بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بارزانی، چەند سەرنجێکی ڕەخنەیی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2022-08-25     374

لە ڕۆژانی پێشوودا بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بارزانی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)چاپ و بڵاوکرایەوە. کتێبەکە باس لە قۆناغی ھەستیار و پڕ کێشمەکێش و شەڕی نەوەدەکان تا ٢٠٠٢ دەکات. بەش بەحاڵی خۆم وەك چاودێر و بیرکەرەوەو توێژەرێکی بواری ناسیونالیزمی کوردی و کێشەکانی، بە گیانێکی ناسیۆنالیستانەی کوردستانییەوە، بە سەرنجەوە کتێبەکەم خوێندەوە. کتێبەکە لە سۆنگەی، جۆراوجۆری بابەتەکانی، ھەستیاری ئەو قۆناغەی باسی دەکاو جۆری ھەڵسەنگاندنی مێژوو ئەو حوکمانەی بەسەر ڕووداو و کاراکتەرەکاندا داویەتی، خوێندنەوەی جۆراوجۆر ھەڵدەگرێت، بۆیە ئەوەی ئێمە لێرەدا دەربارەی کتێبەکە دەیخەینەڕوو، لە چەند سەرنجێکی گشتی و ڕەخنەیی بەرایی تێپەڕناکات.

یەکەم/ چەند سەرنجێکی گشتی: دەتوانین لەم ڕووەوە ئاماژە بە ھەندێ خاڵ بکەین، لەوانەش:

١- نوسینی کتێبەکە بە کارێکی باش دەزانم. بەحوکمی بوونی کۆمەڵێ زانیاری و کۆنوسی دانیشتنەکان وبەڵگەنامەی جۆراوجۆرتیایدا، کە پێویستیی ھەر سیاسەتمەدار و کەس و ناوەندێكن، ھەڵسەنگاندن وبەرەنجامگیری و لێکۆڵینەوە، دەربارەی ئەم قۆناغە ھەستیارەی مێژووی گەلەکەمان لە باشور و کێشەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی و ھەڵوێستی لایەنەکان و دەوڵەتان و زۆر شتی تر بکەن،ئەمەجگەلەوەی کەنوسەری کتێبەکەو حیزبەکەی لایەنێکی سەرەکی خوڵقاندنی ڕوداوەکان و ململانێ وشەرەکان بوون، کتێبەکەش بەگشتی نیشاندان و خستنەڕووی باری سەرنج و تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنی پارتی و بارزانیە بۆ ڕووداوەکان.

٢- بە گشتی کتێبەکە بە کوردییەکی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ نوسراوە.

٣- بە شێوەیەکی گشتی نوسەر توانیویەتی باری سەرنج و ھەڵوێستی خۆی و حیزبەکەی دەربارەی ئەو بڕگە مێژووییەو ڕووداوەکانی ناوی بخاتەڕوو لە دیدی خۆیانەوە بەرگریان لێبکات.

٤- دابەشکردنی فەسڵ و بەشەکان بە گشتی باشن لەگەڵ ھەندێ وردە سەرنج کە زۆر کار ناکەنە سەر پەیکەری دابەشکردنەکە.

دووەم/ سەرنجە ڕەخنییەکان: لەم ڕووەوە ئاماژەیەکی سەرەتایی و کورت بەم چەند خاڵەی خوارەوە دەکەین:

١- کتێبەکە، ھەندێ حوکمدانی بەسەر ھەڵوێست و کەس لایەنەکاندا تیێدایە، بەبڕوای ئێمە گەر نەبوونایە بۆ کتێبەکەو نوسەرەکەشی باشتر دەبوو، لە وێنەی: وێناکردنی بەرامبەری سیاسی بە نابەرپرس، پیلانگێڕ، بێ شەرم، لە خوا نەترس. یاخود وەسفی ھەندێ ڕووداو لەوانەش؛ تەقینەوەکەی زاخۆ بە پەڵەیەکی ڕەشی وا بە ھیچ شتێ لانەچێ. دەربارەی پەکەکەش زۆرتر.

٢- نوسینی ھەندێ بڕگەو گێڕانەوەی ھەندێ ڕووداو بە ھەست و ھەڵچونێکی ھاوشێوەی کات و ساتی ڕوودانی ڕووداوەکان و گیانی نوسینی بەیاننامەی سەربازی و ئاڕاستەکردنی جەنگی دەرونی و پڕوپاگەندە دژ بە لایەنی بەرامبەر. ھاووێنەی: پێشمەرگەکان داستانێکی گەورەیان تۆمارکرد! ل٢٧٥، شەھید بوون و گەیشتنە کاروانی نەمران، نەیارە شەڕ فرۆشەکان، بە زیانی پیلانگێڕان تەواوبوو ل٣٥٣، کاتێك مرۆڤ لە خوا نەترسێت و شەرم لە خەڵك نەکات ل٣٥٩، ھەتا ھەتایە وەك خاڵێکی ڕەش بەنێو چەوانی دەمێنێتەوە .. ھتد.

٣- بوونی ئاستێك لە دژبەیەکی و ناڕوونی لە دەستنیشانکردنی سروشت و ناسنامەی شەڕی ناوخۆ بەمجۆرەی خوارەوە:

أ-نوسەر لە زیاد لە شوێنێکی کتێبەکەیدا شەڕی ناوخۆی ناوناوە بە شەڕی خۆکوژی، ھەروەھا بە لاپەرەیەکی ڕەش و قۆناغێکی تاریك لەمێژووی ھاوچەرخی کوردستان وەسفی دەکات ل٥١٧. لە سلێماییش لە ساڵی ٢٠٠٢ لەسەر ئەم شەڕە داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان کردووە ل٤٩٨. لە شوێنێکیشدا کوژراوانی ھەردوو لا بە خەسارەتی نیشتیمانی و شەھید و ڕۆڵەی تێکۆشەری گەل وەسف دەکات ل٣٧٠. کەچی لەولاوە بە شەڕی بەرگری لە شەرعییەتی لەقەڵەم دەدات! لا٢٦١. کەپێچەوانەی ھەموو ئەو وەسفانەی پێشەوەیە. چونکە وەسفەکانی پێشوو ھیچ پەیام و وەزیفەیەکی فیکری و ئەخلاقی و سیاسی لە ئاستە نیشتیمانییەکەو شانازی پێوەکردنێك بۆ شەڕەکە ناھێڵێتەوە، لە ھەموو ئامانجێکی سیاسی- نیشتیمانی دایدەڕنێت.

لە ڕوویەکی ترەوە، بەمانا نیشتیمانییەکەو پێوەرەکانی ناسیونالیزم، کوژراوەکانی شەڕێکی لەو جۆرە نابن بە شەھید و ئەو نازناوەیان بەسەردا نابڕرێت، بەڵکو بە قوربانی ناودەبرێن. لەبەر ئەوەی شەھید بە مانا نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی کەسێکە لە سەنگەری ڕزگاری و بەرگریکردن لە گەل و نیشتیمانەکەیدا گیانی بەخت دەکات، نەك لە شەڕێکی ناوخۆیی خۆکوژی عەبەسیدا، کە لە ئەلفییەوە تا یای دژ بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و گەل و وڵات بێت و بڕژێتە خانەی بەرژەوەندی دوژمن و ناحەزانی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. یەکێ لەو ھۆکارانەی ناوەرۆکی چەمکی شەھیدیشی لە فەرھەنگی ناسیۆنالیزمی کوردیدا شێواند ئەم بەکارھێنانە حیزبییە بەرتەسك و تێکەڵکردنە نادروستە بوو. ھەڵبەت ئەمە پەیوەندی بە قەرەبووکردنەوەو موچەی کەس و کارو خێزانەکانیانەوە نیە، کە دەکرا بە یاسایەکی جیاوازی تایبەت بە قوربانیانی شەڕی ناوخۆ ئەو مەسەلە چارەسەر بکرابا.

ب- پشتگوێخستنی ھەوڵی ھەندێ کەس و لایەن لە نمونەی:

. فەرامۆشکردنی نزیکەی سەرجەم ھەوڵە ناوخۆییەکان بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە شەڕی ناوخۆ، ھەر لە لیژنەی ئاشتی و برایەتیەوە بگرە تا حەڤدە حیزبەکەو حەوت حیزبەکەو.. ھتد جگە لە مامۆستا عەزیز محمد!.

. نیمچە فەرامۆشکردنی باسوخواسی ئیسلامییەکان بە چەکدار و بێ چەکەوە.

٤- بوونی ھەندێ پچڕان و بۆشایی و چاوپۆشین لە گێرانەوەی ھەندێ پێشھات و ڕووداو و ھەڵوێست و ئاریشە، لە وێنەی بوونی ناڕەزاییبوونێکی حیزبی و جەماوەری زۆر لە دھۆك و ھەولێر ل٤٢٦، کەچی نوسەر لەسەری نەوەستاوەو ھیچی لە بارەیەوە نەخستۆتەڕوو؟! لە وێنەی ئاماژەکردن بە سروشتی ناڕەزایەتیەکان، چۆن بوون؟ لەسەر چی بوون؟ چی کرا؟ لە ھەندێ شوێنی تری کتێبەکەدا ھەست بە ھەندێ پچڕان و بۆشایی تر دەکرێت کە بە بڕوای ئێمە پێویستیان بە تۆمارکردن ھەبوو کە لێرەدا پێویست بە درێژەپێدانی زیاتر لەم ڕووەوە ناکات.

٥- گەرچی بارزانی لە زیاد لە شوێنێکداو بەتایبەتیش لە کۆتایی کتێبەکەیدا، شەڕی ناوخۆ بە مایەی ماڵوێرانی و دواکەوتوویی بۆکوردو نەتەوایەتیەکەی لەقەڵەمدەدا، ھەوڵیش دەدا وێنایەك لە خۆی نیشانبدا کە ھەرگیز خوازیاری شەڕ نەبووەو بەسەریدا سەپاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە سۆنگەی پاشخانی بریندار و پێدانی سروشتێکی نیمچە جەوھەرگەرا بە بەرامبەری سیاسی و سەربازی و بوونی بێمتمانەییەکی قوڵ کە ھێشتا بەدەستیەوە ئازار دەچێژێت، ناتوانین بڵێین، کۆی کتێبەکە خزمەت بە ئیدانەکردنێکی چۆنایەتی و پێویست و تێپەڕاندنی ھەست و نەست و عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆ دەکات. گەرچی ھەموو عاقڵمەندێ لە دووتوێی گێڕانەوەکاندا دەتوانێت ئەزموونی ئەوەی لێوەربگرێت ولەوە تێبگات، کە ڕێسایەکی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا ئەوەیە، بە مەبەستی داڕزاندنی جەستەی ناسیۆنالیزمی کوردی، لە بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوەو ھێزە ھەرێمایەتیەکان، دەرفەتی سەرکەوتنی لایەك بەسەر لایەنەکانی تری تێدا نادەن. ئەوەش جگە لە چەندین شتی تر، بەسە بۆئەوەی بۆھەتاھەتایا، لە ڕۆژەڤی ھێزەکاندا بکرێتە دەرەوە و بسڕرێتەوە.

٦- وا دەبینم وەسفکردنی ٣١ی ئاب لەلایەن نووسەرەوە بە بڕیاریارێکی ڕاست و بەجێ و دروست، ناسەرکەوتووییەکی زۆری پێوە دیارە، ئەویش لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

أ-شەڕی ناوخۆو خۆکوژی، بە کۆی دەرکەوتەو ھەڵقەکانیەوە ئیدانە ناکات و نایکات بە بەشێك لە ڕابردوویەکی تاریك بە وەسفی خۆی. ھەروەھا مادام شەڕی ناوخۆ لە سۆنگەی خودی وەسفکردنەکانی نووسەرەوە بۆی،لە ڕووی نیشتیمانی و دینی و ئەخلاقییەوە باتڵە، بینا لەسەر ئەوەش، ھەموو ئەوەی لە چوارچێوەو بۆ خزمەتی ئەم باتڵە کرابێت باتڵە بە ٣١ی ئابیشەوە.

ب-ئەم ھەڵوێستە ڕەوایەتی بە بەرامبەرەکان دەدات، تاکو بە ھەمان عە قڵییەتەوە بەشەکەی خۆیان لە ڕووداو و کارەساتە ھاوشێوەکان ھەڵبسەنگێنن و بەڕاستی بزانن و ڕەوایەتی پێبدەن. ئەوەش ڕێدەگرێت لە ھەر بەخۆداچوونەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ھەڵەو ناڕاستییەکانی ڕابردوو. بەحوکمی ئەوەی پێشمەرجی ھەر بەخۆداچوونەوەیەکی لەم جۆرە، ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو، داوای لێبوردن و دادپەروەری ڕاگوزەری دەخوازێت.

ج- ھەڵسەنگاندن و حوکمدانەکە لە ڕوانگەیەکی حیزبییەوەیە، ھەروەکو خۆشی دەڵێت ڕاست و دروستی بڕیارەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، پارتی لە دووڕیانی مان و نەماندا بووە. (لە ڕاستیشدا دۆخی شەڕی ناوخۆ دۆخی سڕکرد و وەلاخستنی ئەخلاقیات و پێوەرە نیشتیمانییەکانە) لە کاتێکدا پێویستبوو نوسەر یان ئەم وەسفەی نەکردایە، یان ئەگەر دەیکرد بەپێوەرە نیشتیمانییەکان بیکردایە. کە ڕێگە لەو داوەریە دەگرن و بە ھەڵەی لەقەڵەم دەدەن.

د-لەگەڵ ئەو وێنایەدا ناکۆکە کە بارزانی و پارتی لە بازنە نەتەوەییەکەدا لە خۆیانی دەخەنەڕوو. نەبوونی ئەم دێڕ و وەسفەش نەك ھەر لە نرخی کتێبەکەی بارزانی کەمنەدەکردەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیادی دەکرد.

ئەمە ھەندێ لەو سەرنجە گشتی و ڕەخنەییە سەرەتاییانە بوون، لەسەر بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بارزانی خستمانەڕوو. بەھیوای ئەو ڕۆژەی کۆی مەنزومەی شەڕی ناوخۆ بوو بێتە بەشێك لە ڕابردوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×