ئایەتە شەیتانییەکان

پەیکار عوسمان
  2022-08-18     656

ئایەتی یەکەم

شەیتان لەوێوە کەوتە ناو بازنەی خراپەوە، کە وتی "من باشترم"،، دەی تۆش هەر لەوێوە ئەکەویتە ئەو بازنەیەوە. (فیکرەی جیاکاریی و پۆزی خۆ بە باشترزانی و وەهمی ئیگۆسەنتەری) دەرگای چوونە ناو ماڵی شەیتانە.

ئایەتی دووەم

نەتەوەی باڵا، دینی باڵا، مەزهەبی باڵا، ڕەگەزی باڵا، حەزارەتی باڵاو کۆی "باڵاییە جەماعییەکان"، هەمان وەهمەو فەرقی نیە بە چی وەهمەکەت دروستکردوە، بە هەرشتێ دروستیکەیت، بەوە لە قوڕەکەدایت. بەوە خۆت جیاکەیتەوە کە جەماعەتی خوای، هەر بەوە ئەبیتە پێڕی شەیتان.

ئایەتی سێیەم

مرۆڤی باڵا، ئەوەیە کە لە باڵاییە مەغرورە وەهمییە ڕاگەیەنراوەکانی ئایەتی دووەم خەبەری بۆتەوەو هەر بەوەش کەوتۆتە ناو باڵاییەکی خاکی و ڕاستەقینەی ڕانەگەیەنراوەوە.

ئایەتی چوارەم

خۆ بە باشترزانین، ڕاستەوخۆ ئەو بە خراپزانینە، شتەکە تەنیا دەمارگیری بۆ "س" نیە، بەڵکو فۆبیای "ص"یشە، یەعنی بتپەرستی بە یەک بت ناکرێ، هەمیشە دوو بتی ئەوێ، یەکێکیان ڕەش و یەکێکیان سپی، شەیتانەکانیش هەردوو بتەکەت بۆ دابین ئەکەن و ئیتر تۆش لە ڕێگەی شەڕو ڕق و دەمارگیرییەوە، خەریکی عیبادەت و بتپەرستییت.

ئایەتی پێنجەم

"خۆ بە باشترزانین" خۆدزینەوەیە لە "باشبوون". لەبری ئەوەی عەقڵ و ویژدان و هەموو هێزی ئاگاییت، بەردەوام لەکاردابێت بۆئەوەی نەکەویتە ناو خراپەوە، یەکجار هەوێ ی چاکە لە گروپێک وەرئەگریت و پاڵی لێئەدەیتەوە.

ئایەتی شەشەم

خوا یەکەو شەیتان دوو، یەعنی چاکە هەر خۆی بەسە، بەڵام خراپە، هەر خۆی نیەو هەمیشە پینەو پاساو و شتی تری لەگەڵدایە. ئا لێرەشدا "بەخشینی ڕووکەشگەرایی" هەر ئەبێتەوە بە ئایەتی شەیتان، چونکە هەر خۆی نیەو بانگەشەو مەبەستی تری لەگەڵدایە!

ئایەتی حەوتەم

خودا بانەی ڕۆحە، شەیتان سایەقێکە، ئەڵێ بە سەیارەکەی من نەچی حساب نیە. ئیتر تۆ هەرگیز ناگەیت، چونکە ئەسڵەن بانەیەک لەئارادا نامێنێ و سەیارەکان خۆیان ئەبن بە بانەو ئەکەونە دەعم دەعمێنە. خودا بە موسای وت نەعلەکانت لابە، یەعنی سەفەرەکە، ئەبێ خۆت بە تەنیا بیکەی بەبێ وەسیلە، ئەوەشی لێتبووە بە تاکە وەسیلە، هیچ نیە جگە لە جووتێ نەعل، کە ئەبێ لە حزوری حەقدا فڕێیدەیت.

ئایەتی هەشتەم

شەیتان کائینێک نیە لە دەرەوەی تۆدا، شەیتان خۆتی لە دەرەوەی خۆتدا. خۆتی ڕاستەقینەی تۆ، عەقڵ و ویژدان و ئاگایی تۆیە، خۆتەکانی تری تۆ، شەیتانەکانی تۆن.

ئایەتی نۆیەم

سوقرات وتی ژیانێک فەحسی نەکەی ژیان نیە، فەحسەکە فەردییەو بە عەقڵ و ویژدانی خۆت ئەکرێت، شەیتان تەفسیرێکی جەماعییت بۆ ئەکات بە عەقڵی بەدیل و ویژدانی بەدیل، ئیتر تۆ، بێ هەردوکیان ئەمێنیتەوە.

ئایەتی دەیەم

تۆ بە پیوەری ڕاستەقینەو بە هۆشیاری خۆت، ئەزانیت چی تاوانە، بەڵام پێوەری ساختەو هۆشیاری بەدیل، سەرت لێ تێک ئەداو تاوانێکت لێ ئەکات بە چاکەکاریی. لەڕاستییدا ئەگەر "ویژدانی بەدیل" لێگەڕێ، هەرگیز "ویژدانی خۆت" نایەڵێ نوسەرێک بکوژی لەسەر بیروڕا.

ئایەتی یانزە

ویژدانی فەردی کۆمان ئەکاتەوە، چونکە لە هەمووماندا یەکەو چاکە هەر چاکەیەو ڕۆحی هەموومان پێ ی ئاشنایە. وەلێ "ویژدانی بەدیل" پەرتکەرو فیتنەیە، چونکە ئەوەی لەناوماندا چاکە ئەناسێ، ئەیخەوێنێ و ئیتر بە ئارەزووی خۆی پێناسەی چاکەمان بۆ ئەکاتەوە. "ناسین" پرۆسەیەکی جوڵاوی زیندووەو "پێناسە" بتێکی وەستاوی مردوە.

ئایەتی دوانزە

فاستفودو بەدیلی بیرکردنەوە، لە کۆمەڵگاو نەریت و عەقڵی جەمعەوە وەرئەگیرێ و ئەگەر هەر هیچی دیارت دەست نەکەوت، بە نەزەرییەی موئامەرەو ترس لە نادیارێک دەبریکەو لەخۆتەوە بڵێ دەسی ماسۆنیەتە.. گرنگ ئەوەیە مەجالی بیرکردنەوەی تاک مەدەو خۆراکی عەقڵی گروپ دابینکە!

ئایەتی سیانزە

حەق لەوێدا ون ئەبێ، کە بە پیوەری "ئێمەو ئەوان" بیپێویت. ئیتر ئەو بڕە حەقەی کە لەولایە نایبینیت و ئەو بڕە ناحەقییەش کە لەملایە هەر نایبینیت و ئەو دوو کوێرییەش، یەکسانە بە چاوی شەیتان. "چاوی حەق" ئەوەیە کە ئازادە لە عەینەکی ئێمەو ئەوان و لە گۆشەی خودی ویژدانەوە سەیری دنیایەکی یەک پارچە ئەکات، نەک ئەوەی لە چاویلکەی ویژدانی بەدیلەوە سەیری دنیایەکی دوولەت بکات.

ئایەتی چواردە

فەرقی نیە بە چ ئایدۆلۆژیایەکی دینی نادینی ڕاست یان چەپ، کەوتویتەتە ناو هۆشیاری بەدیلەوە، گرنگ ئەوەیە شەیتانێک، لە ئاشتییەکی ڕۆحیی ناوەکییەوە، ئەتخاتە ناو شەڕێکی دووجەمسەریی دەرەکییەوە.

ئایەتی پانزە

"مردن" مرۆڤی سنوردارکردوەو کۆتایی پێ ئەهێنێ، ئەوەش فیکرەی "ناکۆتا"ی لا تەقاندۆتەوە، لوتکەو ئایدیاڵی ئەم فیکرەیەش خودایە. تۆش تەنیا لە ئازادییدا ئەتوانی دوای ڕەها بکەویت و ڕۆحی خۆتی تێدا بکشێنیت، لە قاڵبدا ناتوانی دوای ڕەها بکەویت و ڕۆحت گەورەبکەیت. بۆیە هەمیشە قاڵبەکان، ئایەتی شەیتانن و ئازادی ئایەتی خودایە. پێغەمبەرانیش هەر لەوێوە خودایین، کە دژەقاڵبن و ئایەتی ئازادی دنیاکەی خۆیانن!

ئایەتی شانزە

یەعنی هەموو شتەکان ئایەتی خودان و ئازادترینیان خوداییترینیانە. زانست لەمسەرەوە ئازادەو بەناو فەحس و تاقیکردنەوەدا هاتووە، لەوسەریشەوە هەر ئازادەو هیچ ڕێگرنیە لەوەی کە بیبەیتەوە ناو فەحس و هەڵیوەشێنیتەوە. ئایین لەمسەرەوە ئازادەو ڕامان و تەجروبەی ڕۆحی حەکیمێکە، لەوسەریشەوە هەر ئازادەو حەکیمەکە خۆی ئەیهێنێتە ناو ئارگۆمێنت و گفتوگۆی گشتی، بەڵام شەیتانەکان، بت و قاڵبی پیرۆزی لێ دروست ئەکەن و شەڕی سەپاندنی پێئەکەن.

ئایەتی حەڤدە

خۆ دوای شکاندنی قاڵبەکان، ناچینە دۆخی فەوزا، بەڵکو ئەوەی لە ئازادییەوە دێت، دۆخە ساختەکەی "پێکەوەیی" لائەباو دۆخە تەندروستەکەی پێکەوەیی ئەخاتە جێگای. قاڵب ئەو بتە تاریک و وەستاوەیە کە بنەماکەی دیارنەماوەو تۆ کوێرانە بەرگری لێئەکەیت و ئەیسەپێنی. بەڵام پێکەوەیی تەندروست، لەسەر ئەساسی زانینەو بنەماکەی دیارەو هەمووان ئازادانە لەسەری کۆئەبنەوە وەکو پەیمانێکی کۆمەڵایەتی. لەسەر ئەساسی ئەو بنەما دیارەش، ئیتر فۆڕمەکان نەرم و جوڵاون، یەعنی کە بنەماکە عەدالەتبێ، ئیتر گرنگ نیە فۆڕمی سیستەمەکە چی بێت، کە منو تۆ چاک بین، ئیتر گرنگ نیە باوەڕی منو تۆ چیە.

ئایەتی هەژدە

بیرکردنەوە وزەیەکی زۆر سەرف ئەکا، مرۆڤی سەرەتاییش بۆیە نەیتوانیوە قووڵ بیربکاتەوە، چونکە خۆراک و وزەی بایی ئەوەندە نەبووە، کە لە بیرکردنەوەی قووڵدا بیسوتێنێ. جیناتی تەمبەڵی و پشت بەستن بە بیرکردنەوەی ئامادەش، بەناو پەرەسەندندا ئا لەوێوە بۆمان گوازراوەتەوە.

ئایەتی نۆزدە

ئیتر تەمبەڵانە هەوڵ ئەدەین زۆرترینی شتەکان، بە فیکرەی ئامادە دەبر بکەین و لەبری ئەوەی وزە بسوتێنین، دۆپامینی خۆشحاڵی ئەڕێژین، چونکە خۆمان لە عەزێتی بیرکردنەوە لاداوە. سەیرکە کۆیلەکان زۆر خۆشحاڵن و بەدڵنییاوە کۆیلایەتی خۆیان ئەکەن، چونکە خۆیان لە عەزێتی گومانەکانی عەقڵ دزیوەتەوەو لەوەدا سەرکەوتوبوون!

ئایەتی بیست

ئازادبوون لەوێدایە، کە هاوکێشەکە عەکس بکەیتەوە، وابکەی خوو بە هۆشیارییەوە بگریت و بیرکردنەوە ببێ بە مەلەکەو نەتوانی خۆتی لێبدزیتەوە، ئیتر دۆپامینەکەش لە کاتی گەڕان بۆ ڕاستییدا بڕژێ، نەک لە کاتی تەمبەڵی و لەفەی ئامادەدا. خوداش بتی هیچ دینێک نیە، بەڵکو ڕەهای ئایدیا باڵاکانی مرۆڤە، مەسەلەن ڕاستی ئایدیایەکەو ڕەهاکەی ئەبێتە خودا، لێرەوە (اعبد ربک حتی یاتیك الیقین) واتای ئەوەنیە نوێژ بکە تا ئەمری، یەعنی بۆ ڕاستی بگەڕێ، تاکو وای لێدێ، ئیتر خودی گەڕانەکە، لە قەلەقی و عەزێتەوە، ببێتە چێژ و دڵنیایی.

ئایەتی بیستویەک

بۆچی مێگەلگەراکان دژی پەروەردەی فرەیی و پرسیاریین و بەرگری لە پەروەردەی تاکڕەهەندو وەڵامیی ئەکەن؟ چونکە ئاڕاستەی ڕژانی دۆپامینەکە، لە مناڵیدا دیاری ئەکرێ. ئا لەوێدا بڕیار ئەدرێ، کە دواتر خۆشی لە تەمبەڵی و وەڵامی ئامادە وەرگرین، یان لە بیرکردنەوەو گەڕان و پشکنینی دیاردەکان. مەسەلەکە ڕاهاتنەو ئەو مناڵەی لەسەر پرسیارو گفتوگۆ ڕائەهێنرێ، دواتر بیرکردنەوەی لێ نابێتە بارێکی گران، بەڵکو بۆی ئەبێتە دۆخە ئاساییەکە، ڕاوکردن و لێخوڕینی ئەم جۆرە مرۆڤەش قورسە، بۆیە مێگەلگەراکان دژی پەروەردەی ئازادن.

خاتیمەی کیتاب

هەرشتێ بتباتە ناو تەعاروف و پەیوەندی ئاسۆیی، ئایەتی خودایەو تەقواش ئەوەیە کە بە هیچ حیکایەت و پیرۆزی و پاساوێک، لەمە نەترازێ ی بەرەو پەیوەندی هێزو هاوکیشەی سەردەست و بندەست. هەر شتێکیش بتباتە ناو پەیوەندی ستوونی و شەڕی زاڵێتییەوە، ئایەتی شەیتانە. ئایەتی خواو شەیتانیش، تەنیا کۆدێک بوو بۆ تێگەیشتن، ئەگینا هەردوکی هەر ئایەتی مرۆڤەو ئەمە بۆ پشیلەیەک مەوزوع نیە، بەڵکو لە پرۆسەی هۆشیارییدا، عەقڵ خۆی دایهێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×