لە بارەی لێبوردەییەوە

ئازاد شکور
  2022-08-27     486

ماوەی نێوان سەدەکانی پازدە بۆ سەدەی حەڤدە، بە چەرخێکی خوێناوی و پڕ تراژیدیا و کارەسات دادەنرێت لە مێژووی سەدەکانی ناوڕاستدا لە ئەوروپادا، کە سەردەمێکی پڕ لە کوشتارگەلی و کوشتن و یەکتر لەنێوبردن و قڕکردن و سڕینەوەی یەکتری بوو، کە ئەمەش لە نێوان تایەفە ئاینیەکان ڕوویدا بە تایبەتی لە نێوان هەردوو مەزهەبی(کاتۆلیک و پرۆستانت) کە بووە هۆی لەدەستدانی بە سەدان هەزار مرۆڤی بێ تاوان، کە پیاوانی ئاینی و دەسەڵاتی سیاسی داینەمۆ و ڕێگا خۆشکەری ئەو کشمە کێشم و  گۆمە خوێن و قەسابخانەیە بوون، چونکی بەکارێکی پیرۆزیان دەزانی، هەڵبەت مەرامی ئەمەش بۆ زیاتر مانەوەی پیاوانی ئاینی بوون بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆیان و وەزیاتر ڕەگداکوتانی دەسەڵاتی سیاسیەکەش بوو. ئەو بارودۆخە خوێناویەیی کە بەرۆکی ئەوروپای گرتبوو بە تایبەت لە نێوان هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئیسپانیا، پشکی شێریان بەرکەوتبوو، ئەم باردۆخە ناهەمووارە پاڵی بە فەیلەسوفی فەرەنسی"ڤۆڵتێر"ەوە نا، بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نامەیەک لەبارەی "لێبووردەییەوە" پێشکەش به ئەنجومەنی دەوڵەت بکات، سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی پرسی خێزانێک کە بە ناحەق و بێ هیچ دێکۆمێنتێک و بەڵگەیەک بە بڕیاری قازی لە دار دران. ڤۆڵتێری فەیلەسوف  لەم ڕێگەیەوە ویستی بیچەپێنێت بە گوێی  کۆمەڵگای فەرەنسی بە تایبەتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی، بۆ ئەوەی لە بری ڕق و کینەو یەکتر سڕینەوە، گیانی "لێبوردەیی" و یەکتر قبوڵکردن و ئاشتەوایی بچێنن. کرۆکی ئەم بیرۆکەیەی "ڤۆڵتێر" دەرئەنجامی ڕوداوێکی پڕ تراژیدیای خێزانێکی فەرەنسی بوو. کە بێ هۆکارگەلێک بوونە قوربانی ئەو ململانێ درووستکراوەی کە پیاوانی ئاینی لە نێوان تایەفەکاندا وەشەنیان کردبوو، "ڤۆڵتێر"  پوختەی ڕووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (تاوانی کوشتنی "جان گاڵاس"، بە شمشێری دادوەری تۆڵۆز، لە ٩ی نیسانی ١٧٦٢زاینی ئەنجامدرا. "جان گاڵاس" پیاوێکی پیرەمێردی تەمەن ٦٨ساڵە بوو. بۆ ماوەی زیاتر لە چل(٤٠) ساڵ سەرقاڵی کاری بازرگانی بوو لە تۆڵۆزی شاری فەرەنسا، ئەوانەی ئاشنایەتیان لەگەڵ ئەو پیرە پیاوەدا هەبوو وەکو باوکێکی چاک و مهرەبان و ئازادیخواز ناوزەندیان دەکرد، خۆی و هاوسەر و تەواوی خانەوادەکەی سەر بە مەزهەبی "پرۆستانتی" بوون. تەنها کوڕێکی نەبێت بەناوی "مارک-ئەنتوان" چوو بووە سەر مەزهەبی "کاتۆلیک"، "جان گاڵاس" دوور بوو لەو تەوژمە دەمارگیرییە مەزهەبیەی کە ووڵاتەکەی هەنجن هەنجن کردبوو. سەرباری ئەوەش "جان گاڵاس" ڕێگری لە کوڕەکەی نەکرد بە هۆی گڕینی مەزهەبەکەی لە "پرۆستانتەوە بۆ کاتۆلیک".  "مارک ئەنتوان کوڕی جان گاڵاس" وا ناسرابوو کە گرفتی سایکۆلۆجی هەبوو، وە جارە جارە دەیگرت و له کاروباری ژیانی ڕۆژانەیدا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمە پاڵی بە "مارک ئەنتوان"ەوە  نا کە چیتر ئەم ژیانە بە کەڵکی ژیان کردن نەماوە هەستا بە خوێندنەوەی ئەو پەرتوکانەی کە باس لە خۆکوشتن دەکەن، بۆیه دوای خواردنی نانی شێوان، "مارک ئەنتوان" بە  دەرگایەکی تەنیشت کۆگاکەی باوکی خۆی هەڵواسی. ئەم ڕووداوە خێزانەکەی توشی شۆک کرد، بەهۆی هەڵاو هاتوهاواری خانەوادەکەیەوە خەڵکیش لە پێش دەرگای ماڵی کوژراوەکە کۆبوونەوە، ئەوەی کە تێبینی کرا  هیچ شوێنەوارێک بە جەستەی کوژراوەکەوە دیار نەبوو، لە پڕ دەنگێک لە دەمارگیرە ناحاڵیەکان بە دەنگی بەرز دەیگوت "جان گاڵاس" باوکی کوژراوەکە و خێزانەکەی خۆیان بە مەبەست کوڕەکەی خۆیان هەڵواسیوە، چونکە کوژراوەکە بەهۆی ئەوەی مەزهەبەکەی خۆی لە پرۆستانتەوە بۆ کاتۆلیک گۆڕیوە، ئەم گۆڕینە بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکەی ڕقیان لێبێتەوە، ئیتر لە پڕ ئەم تۆمەتە بووە دەنگی زۆرینە و خەڵکەکەش هەمان شتیان دوبارە دەکردەوە و ئیتر تۆمەتەکە بووە ڕاستیەکی دامەزراو، ئیتر هەمووان گەشتنە ئەو بڕوایەی کە بەپێی مەزهەبی پرۆستانت دەبێت هەڵگەڕاو  بکوژرێتەوە، ئەم دەنگۆیە گەیشتە "دیڤێد" قازی تۆڵۆز سەرئەنجام بڕیار درا "جان گاڵاس" و خێزانەکەی بە هەڵواسینی کوڕەکەیان تاوانبار کران،بڕیار دررا، خێزانی کوژراوەکە بە هەمان شێوەی کوژراوەکە هەڵبواسرێن، ئەم فەرمانەش بە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی دادگای تۆڵۆز، بەسەرۆکایەتی دادوەر جێبەجێ کرا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی "ڤۆڵتێر" نامەیەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکات بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کەیسەکەی "جان گاڵاس" و خێزانەکەی، ئەوە بوو ئەنجومەنی دەوڵەت لە ڤێرسای بە ئامادەبوونی سەرجەم وەزیرەکان و سەرۆکی قازیەکان، داوایان لە قازی تۆڵۆز کرد کە دۆسییەی جان گاڵاس و خێزانەکەی ڕەوانەی  ئەنجومەن بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ڕەزامەندی سەرۆکی دەوڵەتیش بە دەستهێنرا، سەرئەنجام، بڕیاری ئەنجوومەن بە کۆی دەنگ بێتاوانی جان گاڵاس و خێزانەکەی سەلماند، درکەوت بە بێ بێتاوان جان گاڵاس و خێزانەکەی لەدار دراون.)١

ئەگەر ئێمە ڕابمێنین و  خوێندنەوەیەک بۆ ئەم چیرۆکە بکەین، دەکرێت خەڵکانێک پرسیاری ئەوە بکەن ئەم ڕووداوە چ پەیوەندیەکی بە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگایەکی کوردییەوە هەیە؟ ئەمە مێژویەکی دورودرێژی هەیە، چ پێویست دەکات ئاوڕ لە بابەتێکی وەها بدرێتەوە؟ ئەوە زەمەنێک بوو تێپەڕی، قۆناغێک بوو چیتر ناگەڕێتەوە، ئەمە ڕووداوێکە هەم کەلتورەکەی هەم زەمەنەکەی فەرسەخێک لە ئێمەوە دوورە ئیتر چ پێویستی بە ئاوڕدانەوەیە.
بۆ وەڵامی ئەم پرسە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوایەی کە بڵێین ئەو جەنگە ئاینیەی  کە لە چاخە تاریکەکاندا ڕوویانداوە پەیوەندی بە هیچ ئاین و کەلتورێکی تایبەتیەوە نیە، بەڵکو لە هەموو سەردەم و ئاین و کەلتوورێکدا ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە، ڕوودانیشی ئاگەریکی حەتمیە بۆیە مێژوو هەمیشە خۆی بە بەرگێکی نوێ و بە ناونیشان و فۆرمێکی نوێوە دووبارە دەکاتەوە هەمیشە  ئامادەگی هەیە و دەبێت.
دەکرێت لە ناو هەر ئاین کۆمەڵگایەکدا کە پڕ بێت لە بوغز و کینەی ئاینی کە سیخناخبێت لە نایەکسانی و نا لێبووردەیی و یەکتر لە نێو بردن ئەم پرسە زیندوو بێت.
هەنوکە لە نێو جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. کەم نین ئەو فتوا ئاینیانەی کە لەلایەن پیاوانی ئاینی دەرچوێنراون و دەردەچێنرێن بە مەبەستی حەرامکردنی فڵان گۆڤار و فیسار ڕۆژنامە، کەم نین ئەو فتوایانەی کە خوێنی سەدان نوسەر و شاعیریان حەڵاڵ کردووە، لە نێو کۆمەڵگا و خەڵکی عەوامدا بە لادەر و کافرو گومڕا تابوری پێنجەم ناوزەندیان کردون، کەم نین ژمارەی ئەو گروپ و ڕێبازە توندڕەو و ڕادیکاڵانەی کەلە ساڵانی پێشوودا بەچەک و قامە و چەقۆ خوێنی ڕۆشنبیران و ئەدیبانی خۆیان حەڵاڵکرد، ئێمە دەتوانین سەرنج بدەین لەوەی کە چۆن لە ناو کۆمەڵگا ناحاڵیەکاندا، گیانی بوغز و ڕق و کینەو نالێبوردەیی و سڕینەوە ئێستا ڕێچکەیەکی دەسته جەمعی وەرگرتووە، ئەگەر ساڵانێک لەوەو پێش لە ڕێگەی پارتیزانی و گروپەوە هەوڵ درابێت بۆ لە نێوبردنی دەنگە ئازادەکان، ئەوا لە ئێستادا  بە بەرنامەو چڕتر کار لەسەر سڕینەوەی ئەو دەنگە دلێرو ئازادانە دەکرێت ئێستا ئەو شەڕەی کە پێشتر گروپە نامۆو توندڕەوەکان خودی خۆیان چالاکیەکانیان ئەنجام دەدا، کە چی ئێستا ئەم تێڕوانیە لە ڕێگەی فتوای پیاوانی ئاینیەوە مۆرکێکی هەمەکی و تەواوکۆیی وەرگرتووە، ئەگەر نوسەرێک بیروبۆچونێک دەردەبڕێت ئەوا هەڵمەت لە دژی دەگیردرێتە بەرو خۆپیشاندان ناڕەزایەتی لە دژیان دەر دەبڕن و کۆمەڵ و ڕای گشتی لە دژیان هان دەدەن. ئێستا ئەو کۆمەڵگا ناحاڵیانەی کە لەمنداڵدانی چەرخی مۆدێرنەوە درووست بوون بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەمان سەردەمی چاخەکانی ناوڕاستدا دەژێت، ئێستا مەیلێکی ڕادیکاڵانەی ئاینی توند  هەیە کە ئەو مۆدێلەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە هەمان ئەو مۆدێلە لە نێو کۆمەڵگای ئێستادا پەیڕەو بکرێت و کۆپی بکرێ، دەبینین هێزە ڕادیکاڵە ئاینیەکان هەڵبەت بە پاڵپشتی سیستەمە سیاسیەکە دەستیان خستووەتە بینا قاقای میلەت و هەرتاکەو بە ئارەزوی خۆی  حوکم لە سەر کەسەکان دەدات و بە ئارەزووی خۆیان لە ڕێگەی خۆیەوە خەڵک بە کافر و گومڕا لە قەڵەم دەدات لە چەرخی مۆدێرنەدا  لەم وڵاتە چکۆلانەی ئەم ڕۆژگارەدا هیچ کەسێک نابینیتەوە  بە قەد ئایندارە ڕادیکاڵەکانی ئێمە ئازاد بێت و زۆریش بە سانایی فتوای کوشتنی نوسیار و هۆزانڤانەکانمان و چالاکوانە مەدەنیەکان  دەدەن، بێ هیچ بیم  ترس سانسۆرێک بە گومڕاو بێدین و لادەر دەیان شوبهێنن. گەرچی ئەگەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا بێت  لە ناویان بەرن بەڵام خراپتر لە تیرۆری جەستەیی ئەوا لە ڕێگەی مینبەر و میدیاوە کەسایەتیە زوڵاڵەکان تێرۆری کەسایەتی دەکەن، بە شێوەیەک لە ناو کۆمەڵگادا ناو و ناوبانگیان دەزڕێنن و لەکەداریان دەکەن، ئیتر ئەم جۆرە بیرکردنەوە ناشارستانیەتانە، دەبێتە دەنگی زۆرینە، وەجۆرێک لە ئیرهابی فکریش.  ئەمە ڕاهێنانی  خەڵکە لە سەر بیری توندڕەوی و درووست کردنی فەزایەک کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی توندو تیژی و ڕق و نالێبوردەیی، ئەم جۆرە گوتارانە دەبێتە هۆی ئەوەی بە هەزاران مرۆڤگەلی لاواز دروست بن کە ئەفسانە و چیرۆکیان بە گوێدا دەچەپێنن تاوەکو لە و ڕێگەیەوە پەروەردەیان بکەن تاکو زیاتر ڕۆحیەتی ناکۆکی و ناتەبایی و ڕق لە نێو جڤاکدا بخوڵقێنن، بەڵام دەبێت ئەمە بوەستێنرێت ڕێگریەک لە پێش ئەم جۆرە هزر و بیرکردنەوانەدا دابنرێت، بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا بیوەستێنرێن، ئەگەر کەسانێک بە ناوی ئاینەوە بە کەیفی خۆیان تەراتێن بکەن بە ئارەزووی خۆیان خەڵک بە گومڕاو لادەر بشوبهێنین ئیتر ئەم نشتیمانە لە دۆزەخێک زیاتر چیتر نابێت.

دوای گوتنی هەموو ئەم ڕاستیانە، گرنگە بڵێین ئێستا لە جیهانی شارستانیەت و جیهانی کرانەوەدا، ئێمە زیاتر پێوستیمان بە گیانی لێبوردەیی و ئاشتی و تەبایی و یەکتر قبوڵکردن هەیە، دەبێت نوسەرەکان و دەنگە ئازاو ئازدەکان بە هەمان شێوەی "ڤۆڵتێر و جۆن لۆک" هەستن بەوەی کە گیانی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن لە هەناوی کۆمەڵگاکەی خۆیاندا بچێنن، کاتێک "ڤۆڵتێر" هەستا بە بەدواداچوون لێکۆڵینوە لە سەر کەیسەکەی "جان گاڵاس" بۆ ئەوە نە بوو تاوەکو تۆڵە لە قازی تۆڵۆز بکاتەوە یان ئەوانەی هاوکاری قازی تۆڵۆز بن تاوەکو شەرمەزاریان بکات، بەڵکو مەرام لە نامەکەی "ڤۆڵتێر" بۆ ئەوە بوو کە داوای لێبوردن بکەن بۆ ئەو هەڵەیەیی بە سەریاندا  تێپەڕی، ئەم نامەیە بۆ ئەوەبوو تاکو ڕۆحیەتی برایەتی و ئاشتی و خۆشەویستی و  و لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن بکەنە کرۆکی بیرکردنەوەکانی خۆیان، ئاساییە ئەگەر بیرکردنەوەکان جیاواز بن بەڵام دەکرێت ڕێز لە ئازادی بیرکردنەوەی یەکتری بگرین، وەک چۆن دەتوانین ڕق و کینە و دووبەرەکی بەرهەم بهێنین ئەوا بە هەمان شێوەش دەتوانین خۆشەویستی و لێبووردەیی و تەبایی بەرهەم بهێنین. ئێمە ناتوانین هەموومان ببینە خودانی یەکجۆر بیرکردنەوە ، کەوایە دەبێت ئازاد بین لە پەخشکرنی ئازادیەکانی خۆمان بە بێ ئەوەی بتوانین ئازادی یەکتریش پێشل بکەین، دەبێت خۆمان وەها ڕابهێنین هەمووان ئازادن کە چۆن بیردەکەنەوە هیچ کەس ناتوانێت هەمووان ناچار بەیەک جۆر بیرکردنەوە بکات. دەکرێت هەمووان بیرکردنەوە و خوێندنەوەکانی خۆمان بە ئازادی بەیان بکەین بەبێ ئەوەی ئازاری یەکدیش بدەین.

بۆ زیاتر تێگەشتمان سەبارەت بە پرسە ئازادیەکانی خۆمان دەتوانین تیشک بخەینە سەر شرۆڤەکانی "جۆن ستوارت مێڵ"، لەو بارەیەوە دەڵێت: (ئەگەر هەموو خەڵکی یەک ڕایان هەبوو، تەنها یەک تاک لەگەڵیاندا نەبوو باوەڕی جیاواز بوو، هەوڵدانی هەمووان بۆ کپکردنی ئەو تاکە دەنگە هەرگیز ڕێگە پێدراو نییە و ناڕەوایە، وەک چۆن ئەو تاکە دەنگەش ئەگەر هێزو توانای ئەوەی هەبووایە هەمووان بێدەنگ بکات ئەوەش بەهەمان شێوە کارێکی ناپەسەند و نا ڕەوایە.)٢
لەم بۆچونەوە لەوە تێدەگەین خامۆشکردن و سڕینەوەی دەنگە ناڕازیەکان هێندە زیانی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە هەوڵی کپکردنی دەدەن کەمتر زیانی بۆ خاوەنەکەی هەیە، چونکە خامۆش کردن تایبەت نیە بە کەسێکەوە بەڵکو پەیوەستە بە کۆمەڵەوە، چونکە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بۆچوونەکە درووستە ئەوا بە قەدەغەکردنی خەڵکی شتێکی گران بەهایان لە کیس خۆیان بردووە. "جۆن ستورات مێڵ" بۆ زیاتر تێگەیشتن گریمانەی دوو بۆچوون دەکات دەڵێت:

بۆچونی یەکەم/  هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، دەبێت هەمووان ئامادەیی گوێگرتنی بیرو باوەڕی نەیارەکانیان هەبێت، ئەگەر کەسێک ئامادە نەبێت گوێ لە بیرو باوەڕێک بگرێ، لەبەر ئەوەی دڵنیاییه لە پوچەڵ بوونی، لە ڕاستیدا پێی وایە ئەو دڵنیایەیی کە دڵنیایی ڕەهایە، کەسانێک کە ناتوانن لە بەڕانبەر باوەڕی تر لێبوردەبن، کە هەوڵی لە نێوبردنیان دەبەن ئەوە بۆ ئەوەیه تەنها خۆیان بەڕاست دەزانن.

بۆچوونی دووەم/  ئەگەر پێمان وابێت باوەڕی نایارەکانمان باوەڕێکی هەڵەیە و باوەڕی خۆشمان درووست بێت، ئەگەر هەر باوەڕێک نەکوێتە بەر نەشتەری ڕەخنە بە باوەڕێکی مردوو چەق بەستوو دادەنرێت. ٣

لەم بۆچونانەی "مێڵ"ەوە  دەتوانین ئەوە بەیان بکەین هەمووان دەبێت نەرمی بنوێنن، ئامادەیی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن بن، چونکە نەبووەو ناکرێت هەمیشه حەقیقەتەکان تەنها لە لای یەک گروپ یان تەنها لە لای یەک ئاین و میتۆد کۆببێتەوە. بۆیە دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین هەمیشە حەقیقەتەکان دابەش بوونە ئەگەر کەسێک پێی وابێت بۆچونی خەلکی  تر و کەلتور و میلەتانی تر و فکری کەسانی تر هەڵەن و پڕن لە کەم و کورتی و ناتەواوی ئەوە بیرکردنەوەیەکی توند ئاژۆو نامۆیانەیە، چونکی ئەگەر ئەو کەسەی بیری نەیارەکان ڕەت دەکاتەوە ئەگەر خۆی سەر بەئەوان بوایە ئایا هەمان بیرکردنەوەی دەبوو بێگومان نەخێر، ئەم تێگەیشتنە تێگەیشتنێکی نەرێنانە و ناپەسەندە، بۆیە ئێمە هێندە پێوستمان بە یەکتر خوێندنەوە و یەکتر قبوڵکردن لێبوردەیی هەیە، ئەوا نێو هەرگیز پێویستمان بە نا لێبوردەیی و کەلەڕەقی  و یەکتر سڕینەوە نییە، چونکە یەکتر سڕینەوە جگە لە ئافات و ماڵ وێرانی هیچی دیکەمان بۆ سەوز ناکات.
بەدرێژایی مێژوو هەرکاتێک دەرفەتێک یان هەوڵێک ڕەخسا بێت، ئەگەر گروپە ئاینیەکان بەرانبەر یەکتری و بەرانبەرخەڵکانێکی تر لێبوردە بووبێتن، هەر گروپێک توانیبێتی بەو پەڕی ئازادیەوە بیرو باوەڕەکانی خۆی دەرخستبێت، ئەوا  نەک تەنها باوەڕو بۆچونەکانی توشی لە نێوچون و لەنگی نەبووەتەوە نەک خەڵکی لێیان نەتەکاونەتەوە بەڵکو بە پێچەوانەوە پرنسیپەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جوانتر چاکتر زیندووتر درککراون، چالاکانە تر توانیویانە باوەڕو فکرەکانی خۆیان بەیان بکەن هەر کاتێک کەش و هەوای لێبوردەیی و لەگەڵ یەکتری هەڵکردن و یەکتر خوێندنەوە لە ئارادا بووبێت هەمیشە بیرو باوەڕەکان عەقڵانەتر و ئەکتیڤانە تر لە نێو جڤاک و کۆمەڵدا ئامادەگیان هەبووە، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە هەموو فکرەکان و زانستەکان باشتر و ئازایانە تر داهێنانەکانیان بخەنە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە، بۆ ئەم مەبەستە نوسەران و شاعیران و نوسیاران و ئەدیبان کەسانی خاوەن فەزیلە داینەمۆی ئەم ڕوحیەتە لێبوردەیێەن وەک چۆن لە تەواوی ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەمیشە فکرەکان لە کێبڕکێی ئەوەدان کام داهێنەر و کام نوسەرو کام بەهرمەندە دەتوانێت خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتی بکات؛ ئەوە هەوڵی بیرمەندان و فەیلەسوفان و نوسیارانە کە حەکیمانە تر و لیبوردانەتر خوێندنەوە بۆ واقیعەکە دەکات زیاتر درکی پێدەکات.
بۆیە ئەو توندوتێژە دڕەی کە بەهۆی دەمارگیری ئاینیەوە ئەوروپای بەرەو خوێن ڕشتن برد بەڵام بە هۆی هەست بە بەرپرساریکردنی نوخبەی ڕۆشنبیرانەوە کەچی ئێستا فرەیی ئاینی لە ڕۆژئاوا نابێتە مایەیی ئاژاوەو کێشە نانەوە، هەموو تەیار و گروپە جوداخوازەکان وەکو برا پێکەوە دەژێن و کۆک تەبان و پێکەوە هەڵدەکەن، ئیتر ئەوان بەناوی جوداخوازی و بیرکردنەوەی سەربەخۆوە یەکتر لەدار نادەن و یەکتر ناسڕنەوە قەتڵ و عام بەرپا ناکەن دژی نەیارو بیرەکانی تر ناوەستنەوە، چیدی خوێنی نوسەر و بیرمەندانیان حەڵاڵ ناکەن و بە گومڕا و تێکدەر و ئاژاوە چی و سیخوڕ ناوزەندیان ناکەن ئیتر برا هاودینیەکانیان بە زیادەڕۆ و بیدعەچی تۆمەتبار ناکەن و بەکافریان ناوزەند ناکەن. ئەوە نوسەران و بیرمەندان بوون توانیان ڕووحیەتی لێبوردەیی بچێنن و وەها لەو گروپە توند ئاژۆیانە بکەن چەکەکانیان بگۆڕن بۆ قەڵەم و داهێنان و زانست و زیندووکردنەوەی چەمکی هیومانیستی و مرۆڤی هۆشیار و تەیار بە مەعریفە .

لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە بڵێین چەمکی لێبوردەیی لە هەناوی ئەو توندوتێژیەوە هاتە ئاراوە کە لە نێوان تایەفە ئاینیەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر، قەسابخانەیان بەرپا دەکرد بۆیە دەتوانین وەها لە مانای لێبوردەیی تێبگەین، که لێبوردەیی بریتیە لە ڕازی بوون و قایل بونمان و هەڵکردنمان لە گەڵ ئەو جۆرە بیرو هزرانەی کە پێیان قایل نین و پێی ڕازی نابین، بەڵام ئەم هەڵکردنە زیانی بۆمان نیە باڵکو زیاتر لە داڕمان دوورمان دەخاتەوە، ئێمە دەبێت پراگماتیانە بۆ دۆخەکە بڕوانین و خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین بە بێ ئەوەی هەریەکمان سنوری ئەوی تر ببەزێنین و ڕێز لە شێوازی بیرکردنەوەی یەکتری بگرین گەرچی هەر یەکەمان خاوەنی تێڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆمانین.
لەم بارەیە ڤۆڵتێر دەڵێت: (ڕەنگە لە بیرو بۆچوون جیاوازبین، بەڵام ئامادەم بمرم لە پێناوی داکۆکیکردن لە بیرو بۆچونت)٤
ئەم بۆچونەی ڤوڵتێر دەری دەبڕێت هەر ئەوا خوێندنەوەیەکی سەرپێیانەو ڕوکەشانەی بۆ ناکرێت بەڵکو دەرئەنجامی ئەو هەموو کوشتارو ماڵوێرانی و کاولکاریانە بوو کە کە ناوچەکانی ئەوروپا بەهۆی شەڕی تایەفی مەزهەبیەوە یەکتریان هەنجن هەنجن دەکرد، ئەو کاتیش بۆ بیرمەندان هاوشێوەکانیان گرنگ بوو کە خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ باردۆخەکە بکەن و بارودۆخەکە هێور بکەنەوە و ئاوێک بە ئاگرەدا بکات کە ئەوروپای بەرەو داڕمان و سوتان بردبوو. ئەو ئاوەش کە ئاگر بەرەو خامۆش بوون و کوژانەوە دەبات گیانی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردنە. گەرچی کەسی لێبوردە دژی باوەڕی خەڵکانی ترە، بەڵام حەزی لەسەرکوتکردنی بیروباوەڕی نەیارەکانی نیە، ئەم حەزە ڕێگە لە کەسی لێبوردە دەگرێت که حەزەکانی خۆی بەرەو لێواری تەقینەوە بەرێت. دەبێت بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئێمەش بۆ ئەوەی ڕێگە لەبەردەم تەقینەوەی کۆمەڵایەتی بیگیرێت دەبێت هەمووان لە نێواندا پیاوانی ئاین واز لەسوکایەتی و جنێوو ناوزڕاندنی نەیارەکانیان بهێنن، کێشەو ململانێی و گرفتەکانیان بخەنە لاوە و لە بری کێشەو گرفتەدروستکراوەکان تۆوی لێبوردەییی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بچێنن، دەتوانن پەیامەکانیان بە شێوەیەکی نەرم و ئاشتیانە بە گوێی شوێنکەوتوانیاندا بدەن. ئاشکراشە لە نێو هەموو نەتەوەکاندا جیاوازی بیرو بۆچون هەیە، نابێت بەناوی ئەو جیاوازیانەوە شەڕو دووبەرەکی دروست بکەین بە بیانووی ئەوەی من لە سەرحەقم و نەیارەکانم هەڵەن، بەڵکو دەبێت هەردوولا بە پشت بەستن بە یاساو گەڕان بە دوای ڕێگا چارەدا پێکەوە هەڵبکەن و یەکتر قبوڵ بکەن و یەکتر بخوێننەوە، بۆ ئەوەی ئاشتیانە و برایانە ژیان ببەنە سەر. کەوایه دەبێت دیندارو ئاتایستەکانیش پێکەوە بە ئاسایشی بژێن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی کومەڵایەتی و گەشەی فکری و گەشەی بازرگانی و کایەکانی تریش زیاتر بەخۆوە ببینێت، وە دەبێت لەوە تێبگەین هەمیشە حەقیقەت و ڕاستیەکان دابەش بوونە، هەرگیز نەبووە حەقیقەتەکان تەنها لای کەسێک بێت و ئەوانی دی لەسەر هەڵەبن.

یەکێک لەو کێشەو گرفتانەی کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرەو داڕوخان و لە بەریەک هەڵوەشانەوە دەبات خودی دەسەڵاتی سیاسیەکەیە،  کە بە ئەنقەست و بە مەبەست پشتیوانی خۆی بۆ گروپە ڕادیکاڵە دینیەکان ڕادەگەینێت و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات و  سەربەستیان دەکات لە بەیانکردن و پەخشکردنی بیرو باوەڕە ڕادیکاڵەکانیان، بەتایبەت ئەگەر ئەو ڕەتە ئاینیانە گەر کێشەی بۆ دەسەڵات نەبێت و بەسەرداری وڵاتیان بزانن ئەم جۆرە مۆدێلە لە زۆر بە ڕوونی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتی ناویندا پیادە دەکرێت. ئەو ڕەوتانە لە ترۆپکی ئازادی و سەربەستیدان ئەمە یەکێک لەو هەڵە کوشندانەیە کە دواجار جگە لە خوڵقاندنی دۆزەخ هیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤانەی نابێت، لەم نێوندەدا فەرمانڕاوا دەبێت بە گیانی بەرپرسیایەتیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە هێزانەدا بکات، چیتر  ڕێگە بەو جۆرە بیکردنەوانە نەدات هەر چەند مەرام لە ئازادکردنی ئەو گروپە ڕادیکاڵیانە لە لایەن خودی دەوڵەتەوە  بۆ ئەوەیە کە تاکەکان نزیک پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات نەکەون و نەتوانن ڕەخنە لە پۆخڵەواتیەکانی دەسەڵات بگرن و خۆنیشاندان نەکەن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی بە تابۆ و یاساخ بزانن، هەڵبەت ئەم جۆرە تێڕوانینە خواستی سەردارانی ووڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گروپانە بەنەرمی خواستەکانی دەسەڵات جێ بەجێ دەکەن چونکە هێزانە  ڕێگر و بەربەستێکی گەورەن لە بەرانبەر ئەوەی کە تاک و کۆمەڵ تەیاربن بە ئاستی هۆشیاری و مەعریفی چونکی تاکی هۆشیارو زرنگ دژی جەورو ستەم و نادادیە، هەرگیز لەو دەسەڵاتە قبوڵ ناکات لەوە زیاتر ڕەعیەتەکەی بچەوسێنێتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی دەسەڵات پارێزراو بێت لەبەرانبەر دەنگە ناڕازیەکان، ئەوا دێت پشتیوانی ئەو هێزە توندانە دەکات چونکە ئەو هێزانە ڕێگرن لەوەی خەڵکی داوای مافی خۆی بکات ڕێگە بە هیچ ناڕازیبوون و خۆنیشاندانێک و ڕاپەڕین و جوڵانەوەیەک نادەن کەدژی دەسەڵات ئەنجام بدرێت، دەسەڵاتیش وەک باوکی گەل وێنا دەکات. کاتێک ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە پیرۆزکرا گیانی پیرۆزی بە بەردا کراو و گشتاندنی بۆ کرا ئیتر ئەو کات پایەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەواکان تۆکمەتر و قایمتر دەبێت و مەیلی ڕیفۆرم کاڵتر دەبێتەوە. بەڵام دەسەڵات گەر بزانێت یان نەزانێت  ئەمە کوپێکی ژەهرە ڕۆژێک دێت کۆتای بەخۆی دێنێت و عەرشەکەشی نغرۆ دەکات، چونکی ئەو هێزانە بە ئەگەرێکی زۆر نزیکەوە مەزەندەی هێرشی پێچەوانەی لێ دەکرێت ئیتر ئەوکات کورسی و دەسەڵات و ئەزمونەکەش نوقمی ژێر زەوی دەکرێت.ئەمەش یەکێک  لەو ڕێگا ترسناکانەیە کە کۆمەڵگا بەرەو هەڵوەشانەوەو نغرۆبوو دەبات، بۆیە دەوڵەت دەبێت بە هۆش خۆی بێتەوە و سنورێک بۆ ئەو هێزانە دابنێت.

بیرمەند و سیاسەتڤانی فەرەنسی ژان بۆدن(١٥٣٠-١٥٩٦ز) لەم بارەیە تێڕوانینی خۆی دەخاتە ڕوو، ئەو دەڵێت:ٚ (نابێت فەرمانڕەوا  پشتگیری و چاوپۆشی هیچ تاقمێک بکات ئەگەر چاوی نوقاند لە بەرانبەریان ئەوە مانای وایە خۆی بەشێکە لەو گروپانە، گەل و دەوڵەتەکەشی بەرەو شەڕو ئاشوپ پەلکێش دەکات، داوای کردووە هەتا ئەو پەڕی پێوستایەتی دەوڵەت پاراستنی مافە شارستانیەتیەکانی تاکەکانی بپارێزێت و جێگیریان بکات و نابێت بە هیچ بیانوویەک  لایەنداری بکات). ٥ لەو ڕێگەیەوە ئیدی کاری دەوڵەت دەسەڵات دەبێت فۆرمێکی دی وەربگرێت، دەبێت هەموو لایەک و بیرو باوەڕێک بە هەند وەربگیرێت ڕێز لە هەمووان وەکو یەک بگیرێت بۆ ئەوەی ڕوحیەتی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لە نێووان هەموو تێڕوانینەکان پیڕەو بکرێت گەر لێبوردەیی و ئۆقرەیی و پێکەویی لە نێوان بیرو بۆچوونە جیاوازەکان بوونی هەبێت ئەوا بێشک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکەش ئۆقرە و ئاسوودەیی بە خۆوە دەبینێت، وە بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بیرەجیاوازەکان و کەلتورو تێڕوانینە جیاوازەکان لە ململانێی و بەریەکەوتن و ملشکاندن بن ئەوا بێشک ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش تێک دەچێت و ئایندەی گەل و وڵاتیش بەرەو پەرتبوون و هەڵدێر و لە ناوچوون دەچێت، بۆیە ئەمەش ئەرکی سەرەکی دەوڵەتە کە بتوانێت بەرپرسیاریەتیانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات و پاسەوانی لە گەلەکەی و نشتیمانەکەی بکات ڕووحیەتی لێبوردەیی لە دڵ و دەروونی تاکەکانیدا بچێنێت. هەڵبەت هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کەدەوڵەت ڕۆڵی سەرەکی هەیە چ لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و تەبایی چ بە پێچەوانشەوە دەتوانێت گیانی بۆغزو کینەو بەدحاڵیبوون لە نێوان هاوڵاتیەکانیدا دروست بکات، بۆیه کاتێک بیرمەندێک یان نوسەرێک بەئاڵایەکی سپیەوە داوای پەیڕەوکردنی ئاشتەوایی گیانی لێبوردەیی دەکات ئەوا بێشک دەوڵەت و گەل توشی قەیرانێکی گەورەیی مرۆیی بونەتەوەو تینوی چەمکەگەلێکی وەک لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردنن.

"جۆن لۆک" بیرمەندی دیاری بریتانی یەکێک لەو کەسە دیارانە بوو کە تینووی ڕێکخستنەوەی واتای چەمەکگەلێکی  وەک لێبوردەیی بوو، بۆ ئەو مەبەستەش نامیلکەیەکی سەبارەت لێبووردەیی نووسیوە، ئەوەش دەرئەنجامی ئەوەبوو لویسی ١٤ پاشای فەرەنسا هێندە ترسناک و چاوچنۆکانە بوو، کە سەرجەم ئەوروپای تووشی جەنگ و قەیران کردبوو، تەنها لێپێچینەوەی لە پرۆستانتەکان دەکرد ئەمەش هەموو مرۆڤدۆستانی نیگەران کردبوو، بووە هۆی زیادبوونی هەژاری و گەندەڵی، بەمەش پرۆستانتەکان خۆیان وەکو قەتیسی ژێر دەستی کاتولیکەکان دەزانی، هەموو ئەم ڕووداوانە پاڵیان بە "جۆن لۆک ١٦٣٢-١٧٠٤ز"ەوە نا تاوەکو ڕوانینی خۆی بارەی لێبوردەییەوە بخاتە ڕوو  بە چاکترین شێواز داکۆکی لە مافی ئازادی هەموو گروپە ئاینیەکان کرد.

"جۆن لۆک" دەڵێت:( هەموو کەسێک دەتوانێت باوەڕی خۆی هەڵبژێرێت، مرۆڤ دەبێت خۆی بیربکاتەوە، لە بواری باوەڕەکانیدا خۆی بڕیار بدات، کەس نابێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەرکی باوەڕەکانی خەڵکی تری لە ئەستۆدایە، بەڕای لۆک هەرجۆرە بانگەشەکردنێک بۆ لە ئەستۆگرتنی باوەڕی خەڵکی کارێکی بێسوودە و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافی ئەوانی دی و پێشێلی ئازادیە)٦ لەم تێڕوانینەی لۆکەوە ئەوە بەیان دەکەین دەسەڵاتی دنیایی و دەسەڵاتی ئاینی دەبێت لێک جوودابکرێنەوە نابێت دەسەڵاتی ئاینی بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردان لە کاروباری دونیای بکات، چونکی هەریەکەیان جوودان، چونکی دەوڵەت پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵێک مرۆڤ پێکهاتووە، تەنها بەمەبەستی  دابینکردنی بەرژەوەندیگەلی مەدەنی پێکدەهێنرێت، بەرژەوەندی مەدەنیش ئازادی و کایەکانی تری ژیانن. بەڵام دەسەڵاتی ئاینی کۆمەڵێکن بە هەرەوەزی عیبادات دەکەن و پەرستش ئەنجام دەدەن، ئەم جۆرە لە تایپە سەرقاڵبوونیان بە کاروباری ڕۆژانە یان سیاسی و مەدەنی لە ئارادا نییە، بۆ هیچ دەسەڵاتێکی ئاینی نیە پشت بەهێزو چەک ببەستێت چونکە وەها دەسەڵاتێک تایبەتە بە دەسەڵاتی سیاسیەوە، بەڵام ئەرکی ئاین بریتیە بە پشت بەستن بە تەقوا پرنسپی ئاینی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ڕێک دەخات. وەئاینی ڕاستەقینە دەبێت لە هەمبەر باوەڕو بیرکردنەوەکانی تردا دەبێت هەڵکەرو لێبوردەبێت، چونکی لەڕووی جەوهەر و عەقڵەوە ئاین نابێت بە زۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت.
بە شێوەیەکی گشتی پرسی لێبوردەیی پرسێکی گرنگ و جێگەی هەڵوێستەکردن و قسە لەسەر کردنە ئەگەر ئەم پرسە بۆ کۆمەڵگای و کەلتورەکانی دونیا گرنگ و پڕ مفا بێت ئەوا بە دڵنییایەوە بۆ کۆمەڵگایەکی وەکو کۆمەڵگای کوردی پێویستیەکی حەتمی و چارەنوسسازە، چونکە ئەو دۆخە شێواوە و ئەو بەریەککەوتنە ئاینی و ڕەوت و مەزهەب و شەڕی باوەڕانەی کە لە دونیای ئێمەدا ڕووی داوە و ڕوودەدات بێ شک هیچی کەمتر نییە، لەو دۆخە تاقەت پڕوکێنەی کە لە چاخەکانی ناوڕاست لە ئەوروپا ڕوویاندا وەک چۆن نوسەران و بیرمەندانی جیهانی ڕۆژئاوا بیریان لە خەتارناکی توندڕەوی بازرگانانی ئاینی و ڕق و کینەی جیاوازی ئاینی کردەوە گەرچی دەرنگیش بێت فریای کۆمەڵگاکەیان کەوتن هەرزوو چ لە ڕێگەی نامەو نوسینەوە چ  هۆشیاریەکانیان، توانیان گیانی لێبووردەیی و ئاشتی یەکتر قبوڵ کردن بکەنە بەدیلی ڕق و جیاوازی و بوغزو دکتاتۆری و یەک ڕەهەندی، ئەوا هەزار جار دۆخی ئەم سەردەمەش زیاتر  پێویستی بەوە هەیە نوسەر و بیریار و کەسانی ئایندار و ئاتایستەکان بۆ ئەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیاتر نەکەوێتە بەر مەترسی ئێستا ئەو فەوزا ئاینیانە و ئەو هەموو تۆمەتانەی کە پیاوانی ئاینی کە لە ڕێگەی مینبەرەکانیانەوە ئاڕاستەی نوسەر و شاعیرو ئەدیبەکانی خۆی دەکات ئەو وە ئه وڕەوتە ئاینیانەی هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکە دەدەن، ئیتر کاتی ئەوەیە دۆخەکە هێور بکرێتەوە بە ئەجێنداو ڕووحیەتێکی برایانە مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەین پێوستە ئەو بەرگی کینە و ڕقە فڕێ بدەین و لەبری ئەوە بەرگی لێبوردەیی و ئاشتەوایی بپۆشین، بەرگی لێوردەیی پۆشینی ئاسانترە لە بەرگی بوغزو دووبەرەکی، ئەمەش تەنها پێویستی بە ئیرادەیەکی باش و نیەتێکی کۆنکرێتی هەیە، چونکی مادام مرۆڤ دەتوانێت ڕق و دووبەرەکی بچێنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە زیاتر و چاکتر دەتوانێت لێبووردەیی و ئاشتیش بچێنێت کەواتا مادام مرۆڤ دەتوانێت لە کاتێکدا هەم کاری باش هەمیش کاری خراپیش بکات، ئەوا بێگومان کاری چاکە هەر چاکە ئیتر بۆ نایکات؟  ئێمە لەجیهانێکداین فرە ئاین و فرە ڕەهەندو فرە تایپ و کەلتورە ئیتر بۆ ئاینێک یان ڕەوتێک نیە بە ئارەزووی خۆی مۆنۆپۆلی بکات وەک چۆن ئەو ڕەوتە خۆی ئازادە لە پەخشکردنی بیرو باوەڕی خۆی ئەوا دەبێت بڕوای بە ئازادی ئەوانی دیش هەبێت بە ئازادانە بێ هیچ سانسۆرێک بیرکردنەوە و خوێندنەوە و باوەڕەکانی خۆیان بەیان بکەن، ئەگەر کەسێک بەو پەڕی دڵنیایی و یەقینەوە شوێنکەوتووی ئاینێک بێت، باوەڕەکانی ئەوی پێ قبووڵە لە بەردەم فەرمانەکانیدا چۆک دادەدات، تەنانەت ئەگەر واز لە باوەڕی دایک و باوکی خۆشی بهێنێت و خۆی لە کۆڕو کۆبوونەوە ئاینیەکان بە دوور بگرێت و لە ڕێوڕەسمە ئاینیەکانیش بەشداری نەکات، یان واز لە هەندێ کەس و شتی دیکەش بهێنێت، نابێت وەها کەسێک بە بیدعەتکاریی و بێدینی تاوانبار بکرێت. ئێمە دەتوانین بە لێبوردەیی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و هێمنی ئاسایشی بەرقەرار بکەین بەڵام ڕک و بوغز جگە لە ماڵ وێرانی و کاولکاری و یەکتر لە ناوبردن هیچی دیکە مەیسەر ناکات.

بە کورتی کەس مافی ئەوەی نییە بەناوی وەفاداری بۆ دەوڵەت و ئاین ئاینێک کە خۆی پێی خۆشە بە سەر ئەوانی دیکەشدا بیسەپێنێت، بۆیە دەبێت ئاین جودا بێت لە دەوڵەت، دەبێت کاروچالاکیەکانیان بە تەواوەتی دەستنیشان بکرێت، ئەگەر ئەم جیاکردنەوەیە ئەنجام نەدرێت ئەوا نیگەرانی و بەریەککەوتنەکان بنبڕ ناکرێت، بۆیە ئەوە ئەرکی فەرمانڕەوایی مەدەنیە کە بە کاری دادپەروارانەی هەستێت بە جێبەجکردنی یاساگەلێک بە یەکسانی بەسەر هەموواندا، وەک یەک جێبەجێ بکرێت، دەبێت هەمووان پێوە پابەند بن، ئەگەر هەر ڕەوت و باوەڕێک ئامادەیی جێبەجێ کردنی یاسای نەبێت ئەوا دەبێت ڕووبەڕووی یاسایی بکرێتەوە و لێپیچینەوەی لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ خۆی و هاوشێوەکانی.

ئازاد شکور
-----------------------------------------
لیستی پەراوێزەکان:

١) - ڤۆڵتێر، نامەیەک لە بارەی لێبوردەیییەوە، و: عبدوڕەزاق عەلی، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١١.

٢) - جۆن ستیوارت میڵ، لە بارەی ئازادییەوە، و: ئاوات ئەحمد سوڵتان، چاپی یەکەم-تاران-٢٠٢١.

٣) - جۆن ستیوارت میڵ، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥٨.

٤) -ڤۆڵتێر،  سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 9

٥) - د. حەمید عینایەت، فەلسەفەی سیاسی خۆرئاوا، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم- ٢٠١٠.

٦) - جۆن لۆک، نامیلکەی لێبوردەیی، و: فەرشید شەریفی، چاپی یەکەم ٢٠١٦.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×