ئاوابوونی خۆری نوری مالیکی

سەروەت هەڵەبجەیی
  2022-07-26     818

پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و شکستی هەوڵەکانی موقتەدا سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتە خوازراوەکەی کە درووشمی زۆرینەی نیشتمانی و نە ڕۆژئاوایی و نە ڕۆژهەڵاتیی بۆ بەرز دەکردەوە، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق تا ڕادەیەک خۆیی نزیک لەو پۆستە دەبینییەوە. دوو ڕووداو خەونەکانی مالکیی بەتاڵ کردەوە. یەکەم، نمایشە جەماوەرییەکەی موقتەدا سەدر کە بە ڕای من جۆرێک لە دەرکەوتنی تایبەت لە بەرامبەر نوری مالیکی بوو و جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەگەر ناوبراو خواستی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی هەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە سەدر سەرەڕای بەدەستهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق ناچار بە کشانەوە لە پەرلەمان و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا، ڕوبەڕوی ئەم جۆرە دەرکەوتنەی سەدرییەکان و فشاری شەقام دەبێتەوە.

دووەم، هەرای تۆمارە دەنگییەکە. ڕەنگە نوری مالیکی هێندە گوێی بە نمایشە جەماوەرییەکەی سەدر نەدابێت بەڵام ئەوەی کە لە سەر بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی بەرۆکی گرتووە، کۆتایی تەمەنی سیاسی ناوبراوە و سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە دەسەڵات، ڕەنگە سەدر و ئەوانەش ڕقی سیاسییان لە مالیکی هەیە ئەمە وەک دەرفەت و بیانووی تۆڵەکردنەوە بەکار بێنن و وەک بینرا دۆسیەکەشی لە دادگادا بۆ کراوەتەوە و دیار نییە چارەنووسی بەرەو کوێ دەڕوات.
ئەوەی کە مالیکی لەو تۆمارە دەنگییەدا کردووەیەتی، بەدەر لە ناوەڕۆک و ئەو هەڕەشە و باسانەی کە تێیدا کراوە، لاوازیی ناوبراو دەسەلمێنێت کە خۆی بە کەسێکی بەهێزی گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەناساند بەڵام بە ئاسانی فریوی کەسێکی خواردووە و بەو شێوازە بەرەڵاییە قسەی بەم و ئەو وتووە.

کاریگەری تۆمارە دەنگییەکە بوو بە هۆی ئەوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شیعە لە ئاکامدا بەوە گەیشت کە مالیکی کەسێکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نییە و داوای لێکرا واز لە هەوڵەکانی بۆ کاندیدبوون بێنێت، تەنانەت بەوەش نەوەستاوە و لە ناوخۆی حزبی دەعوە دژایەتییەکی زۆری کراوە و ڕەخنەی لێگیراوە کە بۆ کەوتووەتە تەڵەی ئەو تۆمارە دەنگییەوە و باشترە سەرۆکایەتی دەعوەش بە جێ بێڵێت.
ئێرانیش بە هۆی ئەوەی کە لە تۆمارە دەنگییەکەدا مالیکی هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و بە نزیک لە تاران و گوێڕایەڵی ئەم وڵاتە ناوی بردوون، هەروەها بۆ ڕێگری لە زیاتر توڕەبوونی موقتەدا سەدر و هەر پەرچەکردارێکی لە بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ، واز لە مالیکی دێنێت و ئەو ناوەی جاران بۆ ئێرانییەکان نییە و بە واتایەکی دیکە کارتێکی سوتاوە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران.

مالیکی هیچی پێنەکرا، سەرەتا نکۆڵیی لە تۆمارە دەنگییەکە کرد و بە ساختە ناوی برد و تەنانەت وتی دەنگی کەسێکی دیکەیە، بەڵام شەپۆلی ڕەخنە و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان وابوو کە بەدرۆخستنەوەکەی هێندە قازانجی نەبوو، لەوەش گرنگتر ئەو کەسەی کە تۆمارە دەنگییەکەی بڵاو کردەوە، خۆی و ئامانجەکەی ناساند و ڕایگەیاند کە بۆ ئەوەی بڵاویکردووەتەوە کە خەڵک وانەزانن مالیکی گۆڕاوە، ئەو هەمان مالیکیی جارانە، بە هەمان تێڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆی.
بەم دۆخەوە خۆری سیاسیی مالیکی ئاوا بووە و ئەستەمە جارێکی دیکە تەنانەت لای هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش قبووڵکراو بێت.

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵەبانی: بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە وایانزانیوە پاکستانیم
​ئاسایش گرووپێکی داعش دەستگیر دەکات کە سەرجەمیان کوردن
مامۆستا عەینەدین مەریوانی، هونەرمەندی هەژاری نەتەوەیەکی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی دەکات
تۆڵەسەندنەوەی ترەمپ لەسعودیە: ئێوە نەتانویست لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی بکەن، ئەمە باجەکەیەتی
مه‌سعود بارزانی: نابێت ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ببێته‌ هۆی تێکچونی پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دوایین مۆڵه‌ت ده‌داته‌ به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كوڕه‌ك تیلیكۆم
ئێران وردەکاریی ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەکەی گەرووی هورمز دەداتە عێراق و وڵاتانی کەنداو
حوسییەکان هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی سعودیە ڕادەگەیەنن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×