شیعە گەمەکەرە بەھێزەکەی عێراق

هاوڕێ جەمال
  2022-08-07     393

گەر لە رووداوەکانی ئەم دوایەی گۆڕەپانی سیاسی عێراق وردبینەوە، رەنگە وا بێتە بەرچاو کە ھێزە شیعەکان ناکۆکی قوڵ و جەوھەریان ھەیە، ھیچ کاتێ ھێندەی ئێستا وا پەرت و دابەشبوو نەبوون، دوورتر لەمەش ھەندێک پێیان وایە ئەمە سەرەتای جەنگێکی خوێناوی و لەبەر یەک ھەڵوەشانەوەی عێراقە، بەڵام ئەم تێڕوانینانە کورتبینی و نەخوێندنەوەی قوڵی رووداوەکان لەلایەن خاوەنەکانیان دەسەلمێنێ.
لەسەرەتای دروستبوونیەوە (١٩٢١ ز) تا ئەمڕۆ،گرژی و ئاڵۆزی بەرۆکی ئەم دوڵەتەی بەرنەداوە کە ناوی عێراقە، ناکۆکی و قەیران بۆتە سیمای سەرەکی ئەم وڵاتە، قسەیەک ھەیە دراوەتە پاڵ ئیمامی عەلی، گوایە عێراقی ناو ناوە ( بلد الشقاق و النفاق ) واتە وڵاتی دووبەرەکی و دووروویی، ھەرچەندە ئەمە رەتدەکرێتەوە، بەڵام پێموایە ھەر وتەیەکی لەمجۆرە دەرەقەتی پێناسەیەکی دروستی ئەم وڵاتە دێ، لەدەرەوەی ئەم تێگەیشتنە بۆ عێراق تێگەیشتنێکی تر نادۆزیتەوە، کەسەرلەبەری مێژووی عێراقمان بۆ بخاتە چوارچێوەیەکی بەرجەستەکراو.
لە رووی مەزھەبیەوە، گەر عێراق پێش ساڵی ٢٠٠٣ واتە پێش رووخانی رژێمی بەعس، عێراقی سوننەکان بووبێ لە رووی مەزھەبیەوە، ئەوا ئەتوانین بڵێیین لەوە بەدوا، عێراق عێراقی شیعە مەزھەبە، ھەرچەندە ئەم قسەیە چ بۆ کورد وەک نەتەوەیەکی جیا لە عەرەب، چ بۆ سوننەکان وە مەزھەبێکی جیا لە شیعە قبوڵکردنی قورسە، بەڵام ئەمە واقعێکی ھەستپێکراوە کە ناتوانرێ نکوڵی لێبکرێ.
لێرەدا بەدوو خاڵ گەر بە کورتیش بێ ئەم تێڕوانینە ساغ دەکەینەوە:


١-شیعەو ناسنامەی عێراق
ھێزو باڵە شیعەکان ھەرچەندە ناکۆک بن لە نێوان خۆیاندا، بەڵام ئەوان ھێڵێکی گشتی ھەیە کۆیانبکاتەوە، کە لەو ھێڵەدا مەرجەع وەک خاڵی کۆکەرەوە، سوننەو وەک نەیارێکی مەزھەبی و کوردیش وەک مڵۆزمێکی نەتەوەیی، تان و پۆی خۆیان دەکێشن.
عێراقی پاش رووخانی سەدام حسێن، ھەمان ئەو عێراقە نەماوە، کە تەنھا یەک حزب و یەک کەس بۆیان ھەبوو حوکم بکەن و دەسەڵات بەڕێوەبەرن، ٢٠٠٣ خاڵی کۆتایی لەسەر دواچاپتەری مێژووی کۆنی عێراق دانا، و سەرەتای نووسینی پەرەگرافی مێژوویەکی نوێی بۆ ئەم دەڵەتە دەستپێکرد، بەوەی کە چیدی ناتوانرێ بیلادی نێوان دوو رووبارەکە، لەلایەن یەک کەس یا یەک حزب یا یەک مەزھەب رەشمەگیر بکرێ. بەو ھۆیەشەوە ھەموو ئەو ھێزانەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق خەریکی مانۆڕی سیاسین ناتوانن تاک لایەنە بڕیار بدەن و عێراق بەڕێوەبەرن گەرچی لە ھەڵبژاردنیشدا حزبێکی زۆرینەی پەرلەمانیان بۆخۆیان مسۆگەر کردبێ یاخود شەقامیان کۆنترۆڵکردبێ.!
لەگەڵ ئەو راستیەی سەرەوەشدا، گەر بە قوڵی و وردی لە رووداوەکان وردبینەوە لەوە تێدەگەین، کە فەزای شیعەگەری و بۆچوونی ئیمامەکانی ئەو مەزھەبە، فەزای گشتی ئەم دەوڵەتیان قۆرخ کردووە، بەجۆرێک گەر نەتەوەو مەزھەبێکی تر بیەوێ بەشداربێ لە بەڕێوەبردنی وڵات ئەوا بەبێ ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ھێزو مەرجەعە شیعیەکان کارێکی مەحاڵە.
جا ئەو قەوانەی کە ھەموو جارێ ھێزە ناشیعیەکان، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لێی ئەدەنەوەو داوای پاراستنی دەستوورو جێبەجێکردنی دەکەن، لای ھێزە شیعیەکان وەک کارتێکی سوتاو لێی دەڕوانرێ، چونکە لای ھەموان ئاشکرایە ئەو دەستوورە لەسەروەختێکدا بڕگەو ماددەکانی نووسراونەتەوە کە ھیچ کام لە ھێزە عێراقیەکان شوێنپێی خۆیان وەک ئێستا قایم نەکردبوو، بەتایبەت ھێزە شیعیەکان، ھەربۆیە تا بۆیانبکرێ بەئاشکراو ژێر بەژێر خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەدزنەوە، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئەو مۆرکە شیعیە زاڵەی کە بەسەر فەزای گشتی عێراقەوە وەک پێناس و ناسنامەی دەوڵەت خۆی مانیفێستکردووە.


٢-شیعەو جیاوازی
دەکرێ بڵێیین، جیاوازی یەکێکە لە سیما سەرەکیەکانی دەوڵەتی عێراق، جا ئەم سیمایە زۆرجار بۆتە فاکتەرێکی خراپ بۆ عێراقیەکان و ھەندێک جاریش وەک خاڵێکی باش بۆ سیاسەتکردن و پێکەوەژیان لێکدراوەتەوە، بەڵام شیعەکان زۆر ژیرانە کاریان لەسەر ئەوەکردووە کە باش و خراپی ئەم تایبەتمەندیە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاربھێنن، ئەمەش لە رێگەی پیادەکردنی رێسای پەرتکەو سودمەندبە (فرق تسد)، تەنانەت ھێزە شیعیەکان بەوە ناوەستن کە ئەم جیاوازیە بێتە موڵکی ھێزەکانی دەرەوەی خۆیان، بەڵکو مەبەستیانە دواجار ئەو جیاوازیانە بکەنە ئەجێنداو سیاسەتی خۆیان، بە نموونە پاش ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق جگە لە ھێزە شیعیەکان ھێزە سوننی و کوردیەکانیش ناکۆکی گەورەو قوڵیان ھەبوو لەسەر پۆست و دەسەڵات چ لەگەڵ خۆیان چ لەگەڵ حکومەتی عێراق، ناکۆکی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ناکۆکی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فێدراڵی لەسەر ناردنەدەرەوەی نەوت و نایاسایی گرێبەستە نەوتیەکان لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ناکۆکی و داواکاری سوننەکان بۆ گۆڕینی دەستوور.
پرسیارەکە ئەوەیە، ھێزە شیعیەکان چۆن ئەم جیاوازیانەیان لە بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیان بەکارھێنا؟ ئەوەتا سەدریەکان پاش کشانەوەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ھەڵوەشاندنەوەی دادگای فیدراڵی و گۆڕینی دەستوور ئەکەن کە ئەوەی یەکەمیان یەکێکە لە داواکانی پارتی، و دووەمیشیان داوای لە مێژینەی سوننەکانە، تەنانەت رەتکردنەوەی (سودانی )و پشتگیریکردنی (کازمی ) لەلایەن تەییارەوە دوور نیە بەقازانجی بەرھەم ساڵح نەشکێتەوە، گەر سەدریەکان پێداگریەکەیان لەسەر گۆڕینی کاندیدەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران سەربگرێ و کازمی لە جێگەکەی خۆی بھێڵنەوە، ئەوا لەملاوە دوور نیە چوارچێوەی ھەماھەنگیش لەبەرامبەر ئەم داخوازیەدا، بەرھەم ساڵح بھێڵێتەوە کەدڵخوازی سەدریەکان نیە.
بەمشێوەیەش ناکۆکیەکان، لەناکۆکی( کورد -کورد) یا (سوننە- شیعە) دەکرێنە ناکۆکی (شیعە_ شیعە) ، بەمەش شیعەکان ھەرخۆیان یاریکەری سەرەکی و ھەرخۆشیان راھێنەری گەمەکەن، بە پێکھاتەکانی عێراق دەڵێن، عێراقێکمان نیە لەدەرەوەی خولگەی ھێزە شیعیەکان بخولێتەوە، و ناسنامەیەکی ھەبێ کە ئیمزای سەرجەم پێکھاتەکانی لەسەربێ، بەڵکو ئەوەی ھەیە لە پەراوێزی سیاسەت و ئەجێندای شیعەدایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×