چ تەموزێک بۆ عێراقییەكان بەڕێوەیە؟

دییە عەلی
  2022-07-06     408

مانگی تەموز لەمێژووی عێراقدا مانگێکە کەمتر خێری تێدابووە و زیاتر لەوەی کەگەرمایەکی تاقەتپڕوكێنی هەیە و پلەی گەرما دەگاتە ئەوجی خۆی، واتە سەرو 50 پلەی سەدی، بەڵكو ئەم مانگە لە ڕووی سیاسیشەوە پڕە لە ڕوداو و كارەسات بەجۆرێک عێراقییەکان ساڵانە لەم مانگە دەستیان لەسەر دڵیان و دوعا دەکەن، ئەم تەموزە بەخێر و خۆشی بەڕێوەبچێت.
چونکە كەم ساڵ هەبووە مانگی تەموز لە عێراقدا بە ئاسایی تێپەڕ بووبێت و ڕوداوێك یان كارەساتێكی تێدا ڕووینەدابێت، کە عێراقی هەژاندبێت.
نمونەی بەرجەستەی ڕووداوەکان لە 14ی تەموزی ساڵی 1958 دا بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف كودەتا كرا بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا و كۆتایی پێهێنرا و لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعسیشدا هەموو ساڵێك لەو مانگەدا بە گەرم و گۆڕی یادی كودەتای بەعسییەكان دەكرایەوە و گرنگییەكی زۆری پێ دەدرا، كەناسرابوو بە شۆڕشی 17 و 30 تەموز و دەكرایە پشووی فەرمی، چونکە لە 17ی تەموزساڵی 1968 بەعس و ئەفسەرە نزیكەكان لە عەبدولسەلام عارف، ناوبراویان لەسەر كار لابرد و ئەحمەد حەسەن بەكرییان کرد بە سەرۆك.
لە 30 تەموزی هەمان ساڵ حزبی بەعس بزوتنەوەیەكی ناوخۆیی ڕایگەیاند و كۆمەڵێك لە ئەندامەكانی خۆی دوورخستەوە، كە بەشدارببوون لە ڕوداوەكانی لەسەر كارلابردنی عەبدالرحمن عارف.

ئێستاش کەچوینەتە مانگی تەموزەوە، کێشەی گەرما و نەبونی کارەبا و کەمی ئاوی خواردنەوە و هەژاری و بێکاری، جگە لەتیرۆر و میلیشیاکان ئەمانە هەڕەشەی جدین لەسەر عێراق لەلەیەک و لەلایەکی ترەوە نزیکەی نۆ مانگ تێپەڕبووە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هێشتا ئاسۆکانی پێکهێنانی حکومەت دیار نییە، سەدر کە گەورەترین لیست بوو، دواتریش گەورەترین هاوپەیمانی هەبوو، بەرەکەی تری شیعەکان(چوارچێوەی هەماهەنگی) کە ئەجندای ئێران جێبەجێدەکەن، بەبەکارهێنانی دادگای فیدراڵی ڕێگایان لە سەدر و هاوپەیمانەکانی گرت حکومەت پێکبهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×