موقتەدا سەدڕ چی دەوێت ؟!

محەمەد خۆشناو
  2022-08-06     444

 دوای گرتنی عێراق لەلایەن وڵاتەیەکگرتووەکان و دروستبوونی پشێووی و شەڕ دژی ئەمەریکا لە لایەن ڕێکخراوی القاعدة و گروپە تیرۆرستیەکانی تر ، ئەمەریکا عیراقی لەسەر سینیەکی زێڕ دا بەئێران ، ئەمە وایکرد کە هەندێک وڵاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش دەستبخەنە ناو کاروباری عیراق و بە پەتی هەوەستی خۆیان ئەو وڵاتە بجولێنن ، لەوکاتەوە تا ئیستا ئەمە حاڵی عێراق-ە کە دەیبینین کە هەر لە شەری تایفی و ململانێی هێز و لایەنەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و پارە و دروستبوونی فەوزا درێژەی هەیە و ، لێرەوە شتێک نیە بەناوی دەوڵەت ، هەر ململانێیەک کە ڕوودەدات جا بەناوی هەڵبژاردن بێت یا شتێکی تر هەمووی بۆ دەستکەوتی سیاسی و مادییە واتە بۆ غەنیمەکەیە !!

ئەو ململانێیەی ئێستای نێوان ڕەوتی سەدڕ و چواچێوەی هەماهەنگی بۆ هەمان ئامانجە و ، کەس بڕوای بە وجودی عێراق نیە و ناشبێت . نکۆلی لەوە ناکرێت کە هەموو لایەنە پێکناکۆکەکانی عێراق بەقەد قەبارەی خۆی جەماوەریان هەیە ، بەڵام ڕێبەری سەدڕ بنکەیەکی جەماوەری گەورەی لە شیعە هەژار و کەمدەرامەتەکان هەیە ، جەماوەرێک لەو نێوەندە گەرمە جەهەندەمیە شەقام داگیر دەکەن و بەشێوەیەکی موگناتیسی خەوێنراون و ، وەک تووتی ئەوەی سەدڕ داوای دەکات ئەوانیش دەیڵینەوە ، بەڵام ئایا سەدڕ لە بۆنەی موحەڕەمدا «بەیاننامەی ژمارە یەک» بۆ پڕۆژە گۆڕانکاریەکەی ڕادەگەیەنێت؟!

زۆربەی چاودیرانی سیاسی پێیان وایە ، کە ئەمەی ڕێبەری سەدڕ دەیکات پڕۆژەی گۆڕانکاری نین ، چونکە موقتەدا سەدڕ پیاوی پڕۆژەی سیاسی نیە ، بەڵکو ئەوەی دەیکات مانۆڕی سیاسیە و هەوڵدەدات بۆ کۆنتڕۆلی سیاسی بەناوی ڕەوتەکەی نەک بەناوی بزووتنەوەی نیشتیمانیی….ململانێی بنچینەیی لەنێوان ڕەوتی سەدڕ و چوارچوەی هەماهەنگی لەسەر دەسەڵاتە و ، هەروەها لەهەندێک لایەندا جۆرێک لە ململانێی شەخسی وەرگرتووە بەتایبەتی ئەو شەڕە خونێناویەی نێوانیان بیربێتەوە کەلە ساڵی 2007 ڕوویدا کە بەسەرکەوتنی نوری مالیکی ڕێبەری حزبی دەعوە کە ئەوکات سەرەک وەزیران بوو بەسەر سوپای مەهدی بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدڕ و ، ئەمە جگە لەوەی ئێستا هەریەک لەمانە ئیعتیبار بۆ پێویستی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان هیز و لایەنە جیاجیاکانی عێراق ناکەن ، سەدڕ کە ئەو دروشمانە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەیەتی کە شەعبیەتی پێ زیاد بکات و لەکۆتاییدا ببێتە پیاوی ژمارە یەک و بەتەواوی کۆنتڕۆلی عێراق بکات ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە سەدڕ بە میزاجی هەڵچووی کەسیەوە جوولە دەکات نەک بە عەقلێکی پابەندکراو بە پڕۆژەی سیاسی نیشتیمانیی ، هەروەها چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ململانێی ئێستا لەنێوان خودی هیزەکانی نێو ماڵی شیعەیە لەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکانی پارەیە و ، ئەوان دەیانەوێت ناڕەزایی نیشتیمانیی بخزێننە ناو ئاگری ئەو ململانێیە ، هەروەها هەروەک باسدەکرێت و دیارە کە سەدر پیاوێکی هەڵگێڕو وەرگێڕە ئامادەیە لە چەرکەساتێکدا هاوپەیمانی خۆی بەجێبێڵێت و جێگەی پشتبەستن نیە ، بۆیە ئەوەی سەدڕ دەیکات بەو ئاسانیە بۆی ناچێتەسەر ، بەتایبەتی کە چوارچێوەی هەماهەنگی داواکاری گۆڕانکاری سەدڕ بەکۆدەتا لەسەر گەل و دەستوور و پۆسەی سیاسی و هەلبژاردن دادەنێت.

چاودیران پێیان وایە کە هیچ بژاردەیەک نیە تەنیا مانەوەی حکومەتی کازمی بۆ ماوەیەک و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێیی پەرلەمانی ، بەڵام بەبۆچوونی زۆرینە ئەم هەنگاوەش بەرهەمێکی سیاسی باشی نابێت و ، دواجار عێراق پێویستی بە بانگەوازی ئەو دەستپێشخەریەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان-ە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانیشتن و حیوار و گەڕاندنەوەی متمانە و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان ، کە بووە دەروازەیەک بۆ چەندین دەستپێشخەری دیکە ، لەکۆتایدا ئەگەر دایەلۆگ خێر و چاکە بێت ، ئەوە لێکتێگەیشتن لووتکەی چاکەیە! بەڵام ئایا حزب و لایەنە عێراقیەکان پەنا بۆ لۆژیکی دایەلۆگ و لێکتێگەیشتن دەبەن کە باشترین چەکی سەردەمە بۆ چارەسەرکردن !! من پێم وایە ئەمە ناکەن چونکە قبولی کلتووری جیاوازی ناکەن و ، لەکۆتاییدا دەبێت عێراق سەرلەنوێ دابڕیژرێتەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×