ئەزمەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، ڕیشەی لە چیدایە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2022-08-01     399

لە درێژەی ئەو ئەزمە قوڵ و هەمەلایەنەی سەرجەم ڕەوت و هێزە بۆرژوازییەکانی عێراقی دەرگیری بوون، لە ناویاندا پرسی پێکهینانی حکومەت، جارێکی تر شەقامی عێراقی ڕوبەرووی ئاڵۆزییەکی زۆر بۆتەوە و خەلكی عێراق بەگشتی لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدان.

جەنگی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی بەدیاریکراوی ململانێی نێوان رەوتی سەدر لەلایەک و چوارچیوەی هەماهەنگی لەلایەکی ترەوە، لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، بەوپەرێ خۆی گەیشتووە. ئەم ململانێییە کە واپێشچاو دەخرێت کە ریشەی لە دوو ئەڵتەرانتیفی جیاوازدایە "حکومەتی سازان و هاوبەش و بەش بەشێنە، لەگەڵ حکومەتی زۆربە".

دیارە حکومەتی سازان و هاوبەش و بەش بەشێنە، کە ئێران پشتیوانی دەکات و بەدوای روخاندنی بەعسەوە لە عێراقدا پەیرەوی لێدەکرێت، بە کردەوە شکستی خواردووە. ئەم ئەلگۆیە لەهەموو ئاستەکاندا ئەزموون کراوە، کە توانای وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین گرفتەکانی کۆمەڵگەی عێراقی نییە. لە بەرامبەردا لایەنگرانی حکومەتی زوربە کە دەیانەوێت بەپێی ئاکامی هەڵبژاردنەکان و حکومەت پێک بێت و کۆتایی بە ئەلگوی پێشوو بێت، ئەم رەوتە ئەمریکا و غەرب و وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی دەکەن... لەسەر بنەمای شکستی حکومەتی بەش بەشینە و تەوافوقی، و بە نیشاندانی ئەلگۆی تاقیکراوەی پێشوو و کاراکتەرەکانی و ناکامیەکانی، بانگەوازی حکومەتی زوربەی بەدەستەوە گرتووەو خوازیاری ئەوەیە ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکاندا براوە بوون مافی حکومەتدارییان پیادە بکەن و بریاری سیاسی لەدەستیاندا بێت، بەڵام لایەنگرانی حکومەتی تەوافوقی و بەش بەشینە و هاوبەش، نایانەوێت بە ئاسانی مل بدەن و کایەی سیاسی لە عێراقدا رادەستی نەیارەکانیان بکەن. ململانێی نێوان ئەم دوو رەوت و ئەڵتەرناتیفە بۆ بیناکردنی حکومەت، لەگەڵ ئەوەدا واقعیەتە و هەردوو لا هەوڵ دەدەن لە رێگای مانۆر و هەڵخراندنی جەماوەرەوە گرەو لە یەکتری ببەنەوە، بەڵام ریشەی ئەزمەو بن بەستی بۆرژوازی عێراقی هەرگیز، بەتەنها پێکنەهاتنی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو پرسی پێکنەهێنانی حکومەتیش ئاکامی گرفتی بناغەیی ترە... کاریگەری ئەزمەی ئابوری جیهانی، کۆتاییهاتن و بن بەستی یەکجاری هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی دنیای یەک قوتبی، پێگرتنی بە کردەوەی قوتبی تر و جەنگی ئابوری و سیاسی و سەربازی ئەو قوتبانە لە چوارچێوەی ئارایشی تازەی دنیای چەند قوتبیدا. نارۆشنی بۆرژوازی عێراقی لە ئارایش و هاوپەیمانیەتە تازەکان و لەچاوەروانی مانەوەی، تا دەگاتە لاوازی حکومەت لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتداریتی و یاساییدا، مانەوەی میلیشیاکان، دەستێوەردانی دەرەکی و زۆرتر بوونی، نەتوانیینی وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواستەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، بوونی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری فراوان...تاد... هەموو ئەوانە بۆرژوای عێراقی لە تونێلیکی داخراودا  راگرتووەو رێگای دەرچوونی لێی دیار نییە.

بۆرژوازی عێراقی، دەیەوێت ئەو واقعیەتانە لە چاوی خەڵکی عێراق بشارێتەوە و گرفتەکان هەمووی ئاوێزانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بکەن و لەو راستایەشدا ئەلگۆی جیاواز بۆ چۆنیەتی پیکهێنانی حکومەت و بەدیلی جیاواز بۆ سەرۆک وەزیرانیان کردۆتە سەنتیزی ململانێکانیان. ئامانج لەوەش ئەوەیە خەڵکی عێراق بکەنە زەخیرەی ململانێکانیان...

رەوتی سەدر لەو نێوەدا پشکی شێری بەردەکەوێت، بەکشانەوەی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق، خێرا کەوتنە مانۆری پێشتر ئەزمونکراو کە بەدەستەوە گرتنی شەقامە بۆ زاڵ بوون بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا و لەو نێوەشدا چ بە نوێژی یەکگرتوویی و چ بە هێنانە مەیدانی جەماوەری بۆسەر شەقام و ناوچەی سەوز... توانیویانە گوشارەکانیان بۆسەر نەیارەکانیان و نەخشەکانیان زیاد بکەن و ڕیگە لەوە بگرن دەست بۆهیچ هەنگاوی کردەیی بنێن بێ رەزامەندنی خۆیان. لەگەڵ ئەوەدا چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری لەسەر پرۆژەکەی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی و هاوبەش و بەش بەشینەو کاندید کردنی کاندیدی خۆیان دەکەن، بەڵام رەوەندی رووداوەکان، نیشانی دەدات هیچ حکومەت و کاندیدێک ناتوانرێت پێک بێت یان پێ بچەقێنی، ئەگەر رەوتی سەدر ئۆکەی نەکەن و کلیلی بریاردانی سیاسیان لەدەستدا نەبێت..

ئەوەی لەو نێوەدا دەبێ پێداگری لەسەر بکرێت ئەوەیە، چ رەوتی سەدر و چ رەوتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە ململانێدا بن یان هائاهەنگ و سازان بکەن، و حکومەت پێک بهینن یان نا... هیچ لەو واقعیەتە زاڵە نەخوازراوە ناگۆڕیت کە پرسی پیکهێنانی حکومەت یەکێک لە دەرهاویشتەکانیەتی. حکومەت پێک بێت یان نا، گرفتە بناغەیەکان لەوانە... بن بەستی بۆرژوازی عێراقی لە پەیوەند بە ئەزمەی ئابوری و سیاسی جیهانی، جەنگ و کاریگەری و لیکەوتەکانی لەسەر عێراق، ساغ نەبوونەوە لە ئارایش و هاوپەیمانیەتە تازەکان، دەستێوەردانی دەرەکی قوتب و وڵاتانی ناوچەکە، بوونی میلیشیای حزبی و عەقیدەتی، لاوازی حکومەت و لەپەراوێز مانەوەی، مامەڵە لەگەڵ بزوتنەوەی قوڵی نارەزایەتی جەماوەری... لەئێستادا لەتوانای بۆرژوازی عێراقیدا نییە تێی بپەڕێنێت.

هەروەها ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی دوورو نزیک لەسەر دۆسیەو کێشەکانی خەڵکی بێبەشی عێراق بۆ خواستەکانی ئەوان نییە... بەڵکو یەکێک لە گرفتەکانی سەرجەم بۆرژوازی عێراقی بوونی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە بۆ نان و هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و ماف و ئازادییەکان. هەموو ئەو خواستە سەرەکیانەش کە جەماوەری بێبەشی عێراق هەیانە، بەبێ کەنار خستنی ئەو رەوتانە بە شوێنک ناگات و گرفتی سەرەکی چینی کرێکار و هاوڵاتیانی عێراقیش، لە پایەترین ئاستیدا نەبوونی ئەڵتەرناتیفی جی متمانەی جەماوەرییە و کە پشتی پێ ببەستن و لەدەوری کۆببنەوە. بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ئەوەی بە ئاکام بگات و جەماوەری خۆشباوەرکراو بە رەوتە سیاسیەکانیش بێدار بکاتەوە، لە گرەوی ئەوەدایە بەسەر لاوازییەکانی خۆیان زاڵ ببێت، بەدەستبردن بۆ رێکخراوبوون لە ژێر ئاسۆی سۆشیالیستیدا، ببێتە بەدیلی رەوتە بۆرژوازییەکان و جێگا ئومێدی چینی کریکار و سەرجەم جەماوەری بێبەش.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×