لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیاوە

پەیڕەو ئەنوەر
  2019-02-01     786

وابڕیارە ٣١ی ئازار هەڵبژاردنە شاراوەنییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت. سەرەتا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چەمکی شار! شار چییە؟ شار کێیە؟ دیارە لە یۆنانی کۆندا شار وەک دەوڵەت City-State دەرکەوتووە، دەوڵەت شار یەکێک لە کردەکانی ناوی مەسەلەی هەڵبژاردن بووە، هەڵبژاردن بەمانای ئەوەی شار دەبێت ناسنامە، پەیوەندی، جوڵە، ئاگایی، هێز و تەناهی بۆ بەرهەمبهێنرێت! شار دەبێت گڕوپە کۆمەڵایەتییەکەی ناوی بۆ فەرمان و بەرفەرمانەکان دیزاین بکرێن.

ئەسینا و ئەسپارتا لەوکاتدا وەک شار، وەک یەکە دەرکەوتوون بەڵام دوو میتۆدی جیاواز ناوەوە و دەرەوەی ئەو دوو رووبەرەی وەک شار داڕشتۆتەوە. دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت شار و شێوازی کاکردن و جوڵەکانی بگەڕێینەوە بۆ کتێبی "مێژووی جەنگەکانی پیلۆپۆنیزیای سیوسایدید". 

دەکرێت بڵێین شار کاراکتەرە، لەرێگەی ناسنامە و جیۆپۆلەتیک و جوگرافیاکەیەوە خۆی دەناسێنێت، ماناکانی خۆی دەگۆڕێت! هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیا هەم پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە و هەمیش پڕ سەرکێشی و چارەنووسسازە. لێرە ئاڵۆز مەبەست لێی پەیوەندی نێوان مۆدێرنە و شارە! دیارە مۆدێرنە لە تورکیا زووتر لەدایک بووە لەچاو وڵاتانی تری ناوچەکە. 

ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە سەرەتەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا دەیەوێت شار و رووبەرەکانی نێو جەستەی لەسەر مۆدێڵی مۆدێرنەی ئەوڕوپی دابڕێژێتەوە! هەندەسەی شار لە گواستنەوە، قوتابخانە، بەندیخانە، مەسەلەی موڵکداری، دادگا، سوپا، بازاڕ و پرد و رووبەرە گشتییەکان تێکەڵ بە مۆدێرنەی ئەوڕوپی بکات! دیارە شار لە ئەوڕوپا زیاتر لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی لە پەیوەندیدابووە، شار پڕبووە لە کارخانە و کرێکار و بەندەر و یەکێتییە پیشەییەکان! 

بەڵام بۆ تورکیا شار لەوکاتدا مانایەکی تری دەدا، دیارە دەوڵەتی عوسمانی زیاتر مەبەستی بوو لەڕێگەی شارەوە تەمەنی ئیمپڕاتۆر و سولتان درێژبکاتەوە.

لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ "شار" لە تورکیا هەم ئەرک و هەمیش ماناکانی دەگۆڕێت! دیارە یەکێک لە ئەرکەکان مەسەلەی دابەشکردنی شار و شارەوانی و چۆنیەتی بەرهەمهێنانەوەیەتی.

لەدونیای مۆدێرنەدا هاوڵاتی لە شاردا ئامادەیی هەیە بۆ ئەوەی بژی، باشتر چێژ وەربگرێت، زیاتر دەستیبگات بە سەرچاوەکانی ستاتیکا و مۆدیلەکانی بەختەوەربوون. ئەمڕۆ لەشارە گەورەکانی تورکیادا بەتایبەت (ئەستەنبۆڵ، ئەنکەرە و ئیزمیڕ) ئەم ناسنامەیە دەبینرێت. 

بەتایبەت لە مەسەلەی گواستنەوە و شەمەندەفەر و سەرچاوەکانی خێرایی و رێگاوبان! دیارە ئەم خواستەی خەڵک لە تورکیا/ئەستەنبۆڵ بەگشتی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە زوو بگەن بە بازاڕ تا زوو داهات و بەشە کرێی ڕۆژانەیان بەربکەوێ. 

لەئەدەبیاتی سیاسی تورکیدا وتەیەک هەیە دەڵێت "ئەوەی لە ئەستەنبۆڵ هەڵبژاردن بباتەوە، لەهەموو تورکیا دەیباتەوە." دیارە ئەردۆگان دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەوە بەبیر ئەستەنبۆڵییەکان بهێنێتەوە کە پێشتر وەک والی چی بۆ ئەو شارە کردووە! چۆن ئەستەنبۆڵی کردووە بە پانتاییەکی زیندوو، قسەکەر، پڕ پارە و پڕ لە سەرچاوەکانی ژیان. 

دیارە ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا بەلایەنی کەمەوە دەیەوێت بڵێت مۆدێڵی ئەستنەبۆڵ وەک شار و حکومڕانی بۆ پارچەکانی تری نێو جەستەی تورکیا دەگوازمەوە. لەڕاستیشدا ئەستەنبۆڵ جوان و سەرنجڕاکێشە! ئەدەبیات و رۆمانەکانی (ئۆرهان پاموک) یش نەبێت ئەستەنبۆڵ هەر جوان دەردەکەوێت بەڵام مەرج نییە ئەو جوانی و ستاتیکایەی ئەستەنبۆڵ بتوانرێت لە شوێنی تر، پانتایی تر و جوگرافیاکانی تری تورکیا بەرهەمبهێنرێت. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×