مەینەتی خانەنشینانی هەرێم ‌و چارەسەر..

فەرهاد رەشید
  2022-07-14     499

 لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەجیاوازی بیروبۆچونیان,لەمپەڕی راست بۆ ئەوپەڕی چەپ,پەیرەووپرۆگرام‌و بەرنامەەی كاریان,گوزارشت لە دەستەواژەكانی وەك مافی مرۆڤ,دەولەتی رەفا, فەراهەمكردنی بیمەی كۆمەلایەتی‌و دابینكردنی ژیانیكی شایستە بۆ بەسالاچون‌و...هتد.دەكەن,بەڵام  لەم هەرێمەدا یەكێك لەو توێژانەی كە پێویستە ئەمانەی سەرەوەیان بۆ دابین بكرێت,خانەنشینانن, كە زۆربەیان لەئێستادا,ژیانێكی ناخۆش,بێبەشكراو لەخۆشیەكانی ژیان دەگوزەرێنن ئەوەش بەهۆی زۆری پێداویستیەكانیان‌و نەبوونی لانی كەمی پاڵپشت‌و چاودێری حكومی.
    گەرچی كێشەی خانەنسینان,لەم چەند مانەی دواییدا بووە جێی باس‌وفۆكسی دەزگاكانی راگەیاندن,بەڵام مەینەتی خانەنشینانی هەرێم, دگەڕێتەوە بۆ دوای پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و بانگەشەی ئابووری سەربەخۆ,بەجۆرێك سەرەڕای پرۆسەكانی لێبڕین‌و دواكەوتنی مووچە,مووچەی (22) مانكیشیان پێنەدراوە ,لەكاتیكدا دەبوو پالپشتی دارایی بكرێن,حكوومەت چەندین ئۆفەری وەك پێدانی پێشینەكان‌و بیمەی تەندروستی بۆیان دابین بكردایە.
    لایەنێكی تری غەدری حكومەت لەخانەنشینان.ئەوەیە كە تا ئێستاش حكومەتی هەرێم كار بەیاسای خانەنشینی گشتی ژمارە (27)ساڵی(2009) دەكات كەبەپێی ئەو یاسایە كەمترین مووچەی خانەنشینی(220) هەزار دینارە‌و ژمارەیەك مەرجی قورسیشی سەپاندووە بەسەر ئەو كەسەی كە دەیەوێت خانەنشین ببێت, بۆیە هەرزوو یاساكە بووە جێی رەخنەو سەرنجی یاساناسانی عیراق, ئەنجامی ئەوەش پەرلەمانی عیراق یاسای خانەنشینی ژمارە (9) ساڵی(2014)ی پەسند كرد كەتیایدا كەمترین مووچەی خانەنشینی كرایە(400) هەزار دینار لەگەڵ زیادكردنی دەرماڵەكانی وەك بڕوانامە‌و بژێوی ژیان(غلا‌و المعیشە)‌و دواتر بەیاسای ژمارە (26) ساڵی(2019) هەمواركرایەوە كە تەمەنی خانەنشینی كرا بە(60) ساڵ كەمترین مووچەی خانەنشینیش كرابە(500) هەزار دینار, لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای خانەنشینی بەركار,تائێستاش كەمترین مووچەی خانەنشینی(220) هەزار دینار,تەنها پاساویش بۆ كارنەكردن بەیاساكانی ژمارە (9) ساڵی (2014)‌و (26) ساڵی(2019) نەبوونی پارەی پێویستە بۆ زیادكردنی مووچەكانیان. 
    بەگەڕانەوە بۆ ئەو یاسایانەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ كراوە, دەردەكەوێت كە خانەنشینانی هەرێم لەئەنجامی سیاسەتەكانی حكوومەت زیانێكی زۆریان بەركەوتووە, لەلایەك لەساڵی (2014) وە تا ئێستا نیوەی كەمتر لەنیوەی مووچەكانیان پێدراوە, ئەوە سەرەڕای لێبرین‌و وەرنەگرتنی مووچەی(22) مانگ, كە زۆربەیان كۆچی دواییان كردووە‌و ژیانێكی كولەمەرگی‌و نەبوونی‌و پڕ لەنەهامەتیا بەسەر بردووە‌و ئێستاشی لەگەڵدا بێت, چارەنووسی مووچەكانیان نادیارە.
لەلایەكی ترەوە هیچ ماف‌و ئیمتیازێكیان نیە وەك پێشینەكان‌و هاوكاری مادی‌و دارایی,ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستاش لەهەرێمی كوردستان لەبەر لاوازی دەزگای یاسادانان‌و پەیڕەونەكردنی یاسا بەشێوەیەكی تەندروست,تا ئێستاش مووچە بەدەر لەیاسا‌و زیاتر وەك یارمەتیەكی حزبی لێی دەڕوانریت. بۆیە هەق وایە حكوومەت پەلە بكات لە گێڕانەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی خانەنشینان لەبەر ئەوەی زۆربەیان بەدەەست نەبوونی پارەی پێویست بۆ كڕینی دەرمان‌و پیداویستیەكانی تری ژیان دەناڵێنن‌و هەژارترین چینی كۆمەڵگان.هەروەها پێویستە حكومەتی هەرێمیش یاسای خانەنیشینی  ژمارە(36 ساڵی 2019) جێبەجێ‌ بكات ‌و چیتر نەبوونی پارە نەكاتە پاساو بۆ گێڕانەوەی مافی رەوای خانەنشینان‌و كۆتایی هێنان بەچەوسانەوەی كەسانێك كە تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی كۆمەڵگا بەخت كردووە,وە بۆ هەموو لایەنەكانیش بەبێ‌ جیاوازی, رازاندنەوەی پەیرەوو پرۆگرام بەدروشمەكانی وەك مافی مرۆڤ‌و دەستەبەری كۆمەڵایەتی‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و گرنگیدان بەخاوەن پێداویستی تایبەت‌و بەساڵاچوان...هتد. بەبێ‌ جێبەجێكردن..... تەنها بانگەشە‌و دروشمێكی بێناوەڕۆك دەبێت .

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×