هەوام لێ وەربگرەوە ئازادیم نا.. بۆ ئەوانەی لەپێناو ئازادیدا دەمرن

هاوژین شه‌ریف
  2022-08-02     588


حەق وابوو هەرێمی کوردستان، ئەو قەوارەیه‌ی بەرهەمی دەیان و سەدان ساڵ رەنج و تێکۆشانبوو لەپێناو ئازادیدا، هەر هیچی نەبوایە، لەمووچە و خزمەتگوزارییەوە (کە نییەتی)، لانیکەم وەفای بۆ دروشمەکانی ئازادی پێش راپەرین هەبوایە، نەک ئەوەی بگاتە دۆخێک خەڵک لە پێناو ئازادیدا یان سەری خۆیان هەڵبگرن، یانیش ل زیندانەکاندا لەپێناویدا مان بگرن.

چەند رۆژێکە ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەوانی دەستگیرکراوی بادینان، بەدروشمی "یان مردن یان ئازادی" مانیان له‌خواردن گرتووە. وەک لەچەندین راپۆرتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هاتووە دەیان چالاکوان و رۆژنامەوانی بادینان، بەهۆی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕایان دەستگیرکراون، لەژێر ئەشکەنجەو هەڕەشەدا ناچار بەدانپێدانان بەتاوانێک کراون کە نەیانکردووەو بەدەستوەردانی سیاسیش سزادراون.

دۆسیەی زیندانیانی‌ بادینان دەمامکی ئازادیخوازی لەرووی دەسەڵاتدارانی هەرێم فڕێدا، زەنگێکی مەترسیشە بۆ ئەوەی دوا بزمارەکان لەتابوتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی کاری راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین لە هەرێم بدرێت. 
خۆی لەخۆیدا بوونی زیندانی سیاسی لەهەر وڵاتێک پەڵەیەکی شەرمەزارییە، بەڵام لەهەرێمی نیمچە رزگارکراوی کوردستان، کە ئازادی وشەی سەر زاری سەرکردەو رێبەرەکانی بووە، چەند قاتی تر شەرم و پەڵەیەکی رەشە.

حکومەتێکی پۆلیسی، کە تەنیا زەبرو زەنگ دەناسێت، ئەگەر بە رژدی بەرەنگاری نەبینەوە، کۆڵەکەکانی زیاتر بچەقێنێت و تەواوی جومگەکان پاوان بکات، دۆزەخێکی سیستمە شمولی و تۆتالیتەریەکان دروست دەکات.
لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵگه‌ی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەدایە، ئەوانیش ملکەچبوون‌و خۆبەدەستەوەدان بەو واقعەی کە دەسەڵات دەیسەپێنێت، یانیش وەستانەوەیە بەرامبەر ئەو سەرکوت و دەمکوتەیە کە دەسەڵات گرتوویەتیە بەر.
بۆ ئەمەش یەکەم هەنگاو، پشتیوانی و پاڵپشتیی بەرفراوانترە لەده‌ستگیركراوانی‌ بادینان، چونکە خنکاندنی دەنگە ئازادەکان لەبادینان سەرەتایەک دەبێت بۆ وشککردنی هەموو جوڵە و بزاڤێکی رەخنەگرانە و مەدەنیانە لە ناوچەکانی تری هەریمی کوردستان.

ناونیشانی وتارەکەم لە شیعرێکی پابلۆ نێرۆدا وەرگرتووە، کە دەڵێت، "هەوام لێبستێنەوە، بەڵام پێکەنینیت نا"، منیش دەڵێم ئەگەر ئازادی لەهەوا به‌گرنگتر دانەنرێت، ژیانیش واتای نامێنێت، بۆیە دەبێت بەهەموومانەوە ببینە دەنگی ئازادیخوازانی مانگرتووای بادینان، بۆئه‌وه‌ی‌ چیتر کەس له‌پێناو ئازادیدا نەمرێت، هەموان بەو بیرو باوەڕەی کە بەبێ ئازادی ژیان نابێت، بە ئازادییەوە بژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×