بۆ عەلی قەرەداغی و هاوفیکرەکانی، ئەمە حەقیقەتی ئەردۆغانە

گۆران هەلەبجەیی
  2022-08-26     699

زۆربەمان عەلی قەرەداغی پیاوە بەوەفاکەی ئەردۆغان دەناسین،ئەوەتی قەرەداغی بووەتە ئەستێرەی فکری ئیخوانی و هاوکات ئەمینداری گشتی  یەکێتی زانایانی ئیسلام ،درێغی نەکردوە لە داکۆکیکردنی کوێرانە لە تاوانەکانی ئەردۆغان .کارگەشتە ئەوەی بە زمانیکی دژ و دوور لە بەهای ئینسانی دابەزێتە سەر هاونەتەوەو هاوزمانی خۆی، ئەویش کوردانی ڕۆژئاوایە.

دەمێک ئەردۆغان عەفرینی داگیرکرد ،ئەم ئیخوانچیە خۆی گەیاندە لای ئەردۆغان و پیرۆزبایی لێکرد و لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا گووتی، ئەو قەوارەیەی ڕۆژئاوا  پرۆژەیەکی {زایۆنزمە} ،دژی عەرەب و ئیسلامەو دەبێ لەناوبچێت.

هەرسەربازێکی تورک کوژرابێت ئەو هاوخەمی خۆی دەربڕیوەو بە شەهید ناویهێناوە، هەندێک جاریش بۆ بەشداری لە بەخسپاردنی سەربازە کوژراوەکاندا خۆی گەیاندوەتە تورکیا ، بەڵام بۆ کوژرانی هەزارەها شەڕڤان و سڤیل مێش میوانی نەبووە.

گومانی تێدا نیە عەلی قەرەداغی لە فەلەکی ئەردۆغاندا دەخولێتەوە،بای ئەردۆغان لە کوێوە هەڵبکات ئەو لەوێوە شەندەکات،بۆنمونە دەمێک بۆ چەندساڵێک کێشە لەنێوان تورکیاو ئیسرائیلدا لە ئارادابوو ،عەلی قەرەداغی لە ئەردۆغان پەرۆشتر بۆ دۆزی فەلەستین و هاوسۆزی بۆ تورکیا خۆی نیشاندەدا.

ئەردۆغان ئیسلام بۆ بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بەکاردەهێنێت، ئیدی ئەم بەرژەوەندیە چۆنی خواست، ئەو خۆی لەگەڵیدا دەگونجێنێت ، با لەسەر حسابی ئاینەکەیشی بێت.

بۆنمونە لەم ماوەیەدا ئەردۆغان پەنای  بۆ چەند کردەیەک بردوە کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ قەناعەتی ئاینی و پرەنسیپی ئیسلامیدا  یەکناگرنەوە ،بەڵام ئەو چاوی لەبەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەیەتی نەک بەرژەوەندی ئاینی.

+ چەند ساڵێکە پەیوەندی نێوان تورکیاو ئیسرائیل تێکچوەو هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانباردەکرد،لێ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ،ئەردۆغان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی کێرڤی حیزبەکەی چەندین هەنگاوی نا ،یەکێک لەوانە ئاساییکردنەوەی  پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بوو ، ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان بۆ ئیسرائیلیەکانیش جێگەی سەرسوڕمان بوو .

+عەلی قەرەداغی کە هیچ ڕووداو بۆنەیەکی لە دەستنەداوە گەر سەرکۆنەی ئیسرائیلی نەکردبێت،کەچی لەمەدا هەر زوو هاتە سەرخەت و بەگەرمی دەستخۆشی لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان کرد،تا ڕادەی ناوهێنانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە [بەڕێز] یائیر لبید.

+تورکیا یەکەم دەوڵەتی ئیسلامیە کە ئیعترافی بە ئیسراێیل کردوە.

+تورکیاو ئیسرائیل گەورەترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەیە کە ساڵانە بە چەندین ملیاردۆلار دەخەمڵێنرێت.

+گەشتیارانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا  ساڵانە لە نیوملیۆن گەشتیار  تێپەڕدەکات.

+مەزنترین کارگەی درووستکردنی کەرەستەی سەربازی ئیسرائیلی لەتورکایە.

+تورکیا گەورەترین هەناردەکەری چیمەنتۆیە بۆ ئیسرائیل [کە بۆ بیناکردنی مستەوتەنەکان بەکار دەهێنرێن]

+ناوی تورکیا لە نێو ئەو وڵاتانەدا نیە کە لەڕووی داراییەوە کۆمەکی فەلەستینیان کردووە.

+ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کەمەدالیای [جوامێری ئیسرائیلی] پێبەخشراوە.

+ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی مسوڵمانە کە زیارەتی گۆڕی دامەزرێنەری بزافی زایۆنزمی{ تیودۆر هەرتزل} ی کردوە ،

+ئەردۆغان یەکەم سەرۆکی مسوڵمانە کە تا ئێستا [٥] جار سەردانی ئیسرائیلی کردوە.

+ سەفەرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بۆ تورکیا بێ ڤیزەیە ،بەڵام بۆ فەلەستینیەکان [ئەگەر ڕێگەیان پێبدەن] ئەوە بە ڤیزەیە،

+دەمێک ئەردۆغان کووفیە{جامانە} ی فەلەستینی لەمل بوو ،لە بەردەم میدیاکاراندا  گووتی [قودس هێڵی سوورە]و بەرەنگاری هەر وڵاتێک دەبینەوە باڵوێزخانەکەی بگوێزێتەوە بۆ ئەو باژێڕە ،بەڵام هەر زوو لەو قسەیە پەشیمان بوویەوە ،بەوەی بە ئیعازی خودی خۆی کۆمپانیای{لیماک}بەگوژمەی [٢١] ملیۆن دۆلار ، درووستکردنی بینای باڵوێزخانەی ئەمریکای لە قودس لە ئەستۆگرت.شایانی ئاماژەیە خاوەنی ئەو کۆمپانیایە[نیهاد ئۆزدمیر] ە کە دۆستێکی نزیکی ئەردۆغانە،هاوکات زاواکەی ئەردۆغان[بیرات بەیرەق] و [بن عەلی یەڵدرم] پشکیان تێیدا هەیە.

بەمەش تورکیا بووە سەرمەشقی هەموو  وڵاتانی  جیهان کە دەستی بۆ کارێکی هەستیار و مەترسیدار برد ،هاوکات دۆستایەتی و دڵسۆزی خۆی بۆ ئیسرائیل سەلماند.

+لەتورکیا ٢٦ قاعیدەی عەسکەری ناتۆ هەیە.   

+تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەبەفەرمی ڕێگەی بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازەکان داوە.

+تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کە [  کەناردەریای نوودیست]ی ، تایبەت بە ڕووتبوونەوەی تەواو هەیە.

+تورکیا تاکە وڵاتی ئیسلامیە کەدژی قورئان وبنەماکانی ئیسلام کاری کردوە ،بەوەی  فرژنی تێیدا قەدەغەیە .

+یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی تورکیایە  کە بەفەرمی ڕێگەی بە لەشفرۆشی داوە.

+ژمارە ئەو ماڵانەی کاری لەشفرۆشیان تێدا دەکرێت لە سەرانسەری تورکیادا پتر لە {٢٠٠٠٠} ماڵە.

+داهاتی ساڵانەی تورکیا لە بواری لەشفرۆشیدا [چوار ملیار دۆلارە]

+ئەوانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن بە گەوادەکانیشەوە ژمارەیان [٣٠٠٠٠٠]کەسە.

+٢٦٥ کارگەی درووستکردنی مادەکحولیەکان لەتورکیا هەیە .

+بێدەنگی قەرەداغی لە پەیوەندی تووندوتۆڵی نێوان ئیسرائیل و قەتەر.

+دەرکردنی ئیخوانەکانی میسر لە تورکیاو داخستنی بارەگاو میدیاکانیان و بێ دەنگی عەلی قەرەداغی بەرامبەر بەم ئیجرائەتە[نائیسلامی و نائیخوانیەدا]

ئەردۆغان ،وەک ئامرازێک عەلی قەرەداغی  بۆ گەوجاندنی کوردە ئیماندارەکان بەکاردەهێنێت،بەتایبەتی ئەوانەی ئەردۆغان بە خلیفەی نوێی موسوڵمانان دەزانن.

لەکن ئەردۆغان هەموو  کورد دوژمن و نەیارن ،ئیدی با مسوڵمانی عەیار ٢٤ بێت،وەک عەلی قەرەداغی.

هەر کاتێک ئەردۆغان پێویستی بە عەلی قەرەداغی نەما وەک چۆن خیانەتی لە هاوڕێبازەکانی خۆی [ ئیخوانەکانی میسر] کردو لە تورکیا دەریپەڕاندن، کەواتە بەدووری نازانم بەهەمان شێوە ئەمیش پشتگوێ بخات و لە سەر شانۆی ڕووداوەکانیش دووری بخاتەوە.

گەر ئەم حەقیقەتانە لەکن هەندێک نوێبن، ئەوە بەدڵنیاییەوە لەکن قەرەداغی نوێنین و ئاگادارە لێیان، گەر پرسیار ئەوەبێت ئەی بۆچی لەگەڵ ئەم هەموو فەزاحەتەشدا هێشتا سەرسەختانە داکۆکی لێدەکات؟

بەبۆچوونی من وەڵامەکە ئەوەیە، عەلی قەرەداغی بڕیاری داوە گەر فەزیحەتەکانی ئەردۆغان لەوەش زیاتربن ، ئەو  وەک  داکۆکیکارێکی بەئەمەک  بمێنێتەوە ،هاوکات دژی خواستی گەلەکەی خۆی کاربکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×