لەبەرچی وڵاتەیەکگرتووەکان گەڕایەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ؟!

محەمەد خۆشناو
  2022-07-14     530

فەلسەفە و بیروڕای باراک ئۆباما-ی سەرۆکی پێشووی وڵاتەیەکگرتووەکان ئەوەبوو کە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆری تووندرۆی ئیسلامی ، دەبێت زیاتر بایەخ و پشتگیری ئیسلامی میانڕەو بکرێت ، بۆئەم مەبەستە پشتگیری ئیخوان موسلیمین-ی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی لەکاتی شۆڕشی بەناو « بەهاری عەرەبی» و پشتگیری ئیخوانەکانی میسر-یان کرد ، بەڵام هەر زوو وەرقەی ئەمەریکا کە ئیخوان موسلیمین بوو لەبەردەم گەلی میسر سووتێنرا و دەسەڵات درایەوە گەلی میسر و ، لە شوێنەکانی دیکەش هەمان چارەنووسیان هەبوو .

هەر ئەو ئیدارەیە بۆ هێنانەدی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی ئەتۆمی ، زیاتر لە «100» ملیار دۆلاری قەرزی ئێرانی دایەوە ئەو وڵاتە و دەستی ئێرانی وڵاکرد لە ناوچەکە ، کەچی لەجیاتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە   باڵەکانی ئەو وڵاتە دەیان هێرشیان بۆ سەر دامەزراوەی نەفتی و بەرژەوەندی ئابووری هەندێک لە پایتەختەکانی ناوچەکە ئەنجامدا و ، لەلایەن ئەمەریکاوە چاوپۆشی لێکرا بە بڕوای ئەوەی کە ئەمە ڕێکەوتنەکە ئاسان دەکات .

پێش ئەو قەیرانانەی کە ئێستا بەرۆکی جیهانی گرتووە ، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی ئەولەویاتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن بووە و ، بەکردەییش ئیدارەکەی ستراتیژی کێشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی دانا بەرانبەر ڕۆیشتنی بۆ خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵکشانی چین ، هۆکارێکی دیکەی کشانەوەی ئەمەریکا ئەوەبوو کە لەوبڕوایەدا بوو کە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو «بایەخە»ی جارانی بۆ بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمەریکا و پشتبەستن بە هاوردەکردنی نەفتی ناوچەکە لەبەر دەرهینانی نەفتی تاوێری«نفط الصخري» لە ئەمەریکا نەماوە ، هۆکارێکی دیکەی کشانەوەیان ئەوەبوو کە ئەوان فەشەلیان هێنا لە گۆڕانکاریکردنی نیزام لە هەندێک  وڵاتانی ناوچەکە ، ئەمە جگە لە بوونی هەستی گۆشەگیری هاوڵاتی ئەمەریکی دژی تەدەخولکردن لە دەرەوە بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم کشانەوەی ئەمەریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەندێک وڵاتی عەرەبی تووشی شۆک کرد ، چونکە چیتر ئەو ڕووپۆشە ئاسایشەی کە پشتیان پێدەبەست نەما و بزربوونی ئەو ڕووپۆشە ئاسایشە  بەشێوەیەکی رێکخرا و رێککەوتن نەبوو ، ئەمە وایکرد چەندین هێرشی موشەکی و بە فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆسەر ناوچەکە بەردەوام بێت ، ئەمانە هەمووی بووە مایەی داخورانی متمانە لەنێوان ئەو وڵاتە عەرەبیانە و ئەمەریکا کە ناچاریکردن بەداوای هاوبەشێکی دیکە لەسەرویانەوە ڕوسیا و چین بگەڕێن ، بەتایبەتی کە پاشەکشەی ڕۆلی ئەمەریکا لە ناوچەکە بۆشایی دروستکرد کە هەندێک هێزی ئیقلیمی ئەوەیان قۆستەوە پڕیبکەنەوە و نفوزی خۆیان پێ زیادبکەن .

سەرۆکی ئەمەریکا بایدن لەچواچێوەی دبلۆماسیەتی ئیدارەدانی قەیرانەکاندا گەڕایەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و  هەر ئەوڕۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرەک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل لابێد لە قودس گووتی ؛ هەڵەمانکرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوورکەتینەوە و بۆشاییمان دروستکرد، سەردانەکە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک قەیرانە ، لەوانە قەیرانی ناوخۆ و حزبەکەی کە شەڕی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی لەبەردەمدایە ، لەهەمان کاتیش تارمایی گەڕانەوەی ترامپ بەسەر سەریدا باڵەفڕکە دەکات و دێت و دەچێت ، بۆیە خەم و بایەخی سەرەکی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازیکردنی دەنگدەرانی حزبەکەیەتی حزبی دیموکرات ، هەروەها بەرزبوونەوەی تووندی کێشەی ئەمەریکا بە هەڵکشانی ئابووری چین و فراوانبوونی نفوزی ڕوسیا و هاتنی جەنگی ئۆکراینا وای لە کۆشکی سپی کرد بە حساباتە کۆنەکانیدا بچێتەوە ، بەتایبەتی ئەو تەنگوچەلەمانەی کە بەهۆی جەنگی ڕوسیا ئۆکراینا لە بواری ووزەدا بەروەڕووی ئەمەریکا بۆتەوە کە شەپۆلێکی هەڵاوسانی وای دروستکردووە کە کاریگەری سلبی خستۆتەسەر بەکاربەری ئەمریکی ، ئەو  هاتۆتەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا  بەرهەمی نەفتی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە زیاد بکات و بیڕژێنیتە بازاڕ و نرخی نەفت بێنێتە خوارەوە ، چونکە ئەمەریکا دەزانێت کە ئەوروپا تووشی پایزێکی قورس دەبێت و لە ئیستاوە هاواری لێهەڵساوە بەهۆی بڕانی غازی ڕوسی لە کێشوەرە پیرەکە.
 

شرۆڤەکاران لەوبڕوایەدان کە ئەم سەردانەی سەرۆکی ئەمەریکا ، مانای گەڕانەوەیە بۆ ڕیالیستی سیاسی و ، ڕەنگدانەوەیەکی گرنگە لە سیاسەتی ئەمەریکا و ، ئەمە پاڵنەرێک دەبێت بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی متمانە لەگەڵ واشنتون لە بوارەکانی ئاسایش و ، لەپێناو ووزە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی سعودیە و گۆڕانکاریکردنێکی جەوهەری لە پارسەنگی ستراتیژی لەگەڵ ئێران-دا ، کە ئەمەش سەقامگیری سیاسی و ئابووری بۆ ناوچەکە و گەلان و بەرژەوەندیەکانیان دەگەڕێنێتەوە کە هەرێمی کوردستان-یش بەشێکە لێی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×