خاک و ژینگەی ئێمە و ئەوان

د.بەختیار ئەمین
  2022-06-09     535

خاک ناسنامەی گەلە، دەبێت بست بە بستی پارێزگاری لێ بکرێت، بەردەوام ژینگەکەشی پەرەی پێ بدرێت و پارێزگاری لێبکرێت، تاوەکو هاوڵاتیەکانی هەست بە ئارامی بکەن لەسەری و شانازی بەخاکەکەیانەوە بکەن.

چێرچڵ لە ساڵی ١٩٠٩ دەڵێت ”خاک پێویستییەکی گرنگی مرۆڤە، کە سەرچاوەی ڕەسەنی هەموو سامانێکە، وە لە ڕووی فراوانییەوە بە توندی سنووردارە، کە لە پێگەی جوگرافیدا جێگیرە – زەوی، دەڵێم، جیاوازە لە هەموو جۆرەکانی تری موڵک و ماڵی، و داب و نەریتی یادگاری نزیکەی هەموو... دەوڵەتی مۆدێرن خاوەندارێتی و گواستنەوە و پابەندبوونەکانی زەوییان لە پۆلێکی تەواو جیاوازدا لە چینەکانی دیکەی موڵک و ماڵی داناوە”.

بەداخەوە لەدوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراقەوە، ڕێژەی سەوزایی و خاکی کوردستان دەتوانم بڵێم سەد لە ٩٠ی بەهەدەر دراوە، زۆربەی ناوچە کشتوکاڵیەکانی زۆربەی کراون بە ناوچەی پیشەسازی و کارگەو شوێنی نیشتەجێبوون....هتد (لەکاتێکدا زۆربەی ئەو کارگانە، سەرچاوەی پیسکردن و تێکدانی ژینگەی کوردستانن). لەهەموو ووڵاتێکدا ، یەکەکەی نیشتەجێبونیش دروست دەکرێت، بەڵام بە ئەندازەی کوردستان نا؟ بەپلانی زۆر شارەزایانە و وورد کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوانەکەیدا.

من  لێرەدا دەتوانم نمونەی ووڵاتێی وەکو شانشینی ئینگلتەرا باس بکەم ،کە لەهەر شارێک یان قەزایەک، شارەوانی ئەو شارە وەکو پلانی سەرەتایی، خانوە کۆنەکان دەڕوخێنن یان زەویە دروست نەکراوەکان دەکەن بە یەکەی نیشتەجێبوون و پارک و فێرگە و بنکەی تەندروستی. لەساڵی ٢٠١٧ وە، ڕێژەی ٥٦ لەسەدی هەموو ئەو یەکە نیشتەجێیانەی کە لەسەر خاکی ئینگلتەرا دروستکراون، لەسەر زەوی بەکارهاتوەکان بنیاتنراونەتەوە (واتە ئەو زەویانەی کە پێشتر کارگە بوون یان لە ناو گەڕەکەکاندا ماونەتەوە). لەکۆی ٢٤٤ هەزار  کیلۆمەتر دووجا، تەنها سەد لە ٥ی خاکی بەریتانیا (کەدەکاتە ١٢ هەزار و ٧٠٠ کیلۆمەتر دوجا) بەکارهاتوە بۆ جێگای نیشتەجێبوون، کارگەکان، فێرگەکان، نەخۆشخانەکان .......هتد(هەروەکو لە وێنەکەدا دیارە)، لەکاتێکدا سەد لە ٩٥ تری خاکەکەی پێکهاتەی زەوی کشتوکاڵی و سەوزایی سروشتی و دروستکراوە. وە لەکۆی ئەو ٥ لەسەدەش، ڕێژەی ئەو زەویانەی کە بۆ نیشتەجێبوون و باخچە بەکارهاتوە تەنها ١ لەسەدە (سەرچاوە  ١ و ٢). لەکاتێدا ئینگلتەرا  بە یەکێک لە ووڵاتە هەر چڕەکانی ووڵاتانی ئەوروپا هەژماردەکرێت (ژمارەی دانیشتوانی ٦٨ بۆ نزیکەی ٧٠ ملیۆن کەسە).

گرنگە بزاندرێت کە جگە لەبەهەدەردانی خاک، پێداویستیەکان و خزمەتگوزاریەکانیش لەسەر دەوڵەت زیاد دەکەن، لەوانە پێداویستیەکانی ( ئاو، کارەبا، فێرگە، بنکەی تەندروستی......هتد). بەڕاستی تاوانە وەبەرهێن بەبێ هیچ بەرامبەرێک زەوی دەوڵەتی پێبدرێت، یان بازرگانی بە زەوی دەڵەتەوە بکات و بێتە مەترسی بۆسەر ژینگەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.

 بۆیە هیوادارم چیتر هێندە خاکی کوردستان بەکەم سەیر نەکرێت و نەبێتە جێگەیەک کە هاوڵاتیەکانی توانی هەڵمژینێ هەوایەکی پاکیان نەبێت تیایدا. لەکاتێکدا دەبینین لە زۆر ووڵاتی دنیا، حوکومەتە خۆجیەکان و شارەوانی شارەکان کێبڕکێیانە لەسەر پاککردنەوەی هەوا لە ڕێگای پەرەپێدانی ژینگە و زیادکردنی سەوزایی و دابینکردنی پێداویستیەکانی گواستنەوە لە ڕێگای سەرجەم ئەو ئامێرانەی کە بە دۆستی ژینگە ناودەبرێن.  

دەپرسم ، ئایا ئێمەی کورد دانیشتوانەکەمان هێندە زۆرە ،کە کێشەی یەکەی نیشتەجێبونمان هەبێت؟ تاوەکو سەرجەم زەویەکانمان بەهەدەر بدەین بۆ ئەم مەبەستە یان دروستکردنی ئەو کارگانەی دەبنە هۆی پیسبونی ژینگەی کوردستان؟ ئەی نەوەکانی ١٠٠ ساڵی داهاتووی کورد تاوانیان چیە؟ کاتێک کە دەبین خاکی شارەکان هەمووی بەهەدەر دروان و مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستیان هەیە؟

بێدەنگبومان، بێدەنگیە بەرامبەر بازرگانی پێوەکردن و داگیرکردنی خاکی کوردستان لەلایەن چەند کەس و گروپێکەوە، بێدەنگیە لە پیسبونی ژینگەی کوردستان، بێدەنگیە لەسەر دروستکردن مەترسی بۆسەر دانیشتوانەکەی و نەوەکانی داهاتوومان.

سەرچاوەکان

ماڵپەڕەی بی بی سی (وێنەی هاوپێچ)

ئامار و ڕاپۆرتی وەزارەتی نیشتەجێکردن و کۆمەڵگاکان و حکومەتی خۆجێی

https://assets.publishing.service.gov.uk/government/uploads/system/uploads/attachment_data/file/900910/Land_Use_in_England__2018_-_Statistical_Release.pdf

https://www.showhouse.co.uk/news/fivesurprising-facts-about-uk-land-usage/#:~:text=Although%20having%20one%20of%20the,which%20makes%20up%20the%20UK.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×