گرتنی دەڵاڵەکانی زەوی: سیناریۆیەکی زۆر، زۆر منداڵانەیە!

شه‌ریف عەلی
  2022-08-20     684

ئەو ھەڵمەتەی کە ناونرا: «گرتنی دەڵاڵەکانی زەوی»، سیناریۆیەکی زۆر، زۆر منداڵانەی بەرپرسە باڵاكانی یەكێتییە!

 

چەند ڕۆژێک پێشتر، لەلایەن چەندین پەرلەمانتارەوە، ئاشکرا کرا کە چل و شەش ھەزار پارچە زەوی لە سلێمانی بە ناوی شەھیدانی شەڕی داعشەوە، دابەش کراوە. لەکاتێکدا بە قسەی پەرلەمانتارەکان، یەكێتیی، حەوت سەد شەھیدی دەست داعشیان، ھەیە!

 

لە بابەتی دابەشکردنی چل و شەش پارچە زەوییەکەدا، تەنیا پەرلەمانتارانی کۆمەڵ بێدەنگ و کپن! تۆ بڵێی: یەكێتیی بەشی لایەنگرانی ئەوانیشی دابێت!؟

 

ئەو سیناریۆی گرتنی دەڵاڵەکان، زۆر، زۆر منداڵانەیە و، بۆ چاوبەستکردنی خەڵکە کە گوایە دەستیان کردوە بە گرتنی دەڵاڵ و بازرگانانی زەوی. ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەیە کە بابەتی دابەشکردنی چل و شەش ھەزار زەوییەکەی ئەم دوو ساڵەی دوایی، لە بیری خەڵک بەرنەوە!

 

ئینجا، خێرا ھەمو وێبسایت و پەیجە سێبەرەکانی سەر بە یەكێتیی دەستیان کردە سازکردنی داینەمۆی پڕوپاگەندەکردن بۆی!

ڕەھەندێکی تری ساویلکەیی داڕێژەرانی ئەو سیناریۆ یە، ئەوەیە: ''ڕایانگەیاندوە کە فڵان دەڵاڵیان گرتوە کە پێنج پارچە زەوی داگیرکردوەو، فڵان دەڵاڵی تریان گرتوە کە سەد و نەوەد و پێنج پارچە زەوی حکومیی، فرۆشتوە''.

 

باشە بەم پێیە بێت، گەر ھەر ھەمو دەڵاڵەکانی زەوی بگرن، ھێشتا ناکاتە ھەزار پارچە زەوی کە فرۆشتویانە!!

 

ئەی ئیتر چۆن، شەست و شەش پارچە زەوی، بەڕێکوپێکی دەپێورێ و، دابەشکراوە لەم دوو ساڵەی دوایی دا!؟

 

بۆچی ئایا خەڵک بە چاوی خۆی لە بەکرەجۆ پارچە زەوییەکان، نابینێت!؟

 

کەوابو، سیناریۆیەکە بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی سلێمانی بەتایبەت و، خەڵکی کوردستان بەگشتی، بوە، بۆ ئەوەی بڵێن: دەڵاڵەکان دەستیان لەو مەسەلەیەدا ھەبوە!

 

بەڵام ھەرچی دەڵاڵ ھەیە لە سلێمانی بیگرن، ھێشتا دەڵاڵەکان ھەزار پارچە زەوییان نەفرۆشتوە. بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە: بەرپرسە باڵاکانی یەكێتیی ئەو چل و شەش ھەزار پارچە زەوییەیان دابەش و ھەڕاج کردوە. چونکە ھەر ھاوڵاتییەکی نەخوێندەواری سادەش دەزانێ کە چل و شەش ھەزار پارچە زەوی، بەبێ فەرمان و پلانی بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکە، دابەش و تاڵان ناکرێت!

 

ئەم سیناریۆ، زۆر، زۆر منداڵانەیەشیان، نە خەڵکی سلێمانی پێ چاوبەست دەکرێ، نە ئەو ٤٥٥ مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی کە یەكێتیی و کۆمپانیاکانی بێ بەشی کردون و ناھێڵن زەوییان پێ بدرێ، نە ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانگەکانی سلێمانیش کە زیاد لە چارەکە سەدەیەکە بە ھیوای پارچە زەوییەکن لە پای خزمەتەکانیان!

 

بەم سیناریۆ، زۆر، زۆر منداڵانەیەشیان، سەلماندیانەوە نەک ھەر پیاوی سیاسەت و حوکمڕانیی نین. تەنانەت توانای ئەوەشیان نییە سیناریۆ و پلانێک بسازێنن، کە کەمێك فێڵزانانە و لۆژیکی بێ! بگرە، ھەنگاو بە ھەنگاو زیاتر ساویلکەییانت بۆ دەسەلمێ!

 

کەیسی دابەشکردنی چل و شەش ھەزار پارچە زەوی لەلایەن حیزبێکەوە، گەر لە ھەر وڵاتێکی تری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوایە، گەر لە تورکیا، یا ئێران، یان بەغداد، بوایە، سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی لەسەر دەگیرا! ئیتر با ئەوەش بوەستێ کە جەماوەر بە خۆپیشاندانی گشتگیری فراوان بارەگاکانی حیزبەکەیان دادەخست!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×