماف و هاوتایی مرۆڤ و بڕیاردان لە خۆبەڕێوەبردنی دڵخواز، بۆیە ناکرێ بەراورد بکرێ نە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا نە بە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.

زۆرینەی ستەمکاری دیموکراسی:

زۆرینەی ستەمکار بە دیموکراسی، سەرەتا گرنگە ئەوە بزانرێ کە هەرگیز وە بەهیچ شێوەیەک بەمیتودی دیموکراتی لەناو دەوڵەتێکی نادیموکراتی و گەلێکی ناهۆشیار دەوڵەتی دیموکراتی دروستناکرێت.

بەپێی مادەی ٢٣ی دەستوری عێراق کە فیدرالی بۆ کورد دەستەبەر کردووە، زۆرینە کە عەرەبن لە عێراق بۆیان هەیە زەوی لە کوردستان بکڕن، ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیەیە کە بەسەر نوێنەرانی کورد لە نوسینەوەی دەستوری عێراقا تێپەڕیکردووە.

دواین زانیارییەکان باس لەوە ئەکەن کە ٦٨٠هەزار عەرەب خانوو زەویان کڕیووە و تاپۆیان بەدەستهێناوە لە هەرێمی  کوردستان "تێبینی ئەم ژمارەیە هینی ساڵێک بەر لە ئێستایە واتە ئێستا لایەنیکەم ٧٠٠،٠٠٠ حەوت سەد هەزاری تێپەڕانووە" ، هەڵبەتە ٦٨٠هەزار ئەو ژمارانەیە کە بەفەرمی تۆمارکراوە بەو واتایەی ئەکرێ دوو هێندە یان زیاتر تاپۆیان هەبێ ئەمە بێجگە لەو هەموو کرێنشینە.

سوود وەرگرتنی نەتەوەی سەردەست لە دیموکراسی:

دیموکراسی یەکێکیترە لەو چەکانەی کە ئەکرێ نەتەوەی سەردەست واتە زۆرینە سودی لێببینێ و لەو ڕێگەیەوە ڕێگری بکات تا نەتەوەی ژێردەست یان کەمینە بەرهرەمەندبێ بەمافەکانی، کە ئەلێکستۆ تۆکڤێلی، هێنری کسنجەر و پول کەنەدی لە کتێب و وتاری جیاوازا باس لەو کێشەیە ئەکەن.

ئەوان جەخت لەسەر ئەوە ئەکەنەوە ئەگەر زۆرینەی دیموکراسی بەشێوەیەکی میکانیکی دەسەڵاتەکی جێبەجێبکات ئەوا ئەتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی کە کەمینە شانسی ئەوەی نەبێ لەمافەکانی بەهرەمەندبێ.

بۆ نمونە کاتێک ساڵی ٢٠١٤ سونە و شیعە ڕێکەوتن بۆ پکهێنانی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی تەنها ٢٠ خولەکیان بۆ کورد دیاریکرد، ئەوەبوو کورد بەدەست و قاچی شکاوەوە چووە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە دەرەوەی دەسەڵات نەبێ.

ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی:

لە دوو ئەزموونی ئۆتۆنۆمی لە کشمیر و ئۆلان. کشمیر لە نێوان هندستان و پاکستانە وە ئۆلان لەنێوان سوید و فنلەندایە، زۆرینە بۆی نیە تەنانەت یەک مەتر چوارگۆشە لەو ئۆتۆنۆمیانە بکڕێت تا گۆڕینی دیمۆگرافی ڕوونەیا، بیرمان نەچێ ئەو دوو ناوچەیە ئۆتۆنۆمیان هەیە نەک فیدراڵی، هەر بۆ زانیاری ئەو فیدرالیەی کە لە دەستوری عێراقا بۆ کورد دیاریکراوە لەو ئۆتۆنۆمیە بيهێزترە لە ئیتفاقی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ یراوە بە کورد.

فیدراڵی چارەسەری مەسەلەی نەتەوەی ناکا، کێشەی نەتەوەی تەنها بە سەروەری نیشتمانی چارەئەکرێ، ئەویش لە وڵاتێکی سەربەخۆیا نەک هاوشێوەی عێراق کۆی هێزە هەرێمی و زلهێزەکان قسەیان لە داڕشتنی سیاسەتیا هەیە.

لە وڵاتێکی تازە پێگەشتوو یان جیهانی سێیەم نامۆ بە چەمک و مەغزای دیموکراسی کە هێزی چەک و ئەقڵی خێڵەکی و مەزهەب و نەتەوەپەرستی تیایا زاڵبێ ئەوا ئەکرێ فیدراڵی و دیموکراسی ئەو تەڵەیەبێ کە نەتەوەکانی بندەست یان کەمینە بکەونە ناوێ چونکوم نەتەوەی سەردەست ئەتوانێ هەر کارێک بکا و تێێپەڕێنێ لەڕێی دەنگی زۆرینەو و بەدیموکراسیش بەبێ ئەوەی کەمینە بتوانێ تەنانەت ڕەخنەش بگرێ هەربۆیە فیدراڵی و دیموکراسی چارەسەری کێشەی خاک و نەتەوەی بنتدەست ناکا لە وڵاتێکا کە نەتەوەی سەردەست بوونی هەبێ، بۆیە ئەبێ نەتەوەی ژێردەست ڕاستەوخۆ پەنا بۆ سەروەری نیشتمان بەرێ.

عەرەبەکان هەرێمی کوردستان بەبێ تەقە داگیرئەکەن:

لەسەردەمی ئەبو جەعفەری مەنسور بەغا شارێکی کورد نشین بووە، بەسرە کەناوی بەستەڕێیە ناوچەیەکی کوردی بووە. كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه ئەگەر بەزووترین کات ڕێی پێنەگیرێ‌.

عه‌ره‌به‌كان هه‌رێمی كوردستان داگیر ئه‌كه‌ن، لەئێستایا لەھەرێمی کوردستان نزیكەی (١٠٣٥٠٠٠) ملیۆن، عەرەب ھەیە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون :*

١.ھەولێر، (٦٠٠) ھەزار = ٥٧.٩٪ ی کۆی عەرەبەکانی ھەرێم. واتا ٢٩٪ی دانیشتوانی ھەولێر لە ئێستایا عەرەبن واتا زیاتر لە ڕێژەی عەرەب لە که‌رکوک. لە پانزە ساڵی داھاتووا گەر تەنھا ئەمانەبن و بە لێشاوی دیکە نەیەنە ھەولێر، ئەوا ژمارەیان ئەبێتە نزیکەی (٩٠٠) ھەزار، کە ڕێژەکەیان ئەبێتە (٣٠٪) ی دانیشتوان.

٢.دھۆک،  (٢٧٥) ھەزار = ٢٦.٥٪ ی کۆی عەرەبەکانی ھەرێم. واتا لەئێستایا، ١٦٪ی دانیشتوانی دھۆک عەرەبن، لە پانزە ساڵی داھاتووا ئەبن بە نزیکەی (٤٢٠) ھەزار کەس.

 ٣.سلێمانی، (١٦٠) ھەزار عەرەبی چاوگەش = ١٦٪ ی کۆی عەرەبەکانی ھەرێم. واته‌ ٧٪ی کۆی دانیشتوانی ئیستای سلێمانی عەرەبن، وە لە پانزە ساڵی داھاتووا ژمارەیان ئەگاتە (٣٠٠) ھەزار کەس و زیاتریش.

بەگشتی لەئێستایا عەرەب ١٦٪ ی کۆی دانیشتوانی ھەرێمن.

 لە ماوەی( ١٠ )ساڵا، (١١٪) ڕێژەی عەرەب لە ھەرێم زیایکردووە، واتا بۆ( ١٥) ساڵی ئاییندە بەلای کەمەوە ڕێژەکەیان ئەبێتە (٢٥٪)ی کۆی دانیشتوانی ھەرێم

 جا ئەوکات ئەبێت ھەلیکار و نان و خوێندنگە و جادە و خانووشیان بۆ ئەوان دابین بکرێت

  * سەرچاوەی ئامارەکانی لای سەرەوە، گه‌رمیان محه‌مه‌د خوێندكاری ماسته‌ر له‌ زانكۆی سلێمانی-جوگرافیا.

گرنگە بۆ گەلی بندەست هەمیشە بیریبێ کە هەرگیز وە بەهیچ شێوەیەک بەمیتودی دیموکراتی لەناو دەوڵەتێکی نادیموکراتی و بوونی گەلێکی سەردەستی ناهۆشیار دەوڵەتی دیموکراتی دروستناکرێت، بۆیە ئەبێ نەتەوەی ژێردەست ڕاستەوخۆ پەنا بۆ سەروەری نیشتمان بەرێ، ئەو کارەش پێویستی بە سیاسی زانا، دۆستی هەمیشەی، ئابوری پتەو، هێزی سەربازی پڕ چەک و ڕاهێنراو، تەبای ناوخۆ، یەک هەڵوێستی زۆرینەی حیزبە سیاسیەکان، دروستکردنی موئەساساتی بەڕێوەربردن، لە هەمووشی گرنگتر یەکڕیزی ئاشتەوایی ناوخۆیی کۆی دانیشتوان و دوور لە بێ سەروبەری و هەڵەکانی ڕێفراندۆمەکەی ٢٩ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دووبارە نەکرێتەوانێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×