چەند سەرنجێک لەسەر فرەژنی‌و خیانەت

چۆمان هەردی
  2022-06-02     964

• کەسانێک ھەن پێیانوایە لەبەرئەوەی پیاوێکی ئەورووپی یان عەلمانی جەستەی ژن دەکڕێت و دەفرۆشێت، دۆستی ھەیە و خیانەتکارە، کەواتە ئێمە بۆمان نییە ڕەخنە لە فرەژنکاریی "سەرکردە"یەکی خۆمان بگرین. ئەمانە کەسانێکن کە چەوتییەکانی سەرکردەکانی خۆیان لەگەڵ ڕەفتاری خراپترین پیاوەکانی دنیا بەراورد دەکەن چونکە دەیانەوێت باسەکە بگۆڕن و ڕووی سەرۆکەکانی خۆیان سپی بکەنەوە.

• کەسانێک دەیانەوێت وا لە خەڵک بگەیەنن کە سروشتی پیاو بەشێوەیەکە کە لە ھەمان کاتدا حەزی لە زیاد لە ژنێکە (ئەمەش گریمانەیەکی نەسەلمێنراوە). گوایە ھەموو پیاوێک گەر بە فەرمی ھاوسەرگیری لەگەڵ زیاد لە ژنێکدا نەکات ئەوا بە شێوازی تر و بە نھێنی حەزەکانی خۆی تێردەکات.

• کەسانێک دەیانەوێت ئەو ئیمتیاز و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگای پیاوسالاری بە ھەندێک پیاوی داوە بە ئاساییی بکەن و پێمان بڵێن: پیاو شەھوەتبازە، ھەمیشە ھەوڵی تێرکردنی حەزەکانی خۆی دەدات، جا باشترە ڕێگەی بدەین لە ڕێگەی ھاوسەرگیرییەوە ئەمە بکات نەک خیانەت و بەکارھێنانی لەشفرۆش. بە بڕوای ئەوان جگە لەم دوو شێوازی ژیانە پیاو ھیچ بژاردەیەکی تری نییە: یان دەبێت فرەژنی بکات یان دەبێت خیانەت بکات!!!

•گریمانەی نەسەلمێنراوی ئەم پاساوە ئەوەیە کە پیاو لەلایەک توانا و لەلایەکی دیکەشەوە مافی ئەوەی هەیە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ زیاد لە ژنێکدا هەبێت. بۆیە پرسیارەکە لای ئەوان ئەوەیە کە چۆن ئەو مافە بۆ پیاو دابینبکرێت: بە فرەژنی یان گەرمکردنی بازاڕی لەشکڕین و خیانەتکاری. ئەم گریمانە نەوتراوە بێبنەمایە و کوشندەترە لە خودی پاساوەکە.

• ئەمجۆرە تێڕوانینە بێڕێزییەکی گەورەشە بەرامبەر بە خودی پیاو کە وەک بوونەوەرێکی شەھوانی و ناعەقلانی و لاواز سەیردەکرێت کە گوایە ناتوانێت کۆنترۆڵی حەزەکانی خۆی بکات (گوایە ھۆکاری دەستدرێژی سێکسیش ھەر ئەوەیە کە پیاو ناتوانێت خۆی ڕاگرێت!). ئەمەش درۆیەکی گەورەیە چونکە ھەزاران پیاو ھەن کە ئەم پێناسەیە نایانگرێتەوە: نە فرەژنی دەکەن و نە خیانەت دەکەن و نە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کەس.

• کاتێک پیاو، جگە لە سێکس پەیوەندی ھاوڕێیەتی و ھاوشانی لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا نەبێت و بە تایبەتیش کاتێک لە کەلتوورێکدا بژی کە ئیمتیاز و مافی زیاتری دەداتێ و کوموکورتییەکانی لەژێر چەتری "پیاوبوون!"دا بۆ دەپۆشێت و دەڵێت: پیاو وایە و بەدەست خۆی نییە، ئەوسا خیانەت و فرەژنی و دەستدرێژی بە ئاسایی دەکرێن! بەڵام ئەو کەلێن و ”نەقسە“ی کە ھەندێک پیاو ھەستی پێدەکەن بە ژنێک و دووان و سیان پڕنابێتەوە چونکە ئەمە تەنھا بە سێکس چارەسەر ناکرێت.

• تێرنەبوونی ھەندێک پیاو لە سێکس پەیوەندی بە سروشتی چڵێسی پیاوانەوە نییە بەڵکوو پەیوەندی بە نەبوونی پەیوەندی ڕۆحییەوە ھەیە لەگەڵ ژن. سێکس بەتەنھا چاو و دڵی کەس تێرناکات. سێکس کاتێک دەتوانێت تێرمان بکات کە لە سیاقی پەیوەندییەکی پتەو و پڕ لە متمانەدا بێت کە خۆشەویستی و ڕێزی تێدایە، ھاوڕێیەتی و ھاوشانی تێدایە، گفتوگۆ و گوێ لە یەکدی گرتن و خەمی ھاوبەشی تێدایە.

• پرسیارەکان لێرەدا ئەمانەن: بۆچی دەبێت ھەمیشە خۆمان بە خرابترینەکان بەراوردبکەین و بڵێین مادام ئەو خیانەت دەکات، با ئەم فرەژنی بکات؟ بۆچی نموونەکانی پەیوەندی ڕێز و خۆشەویستی و ھاوبەشی نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگرین کە پێکھاتووە لە یەک ژن و یەک پیاو و خیانەتی تێدانییە؟ بۆچی ھەر کاتێک یەکێک قسە لەسەر بابەتێک دەکات ھێرشی دەکەینە سەر و دەڵێین: ئەی بۆ باسی فڵان شت ناکەیت؟

• لای زۆرمان ڕوونە کە پرسیاری ئەوەی ”بۆچی ئەم بابەتە باس دەکەیت و ئەوەی تر باسناکەیت“ ھەوڵێکە بۆ گۆڕینی بابەتەکە و خۆ دزینەوەیە لەو پرسەی ئەمڕۆ جێی نیگەرانی ئێمەیە.

• ئەوانەی ڕەخنە لە فرەژنی دەگرن ھەمیشەش ڕەخنەیان لە بە کاڵاکردنی ژن و کڕین و فرۆشتنی جەستەی ژن و خیانەت و ناپاکی گرتووە. داکۆکیکردن لە ھاوسەنگی ژن و پیاو داکۆکیکردنیشە لە خێزانێکی تەندروست کە خۆشەویستی و پارێزراوی بۆ ھەردوولا تێدایە، چونکە مرۆڤ تەنھا دەتوانێت لەگەڵ مرۆڤێکی ئازاد و پێگەیشتوودا خۆشەویستی ڕاستەقینە ئەزموون بکات، نەک لەگەڵ کەسێک کە مافەکانی زەوتکراوە و بڕیارەکانی (لەوانەش بڕیاری ھاوسەرگیری) لە دەست خۆیدا نییە.

• پیاوی ئازیز! داکۆکی لە یەکسانی و ھاوشانی ژن و پیاو بکە! ئازادبوونی ژن واتە ئازادبوونی تۆش لە ھەندێک بەرپرسیارێتی و بارگرانی، واتە دۆزینەوەی خۆشەویستی و پەیوەندییەکی دروست کە دڵ و ڕۆحت تێردەکات، واتە دروستکردنی جیھانێکی دادپەروەرانە کە تیایدا ژن بەشخوراو و پڕووکاو نییە و دەتوانێت خۆشەویستی و ھاوپشتیت پێ ببەخشێت. خەمی سەرکردەی ڕۆژئاوایی وەک بەرلەسکۆنیشت نەبێت، میللەتەکەی خۆی حسابی لەگەڵ دەکەن. خەمی ئەو سەرکردە چەوتانەی خۆتت بێت کە (بە ئیسلامی و عەلمانییەوە) لە پشت ناشرینترین نموونەکانی پیاوبوونەوە خۆیان دەشارنەوە و پاساو بۆ کارەساتەکانی خۆیان دێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×