ئایا سیاسەت و دەوڵەتداری لە ئیسلام بوونی هەیە؟

ئەیوب سڵێمان
  2022-06-04     770

پێش هەموو شتێک قورئانی پیرۆز، فەرمانمان پێدەکات کە دەبێت سیاسەتی وڵات بەپێی" قورئان و سوننەت" بێت، کە ئەویش سەرچاوەی دادپەروەری و خۆشگوزەرانی ڕاستەقینەیە.

 

دیارە سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵات، بابەتێکی گرنگ و هەستیارە، چونکە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگەی پێوە پەیوەستە، هەر حکومڕانییەک سیاسەتێکی ڕێک و کاربەدەستی دادگەرانەی هەبێت، ئەوکات ژیانی خەڵکی خۆش دەبێت و شارستانیەتیش پێش دەکەوێت، بەپێچەوانەوە سیاسەتێکی ڕێک و پێک نەبوو ئەوکاتە ژیانی خەڵکی تێکدەچێت. لەڕۆژگاری ئەمڕۆی کوردستان و جیهان، ئەوانەی سیاسەتی وڵاتیان بەدەستە، سیاسەتێکی دادپەروەرانە جێبەجێ ناکەن، بۆیە ناوی سیاسەت بووە بەناوێکی قێزەون و بەد.

 

ئێستا وای لێهاتووە زۆرجار خەڵکێک پێی سەیرە و دەڵێن، ئاین و سیاسەتیان نەوتووە! یاخود خەڵکێک دەڵێت موسڵمان نابێت وڵات بەڕێوەببات، بەڵکوو دەبێت کەسێک وڵات بەڕێوەببات کە هیچ لەئاین نەزانێت و باوەڕی بەخوای گەورە نەبێت، لەمێژووی موسڵمانان نەبووە خەڵکێک بڵێت سیاسەتکردن لەئایندا نییە، یاخود حزبایەتی لە ئیسلامدا نییە. ئەم جۆرە قسانە پێشتر بوونیان نەبووە، بەڵام لەدوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامییەوە ئەم قسانە سەری هەڵدا، تاوەکوو موسڵمامان نەتوانن ببنەوە بە خەلیفە و حکومڕانی بگرنەوە دەست، ئێستاش هەندێک موسڵمانی نا شارەزا، بێ ئاگا لە ئاینەکەیان، دەڵێن ئیسلام حوکمی تێدانییە و پێویستە سیاسەت لەگەڵ ئاین جیابکرێتەوە.

 

زانایانی ئێمە وەک ( ئیمامی غەزالی، ئیبن تەیمییە، ئیبن قەیم، عزی کوڕی عبدالسلام، ئیبن حەزمی ئەندەلوس، چەندانی تر) هەموویان یەکدەنگبوون لەسەر ئەوەی بەڕێوەبردنی وڵات و سیاسەتکردن و بوونی دەسەڵاتێک، ئیجماعی لەسەرە، کەواتە هەرکەسێک پێچەوانەی یەکدەنگی موسڵمانانی کردوە ئەوا زۆر هەڵەی کردوە، جا ئیتر ئەم کەسە کەسێکی ڕۆشنبیر و بەئاگا بێت یان کەسێکی نەخوێندەوار بێت، هەرکەسێک بڵێت لەئیسلامدا بەڕێوەبردنی وڵات و سیاسەت و دەسەڵات و حکومڕانی بوونی نیە، ئەوە یەکدەنگی زانایانی شکاندووە، شکاندنی یەکدەنگی شتێکی ئاسان نییە و خودای گەورە هەڕەشەی لەو کەسانە کردوە لەئایەتی (١١)ی سورەتی (النساء)دا.

 

سیستەمی سیاسی ئیسلامی، سیستەمێکی گشتگیر و جیهانییە، بۆ کات و سەردەمە جیاوازەکان دەگونجێت و کاریان پێ دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زانایی خودای گەورە، کەتەنها هێڵە گشتییەکانی باسکردوە و ناوەڕۆکەکەی بۆ شیکارکردن و لێکۆڵەرانی ئاین و زانا و داناکان بەجێهێشتووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×