پڕۆسەی ڕیفۆڕمی  هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ؟

سانا نەوزاد
  2022-06-30     1219

* پێشەكی     
  ڕیفۆڕم یەكێكە لە بابەتە گرنگ و كاریگەرەكان لە دونیادا كە گۆڕانكاری گەورە دەخوڵقێنێت وە ڕیفۆرمی سەركەوتوو دەرەنجامی زۆر سەركەوتوو گۆڕانكاری زۆر كاریگەر دەبێت. ڕیفۆڕم دەكرێت لە هەموو بوارێكدا لە ناو دەوڵەت و حكومەتدا جێبەجێ بكرێت كەتێیدا پێویست بە چاكسازی بكات, ڕیفۆرمی ئەمنی, سیاسی , ئابوری, كۆمەڵایەتی, وەلە زۆر بوار و فۆڕمی تردا هەیە. ڕیفۆڕم بە واتای چاكسازی و گۆڕانكاری دێت  لە دۆخەكاندا،لە خراپەوە بۆ باش یاخود لە خراپترینەوە بۆ باشترین, كە زۆر كاریگەرە بۆ خۆڕزگاركردن لە شكستی گەورەی حوكم و دەسەڵات یاخود دەوڵەت.
    وە ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە ڕیفۆرمی سەربازی دادەنرێت, كە بریتیە لە چاكسازی لە هێزە ئەمنیەكاندا لە ڕووی ئەرك و یەكەكانی هێزە ئەمنیەكان. و بۆ دوبارە بنیاتنانەوە و دروستكردنی هێزێكی بەهێز و بوونی  هێزی پێشمەرگە بە هێزێكی  مۆدێرن و ڕێكخراو .ڕیفۆرمی سەربازی لە هێزەكانی پێشمەرگە كاریگەریەكانی گەورەن و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت بە حوكمی ئەوەی هێزی ئەمنی و سوپا لە هەرێمی كوردستاندا بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكیان هەیە و ئەركی ئەوانە پاراستنی خاك و شكۆی حكومەتی هەرێم و نەتەوەكەیان وە هەروەكو دیارە سوپای بەهێز پیشاندەری سەنگینی و هێزی ئەو حوكمەت و دەوڵەتانە نیشان دەدات كە بەرگری لێ ئەكەن لە گۆڕەپانی سیاسەتدا هەر لەبەر ئەمەیە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و كاری جدی لەسەر بكرێت. هاوشان جگە لە گرنگی هێزە ئەمنیەكان كە ئەركی سەرەكیان بریتییە لە  پاراستن و ئاسایش لە ناوچەكە بۆ هاونیشتمانیان و هاوڵاتیەكانیان.

پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە لە 2014 ەوە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە داوا كراوە لە حوكمەتی بەریتانیا كە هاوكار بن لەم پڕۆسەیەدا چونكە ئیرادەیەكی كوردی  هەیە بۆ ئەم هەنگاوە, بەڕیتانیەكان و چەند وڵاتێكی تریش ئامادەبوون بۆ هاوكاری كە ئەمەش بە هۆی بوونی مەترسی گروپە تیرۆرستیەكانە لەم ناوچەیە وە سیاسەتی هاوپەیمانان لەم ناوچەیە و بەرامبەر كورد. لە پاشاندا گروپی ڕاوێژكاری MNAG پێكهێنرا كە پێكهاتووە لە وڵاتانی وەك: بەریتانیا, ئەمەریكا, ئەڵمانیا و  هۆڵەندا . دوای دیراسەكرندی پڕۆسەكە لەلەیەن هێزە هاوپەیمانەكانەوە پڕۆژەیەكی 28 خاڵی نوسرایەوە بۆ ڕیفۆڕمی هێزەكانی پێشمەرگە, MNAGو لەگەڵ بۆردی حوكمەتی هەرێم بۆ ڕیفۆڕم  بۆ هەر پرۆگرامێك گروپێكی هاوبەشیان پێكهێنا لە كەسانی شارەزا لە بوارە دیاریكراوەكاندا بۆ نموونە، هۆڵەندیەكان كاردەكەن لەسەر پێدانی مووچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی و بەریتانیا كار لەسەر پەروەردەی لەشكری پیشەیی دەكەن. هەموو ئەم خاڵانە پێویستن بۆ كردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هێزێكی نیزامی, وە ئەم پڕۆسەیە تا وەكو ئێستا بەردەوامە كە دەكاتە نزیكەی 8 ساڵ وە بەپێی لێدوانەكانی كۆمەندەرەكانی هێزە هاوپەیمانەكان بێت ئەم پڕۆژەیە بەرواری كۆتایی هاتنی بۆ دیارینەكراوە، بەڵام بە پێشبینی ئەوان و خەمڵاندنیان بۆ پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو ساڵی 2025 پڕۆژەكە نزیك بە تەواو بوون دەبێت. بەڵام تا ئێستا بەرەوپێشچوونێكی ئەوتۆ و دڵخۆشكەر و گەش نابینرێت و بە پڕۆسەیەكی خاو لە قەڵەم دەدرێت لە ساڵی 2022 هەروەك لێپرسراوێكی سەربازی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێداوە كە سێ لیوا لە هێزەكانی 70 و 80 وە لیوای یەك و دووی هێزەكانی پاڵپشتی لە ژێر وەزارەتی پێشمەرگەدان, ئامانجی سەرەكی پڕۆژەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە بوونی هێزی پێشمەرگەیە بە هێزێكی نیزامی و مۆدێرن كە یەكەم هەنگاو بۆ ئەم كارە لە یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 یە و یەكخستنەوەی هەموو هێزە حزبیەكانە بۆ ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە, چونكە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان بێت وڵاتان ناتوانن لەگەڵ هێزە نایاسایی و میلیشیاكاندا مامەڵە بكەن.
پێشمەرگە لە دوای هاتنی داعش لە جیهاندا بوە باسێكی بەردەوام و زیاتر ناسرا لەلایەن جیهانەوە وەكو سیمبولی ئازایەتی و چاونەترسی و بۆتە سیمبولی  بەرگریكار بۆ نەتەوەی كورد, وە هەروەها كورد ڕۆڵی بەرچاوی خۆی هەیە لە ناوچەكە و كەیسی كورد لە مێژە بۆتە مەسەلەیەكی گەورە و گرنگ لەلای وڵاتانی دەرودراوسێ و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا و ئەوروپا،كە ئەمەش وادەكات كورد لەناو دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و لەبواری سەربازی و پێشەمەرگایەتیدا پڕۆسەی ڕیفۆرمی سەربازی بەئەنجام بگەیەنێت بۆ ئەوەی توانا و هێزی ڕووبەڕووبونەوەی زیاتری هەبێت لەمیانەی پڕۆسەیەكی كورت مەودا و ستراتیژیشدا لەگەڵ هەموو هێزە تیرۆریستەكاندا و هەر بەو مەبەستەش هێزەكانی هاوپەیمانان هان  و پشتگیری پڕۆسەی ڕیفۆرم دەدەن لە بواری سەربازیدا.

•    پرۆژەی پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەم بوارانە لە خۆ دەگرێت:  

1.     ستراتیژی بەرگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە.
2.    كارنامەی هێزی پێشمەرگە.
3.    یاساكان و ڕێنمایەكان.
4.    دامەزراندنی یەك یەكەی ژمێریاری یەكگرتوو.
5.    پلاندانانی بودجەی چوارساڵی.
6.    دوبارە ڕێكخستنەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە.
7.    مووچە, دەرماڵە, و پارەی خانەنشینی.
8.    دامەزراندن و بەرەوپێش چوون.
9.    پەروەردەی لەشكری پیشەی .
10.    بنەما و ڕاهێنان.
11.    دادوەری سەربازی.
12.    یەكسانی كۆمەڵایەتی ( جێندەر ).
13.    ئەفسەری پۆل.
14.    هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق.
15.    كاریگەری هێزەكان بەیەكەوە.
16.    ئامادەباشی.
17.    لۆجیستی.
18.    گەیاندن.
19.    پزیشكی.
20.    پێدانی موچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی.
21.    یەكپۆشی.
22.    یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
23.    ستراتیژیەتی نیشتەجێبوونی پێشمەرگە.
24.    بەڕێوبەرایەتی گرێبەست.
25.    هاوكاری بۆ خێزانی شەهیدان و برینداران.
26.    پڕۆژەی گەڕان و چاودێری هەواڵگیری (درۆن).
27.    پڕۆژەی ستراتیژی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە.
28.    یەكخستنی زاراوە سەربازیەكان.
ئاشكرایە كە هەموو ئەم بوارانە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر ڕێكخستنەوە و بەهێزبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. 

•    لە دەرەنجامی توێژینەوەكەدا،ئەم ڕاستیانەی لای خوارەمان بۆ دەركەوت:
 لە پرۆسەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگەدا, گەلێك هۆكار بونەتە ڕێگر لەبەردەم پێشكەوتن و بەئەنجامگەیاندنی پڕۆسەكەدا لەمەودایەكی كورتدا وەك:
1.    هۆكارە سیاسیە ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستان .
2.     ململانێ و متمانە نەبوونی نێوان هێزە كوردیەكان.
3.     كێشەی بودجە.
4.     جگە لە دەستێوەردان و سیاسەتی وڵاتانی هەرێمایەتی بوونەتە بەربەست لەبەردەم ئەم پڕۆسەیە و بۆتە هۆی خاوی و بەرەوپێش نەچوونی .
•    لێرەدا ئەو پرسە دێتە پێشەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان چیە لە چارەسەركردن و نەهێشتنی ئەم ڕێگریانەدا ؟
بەمەبەستی نەهێشتنی هەموو ئەو ڕێگری و بەربەستە ناوخۆیی و ناوچەییانەدا ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەستێت بە :
1.    ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێم و حیزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە كە كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە بكەن بە تایبەتی هێزە باڵا دەسەكانی ئەم هەرێمە وەك یەكێتی و پارتی بە هەما هەنگی هەوڵ بدەن بۆ چەسپاندنی دیموكراسیەت .
2.     بە دامودەزگاییكردنی هێزە ئەمنیەكان و یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 كە دوو گەورەترین هێزەكانی پێشمەرگەن لە ڕووی ژمارەو چەك و پێداویستیەوە .
3.     دەبێت یەكێتی و پارتی، بگەن بە ڕێكەوتنی سیاسی نێوانیان و كێشە سیاسیەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن چونكە لە ڕێكەوتنی نێوان حوكمەتی هەرێمی كوردستان و هێزە هاوپەیمانەكاندا هاتووە كە ئەوان هاوكار نابن لە ڕیفۆڕمی پێشمەرگەدا ئەگەر حیزب و لایەنە كوردیەكان ڕێكنەكەون و ئەوان ئامادەنین كە هاوكاری هێزی حیزبی بكەن.
•    دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكە
 لە دەرئەنجامدا  ئەم لێكۆڵینەوە زانستیەدا ،دوو پێشبینی بۆ داهاتووی پڕۆژەی ڕیفۆرمی هێزەكانی پێشمەرگە هەیە , كە دەكرێت بە دوو بەرەوە :
1.    بەرەیەك كە گەشبینن بە هێزە كوردیەكان و هێشتا تروسكاییەكی ڕووناكی دەبینن لە سیاسەتی حزبە كوردیەكاندا بەرامبەر یەكگرتنەوە و ئیشكردن لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەكەیاندا و بڕوایان وایە كە ئەم پڕۆژەیە كۆتایەكەی هێزە كوردیەكان یەكدەگرن و داهاتوو بە دەستی حیزبە كوردیەكان بەرەو گەشەسەندن دەڕوات بە پێی ئەوەی ڕیفۆرمی پێشمەرگە داواكراوە و دەسپێشخەری بۆ كراوە لەلایەن لایەنە كوردیەكانەوە ،وە تا ئێستا18-21 لیوای هاوبەش خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
2.     بەڵام ڕایەكی تر هەیە كە گەشبین نیە بە داهاتووی ئەم پڕۆژەیە چونكە تێبینیان هەیە لەسەر مێژووی حیزبە كوردیەكان و پێیان وایە بە ئاسانی ناگەنە ڕێكەوتنی سیاسی و دیموكراسیەت لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن و قورسە بۆ هەریەكێكیان دوای مێژوویەكی دوروو درێژو و تاڵ كە متمانە وا بە زووی درووست ببێتەوە و هەریەكە هێزە ئەمنیەكانی خۆی واز لێبێنێت و بێ دەسەڵات بمێنێتەوە، چونكە هێزی سەربازی واتە دەسەڵات و هەبوونی پێگەیەكی باڵا و گران, ئەمە جگە لەوەی خۆی لە خۆیدا لە نێوان هێزە كوردیەكاندا ڕێگری و بەربەست هەیە و دەوڵەتە هەرێمایەتیەكان و دراوسێكان هاوكارن بۆ دژوار بوون و ئیشكردن لەسەر یەكنەگرتنەوەی هێزە كوردیەكان. چونكە بە دڵنیایەوە لە هیچ وێسگەیەكی مێژوویدا یەكگرتنەوەی كورد و هێزە كوردیەكان لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێدا نەبووە بە تایبەتی وڵاتانی توركیا و ئێران, هەربۆیە ئەم بەرەیە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەم پرۆژەیە سەركەوتوو نابێت و لە كۆتایدا هێزە هاوپەیمانەكانیش كۆڵ دەدەن لە هاوكاریەكانیاندا  بۆ ئەم پڕۆسەی ڕیفۆرمەی هیزی پێشمەرگە.
بەهیوای ئەوەی كە ڕاو و بۆچونەكانی ئەم بەرەیە ڕاستدەرنەچێت،چونكە ئەوكاتە كارەساتێكی گەورە ڕووبەڕووی ئایندەی گەلەكەمان و وڵاتەكەمان دەبێتەوە،بۆیە گرنگە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردووی پارتی سەرەكی ((یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)) بەگرنگیەوە لەم پڕۆسەیە بڕوانن و هەوڵی جدی بدەن بۆ سەرخستنی.لەبەرئەوەی سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە دەروازەیەكی فراوانتر دەكاتەوە لەبەردەم ئایندەیەكی ڕۆشنتردا بۆ گەل و وڵاتەكەمان. 


*تێبینی:
 ئەم وتارە بەشێكە لە توێژینەوەی زانستی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كۆلێژی زانستە ڕامیاریەكان/بەشی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.


نوسەری ئەم بابەتە دەرچووی كۆلێژی زانستە ڕامیاریەكان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×