هەلومەرجی سیاسی عێراق و ئاینندەی سیاسی کوردستان...

عەبدوڵا مەحمود
  2022-08-10     490

ئەزمەی ئابوری و سیاسی و حکومی و شکستی سیاسەت و ئەلگۆی بەش بەشێنەی دەسەڵات و ململانێی ناوچەییەکان لە گۆرەپانی عیراقدا، زۆربوونی دەستێوەردانی ئیران و تورکیا بەدوای پاشەکشەی هێزەو سەربازیی و مەیدانیەکانی ئەمریکا، لێکەوتەکانی ئەزمەی ئابوری جیهانی و جەنگ لە ئۆکرانیا... بۆرژوازی عێراقی لەگەڵ ئەزمەیەکی قوڵ و کەم وێنە رووبەڕووکردووە، لەلایەکەوە ریزەکانی بۆرژوازی لێکترازندووەو لەلایەکی تریشەوە، ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی لەگەڵ سەختیەکی زۆر بەرەو روو کردۆتەوە. ململانێی باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی بۆ پێکهێنانی حکومەت "حکومەتی بەش بەشینە و هاوبەش، یان حکومەتی زوربە، لە ژێر کاریگەری و نەخشەی قوتبە ناوچەییەکان و هەلومەرجی تازەی جیهانیدا، بەرینتر بۆتەوە، لایەنگرانی ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری حکومەتی سازان و بەش بەشینە و هاوبەش نابن و توانای پیکهێنانی ئەم جۆرە لە حکومەتیش رێگایەکی بن بەستە و لایەنگرانی حکومەی زوربە ناهێڵن جارێکی تر حکومەت بە ئەلگۆی رابردووەوە پێ بچەقێنێ. سازان و پیکهێنانی حکومەت و تێپەراندنی ئەزمەی حکومەتیش ناتوانێت بۆرژوازی عێراقی لەو ئەزمە قوڵ و سەراپاگیرە رزگار بکات، کە پرسی پێکهێنانی حکومەت تەنها گۆشەیەکی پێک دەهێنێت. بۆرژوازی عێراقی ئەگەر حکومەتیش پیکبهێنێت، حکومەتێکی لاواز و تەنها لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە و توانای وەڵامدانەوەی بە هیچ کام لە گرفتە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی عێراقی نابێت. کێشەی بۆرژوازی عێراقی، تەنها پرسی پێکهێنانی حکومەت نییە، بەڵکو کاریگەری ئەزمەی ئابوری جیهانی، کۆتاییهاتن و بن بەستی یەکجاری هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی دنیای یەک قوتبی، پێگرتنی بە کردەوەی قوتبی تر و جەنگی ئابوری و سیاسی و سەربازی ئەو قوتبانە لە چوارچێوەی ئارایشی تازەی دنیای چەند قوتبیدا.... نارۆشنی بۆرژوازی عێراقی لە ئارایش و هاوپەیمانیەتە تازەکان و لەچاوەروانی مانەوەی، تا دەگاتە لاوازی حکومەت لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتداریتی و یاساییدا، مانەوەی میلیشیاکان، دەستێوەردانی دەرەکی و زیاد بوونی، نەتوانیینی وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین خواستەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، بوونی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری فراوان...تاد... هەموو ئەوانە بۆرژوای عێراقی لە تونێلیکی داخراودا راگرتووەو رۆشنایی ئەو سەری تونێلەکەش دیار نییە.  

 

ئەم دۆخە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و عێراقدا، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی هەرێم داناوەو بۆرژوازی کوردی لەگەڵ ئەزمەیەکی قوڵی ئابوری، سیاسی و حقوقی... بەرەو رووکردۆتەوە و توشی سەرەگیژە بوون و ئاسۆیەک و رێگایەکی رۆشن بۆ خۆ پێوە هەڵواسین شک نابەن و لە حاڵەتی چاوەروانیدا قەتیس بوون. ئەوە بەجیا لەوەی، ئەوە هەرێم و دەسەڵاتەکەیەتی کە ناچارە وابەستە بەدۆخی عێراق بێت و کاریگەرییەکانی بە جەستیەوە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتی هەرێم ناتوانێت هیچ کاریگەری و لێکەوتەیەکی کارای لەسەر عێراق و دەسەڵاتەکەی هەبێت.  

بۆرژوازی عیراقی لەگەڵ ئەوەدا لەژێر کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەزمەی ئابوری جیهانی و ململانێی هەمەلایەنەی قوتبە جیهانی و ناوچەییەکان و دەستێورەدانی دەرەکیی... دەناڵێنی، و لە تونێلێکی داخراودا گیری خواردووە، بەڵام هێشتا توانایی ئەوەی هەیە بچێتە جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئەڵقە لاوازەکانی لەناوخۆی عێراقدا. لەو چوارچێوەیەدا هەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی هەژموونی سیاسی و ئەمنی و حقوقی بەسەر ئەڵقە لاوازەکانیدا، لە عێرقدا بە ڕیگایەک بۆ بە‌هێزبوونی خۆی بەدەستەوە گرتووە. پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان، پێکهێنانی حکومەتی زوربە، گێرانەوەی هەژموونی بەسەر پرسی نەوت و غاز و سنور و دۆسیەی سنورەکان و پرسی ئاسایشدا... گۆشە بەگۆشەی هەوڵەکانی بۆرژوازی عێراقن لە راستای قوتبیکردنەوەی دەسەڵات و کۆتاییهینانی یەکجاری بە ئەلگۆی هاوبەشیتی و بەش بەشینەو سازانی سیاسییدا. لەوچوارچێوەیەدا مامەڵەی تازە لەگەڵ هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان لە هاوسەنگیەکی تازەدا دەستی پێکردووە.

هێرشەکانی بۆرژوازی عیراقی و بۆسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و پەلکشکردنی دادگای فیدرالی بۆ ناو ململانێکانی لەگەڵ بۆرژوازی کوردا بە مەبەستی دەرهێنانی هەژموونی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەسەر پرسی نەوت و غاز و گرێبەستە نەوتیەکاندا، دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی خستۆتە بەردەم برگەیەکی مەترسیدار و کە وەکو سەرەتای دەستکورتکردنەوەی دەسەڵاتی بۆژوازی کورد دێت، بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

 بۆرژوازی لە عێراقدا بەدوای ئەوەوەیە هەر سێ دۆسیەی ئابوری و ئەمنی و بریاری سیاسی لەدەست دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەربهێنێت و تەنها دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیان بۆ بهێڵیتەوە، ئەم رەوەندە دەستی پێکردووە و بە خێرایەکی بەرجەستەوە لە چاو دوو دەهەی رابردوو دەچێتە پێشەوە، چەکی هەرە کاریگەر لەو راستایەدا، لە قەڵەمرەوی ئابورییەوە بۆ دۆسیەی نەوت و غاز و داهات و بودجەدا، دەچێتە پێشەوە.

 

بۆرژوازی کورد لەبەرامبەر بەدۆخی سیاسی جیهان و ناوچەکەو زۆربوونی رۆڵی وڵاتانی دەوروبەر لە هەرێم و سیاسەتەکانی بەغدادا، بێ وەڵام و بێ بژاردەیە، لەلایەکەوە قیبلەی بۆ پرسی ئەمنی و سیاسی بەغدایەو لەلایەکی تریشەوە نایەوێت دۆسیەی ئابوری و بریاری سیاسی بەتەواوەتی لەدەست دەربچێت. گیرۆدەی پەیوەندییەکانییەتی بە وڵاتانی ناوچەکەوە،  ئەو وڵاتانەی هیچ جێگایەکی فەرمی بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بەرەسمی ناناسن و لە باری حقوقیەوە هەرێمی کوردستان بە بەشیکی جیانەکراوە لە عێراق تەماشا دەکەن و لەگەڵ هەر ڕیکەوتنێکیاندا لەگەڵ بەغدا، ئامادەن ببنە هاوکاری بەغدا بۆ کۆتاییهینان بەو واقعیەتەی لە ساڵی ١٩٩١ وە لە کوردستاندا داسەپاوە. مامەڵەی وڵاتانی دەوروبەر لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم، وابەستەی هیچ ڕیکەوتننامەیەکی دیاریکراو و دانپیانراو نییە لەشێوەی پەیوەندی وڵاتان بە دەسەڵاتێکی بەرەسمی ناسراوەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیەو هەوڵەکانی بۆرژوازی عیراقی و بۆ لەقاڵبدانی دەسەڵاتی هەرێم و کورتکردنەوەی و نەهیشتنی هەژموونی سیاسی و ئابوری و حقوقی بەسەر هەرێمدا، سەرجەم بۆرژوازی کوردی خستۆتە مەنگەنەوە. ریزی بۆرژوازی کورد، بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە بێ تواناو بێ ئەلتەرناتیفن لەبەرامبەر  هیرش و نەخشەی بۆرژوازی عیراقی لەچوارچێوەی ئارایش و هاوسەنگی تازەی دۆخی عێراقدا. بن بەستی بۆرژوای کورد و بێ ئاسۆیەکەی بەو ئاستە گەیشتووە کە هەموویان و بەئاوازی جیاواز جیاواز قەوانی هەرەشەی سەر قەوارەی هەرێم لێدەدەن و دەیانەوێت جەماوەری کوردستان بکەنە هاوبەشی شکستیان لە بەرامبەر بە بۆرژوازی عێراقیدا.

 

 بۆرژوازی کورد، بەجیا لەوەی بێ توانا و بێ بژاردەیە لە وەڵامدانەوە بەداخوازییەکانی بۆرژوازی عێراق و نەخشەکانیدا بۆ کورتکردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، هاوکاتش بەهۆی کارنامەی ٣٠ ساڵەی رابردوو  قڵشتی بێ چارەسەری لەگەڵ چینی کریکارو جەماوەری بێبەشدا و پەرەسەندنی رۆژ بەرۆژی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، نەک لەهیچ پشتیوانیەکی جەماوەری بەهرەمەند نییە، بەڵکو خودی جەماوەری کوردستان دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بە وێنەی دەسەڵاتێکی تاوانبار دەبینن و خوازیاری کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەن. دیارە دژایەتی خەڵکی کوردستان و نارەزایەتیان لە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەمانای پشتیوانی لەدەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی و ئومێد بەستن بە بەغدا نییە.

  بۆرژوای کورد دەیەوێت لە رێگای گفتوگۆ و ناردنی وەفد و بە وەگەرخستنی جوڵەی دیبلۆماسی و نیوەنگیری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکەوتنێکی تر لەگەڵ بەغدا و هیزە دەسەڵاتدارەکان بکات، بەڵام هەوڵی ریزەکانی بۆرژوازی کورد، بە دەستراگەیشتن بە ریکەوتنێکی تر لە ژێر گوشاری بۆرژوازی عێراقیدا، هەوڵێکی بن بەستە، چونکە ریشەی سەرەکی ئەزمەی بۆرژوازی کورد، لە واقعیەتی سیاسی و ئابوری کوردستان و ناتوانایەکانیدایە بۆ بەڕیوەبردنی کوردستان.

هەرەشەی سەرەکی سەر دۆخی هەرێم، خودی بۆرژوای کورد و دەسەڵاتەکەیەتی، کە لەلایەکەوە فیدرالیزمی قەومی کردە بژاردەی سازدانەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم وبەغدا لە پێناو دەستگیربوون لە پۆست و داهات و بودجە، و لەلایەکی تریشەوە بۆ دریژەدان بەدەسەلاتی داسەپاوی میلیشایی، جێگایەکی بۆ یاسا و مافی هاوڵاتی ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگە نەهێشتەوە.

بۆرژوازی کورد پرسی سیاسی کوردستانی وەکو سەرمایە و کارتێک بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی مەرکەزیدا بەدەستەوە گرتووەو ململانێی لەگەڵ بەغدا لەسەر پۆست و بودجەیە... لە کاتێکدا پرسی سیاسی کوردستان پرسی بودجەو داهات و پۆست نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە بە باگراونیکی میژووی و وەکو بەشیک لە پرسێکی نەتەوەیی لە ئاستی ناوچەکەدا.

دەسەڵاتی هەرێم و هاوکات دۆخی هەرێم ناتوانێت ئاوا بمێنێتەوە... ئەوە رەوەندێکی پێشتر پێشبینیکراو بووە، ئەگەر لەدوو دەهەی رابردوودا دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد توانیویەتی بمێنێتەوە و ئاڵوگۆی کەم روویداوە، پەیوەندی بە لاوازی دەسەڵاتی ناوەند و بەغداوە هەبووە، بەهەر ئەندازە بۆرژوازی عێراقی پشتی لە ژێر ئەزمەو گرفتە ئابوری و سیاسی و حکومەتیەکەی راست دەکاتەوە و بەو ئەندازەیەش دەسەڵاتی بەرەو قوتبکردنەوە و زاڵکردنی هەژموونی بەسەر تەواوی عێراقدا دەباتە پێشەوە و بەپێی لاوازی و تواناییە سنوردارەکەی لە ئەڵقە لاوازەکانەوە دەست پێدەکات، لە عێراقدا دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە لەهیچ پشتیوانیەکی فەرمی و حقوقی پیناسەکراو و دانپیانراو لە ئاستی ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا بەهرەمەند نییە، ئەڵقە لاوازەکەیە... دیارە بەو هۆیەوە کە بۆرژوازی کورد، تا ئێستا رووبەروو لەگەڵ ئەڵتەرناتیڤێکی جیاواز و پیشکەوتنخواز چەپ و کۆمۆنیست بەهێز نییەو ئەڵتەرناتیفێکی تر نەیتوانیووە ببێتە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە، کە ئەوە بۆشایەیەکی زۆر بەرجەستەو هۆکارێکی هەمیشەیی لە چاوەروان مانەوەی جەماوەر بووە بۆ وەشاندنی گورزی کوشندە لە دەسەڵات. هاوکات جەماوەری کوردستان هیچ ئاییندەیەکی باشتر بە کۆتاییهاتنی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن بۆرژوازی عێراقیەوە، نابینێت و لە بنەرتیشدا ئاییندەیەکی باشتر لە بۆرژوازی عێراقی چاوەروان ناکرێت. ئەم واقعیەتە پێداویستی بەدیل و رەوتێکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی کردۆتە راستیەکی حاشا هەڵنەگر. زەمینەی ئەوەی چەپ و کۆمۆنیزم ببێتە ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی بۆرژازی کورد ئامادەیە، بەو مەرجەی چەپ و کۆمۆنیزم بتوانێت ببێتە هەڵگری ویستەکانی خەڵکی کوردستان چ بۆ ماف و دواخوازییەکانی لە ژیان و خزمەتگوزاریی و ئازادییەکان و مافەکانی و چ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بۆرژوازی عێراقی و بەدەستەوە گرتنی ڕیگاچارەی کارساز بۆ چارەسەری پرسی کورد.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×