بەشی دووەم ؛
آ ـ شۆڕشی د. محمد مصدق لە ئێران و پلانی بەریتانی و ئەمەریکیەکان لەدژی ؛
لە شەری دووەمی جیهانی ولە ساڵی ١٩٤١ کە سوپای بەریتانی توانی خاکی ئێران داگیر بکات ، رەزا شای دوور خستەوە بۆ دورگەیەکی هند و محمدی کوری لەجێگەی دانا ، لەماوەی ١٠ساڵ لە نێوان ١٩٤١ تا ١٩٥١ زاینی ئێران سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینی و بەردەوام و بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی جەنگ شەپۆلی نارەزایەتی و هەستی نیشتیمانی و سەربەخۆی لای زۆربەی گەلان و بەتایبەتی گەلانی ئێران لە هەژمون و پەرەسەندن دابوو ،محمد رەزاشا جگە لە داردەست و جێبەجێکەری سیاسەتەکانی بەریتانیا لەناوچەکە چ شتێکی تر نەبوو ، بۆیە رۆژ دوای رۆژ دەنگ و کەسایەتی و جوڵانەوەی سەربەخۆیی لە ئێراندا لە هەڵکشان و دەرکەوتنی زیاتردا بوو دژی بوونی بێگانە و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئێران و بەتایبەتی بردنی نەوتی ئێران لە لایەن کۆمپانیای نەوتی ئەنگلۆ فارسی کە بەشی شێر لەو بەرهەمە نەوتیە بەریتانیەکان کەوتبوو .
* ـ ئامادەسازی بۆ خۆماڵی کردنی پیشەسازی نەوت :
نارەزایەتی خەڵک و داواکاری بۆ سەربەخۆی نیشتیمانی لەسەر ئاستی شەقام و پرۆژەی پێشنیارکراوی پەرلەمانتاران لە کانونی دووەمی ساڵی ١٩٥١ بە سەرکردایەتی د. محمد مصدق بۆ خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوت لە پەرلەمانی ئێران و پەسەندکردنی لە ١٥ی ئازاری هەمان ساڵدا لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە ، رەنگدانەوە و پشتیوانیەکی بەهێزو گەورەی نیشتیمانی لێکەوتەوە و د. محمد مصدق وەک کارەکتەرێکی نیشتیمانی و شۆڕشگێری دژی پلان و سیاسەتی بەریتانیا زیاتر دەرکەوت و بوە ئەو کەسایەتیە بەهێز و متمانە پێکراوەی گەلانی ئێران کە وەک نموونەی باڵای نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێری میللی لەئێرانا وێناکرا .
د. محمد مصدق علی لە ٢٨ی نیسانی ١٩٥١ دا بەهەڵبژارد پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئێرانی وەرگرت و کەوتە جێبەجێ کردنی یاسای پەسەند کراوی پەرلەمان سەبارەت بە خۆماڵیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران ،بەڵام ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی ئێرانی ـ بەریتانی کە بەدەست بەریتانیەکانەوەبوو ئامادە نەبوون ئەو یاسایە جێ بەجێ بکەن ، بۆیە لەلایەن د. محمد مصدقی سەرۆک وەزیرانی ئێران سەرجەم بەرێوەبەر و فەرمانبەرانی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەی لابرد و خەڵکی شارەزا و ئیداری ئێرانی خستە شوێنی ئەوان .
ئەم کارەی د.محمد مصدق لەلایەن بەریتانیەکان قبوڵکراونەبو ، بۆیە رەخنەی توندیان لەو بڕیارە گرت و کەوتنە دژایەتی کردنی یاسای خۆماڵیکردنی نەوت و سیاسەتی تازەی سەرۆک وەزیران.
دوای شکستی گفتگۆ و سەرنەکەوتنی هەوڵ و دانیشتنە ناوخۆییەکان بۆ پەشیمانکردنەوەی سەرۆک وەزیران و پیاچوونەوە بە بڕیارەکە ، حکومەتی بەریتانیا سکاڵایەکی نارازیی بوونی دژی یاسای خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی بەرزکردەوە ، بەڵام د.محمد مصدق زۆر زیرەکانە و ئازایانە لەدادگای لاها و لە نیویۆرک بەرگریەکی سەرسەختانەی لە ماف و سامانی گەلانی ئێران کرد و توانی سکاڵاکەی بەریتانیا پوچەڵ بکاتەوە و سەرکەوتنی یاساکەی مسۆگەرتر کرد و پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی و یاسایی بۆ پرۆژە و سیاسەتە نیشتیمانیەکانی دابین کرد .
*ـ دانانی پلانی لابردنی محمد مصدق ؛
هەرچەندە بۆ بەریتانیا شکست و تێکشانێکی گەورەی یاسایی و سیاسی بوو ، بەڵام مانای ملکەچی و تەسلیم بوونی یەکجارەکی ناگەیەنێ و هەرزوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و بەهۆی دۆست و هاوبەرژەوەند خوازەکانیانەوە لە شێوەی ( برایانی رەشیدیان) كە خاوەنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی گەورە و بانق بوون لە ئێراندا توانیان لە ڕێگەی ئەم سێ برایەوە دوو بەرەکی و جیاوازی بخەنە نێو ریزەکانی سەرکردایەتی( بەرەی نیشتیمانی ئێران ) و رۆڵێکی گەورەیان گێرا لە پڕوپاگەندە و چەواشەکردنی بەشێک لە خەڵک لەسەر هەوڵ و سیاسەتەکانی د.محمد مصدق .
لەلایەکی ترەوە بەریتانیا هانای بۆ ئەمەریکا بردو داوای لێ کرد یارمەتی بدات بۆ رێگرتن لە جوڵانەوەکەی بەرەی نیشتیمانی مصدق و گێرانەوەی پشکی خۆی لە پیشەسازی نەوتی ئێران ، بۆیە ئەمەریکا لەلایەک مەترسی ئەوەی هەبوو جوڵانەوەی مصدق پەرە زیاتر بسەنێ و بچێتە پاڵ بەرەی سۆشیالیستی و یەکێتی سۆڤیەتەوە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە کاریگەری لەسەر وڵاتانی تری ناوچەکەدابنێ لەدژی سیاسەتی هاوپەیمانان .
*ـ پلانی ئۆپراسێۆنی ئەجاکس ( Operation Ajax ) دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکی (CIA) بۆ کۆدیتاکردن بەسەر مصدق دا
حکومەتی ئەمەریکا داواکاری بەریتانیەکانی پەسند کرد بۆ یارمەتی دانی لە لابردنی مصدق لەسەرۆک وەزیرانی ئێراندا ، و١٠٠ ملێۆن دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکردو دەزگای سی ئای ئەی (CIA) ئەمەریکی راسپارد کە رێوشوێنی پێویست بۆ لابردن د. محمد مصدق بگرنە بەر ، دەزگای مخابراتی ناوەندی ئەمەریکی لە رێگەی ئەو ١٠٠ بەکرێگیراوەی کە هەیبوو لەناو تارانی پایتەخت دا و لەژێر نەخشە و پلانی ئۆپەراسێۆنی ئەجاکس ( Operation Ajax ) دەستیان بە جێ بەجێکردنی لادانی مصدق کرد.
سەرەتا ئەفسەری هەواڵگری (کیرمیت روزفڵت ) دەستنیشان کرا بۆ سەرکردایەتی کردنی پرۆسەی لادانی مصدق .
کیرمیت روزفلت سەرەتا سەردانی محمد رەزا شای ئێرانی کرد و تەواوی نەخشە و هەنگاوەکانی کۆدێتای لادانی مصدقی بۆ روونکردەوە ، دواتر هەستا بە پێدانی بەرتیل و بەخشش بە هەواڵساز و رۆژنامەنوس و چەندین پیاوانی ئایینی و ئەفسەرانی سوپا کە لایەنگری شا بکەن و پروپاگەندە دژی حکومەتەکەی مصدق ئەنجام بدەن .
کیرمت روزفلت بە ٤ چوار هەنگاوی پێکەوە گرێدراوی بەردەوام دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکانی کرد ؛
١ـ پێکهێنانی ئیدارەیەک بۆ کاری راگەیاندنی رێکخراو و پروپاگەندەیی بەردەوام لە دژی مصدق لە ناو مزگەوتەکان و رۆژنامەنوسان و شەقام دا بۆ لەکەدارکردن و ناشیرکردنی کەسێتی جەماوەریی محمد مصدق .
٢ـ چەتە و ئاژاوە چیەکان ئەبێ تەحکوم بە شەقامەوە بکەن و کاری تێکدەرانەوە و ئاژاوەچیانە ئەنجام بدەن و پەشێوی بخەنە شەقامەوە .
٣ـ رادەستکردنی بەیاننامەی لابردنی محمد مصدق ئەبێ لەلایەن ئەفسەرەکانی سوپاوە ئەنجام بدرێ .
٤ـ ئامادەکردنی بەدیلی مصدق ئەویش جەنەراڵ ( اردەشێر زاهدی ) ئەبێت کە محمد رازا شا ئەبێ پلەکەی بەرزبکاتەوە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران .
ساڵی ١٩٥٣ سەرجەم شەقامەکانی تاران بۆ پشتیوانی مصدق و حکومەتەکەی لە بەرامبەر هەوڵ و پروپاگەندەی دارودەستەو سیاسەتی شاو نەیارانی مصدق رژابونە سەر جادە ، ئەم هەلە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی دەقۆزرێتەوە و هەموو بەکرێگیراوەکانی لە چەتە و ئاژاوەچی و تێکدەرەکان ( بلطجی)یەکان دەنێرێتە ناو خۆپیشاندەران و فەرمانیان پێ دەکات کەدەستدرێژی بکەنە سەرسەروەت و سامانی تایبەتی خەڵک و مزگەوت و پیاوانی ئاینی بەرد بارانیان بکەن و کاری قێزەون و بێزار کەر بنوێنن .
بە مەبەستی ئەوەی کە محمد مصدق وەک کەسێکی شیوعی توندرەو وێنا بکەن کە دژایەتی موڵکی تایبەت و مزگەوت و ئاین و پیاوانی ئاینی ئەکات و دژی ئازادیەکانە .
ئەکادیمی ئەمەریکی( ریتشارد کوتام ) ئەڵێ جگە لە وەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە و کاری تێکدەرانە و ئاژاوەچیانە بەهۆی بەکرێگیراوەکان و پیاوانی هەواڵگریەوە شەقام و ژیانی خەڵکیان شێواندبوو ، لەهەمان کاتیشا لە ٨٠٪ رۆژنامەکانی تاران لە ژێر کۆنترۆڵی هەواڵگری ئەمەریکی دابوو !
پلانی اجاکس بۆ لادانی محمد مصدق کە بریار بوو رۆژی ١٦ی ئابی ١٩٥٣ لە کۆدێتایەکی سەبازیدا ئەنجام بدرێ ، بەهۆی ئاشکراکردنی پلانەکەوە و گەیشتنی بە محمد مصدق دواخراو بەوهۆیەشەوە محمد رەزا شا پەهلەوی هەڵات بۆ بەغدا و جەنەراڵ زهدی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی گەورەی سوپا دەستگیرکران ،
هێمن موکریانی شاعیر لە مهابادەوە بەبۆنەی هەڵاتنی محمد رەزا شا لەدەست حکومەتی میللی د.مصدق بۆ بەغدا لە ساڵی ١٩٥٣ ئەم هۆنراوە مێژووییەی نوسی ؛
بەغدا نیوەی رێت بێ ؛
خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ!
پیاوکوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناکەس، ملهوڕ، دیکتاتۆڕ!
خەڵکی ئێران بەدەس تۆ کرابوون زیندەبەگۆڕ
ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، هەی گۆڕ
دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی رێت بێ
دوای ئاشکرابونی پلانەکە ، هەواڵگری ئەمەریکی بەپەلە ئەگاداری بەریتانیا ئەکات کە چیان پێ ئەکرێ لە تاران و شەقام ئەنجامی بدەن و ئەبێ لەم چەند رۆژەدا بتوانین محمد مصدق لابدەن و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێ ، هەربۆیە هەوڵگری ئەمەریکی و بەریتانی هەڵدەستن بە رێکخستنی خۆپيشاندابێکی هێمنانە بۆ پشتیوانی کردنی محمد رەزاشا و سەرەتا بە رێپێوانێکی رێکخراوی بەرنامە بۆ دارێژراو کۆمەڵێ یاریزان و یاریزانانی لەش جوانی و رۆژ نامە نوس و خەڵکی بەکرێگیراوی خۆیان و ژمارەیەکی زۆری لایەنگرانی محمد رەزاشا بەشداری رێپێوانە ئەکەن و کەشێکی هێمنانە و ئاشتیانە دروست ئەکەن کە بەهۆی ئەوەوە چەندین کەسایەتی شەقام و چەندین پیاوی ئاینی دەچنە ناو ریزەکانی پشتوانانی شاوە و بێ ئەنجامدانی هیچ کارێکی پەشێوی و قێزەون و دەستدرێژی و سوکایەتیەک بەخەڵک و بێ دەستبردن بۆ سەرسەروەت و سامانی خەڵک خۆپیشاندانەکە ئەنجام دەدرێ ، کە تیایدا وێنەی محمد رەزا شا بەرز ئەکەنەوە کە ئەمە بەمەبەست و بۆ نیشاندانی جیاوازی و راکێشانی سۆز و هەستی خەڵک بوو بۆ لایەنگری شا و دژی مصدق وەک ئەوەی پلان و نەخشەی بۆ دانرابوو وەک پەیامێک بۆ خەڵک ( کە ئەوە ئەوان نین دەستدرێژی و زوڵم وزۆرداری ئەکەنە سەر موڵکی تایبەتی خەڵک و شەقام و بازار و ژیانی خەڵک ئەشێوێنن و سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی خەڵک و پیاوانی ئاینی ئەکەن ، بەڵکو ئەوە لایەنگرو سیاسەتی محمد مصدقە کە ئاژاوە و پەشێوی و توندوتیژی ئەنجام ئەدەن ) تالەئاکامدا ئەم پلانە قێزەونەی هەواڵگری ئەمەریکی و لایەنگرانی محمد رەزاشا سەری گرت و خەڵک بەشداری ئەم خۆپیشاندانە پێچەوانەیەی کرد و بەرەی دژە شۆرش فراوانتر بو دژ بە د. محمد مصدق ، کە بەداخەوە و دوای سێ رۆژ لە خۆپیشاندان و لە ئێوارەی ١٩ی مانگی ئابی ١٩٥٣ دا دەزگای هەواڵگریش بەهۆی ئەفسەر و بەکرێگیراو و پیاوەکانی دەزگاوە توانیان پەلاماری دامودەزگا حکومی و بنکەکانی پۆلیس بدەن و بیانسوتێنن و بەندیخانەکان بشکێنن و جەنەراڵ زاهیدی و ئەفسەرە گیراوەکان ئازاد ئەبن و دواتر پەلاماری ماڵی د. مصدق دەدەن بەڵام هەڵدێت و بۆ بەیانی رۆژی دواتر خۆی رادەستی هێزەکانی محمد رەزا شا دەکات ، دوای ئەوە محمد رەزاشا گەرایەوە تاران و جەنەراڵ ئەردەشێر زاهیدی ئەفسەری پێشنیارکراو لەلایەن هەواڵگری ئەمەریکی لە جێگەی د. محمد مصدق کرا بە سەرۆک وەزیرانی ئێران ، د. محمد مصدقیش بە ٣ سێ ساڵ زیندانی تاکەکەسی حوکم دراو و دوای تەواو کردنی زیندانیەکەی لەماڵەکەی خۆیدا خریە ژێر ئیقامەی جەبریەوە تالە ساڵی ١٩٦٧ ز و لەتەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .
*ـ. پەند و کارگەریەکانی شۆڕشی د.محمد مصدق :
١ـ بەپێی چەندین سەرچاوە و رای خەڵکی شارەزاو ئێرانی ، لابردنی د.مصدق لە ساڵی ١٩٥٣ ز کارگەریەکی خراپی کردە سەر پرۆسەی سیاسی و بەدیموکراتیزەکردن و پێشکەوتنی گەلانی ئێران ،
هەندێکی تر لەو بڕوایەدان ئەو کودێتایە برینێکی ئەوەندە قوڵە لە جەستەی گەلانی ئێراندا کە تا ئەمڕۆش پێوە دەناڵێنن و سارێژ نەبوە .
٢ـ لەکاتی دانیشتنی ناو دادگای داد لە لاهای ، د. محمد مصدق و شاندەکەی یاوەری لەسەر ئەو کورسیانە دادەنیشن کەبۆ شاندی بەریتانی دیاری کراون ، کاتێ کەوەفدی بەریتانی دێت و بە پێوە ئەوستن و سەرۆکی دادگا ئەڵێ ئەوە جێگەی ئێوە نیە تکایە بچنە سەر کورسیە دیاری کراوەکانی خۆتان ، لەوەڵاما د.مصدق ئەڵێ جەنابی دادوەر ئێمەش ئەزانین ئەوە جێگەی ئێمە نیە ، بەڵام ئەمانەوێت بەئەوان بڵێین کە :( تێ بگەن دانیشتن لە جێگەی کەسانی تر مانای چیە !)
٣ـ هەوڵە نیشتیمانی و مەدەنی و سەربەخۆییەکانی د. مصدق کاریگەری پۆزەتیڤانەی زۆری لەسەر بەرەی نیشتیمانی و رزگارخوازی میسری و ئەفسەرە ئازادیخوازەکان و روداوەکانی ساڵانی پەنجاکانی ناو میسر هەبوە و لەساڵی ١٩٧٩ لە قاهیرە ناوی شەقامی الامبراطور بهلوي دەگۆڕن بۆ شەقامی مصدق ، هەروەها شۆڕش و جوڵانەوەی مصدق کاریگەری زۆریشی کردۆتە سەر بزوتنەوە سەربەخۆی و نیشتیمانی گەلانی عێراق و وەخودی زەعیم عبدالکریم قاسم .