ئایا نەوەی نوێ بڵقێکی سیاسیی نییە؟

د. نیاز نه‌جمه‌دین
  2022-08-07     467

با پێشەکی دوو شتی، رەنگە لای تۆ، ناپێویست بڵێم کە لای خۆم بۆ رێزگرتنی دادپەروەریی لە هەڵسەنگاندندا پێویستە. یەکەم، بە ئەزموونی خۆم، رەخنەگرتنم لە نەوەی نوێ نەبووە بە هۆی سزادانم، بۆ نموونە لەوەی بانگهێشتی تەلەفزیۆنەکەیان نەکرێم یان وەک ئەکادیمییەکی سەربەخۆ داوای ئیشم لێ نەکەن، ئەگەرچی من داواکەیانم رەت کردۆتەوە. بوونی ئەم کەلتورە سیاسییە بە باش دەزانل. دووەم، یەک جار بە سوتفە لە قاوەخانەیەکدا (کافێیەکدا) شاسوار عەبدولواحدم بینی، پاش سلاوێکی ئاسایی، لە دووری سێ مەترەوە پێم گوت: تۆ کەسێکی چاونەترسیت. هێشتا لەسەر ئەم قەناعەتەمم.

بەڵام باوەڕم بە سەرکەوتنی ئەم حزبە نییە، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- نەوەی نوێ حزبێکی ترە وەک ئەو حزبانەی کە لە ئەنجامی بێزاربوون لە خراپەکارییەکانی یەکێتیی و پارتیی، پاشان نائومێدبوون لە گۆڕان و ئیسلامییەکان دروست بووە و بووە بە دەنگێک، دەنا لە واقعدا ئەوە سەنگی خۆی نییە. ئەم حزبە قورساییەکی فکریی نییە. نەبوونی فکر و قەتیسبوون لە خۆدووبارەکردنەوە و گوتاری سەتحیی و ریتۆریکدا، هۆکاری بەهێزن بۆ توانەوەی، بەتایبەت ئەگەر بەدیلێکی بەهێز بێتە کایەوە.

2- نەوەی نوی هەم لە رووی دابینکردنی دارایی و هەم لە رووی سەنگ و پێگەی جەماوەرییەوە یەکسانە بە شاسوار عەبدولواحید. لەم مۆدێلە حزبییەدا، سەرۆک پەردەپۆشی فشەڵییەکانی حزب دەکات. بەڵام سبەینێ سەرۆکی حزبەکە بە هەر هۆکارێک لە دنیای سیاسەت بچێتە دەرەوە، یان نەمێنێت، حزبەکە وەک ئەوەی بینایەکی کۆنی فشەڵ بێت و بومەلەرزە لێی بدات، هاڕرە دەکات. دوای شاسوار، نەوەی نوێ چی لێ دێت؟

3- حزبەکە کادری بەتوانای زۆر کەمە، ئەوانەشی هەن بەرچاو و کاریگەر نیین. گوتاری کەناڵەکەیان (بەشی هەواڵ) ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم حزبە هێندەی دەتڕوخێنێت و وات لێ دەکات سەری خۆت لە داخا هەڵبگریت، نیو هێندە وات لێ ناکات هەست بکەیت بوونەوەرێکیت دەتوانیت شتێک بەرەو باشتر بگۆڕیت.

4- خاڵی (1) تا (٣) ئەو دڵەراوكێیە دروست دەکات کە ئایا ئەم حزبەش تاکڕەویی نەیکوشتووە؟ من لە چەند کەسم بیستووە کە ئەڵێن شاسوار تەنها بە قسەی خۆی دەکات و تا رادەیەکی زۆر تاکڕەوە. رات بێت یان نا، شاسوار نەیتوانییە ئەم وێنەیە لەلای ئێمە بگۆڕێت. ئەمەش یەکێکە لەو ئیشانەی دەبێت بیکات.

٥- سەرۆکی نەوەی نوێ لە چەندین کەیسدا تۆمەتبارە و تا ئێستا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە بۆیان، لەوانە پشکەکانی چاڤی لاند. ئەو دەیەوێت بڵێت: یاسا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە ئەو پاکە، دەنا لە زیندان نرا بوو. لە راستیدا ئەو هەر خۆی دژی یاساکانە و ئێمەش باوەڕمان وایە سود لە درز و کەلێنی یاسایی بینراوە. ئەمەش وادەکات هەستی بێ متمانەیی بەرامبەری نەسڕێتەوە.

کاتی خۆی شیوعییەکان لەم جۆرە بۆنانەدا بە یەکتریان دەگوت: بە خۆتا بچۆرەوە هاوڕێ!

سیاسەت بە پەلەپەل ناکرێت. ئەم حزبە دەبێت جارێکی تر بیربکاتەوە و بە خۆیدا بچێتەوە. دەنا وەک زۆر لە حزبەکانی تر، بڵقێکی فووتێکراوە و زوو دەتەقێت، ئەویش زۆر لە شوێنکەوتووانی نائومێد دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×