ژینگە لەلای قوباد تاڵەبانی

ئاسۆ گەڵاڵی
  2022-06-02     442

لەچەند رۆژی ڕابردوودا خوێنەری وتارێكی نوێی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووم لەبارەی ژینگەوە، ئەو لە وتارەكەیدا بە ناونیشانی (پرسی ژینگە وەك ئەولەویەت) بە پوختی باس لەوە دەكات كە وێڕای مەترسییە ژینگەییەكان بەگشتی و خۆڵبارین كەچی هێشتا ئەم پرسە نەبووەتە ئەولەویەتی لایەنە سیاسییەكان، هەربۆیە پێویستە ئەوان (وەك یەكێتی) دەیانەوێ بیكەنە پرسێكی سیاسیی و لە دانوستانەكاندا كاری پێ بكەن.
وتارەكەی كاك قوباد، هەم دڵخۆشی كردم و هەم بێزار، دڵخۆشبووم بەوەی سیاسییە باڵاكانی هەرێم لە پۆستی هەستیاری وەك كەسی دووەمی حزب و حكومەت قسە لەسەر پرسی ژینگە بكات. چونكە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو سیاسییەكانی ئێمە وەك باقیی مرۆڤەكانی تری ئەم ناوچەیە، ژینگەیان نەك وەك پرس تەماشا نەكردووە، بەڵكو ڕوانینیان بۆ ژینگە تەنها سەیرانی بەهاران و دروستكردنی ڤێلا بووە و تەنها لە بۆنە و هەندێك لە مەراسیمەكاندا ئاماژەیان پێ داوە.
لەلایەكی دیكەوە فرە بێزاربووم و جۆرێكیش لە سەرسوڕمان ڕووی تێكردم، ئاخر (تاڵەبانی) كە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمە تازە بەتازە دەڵێت "كاتی ئەوەش هاتووە خۆشمان لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە كێشە ژینگەییەكان بدەین". خۆ ڕاستە (زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر قازانجە) بەڵام بەڕاستی دەپرسم ئایا درەنگ نیە بۆ ئەم قسەیە؟
كاك قوباد كە لە حزبەكەشیدا بەشێوەیەكی كرداری كەسی دووەمە و بەهۆی پۆستە حكومییەكەشیەوە، لە سنوری ئیدارەی سلێمانی كەسی یەكەمە، دەبوو زۆر زووتر هەستی بە گرنگیی پرسی ژینگە بكردایە، نەك ئێستا كە ژینگە بەرەو وێرانبوون هەنگاو دەنێ و دەمێكە لە هەڵدێرەوە بەرەو خوار گلۆر بووەتەوە.
دەمەوێ بیری كاك قوباد بخەمەوە، بەپێی لێدوانی نەخۆشخانەی هیوا، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا حاڵەتەكانی شێرپەنجە سێ هێندە زیادیان كردووە، رۆژانە 15 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە سلێمانی وەردەگرێت، كە زۆرینەیان خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانن. كە ئەمە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ئەم سنوورە رێژەیەكی مەترسیدارە و، دەبوو ئەنجومەنی وەزیران بودجەی تایبەت و زەبەلاحی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دابین بكردایە، نەك (هیوا) و (هیوا ویست) و (هیواخوازەكان)، بەهیوای چاكەی دەستی خێرخوازان بن.
هەمووانیش دەزانن هۆكارێكی سەرەكیی زیادبوونی نەخۆشیی شێرپەنجە، پیسبوونی خۆراك و سەرچاوەكانی ئاو و پیسبوونی ژینگەیە. ناحیەی بازیان و قەزای دەربەندیخان ژمارەی پێوانەیی توشبووی شێرپەنجەیان تۆمار كردووە كە كاك قوباد دوو جار بەرپرسی هەردوو شارەكەیە، جارێك لەبەر حكومەت و جارێكیش لەبەر ئیدارەی سلێمانی. 
هەروەها:
- بە پێی ئاماری دەستەی ژینگە، رێژەی سەوزایی لە شارە جیاوازەكان (و بەتایبەت لە سنوری سلێمانی) لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە (كە ستانداردەكە لەسەروو لەسەدا 15یە و لەم سنورە نزیكی لەسەدا 10 یە).
- تا ئێستاش لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی بەشێوەیەكی نازانستی زبڵ و خۆڵ و خاشاك و پاشماوەكان (ئاسایی و پزیشكی و پیشەسازی) لەناو دەبرێت!
-  تا ئێستاش وانەی ژینگە وەك پێویست لە سیستمی پەروەردەدا جێگیر نەكراوە.
- پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، تەنها لە سێ مانگی ئەمساڵدا 700 داری سروشتی بڕدراونەتەوە و 446 فەردە خەڵووز دەستیان بەسەردا گیراوە!
 - سەرچاوە ئاوییەكانی دووكان و سیروان و دەربەندیخان و ئەڵوەند و دیجلە و فورات، بەردەوام لە كەمبوونەوەدان و بەرەو وشككردن دەچن لەلایەن دراوسێكانمانەوە و ئەمەش عێراق و هەرێم بەرەو هەڵدێرێكی دیكەی گەورەی بێ ئاوی دەبات.
تەوەری سەرەكیی وتارەكەی قوباد تاڵەبانی، زۆربوونی خۆڵبارین و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆی. تا ئێستا خۆڵبارینی هەرێم بیابانەكانی باكووری ئەفریقا و باشوور و ناوەراستی عێراق و ئێرانن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پشتێنەی سەوزاییەوە لەناوچەكانی كوردستان. بەڵام هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن لە ساڵانی داهاتوودا ناوچەی (گەرمیان)یش ببێتە سەرچاوەیەك بۆخۆڵبارین، چونكە دووساڵە لەسەر یەك وشكەساڵیی 100% لەو سنورە ڕادەگەیەنرێت و هیچ پلانێكی ئەوتۆش بۆ شێداركردنی زەوی و ڕووپۆشكردنی خاكی ئەو ناوچەیە نیە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی خۆڵبارینی خۆماڵی.
كاك قوباد دانیشتووی سلێمانیە و ئەم شارەش بە هی خۆی دەزانێت، بەڵام حكومەتی هەرێم و ئیدارەی سلێمانی بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو نەیانتوانیوە شاخەكانی (گۆیژە و ئەزمەڕ) لەلایەك و (بەرانان) لەلایەكی دیكەوە سەوز بكەن، بەپێچەوانەوە بەهۆی ئاگركەوتنە و ڕاماڵینی خاك و دروستكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، بەردەوام گۆیژە و ئەزمەڕ ڕووتەڵتر دەبن و دوور نیە لەداهاتوودا بەتەواوی بچنە ڕیزی (دۆڵەڕووت)ی دەستەخوشكیانەوە.
هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی كە خاوەنی خاكێكی بەپیت و ئاوێكی پاراو و ئاسمانێكی تەڕە، و دوو ناوچەی زۆر بەپیتی كشتوكاڵی جیهان لەم ناوچەیەن ئەوانیش (شارەزوور و ڕاپەڕین)ن، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ، جوتیاران ساردبوونەوەی زیاتر ڕوویان تێ دەكات. 
ئەوان بەهۆی بەرپرسە  حزبی و مشەخۆر و تێرنەخۆرەكان و بەردەوامیی هاوردەی قاچاخی بەرهەم و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان، ئەوپارەیەی بەرهەمەكانیانی پێ دەفرۆشن، تەنانەت خەرجییەكانیشیان دەرناهێنێتەوە. نەك ئەوەی هانیان بدات بۆ بەردەوام بوون!.
هەر بۆیە وەك كاك قوباد خۆی دەڵێت (لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا لایەنەكان دونیایەك مەرجیان لەسەر یەكتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوكترین شتەكان ململانێی توند دەكەن، كەچی هیچ لایەنێك پرسی چارەسەركردنی كێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەكردوەتە مەرج، لە كاتێكدا ئێستا ئەم كێشەیە كێشەیەكی سەرەكی خەڵكی عێراق و كوردستانە و ژیانی خەڵكی تاڵ كردوە). دەی راستی وتووە، بەڵام دەبێ خەڵك ئەم قسەیە بكات نەك سیاسییەكان.
وێڕای هەموو ئامارەكان، هێشتا بۆچوونەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت جێی ڕێزن و ئومێدم وایە بتوانێت بەشێوەی كرداری كاریان لەسەر بكات و، لە چوارچێوەی (گوتار و گفتار)ـەوە بیگوازێتەوە بۆ چوارچێوەی (كار و كردار).

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×