ئایا پارتیی و ڕاوێژکارەکانیی، نەگبەتییەکی تر بەسەر کورددا دێنن!

شه‌ریف عەلی
  2022-08-14     859


ڕونە دۆخی عێراق لە نێوان دوو بەرەی جیادا، دابەشبون! لەم ساتەوەختەدا کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە شۆڕشێکی سەرشەقامیی دان و ڕێگانادەن پەرلەمانی عێراق دانیشتن، ئەنجام بدات، کەچی ئاری ھەرسین بە نوێنەرایەتی پارتیی «چونکە ئاری ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە»، ڕایدەگەیەنێت: ''پەرلەمانی کوردستان بۆ دانیشتنی پەرلەمانتارانی بەغداد کراوەیە!''.

ئەمە نابەرپرسیارێتیی پارتییە کە بەرانبەر خەڵکی شۆڕشگێڕی مەدەنی عێرق و بەرانبەر بە سەدر ڕایدەگەیەنن!

پارتیی بۆچی و لە پێناو چی دا پەیامێکی ئاوا دەدات؟ بۆچی زۆرینەی خەڵکی سەرشەقامیی عێراق دەکات بەگژی کورد دا!؟

پارتیی دەیەوێت بەم پەیامەی، چ پەیامێک بۆ ھاتنەکەی ھادی عامری، بدات!!

سەرەڕای گەندەڵییەکانی، ھەندێکجار پارتیی نابەرپرسیاریارانە مامەڵەی کردوەو، بەوھۆیەشەوە کوردستانی دوچاری گرفتی گەورە کردوە. بۆ نمونە:-

چەند مانگێک پێش ڕیفراندۆم، «کە من ئەوکات لە بابەتێکم دا رامگەیاند کە مەسعود بارزانیی دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا بقۆزێتەوە بە چەسپاندنی کۆنفیدراڵیی بۆ کورد، بەلام کەس گوێی بۆ نەگرتم، چونکە لە کوردستان گوێ بۆ مرۆڤی دەمدرێژ دەگرن، تا بۆ ئەو کەسانەی بە توانای زانستییان لە بوارەکانی مێژوویی و سیاسیی و دبلۆماسییەت دا پێگەشتون!». 

بەھەرحاڵ، چەند مانگێک پێش ڕیفراندۆم، یەکێتیی داوای لە نێچیرڤان کرد کە بڕوات ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ ڕوسیا دا بکات.

خوێنەرانی ئەوکاتە شاھیدن، بە بابەتێک ئاماژەم بەوەدا، ''گەر نێچیرڤان بچێت بۆ ڕوسیا و ڕێکەوتنی نەوتیی لەگەڵ ڕوسیا ئەنجام بدات، ئەمریکا و بەریتانیا تۆڵە لە کورد دەکەنەوەو کورد باجەکەی دەدات. چونکە تەنانەت سعودییە بەو زەبەلاحە ئابورییەی خۆیەوە ناتوانێت ھەنگاوی وا بنێت، کورد لەم ساتەوەختەدا کە پێش ڕیفراندۆمە، چۆن دەبێت ھەنگاوی وا بنرێت!؟ چونکە تۆ دەبێت خۆت بۆ ئەمریکا «خۆرئاوا» بسەلمێنیت کە ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەوانیت! نەک ئەوەی بتەوێت پەتپەتێنی نێوان ململانێی ئەمریکا و ڕوسیا بکەیت، چونکە ئەوە بە قەوارەیەکی وەک ھەرێم ناکرێت!''.

ئەوەبو، لە پاش ڕیفراندۆم، ئەمریکا و بەریتانیا بێلایەن بون. یەکێتییش زەمینەی بۆ خۆش بو کە کەرکوک و خانەقین بە ئێران بدات!

بەھەرحاڵ، لە چەندین بابەتم دا، کە زۆرێکیان لە سایتی ئاوێنە بڵاوم کردەوە، ئاماژەم بەوەدا کە مەسعود بارزانیی ھەڵەیەکی ستراتیژی دەکات کە ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکات. بەڵام کەس گوێی نەگرت! 

عاقیبت دیمان، ئەوەی پلانەکانی سەدری شکست پێھێنا لەوەی حکومەت پێکبھێنێت، بەھۆی کاندیدەکەی پارتییەوە بو. چونکە ڕکابەرەکانی سەدر بە ئاسانیی ئەوەیان لە دژی سەدر+پارتیی+زۆرینەی سونەکان قۆستەوە!

ڕاوێژکارەکانیی نێچیرڤانیش، بەردەوام بون لەوەی نێچیرڤان بە ھەڵەدا ببەن. بۆ نمونە:-

 نێچیرڤان ڕایگەیاند کە ھەرێم ئامادەیە دەستپێشخەریی ئاشتەوایی نێوان سەدر و مالیکی بکات!

ئەم دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان و ڕاوێژکارەکانیی، سۆز «عاتیفە»ی بەسەردا زاڵ بو، نەک بیرکردنەوەی عەقڵانیی-سیاسیی! چونکە نێچیرڤان و ڕاوێژکارەکانیی بیرکردنەوەیان پەی بەوە نەبردبو کە سەدر بەوشێوەیە بتوانێت شەقام بجوڵێنێت و، ڕیسەکەی ئێران-مالیکی بکاتەوە بە خوری. بۆیە دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان «سەرۆکایەتی ھەرێم»، بە بێ ئەوەی سەدر گرنگی پێ بدات: شکستی ھێنا!

 تۆ چۆن دەبێت حساب بۆ پێگەی خۆت نەکەیت و، سەرۆکی ھەرێم بیت بە دەرزەنێک ڕاوێژکارەوە، کەچی بە بێ شەن و کەوکردنی دۆخەکە، ئینجا بە بێ زەمینەسازیی، لە خۆتەوە دەستپێشخەری ڕابگەیەنیت، کە گرنگی بە دەستپێشخەرییەکەت نەدرێت!؟

لە ڕۆژی ٢٠ ی ٧، دا بابەتێکم بڵاوکردەوە، بە ناونیشانی: «پارتیی ھەڵەیەکی ستراتیژی تری کردەوە!».

لەو بابەتەدا، بە چەند دێڕێک شیکاریشم بۆ ھەڵە تێگەشتنەکانی، عادل باخەوانی پسپۆڕی کۆمەڵناسیی و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ھەرێم کرد، کە نێچیرڤان بە ڕێڕەوی ھەڵە دا دەبەن!

عادل باخەوان، کاتێک قسە بۆ تەلەفزیۆنی ڕوداوی پارتیی دەکات، وەک ئەوەی مەلێک بێت بەسەر دەریادا بفڕێت، خۆشخەیاڵانە بە جارێک قسە لە نھێنییەکانی ناو کۆشکی سپیی و کۆبونەوە نھێنییەکانی خامنەیی، دەکات. بۆ نمونە:- چەندین جار دەیوت: ''ئەوە مەککۆرگە کە لە کۆشکی سپییەوە بایدنی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، گەڕاندەوە''.

ئەم بەڕێزە، بە بێ ئەوەی پسپۆڕی لە دبلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەکیی بێت، قسەی لەسەر نھێنییەکانی کۆبونەوەکانی کۆشکی سپیی و کاریگەرییەکانی مەککۆرگ لە ناو کۆشکی سپی، دەکرد!

دوو ڕۆژ، پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی سەدر، عادل باخەوانی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ھەرێم، دیسانەوە لە کەناڵی ڕوداوی پارتیی، سێ دێڕی خستەڕو کە من ھەر ئەوکات لەو بابەتەم دا، ئاماژەم بە لێکدانەوە ھەڵەکانی ئەم ڕاوێژکارە کرد کە نێچیرڤان بە ھەڵەدا دەبات، کە دەقاودەق ئەمەی خوارەوەم خستەڕو:-

''کشانەوەی کوتلەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، بە مانای ئەوە دێت کە گەورەترین ھێزی جەماوەریی عێراق باوەڕی وایە کە دیموکراسییەت و دەنگی زۆرینەی جەماوەر نابێتە ھۆی پێکھێنانی حکومەت لە عێراق دا. ئەمە ھەم پەیامێکی گرنگە بۆ ئەمریکا و، ھەمیش بۆ جەماوەریی عێراق و خۆراک دانە بە ناسیۆنالیزمی عێراقیی. سەدر بەوە ویستی پەیامێک بۆ ئەمریکا بنێرێت کە ھەمو ئەو پڕوپاگەندانەی کە ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا دەیکات کە گوایە لە عێراق دا سیستەمێکی دیموکراسیی ھێناوەتە کایەوە، دروست نین. بەڵکو کاریگەریی و دەستێوەردانی ئێران لە پێکھێنانی حکومەتی عێراق، لە دەنگی جەماوەریی عێراق، زیاترە. لەلایەکی دیکەش سەدر بەو ھەنگاوەی پەیامێکی بۆ جەماوەریی عێراق نارد کە پرۆسەی سیاسیی و دادوەریی لە عێراق دا ھیچ بەھایەکی بۆ عێراقییەکان نەماوەو، دژبەرەکانیی کارتی دەرەوەی شەقامی عێراقن لە دژی جەماوەریی عێراق «کارتی ئێرانن لە دژی دەنگی جەماوەریی عێراق».
سەدر ھەنگاوەکانی کاریگەر و بزوێنەرانە بوە. پێموایە سەدر بیلدۆزەری عێراقەو جەماوەر دەخاتەکار. ھەرچەندە عادل باخەوان لە کەناڵی ڕوداوی پارتیی دوێنێ شەو وتی: ''بیلدۆزەری عێراق بریتییە لە مالیکیی و، سەدر بە کشانەوەی کارتە سیاسییەکەی لە دەست داو، کارتە جەماوەریی و سەربازییەکانی سەدر ھیچ کاریگەرییەکی نابێ و،ھاتنی بایدن بۆ ئیسرائیل و سعودییە بەھۆی کاریگەری مەککۆرگ بوە لەسەر بایدن''.
بەلام ڕاست بەپێچەوانەی ئەو شیکارییانەوە، ھەم مالیکیی لە شکست دایە بەتایبەت بەھۆی بڵاوبونەوەی تۆمارە دەنگییەکانیی و، ھەم سەدر لەوپەڕی کاریگەریی دایە بەتایبەت لە ناو شەقامی عێراق و لە ئایندەش دەیبینین و، ھەمیش ئەوەی کە بایدن ئێستا دەیکات پلانی مەککۆرگ نییە. بەڵکو بایدن کە سەر بە پارتی دیموکراتە، لە ئێستادا ڕاستەوخۆ ئەجێندای پارتی کۆماری ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتایبەت بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەکات. چونکە مێژووی ئەمریکا نیشانی دەدا ھەرکاتێک جەمسەرە دژبەرەکانیی ئەمریکا وەک 'ئەڵمانیای ھیتلەر، ڕوسیای ستالین، تا دەگات بە ڕوسیای پۆتن'، جەنگ بێننە کایەوە، ئەوا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر نزیکتر دەبێتەوە «لە جێ بەجێکردنی ئەجێندای پارتی کۆماریی ئەمریکا بۆ سیاسەتی دەرەوە». چونکە کاتێک جەمسەرە دژبەرەکانیی ئەمریکا جەنگ دێننە کایەوە، گرنگ بۆ ئەمریکا ھێشتنەوەی بەرژەوەندیی و باڵادەستییە، تا مکوڕبون لەسەر چەمکەکانی دیموکراسییەت. بنەمای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەسەر بەرژەوەندیی بنیادنراوە، نەک دیموکراسییەت!''.

ئەمڕۆ، لەم بابەتەش دا جەخت دەکەمەوە، ئەوەی ئاری ھەرسین دەیڵێت: ''کە دەرگای پەرلەمانی کوردستان کراوەیە بۆ پەرلەمانتارانی عێراق کە بێن و لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەن''. ھەڵەیەکی تری پارتییە. چونکە بە بێ ئیعازی پارتیی، ئاری ھەرسین ناتوانێت پرسی ئاوا بوروژێنێت، چونکە ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە. لەلایەکی تریش، سەدر کە دوێنێ داوای خۆپیشاندانی یەک ملیۆنی کردوە، تۆ چۆن دەبێت بابەتێکی ئاوا ڕابگەیەنیت لە دژی ئەو شۆڕشە مەدەنییەی کە شەقامی عێراقیی گرتویانەتەبەر!

ھەر ھیچ نەبێت، دەکرا پارتیی لە ڕێگای ترەوە، نەک لە ڕێگاێ ئاری ھەرسینەوە، بڵێت: ''دەرگای پەرلەمانی کوردستان کراوەیە بۆ «یەک» کۆبونەوەی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق''.

ئەوکات بەمجۆرە دەربڕینە، ھاوبەشییەک لە نێوان داواکاری خۆپیشاندەران-سەدر و بەرەی ھاوئاھەنگی دەھاتەکایە. بەلام دەربڕینەکەی ئاری ھەرسین «کە لەسەر پارتیی ماڵە» وا دەکات شەقامی عێراقیی دژی کورد «ھەرێم» ھانبدات. تۆ کە لێکدانەوەت نییە کە گۆڕانکارییەکانی عێراق چی بەسەر دێ، ئیتر بۆچی ڕایدەگەیەنێت کە دەرگای پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، کراوەیە!

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەولەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×