چۆن حیزب لای خەڵک ڕێزدار دەبێت؟

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2022-08-10     453

لەناونیشانی وتارەکەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە دەشێت حیزب لەلای خەڵک خۆشەویست نەبێت و بگرە قێزەونیش بێت! چونکە ئەگەر ئامانج لەم وتارە خستنە ڕووی  ڕێگەکانی ئاشتکردنەوەی حیزب بێت لەگەڵ خەڵک و نیشتیمان، کەواتە حیزب هەیە کە پشتی کردۆتە خەڵک و گەل زۆر بێزارە لێی و لەهەوڵی دوورخستنەوەیدان لە کایەی سیاسی ئەو وڵاتە. لێرەدا قسە لەسەر ئەوەناکەم کە حیزب بۆ دەگاتە ئەوەی خەڵک لێیبێزاربێت، بەڵکو ئامانجی وتارەکەم ئەوەیە کە چۆن حیزب لەگەڵ خەڵک ئاشتبکرێتەوە و بەبڕوای من کارێکی زۆر ئاسانە بەمەرجێک ئەو حیزبە کورد وتەنی  لە گرێژنە دەرنەچووبێت!

حیزبیكی سیاسی نییە لەپێناو خۆشگوزەرانی و ئازادیی  گەل و سەربەخۆیی نیشتیماندا دروست نەبووبێت، واتە لەکاتی دامەزراندنی حیزب و نووسینی پەیڕەو وپرۆگرامی حیزبدا، لەکاتی دیاریکردنی ئامانجە دوور و نزیکەکانیدا هیچ کاتێک حیزبێک نییە بڵێت ئامانجم بەدەستهێنانی پارەو سامانە و هەوڵ دەدەم ببمە کوێخای خەڵک و چیم بوێت بیکەم! بەڵکو دەڵێت و دەنووسێت ئامانجمانە بگەینە دەسەڵات تا خزمەتکاریی خەڵک بکەین و دادپەروەری وخۆشگوزەرانی بهێنینە دی! کات دێت و کات دەڕوات و هەندێک حیزب دەبنە مۆتەکەی سەر گەل و شوێنیان لە دەرەوەی ناخی خەڵکە و بەرەو کۆتاییەکی نادیار دەڕۆن و نەبوونیان باشترە وەک لە بوونیان! خۆ ئەگەر حیزب لەسەر ئاغایەتی و بەکۆیلەکردنی تاکەکانی گەل بەردەوام بوو و بیری نەمابوو کە ئەو خزمەتکاری خەڵکە و هەموو خەڵکی کردبوو بە خزمەتکار،  ئەوا کۆتاییەکەی زبڵدانی مێژووە، جائیتر درەنگ و زووی تووڕدانی دەکەوێتە سەر چەندین هۆکار! لێرەدا کارم بەوەشەوە نییە چونکە وا دادەنێم کە ئەو حیزبە چەند کەسێکی دڵسۆزی تێدایەو دەکرێت بهێنرێتەوە سەر ڕێگای ڕاست  و نەگاتە ئاستی نەگەڕانەوە ، ئائەمە گرنگە کە ئەو کۆمەڵە خەڵکە چی بکەن تا لەلای خەڵک خۆشەویست ببن و حیزبەکەشیان ڕێزدار و جێی شانازی بێت؟ هەڵبەت لێرەدا مەبەست حیزبێکە کە گەیشتبێتە دەسەڵات و جڵەوی حوکمی وڵاتێک یان ناوچەیەکی بەدەستبێت و فەرمانڕەوایی بکات، ئەگینا حیزبێک کە نەگەیشتبێتە حوکمداریی دیار نییە چۆن دەسەڵات بەکاردێنێت کاتێک دەگاتە سەر لوتکەی فەرمانڕەوایی!

یەکەم هەنگاو یەکەیەکەی ئەندامەکانیان دەرس دابەن کە نیازیانە چی بکەن، چونکە گەندەڵکاران و ئەوانەی کە حەز بەمەلەکردن لە ئاوێکی لێڵدا دەکەن هەرگیز گەڕانەوە یان چاکسازیان پێخۆش نییە. لێرەدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەندامان دەردەکەوێت و هەندێک واز دەهێنن و هەندێکی تریش دەبێت دەربکرێن و هەندێکیش سزا بدرێن.. دەبێت سەرکردە و کەسانی دیاری ئەو حیزبە هەموو ڕۆژێک بچنە ناو خەڵکەوە و ئەو کەلێنەی کەلەگەڵ گەلدا دروستبووە کەمی بکەنەوە و تا تەواو درز نامێنێت. چوونە ناو خەڵک چۆن دەبێت؟ گرنگترین شت کە دەبێت کاری لەسەر بکەن وتاربێژییە و قسەزانییە، بەڵام دوور لە درۆکردن. بەبڕوای من سەرکردەیەک توانای وتاربێژیی نەبێت و هەر دێڕە نووسراوەکان بخوێنێتەوە نابێتە سەرکردە، ئیتر زەمانە و ڕێکەوت دەیکات بە سەرکردە بەڵام ڕاستەقینەنییە و بەردەوام نابێت. کورد دروستی وتووە: کاتێک ئاو لە سەرچاوەی چەمەکەوە پیس بوو لە خوارەوە ڕوون نابێت، بۆیە دەبێت کەسانی سەرکردە و بەرپرس و خاوەن توانا لە حیزبدا پاک بن و نەترسن ، بێگومان ئەگەر پاکبن ناترسن و ئەوکاتە سەرکردە دەتوانێت گەندەڵکاران سزا بدات و لە بەرپرسیارێتی دووریان بخاتەوە کە ئەمە متمانەی حیزب لەلای خەڵک بنیات دەنێتەوە. سەرکردە دەبێت دوور نەبیت لە خەڵک و لەنزیکیانەوە بژی و ڕۆژانە کە دەچێت بۆ سەرکار خەڵک بیبینن تا بزانن سەرکردەکەیان تا چەند پابەندە بە کات و ڕێزی کات دەگرێت. دەبێت شوێنی ئیشی سەرکردە دیار بێت( ئیتر خانووە یان کۆشکە ) و ئەو شوێنە زۆر دوور نەبێت لە ناوجەرگەی شار، واتە نابێت لەسەر شاخێک یان لە دۆڵێکی دابڕاو بێت و کەس نەتوانێت بیگاتێ! 

کاتێک حیزب خۆشەویست دەبێت کە کادرەکانی بەرامبەر بە ڕاپەڕاندنی ئیشی خەڵک پارە وەرنەگرن و گەندەڵکارنەبن، واتە زۆربەی کارەکانی ئەندامانی حیزب خۆبەخشانەبێت. کادری حیزبی نابێت مووچەی لەلایەن حیزبەوە بۆ بڕابێتەوە، چونکە پێویستە حیزب هێندە پارەی نەبێت کە سوپایەک لە خەڵک بەخێوبکات !  باشترە حیزب بارەگای نەبێت یان هەر نەبێت زۆر کەمی هەبێت، کارێکی زۆر خراپە کە هەر گەڕەک و لادێیەک بارەگای حیزبی لێبێت و ببێتە شوێنی چاو قاوە خواردنەوە! حیزب کاتێک خۆشەویست دەبێت کە بارەگا گەورەکەی بدات بە وەزارەتی تەندروستی یان وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی سوودی لێببینن و بەمەش سەرنجی گەل ڕادەکێشێت کە ئەو حیزبە شتی باشی بۆ خەڵک دەوێت نەک بۆ خۆی. هەرگیز کۆشک و تەلار و قەڵا پشت و پەنای حیزب نەبووە و ناشبێت بەڵکو گەل دەتوانێت هاوکاری حیزب و کۆمەڵەکان بێت! حیزب دەبێت ژمارەی بانکی هەبێت و ماڵ و سامانی ڕوون و ئاشکرا بێت، ئەگەر تاکێکی وڵاتەکەی ویستی بزانێت حیزب چی هەیە یان سەرکردە خاوەنی چەندە ڕێگری لێنەکرێت. حیزب کە لەدەسەڵات بوو نابێت هێزی چەکداری هەبێت، چونکە خۆ ئەو لە قۆناغی شۆڕشگێڕیدا نییە، پێویستە هێزی سەربازی لە ژێر دەسەڵات و فەرمانی وەزارەتی پەیوەندیداردابن و بەقسەی فەرماندەی حیزبی نەکەن! حیزب کە خۆشەویست بوو گەل پارێزگاری لێدەکات و پێویست بە چەکدار ناکات تا بە چواردەوری کۆشک و قەڵاکانیدا بسووڕێنەوە و چاو لە خەڵک سووربکەنەوە! کاتێک ئەندامێکی حیزب هەڵەدەکات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سزا وەربگرێت و چاوپۆشی لێنەکرێت چونکە نزیکی لەگەڵ سەرکردەی حیزب هەیە.

باشە ئەم چەند ڕێکار و هەنگاوە ساکارانە ناکرێت لەلایەن حیزب و سەرکردەکانییەوە جێبەجێبکرێت و سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێ مسۆگەربکرێت؟ خۆ ئەگەر حیزب ئاوانەبوو و ڕەوشتەکانی پێچەوانەی ئەم سیفاتانە بوو ئەوا بەتەمای دەرچوون نەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یان دەبێت بە ساختە دەربچێت، کە ئەمەش تەمەنی کورت دەبێت و حیزبەکەش لەلای خەڵکی خۆشەویست نابێت!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×