لەمەڕ گەندەڵی

خەبات عەبدوڵڵا
  2022-07-16     167

• گەندەڵی لە کوردستاندا دۆخێکی کتوپڕ نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەی لەمێژینەی لەناو سیستمی حیزبیی و حوکمڕانیی ئێمەدا هەیە. ئەوە ڕاستە کە لە پاش ڕوخانی بەعسەوە گەندەڵی پانتایییەکی بەرفراوانتری تەنییەوە و بەشێوەیەکی زەقتر کایە جیاجیاکانی داگیرکرد، بەڵام جیاوازی لەنێوان ئەو گەندەڵییەی هەر لە سەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان بنجی داکوتا و ئەوەی کە ئێستا هەیە، ئەوەیە کە گەندەڵی لەمڕۆدا شێوازێکی سیستماتیکی وەرگرتووە و کەرتێکی پانوپۆڕی حیزبی و حکومی و ئەهلی تێیدا بەشدارن. لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە کە گەندەڵی لای سیستمە حیزبی و حکومییەکە بۆتە ستراتیژێک بۆ مانەوە.

• ئه‌وه‌ قسه‌ی‌ پێناوێت، دیارده‌ی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ خێرا شانبه‌شانی‌ دیارده‌ی‌ هه‌ژاربوونی‌ خێرا، پێوه‌ندییه‌كی‌ تووندوتۆڵی‌ به‌و گەندەڵییەوە هه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ پێشوودا، لە سایەی دابارینی پارەی نەوتەوە عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرته‌وه‌. ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی‌ خێرا، درێژكراوه‌ی‌ كولتوری‌ تاڵان و بڕۆ و له‌ هه‌مان کاتدا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ ئابووریی‌ حیزبییه‌، ئه‌و ته‌رزه‌ ئابورییه‌ی‌ كه‌ جگه‌ له‌ كوردستان ڕه‌نگه‌ له‌ هیچ شوێنێكی‌ دنیادا شوێن و ڕێی‌ نه‌بێت.

• گەندەڵی شێوازگەلی جیاجیای هەیە، لەکاتێکدا ئابووریناسان کەرەستەی گرنگ دەدەنە دەست مرۆڤ بۆ شرۆڤەکردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام لە شیتەڵکردنی تانوپۆکانی گەندەڵی لە کوردستاندا، لە دەرەوەی تیۆر و میتۆدی ئابووری، پێش هەر شتێک پێویستمان بەوە دەبێت لە خودی دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی ورد ببینەوە. ئاخر گەندەڵی لە کوردستاندا پێش ئەوەی گەندەڵییەکی ئابووری بێت گەندەڵییەکی سیاسییە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە گەندەڵی لە کوردستاندا لە دەرەوەی ڕەهەندە ئابوورییەکانەوە کار دەکات و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی کوردستان نییە، گەندەڵی ڕێگری گەورەی هاتنە کایەی ئابوورییەکی نەتەوەییە لە کوردستاندا و بەردەوام پڕۆژە نەتەوەییەکان پەک دەخات و توانای بەربەرەکانێی شەریفانە دەکوژێت. ڕاستییەکەی قۆناغی گواستنەوە لە ئابووریی دەوڵەتییەوە کە ئێمە بە میرات لە بەعسەوە وەکو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بۆمان مابۆوە بەرەو ئابووریی بازاڕ کە قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کەرتی تایبەتە، لەبەر مۆنۆپۆلی حیزبی و نەبوونی ئاسانکاریی یاسایی و چاودێرییەکی کاریگەر، قۆناغی هاتنەکایەی گەندەڵیی سیاسی کاراتر کردووە.

• مەترسییەکانی گەندەڵیی سیاسی لەوەدایە کە تێڕوانینی هاووڵاتیان سەبارەت بە سیستمی سیاسی دەگۆڕێت و لە ئاکامدا بە سیستمێکی ناڕەوای لەقەڵەم دەدەن. هەر لە هەمان سۆنگەشەوە وردە وردە هاووڵاتی خۆی لە پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی دەدزێتەوە و بێ مەیلیی سیاسی لە کۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت و کۆی کایە سیاسییەکە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە.

• ئەوە ڕاستە کە گەندەڵی هەر وەکو چۆن خەسڵەتی سیستمە ئۆتۆکراسییەکانە، دەشێت خەسڵەتی سیستمێکی دیموکراسییش بێت، بەڵام تیۆرییەکانی لەمەڕ گەندەڵی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاستی گەندەڵی (بەتایبەتیش گەندەڵیی دارایی) لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی دیموکراسی و سەروەریی خەڵک، بەرەو دابەزین دەچێت.

• سیستمی سیاسیی ئێمە جگە لەوەی سیستمێکی حیزبیی تاکجەمسەر و بێ بەرامبەرە، حیزبی چاودێر و دەزگا و ڕێکخراوی مەدەنی و ناحکومیی چاودێریشی نییە، یا ئەگەر هەشبن ناکارا و پاسیڤن. قۆرخکردنی کۆی ئەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە هەر لە لایەن حیزبی دەسەڵاتدارەوە فاکتەری گەورەی تەشەنەکردن و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی سیاسییە.

• ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکێشەیە و هەوڵدان بۆ ڕەنگڕێژکردنی سیستمێکی فرە حیزبی و فرە ڕێکخراوەیی کراوە و بەکورتییەکەی سیستمێک کە بتوانێت جێگە بۆ هەموو دژەکان بکاتەوە و ئامادە بێت ناوبەناو دەسەڵات دەستاودەست پێ بکات، ئەگەر گەندەڵییش بنەبڕ نەکات، بەڵام بە بوارێکی تری دەسپێرێت و لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە. بۆیە ناکارایی سیستمی سیاسیی ئێمە بە دیوێکی تردا کاراکردنی گەندەڵییە.

• بەڕەنگاربوونەوە و بنەبڕکردنی گەندەڵی کارێکی کردەیە. بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پێویستە پێش هەر شتێک پرسیار لە بونیاتی دامەزراوە حکومییەکە بکرێت. ئاخۆ ئەم بونیاتە کاری ڕیفۆرم و بنەبڕکردنی گەندەڵی ئاسان دەکات، یان دەبێتە ڕێگر؟ چونکە ڕیفۆرمی دامەزراوەیی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕیفۆرمی سیستمێکی سیاسیی گەندەڵ. ئاخر ناکرێت تەنها لەڕێگەی تەعمیم و وتارەوە باس لە بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێت.

• بە هەمان شێوە ناشکرێت تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی تەنفیزیی سوپەرەوە گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، ئەو سیستمانەی کە پەرلەمان تیایاندا لاوازە و حکومەتیان زیاد لە پێویست بەهێزە (هەروەکو لە هەندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بەدی دەکرێت)، گەندەڵی لە دامەزراوە تەنفیزییەکاندا لە پەرەسەندندا دەبێت. چونکە پەرلەمانی لاواز، قەزای لاواز بەرهەم دەهێنێت.

• گرفتی گەورە لەوەدایە دەشێت گەندەڵی لە سیستمی بێ چاودێری و بەڕواڵەت دیموکراسییدا بەشێوەی یاسایی یان بەشێوەیەکی نەنوسراو بێت. دیسان گرفتێکی گەورەتر و یەکێک لە شێوازە باوەکانی هاتنەئارای گەندەڵی، دامەزراندنی کەسانی خۆییە لە پۆستە سەرەکی و گرنگەکاندا.

• بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراوەی جیاجیا و سەربەخۆی دەرەوەی حیزبی دەوێت کە میدیا و چاپەمەنی ئازادی لە پشتەوە بێت. دامەزراوەیەک کە توانای دەستپێڕاگەیشتنی بە هەموو بەڵگە دارایی و دەوڵەتی و شەخسییەکانی لێپرسراواندا هەبێت و لە یاساییبوونی سەرچاوە داراییەکانی بەرپرسان بکۆڵێتەوە و لەتوانایدا بێت لە کاتی ڕوودانی سەرپێچیدا دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە. بێ گرتن و دادگاییکردنی لێپرسراوانی گەندەڵ، بنەبڕکردنی گەندەڵی لە مانا بنەڕەتییەکەی خاڵی دەبێتەوە.

• گەندەڵی بەرچاو و ئاشکرا مەترسی زۆری نییە، لەمە ترسناکتر ئەو گرێبەست و کارە ژێربەژێرانەیە کە گەورە لێپرسراوان لە بوارەکانی مقاوەلات و پڕۆژە شەخسییەکانیاندا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی خۆیانەوە، یان لە ڕێگەی کەسانی ترەوە دەیکەن. ڕاستییەکەی چاودێرییەکی ئەکتیڤ لە دەرەوەی ئازادییەکی سیاسی کە یاسا پشتیوانی بێت، بوونی نییە.

• هەر لە هەمان سۆنگەوە و بەو پێیەی ئەو یاسایانەی پێوەندییان بە بازاڕی ئازاد و ئابووریی کراوەوە هەیە و ئێستا کۆن بوونە و هی ئەم سەردەمە نین، پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە و لە جێگەیاندا یاسای نوێ و یاساکانی ئاسانکاری بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی دابنرێن. ڕاستییەکەی ئه‌وه‌ی‌ حاڵی‌ حازر له‌ كوردستاندا به‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت ناو ده‌برێت، لە سایەی ئابووریی حیزبییدا ڕووبەڕووی قۆرخکارییەکی گەورە بووەتەوە. چه‌مكی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ چه‌مكی‌ بازاڕی‌ ئازاد، دوو چه‌مكی‌ یه‌کجار شێوێنراون.

• هەر هەوڵێکی چاکسازی لەسەر ئاستی حکومەت دەبێت چاکسازییش بێت لە ئەدائی دادگاکاندا و گەڕانەوەی ڕێز و سەروەری بێت بۆیان، تەنها لە ڕێگەی فرەیی ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە دەکرێت باس لە بنەبڕکردنی گەندەڵی بکرێت. فرەیی دەسەڵاتە جیاجیاکان هێز و گوڕ و تین دەبەخشێتە سەرجەم سیستمە سیاسی و ئیدارییەکە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×