لە کوردستان فتبۆلی "تۆپی پێی کچان" خڕ نییە، یۆرۆی  2022ی كچان لە رۆژنامەگەری کوردیدا

بەکر ئەحمەد
  2022-07-19     386

رۆژی چوارشەممەی 6/7/2022 یۆرۆی  2022ی كچان لە ئینگلتەرا دەستپێکرد.
كاروانی یارییەكانی ئەم یۆریە بە یاریی نێوان ئینگلتەرای میوانداریكەر و نەمسا كەوتەڕێ و تا ئێستاش یارییەکان بەردەوامە. سەرنجێکی خێرا لە ئاستی گەشەی هەڵبژیردراوانی ولاتە جۆراوجۆرەکانی بەشدار بوو و ژمارەی تەماشاچیانی یاریەکان، چ لە گۆڕەپانی یارییەکاندا و پەخشی زیندووی یارییەکان لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە، گێرەرەوەی حەکایەتێکی تازەی یاری تۆپی پێی کچان یاخود خانمانە.

دەسپێکی ئەم پێشبڕکێ ئەوروپییە لە گۆرەپانی Old Trafford لە نێوان ئینگلتەرا و نەمسادا دەستی پێکرد کە جێگای 75 هەزار کەس دەبێتەوە و ژمارەی ئامادەبووانی یارییەکە بە 70 هەزار ئامادە بوو هەژمارد کرا.

تۆپی پێی کچان لەم ئاستە بەرزەی ئێستایدا بێت یاخود ئەو دۆخەی کە یاریی هەڵبژێردراوە میللیەکان لە گۆرەپانە لاچەپەکەکانی وڵاتەکاندا ئەنجام دەدراو ژمارەی تەماشاچییان و ئارەزووی مێدیا بۆ پەخشکردنی یارییەکان لە جێی نەبوواندا بوو بێت، ئەم یارییەی کردوەتە گۆرەپانێکی  گەورەی هەموو ئەو کەسانەی بە شوین پرسیارەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەن.

تۆپێی پێی کچان ئەو گۆڕەپانەیە کە پرسیاری یەکسانی:" کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا" بە هەموو جومگە و بڕگەکانی خۆیەوە ، خۆیمان نیشاندەدات.

ئەوەی کە ئێستا ئاڵوگۆڕێک پێک هاتووە لە پەیوەند بە تێروانینێکی پۆزەتیڤانە تر لە بەرانبەر ئەم چالاکییە وەرزشییەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە تێروانینی ئینسانەکان لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچان، نێرێتی و مێیتی، پرسی جەندەرو یەکسانی ، کاریگەرییەکانی خۆی خستۆتە ناو دڵێ گەورەترین و فراوانترین جومگەکانی بەرهەمهێنانەوەی نێرێتی و مێیتی و نایەکسانیەوە لە ناو کایەی تۆپی پێدا.

 بەڵام ئەم دەرکەوتنەی کچان بەمهێزەی ئێستاوە لە گۆرەپانەکانی فتبوڵێندا ، بە تایبەت لە ئەوروپادا، بیدەردیسەری نەبووە . ئەوەتانێ کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی لە ساڵی 1921 دا داوا دەکات کە:" تیپیەکانی پیاوان ڕیگانەدات بە تیپەکانی ژنانی خۆیان کە لەسەر گۆرەپانەکانی یانەکانی ئەوان یاری بکەن" ، ئەوان بەم بانگەوازەیان نەک هەر رێگرییان لە ژنانی ئینگلتەرا گرت شوێنێکیان دستنەکەوێت فتبۆڵێنی تێدا بکەن، بەلکو لە رێێ ئەم بانگەوازەیانەوە چوارچێوە ئایدیۆلۆژیەکانی  فتبۆڵییشیان داڕشت و دووپاتیانکردەوە کە ئەم وەرزشە هی پیاوە و بۆ پیاوانە. بۆیە کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشەر نییە کاتێک

" سەحەر خودایاری" کە لایەنگری تیپی فۆتبۆڵی "ئیستقلال"ی ئێرانەو بە خانمە شینپۆشەکە ناسراوبوو، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگیرێت و بڕیارە سزای بدرێت چونکە بە دزییەوە چووتە  ژوور بۆ سەیرکردنی یاریی تیپی دڵخوازی خۆی.  لە بەرانبەردا خانمی شینپۆش، بەر لە بانگهێشتکردنی بۆ بەردەم دادگا،  ئاگری لە خۆی بەردا و خۆی کوشت. ئەو تێروانینە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەی لە پشت بانگەوازی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە بوو، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە زۆر جێگای دنیادا ، لەمڕۆدا کاری خۆیدەکات.  

بە پێی راپۆرتیکی فیفا لە سالی 2007دا،  ( million playing football  265)، نزیکەی 265 ملیۆن ئینسان لە ساڵی 2006دا یاری تۆپی پێیان کردووە. ژمارەکە لە پاش وەلامی 207 ولاتی ئەندامی ڕیکخراوەکەوە دێت کە وەک تۆمارێک داویانەتە فیفا. لە ناو ئەو ژمارە گەورەیەدا تەنها 26 ملیۆن کەسیان ژن بوون. بە پێی بەراوردێک لەگەڵ ساڵی 2000، تەنها 6 ملیۆن خانم زیادی کردووە.

ئەگەر دەربڕینی  Rosabeth Moss Kanter بەکار بهێنرێت کە بە "رەگەزڕەنگرێژکردن" ناودەبرێت  و بریتییە لەو: "سترۆکتۆرانەی کە ڕیگری لەبەرانبەر ئینساندا پێکدەهێنێ بە هۆی رەگەزیەوە"، یان بە زمانێکی تر، بەشێک لە سێکتەرەکانی کار و تەنانەت ئەو شوێنانەیشی کە دەکەونە بواری کاتی ئازادی ئینسانەکانەوە، هێندە ڕەنگڕێژی رەگەز کراوە، کە رەگەزی بەرانبەر زۆر ئاسان دەکاتە دەرەوە.  بۆ نموونە قەسابی لە کۆمەلگای کوردستاندا هێندە نێرانە ڕەنگڕێژکراوە، کە زۆر سادە ژنان دەخاتە دەرەوەی ئەم ڕشتەیەوە بۆ ئەوەی وەک قەساب کاربکات. بەشێکی گەورەی کەرتەکانی بیناسازیش بە هەمان شێوە.  ئەمەش بە مانای ئەوە دێت : " ئینسان بەهۆی ڕەگەزی جیاوازیەوە، سنوورداری بۆ پێک دێت بۆ هەندێک کارو چالاکی کاتی ئازاد و پلەو مەقامی جیاواز لەسەر کاردا" .(1)

بۆ Moss Kanter ئەم دیاردەیە بە هۆی ئەو نیزامە کۆمەلایەتییەوە دروستدەبێت کە لە باری ستراکتۆرییەوە پلەو پایەکی زیاتر بۆ پیاوان فەراهام دەکات. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەوا هەستدەکرێت کە جیهانی فوتبۆڵ،  جیهانێکی "رەنگڕێژکراوی رەگەزی"یە و هیچ بالانسێکی رەگەزی کە بریارە 60 بە 40 یش بێت، نایگرێتەوە.  ئەو ژمارانەی سەرەوە نیشانی دەدات کە 10٪ کچان لە یاریەکانی فوتبۆلدا بەشدارییان کردووە و ئەمەش وادەکات کە سترۆکتۆرەکانی نێرێتی و سەردەستساڵاری پیاوان لە ئارەزوویەک و کارێکی وەک فۆتبۆلدا لە نایەکسانییەکی گەورەی نێوان ڕەگەزەکاندا دەهێڵێتەوە.

تۆپی پێ و نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان

ئەم پرسیارە، لە ولاتێکی وەک سویددا، سەدەها لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەمدەهێنێت و پرسیارگەلێکی وەک: ڕیگریە ستراکتۆرییەکانی بەردەم بەشداری زیاتری کچان لە کوێدایە، ڕۆڵی مێدیا لە بەرپرسیارێتی بۆ فراوانکردنەوەی ڕووبەرەکانی یەکسانی نێوان رەگەزەکان،لاپەرەی وەرزشی ڕۆژنامەکان چەندە یەکسانن لە ڕووماڵکردنی یارییەکاندا و خۆیان چەندە یەکسانن، ئەم پرسیارانە دەکاتە پرسیارێکی هەمیشەیی ئامادە لە کایەی وەرزشدا.

بۆمن ئەوەی خالێ سەرەکی نووسینی ئەم وتارەیە، نەک هەر بەشێکی کەمی ئەم پرسیارانەی سەرەوەیە لە پەیوەند بە دۆخی تۆپی پیی کچان لە کوردستاندا، بە لکو لە ونبوونی تەواوەتی هەر هەواڵێکە لە پەیوەند بەم جامی ئەوروپییەی کە بەردەوامە.  بە کورتیەکەی  سەرنجدان لە یۆرۆی کچانی 2022 لە ڕۆژنامەو ماڵپەڕی کوردیدا .  بۆ زانیاری  پەیداکردن لەسەر ئەوەی کە چەندە ئەم هەواڵە جێگایەک داگیردەکات، من سەردانی هەموو ئەو ماڵپەرانەدەکەم کە لە لینکی ماڵپەری "سپی مێدیا"دا دانراون. دەرئەنجامەکەی ئەم زانیارییە سادەیەیی خوارەوەیە.

لە ناو 101 ماڵپەری ریزکراوی "سایتەکان"ی ماڵپەڕی سپی مێدیادا، تەنها و تەنها لە لە رۆژنامەی "کوردستانی نوێ" و لە ڕۆژی 4:ی تەمووزدا ناونیشانی:" یۆرۆی كچان- 2022 دەستپێدەكات" دەخوێنرێتەوە.

ئەگینا خەبەرێک لە ئاراد نییە. ئەم سەرنجدانە لە سایتەکان لە ڕۆژەکانی 11ی تەمووزی 2022 تا 17ی تەمووزی 2022 بووە و ئەگەر سایتێک شتێکی تری دوای ئەم بەروارە بلاوکردبێتەوە، دەکەوێتە دەرەوەی ئەم باسە کورتەی من.

چی وادەکات ئەم هەموو دەستە ئیدارییەی سایت وڕۆژنامەو تەلەفزیۆنانە لە کوردستان هەواڵێک لەم چالاکییە گەورە وەرزشییە بڵاوناکەنەوە؟

لە کاتێکدا هەواڵی لە چەشنی:" لە قۆناغی یەکەمى  نازناوی ویمبڵدۆن بۆ تێنسی سەر زەوی کە خەڵاتەکەی بە بەهای ١٦ ملیۆن دۆلارەو لە لەندەن بەڕێوە دەچێت لەسەر ئاستى خانمان سیمۆنا هالیپ بەرامبەر کارۆلینا موکوڤا یاریکرد" و وێنە سیکسییەکانی "ماریا شاراپۆڤا" بەشی سەرەوەی هەواڵە وەرزشییەکان داگیردەکات. تەنانەت ناوی یەک بەیەکی:" خەڵاتەکانی خانمە پاڵەوانەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی بەیژینگدا" بلاودەکرێتەوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لاپەرەی وەرزشی ئەم دەستگا مێدیایانە باش دەزانن کە هیچ کام لەو وەرزشانەی ئاوا تیشکی دەخرێتە سەر، بینەرێک و خوێنەرێکی گەورەی نییە. لە کاتێکدا تۆپی پێی پیاوان و ئارەزووی هەوالە وەرزشییەکانی ئەم گۆشە وەرزشییە لە ئاستێکدایە کە بۆ هەندێک لەلایەنگرانی تیمە ناودارەکانی فۆتبۆڵی ئەوروپی لە کوردوستاندا، دەستبردن بۆ چەکی لێدەکەوێتەوە و کوردستان دەکاتە جێگای بەرهەمهێنانەوەی فوندەمینتالیستترین لایەنگرانی تۆپ پێ.

من دڵنییام کە لاپەرەی   وەرزشی سایت و ڕۆژنامەکانی کوردستان ، لە پرۆفیسیۆنالیزمێکی ئەکادیمی بیبەشن و ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، بەرهەمی خولیاو ئارەزووی کەسانێکە کە مەیلییان بۆ رووماڵکردنی ئەم جۆرە لە هەواڵ هەیە. بەوەیشی تۆپی پێ گۆرەپانی پیاوانە  و مەیدانی کاری پیاوانەیە ، ڕشتەیەکی "ڕەنگڕێژکراوی" پیاوانەیە کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا، چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەم ڕشتە وەرزشییە لە ئێستادا ناکەم بۆ ئەوەی ئەو مەیلە خۆرسکەی کە کچانی کوردستان هەیانە بۆ فوتبۆڵ بەهێزتر بکات و ئاڵوگۆڕێک لە تێروانینی کۆمەلگا دا پێک بێنت. بەلام چاوەڕوانیم لەو کەسانە هەیە کە توانای دروستکردنی سەرنجییان هەیەو هەموو ئەو ئیمکاناتانەیان لەبەردەسدتدایە کە جیاوازیەک دروست بکات کە لە دۆخی ئێستا نەچێت.

لە ولاتێکدا کە پرسیاری یەکسانی، یەکێک لە بەرپرسیاریەتەکانی مێدیایە، دەکرێ پرسیاری وەک:

چەند ڕۆژنامەنووسەکانی بەشی وەرزش ، سەیری رۆل و نەخشی خۆیان دەکەن لە پەیوەند بە پرسیاری یەکسانیدا بە تایبەت لە بەڕێوەبردنی لاپەرە وەرزشیەکانیاندا؟

ئایا ئەوان پێیانوایە کە بەرپرسیاریتییەکی یەکسانیخوازانەیان لەسەرشانە لە ڕووماڵکردنی کایە وەرزشییەکاندا، ئەگەر وایە، ئەم بەرپرسیارێتییە چۆن خۆی نمایشدەکات.

ئەوەی کە لە ئیستادا من دەیبینم، لە 101 ماڵپەر و وڕۆژنامەدا تەنها خەبەرێک لە یۆرۆی کچان بوونی هەیە، نێشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسیاری سایتەکان و لاپەرە وەرزشییەکانیان، هێشتاش لە ساڵەکانی 1921ی ئینگلتەرەدا دەژین و پێانوایە تۆپی پێ تەنها بۆ پیاوانە. یان بە کوردییەکەی، فوتبۆڵی  کچان وەک پیاوان خڕ نییە و بۆیە هیچ نیگایەکی ڕۆژنامەوانی ناچیتە سەر کە شایەنی ئاوڕلێدانەوە بێت.  

من لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم بە چەمکی یەکسانی دا کە ناچارم جارێکی دیکە بێمەوە سەری.

 یەکسانی ئەوەیە: " کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا". ئەم پێناسە، سادەترین پێناسەیەکە کە سیاسەت لە سویددا لەبەرچاویدەگرێت.      

بۆ ئەوەی ئاسانتر لەم دەربڕینە سادەیەی سەرەوەی چەمکی یەکسانی بگەین، ڕوونکردنەوەیەکی سادەی "Cecilia Ridgeway" بە پێویست دەزانم . سێسیلیا دوو شێوازی نابەرابەری  ئاماژە پێدەدات بۆ ئەوەی ئاسانتر لە دەربرینی چەمکی  یەکسانی بگەین. یەکەمیان ناودەبات بە  "نابەرابەری کولتوری" و دووەمیشیان بە "نابەرابەری مەتریال"ی.

بە کورتیەکەی: بۆ ئەوەئ نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان دریژە بە ژیانی خۆی بدات، ئەم دوو نابەرانبەرییە پێویستن.

نابەرابەری یەکەمیان " نابەرابەری کولتووری" لە سەرزەمینەی  نۆرم و پێشداوارییەکان ڕاوەستاوە و دووهەمیشییان لەسەر دەسەلات وکەرەستەکان .  ئەم دوو نابەرابەرییە  دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییەک لە بواری مەقامدا یان ستاتوس(نابەرابەرییەکی کولتووری)، یاخود بەرهەمهێنانەوەی جێگاورێگایەکی چینایەتی (نابەرابەرییەکی مەتریالی).

" بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری کولتوریدا پێک بێت، دەبێ ئاڵوگؤڕێک لە نابەرابەری مەتریالیدا ڕووبدات. یانی ئاڵوگۆڕێک لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستە و دەسەلاتەکاندا ڕوویدا بێت.  کاتێکیش ئاڵوگۆڕێک بەئەنجامگەێنرا، زەمەنێکی دەوێ تا نیگای ئینسان لەبەرانبەر هەلومەرجی واقعیدا ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت" (3)

 لەمڕۆدا و لە ئەوروپادا ئەم گۆرینی پارادیگمە لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچانەوە بە زەقی هەست پێدەکرێت و کڕێی بەرزی یاریزانە لێهاتوەکانی کچان و تەرخانکردنی بوودجەیەکی گەوەرەی مێدیایی بۆ پەخشی یارییەکان و دروستبوونی لەشکرێکی باش لە ڕۆژنامەنووسانی کچان و فەراهامکردنی سەدەها یانەی وەرزشی و گۆرەپانی گەورە ، وەک نیشانەکانی فراوانبوونەوەی سنوورەکانی یەکسانی لەم بوارەدا سەرنج دەدرێ.

ئەم ئاڵوگۆڕە، هەم زەڕبەیەکی لە نابەرابەری کولتوری داوە و تێروانینی ملیۆنەها ئینسانی بۆ تۆپی پیی کچان گۆڕیوە و هەمیش دەستی بەو کەرەستە  مەتریالە مادییەدا گەیشتووە کە لەسەر بنەماکانی ئەو بتوانێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت.

لە دۆخی کوردوستاندا، من دڵنیام کە ئێمە ڕووبەڕووی هەمان باری سیستەمی قانونی نین لە پەیوەند بەو ڕێگرییە قانوونیانەی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە نایەلێت کچان بچنە ناو یاریگاکانی فوتبپڵینەوە و سەیری یاری بکەن، بەڵام دڵنیاشم کە ڕێگرییە کولتورییەکانی کە لەبەردەم کچاندان بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە هەموو بوارەکانی وەرزشدا ، لە دەمی تیژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئیران تیژترە. سەرنجدانیش لە نابەرابەری مەتریاڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا، نیگایەکی تیژی پێویست نییە.

کچان و پیاوان لە کوردستاندا  بە مانای وشە لە هەردوو بوارەکانی ( نابەرابەری ماددی و کولتوری)دا دەبێت خەباتێکی هەمەلایەنە پێکەوە ئەنجامبدەن تا هیچ نەبێت هەواڵی گەورەبوونی ئەم یارییە بەو هەموو گەنجەی ئاشقی فتبۆلە بگەێننن و لە پاڵ میسی و ڕۆناڵۆکانی خۆیاندا، ئایدلە کچەکانی خۆیان وەک ڕینیشنادەرێکی نموونەیی لەبەرچاودا بێت.

کاتێک نێتفلێکس زنجیرەی " The Queen’s Gambit” نیشاندا کە سەبارەت بە Beth Harmon و چۆن ئەو لە خانەی بێدەرەتاناندا و لە ژێرزەمینی ئەو شوێنەدا لە ڕێگەی کابرایەکی عەبووسی وەک میستەر شەیبلەوە فێری یاری شەترەنج دەبێت و دەبێتە ناوێکی گەورەی جیهانی، ئارەزوو بۆ فێربوونی یاری شەترەنج لە وڵاتگەلێکی زۆردا گورو تینێک بەخۆیەوە دەبینێت کە وێنەی نییە.

بۆیە ونبوونی سەرنجدان لە هەوالەکانی تۆپی پیی کچان لەم دۆخەی ئیستایدا، نەک هەر شەقتێهەڵدانە لە پرەنسیپە ئینسانییەکان، بەلکو درێژکردنەوەی کولتوری بە سووک تەماشاکردنی تۆپی پیی کچانە و تێکشکاندنی ڕۆحیەتی ئەو کچانەیە کە دەیانەوێت وەک کوڕانی هاوڕییان لەم گەمە گەورە کۆمەڵایەتیەدا بەشدار بن.  

Filip Edvardsson, Felix P. 2018 , Samma sport, samma guld, olika kön, Linnéuniversitet

Cesar Fältskär, Felix Tornberg och Karl Andersson، 2020، Ingenting avgörs här، det bara låter så”JMC

Joakim E, 2019, Varför är läkterna så tomma på damernas matcher, Malmös Universitet

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×