بۆچی ئۆپۆزسیۆنی کورد پێویستی بە «سەدر»ێک ھەیە!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-08-30     555

دەمێکە داینەمۆی پڕوپاگەندەی بەرەی ئێران «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری» لە ڕێی ڕاگەیاندنی گروپەکانیانەوە، سەدر بە کەسێکی «نەزان، ترسنۆک و زۆر وشەی ناپەسەندی تر»، دەشوبھێنن!

بەڵام حەقیقەت ئەوەیە: ئەوەی سەدر لە سەرکێشی سیاسیی، چ لە ڕابردو دژی ئەمریکا و، چ لە ئێستا دژی بەرەی ئێران «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری»، دەیکات، سەلماندویەتی، سەدر سەرکردەیەکی خاوەن ئیرادە و سەرکەشی سیاسییە و، نەترسییەکەی بەشێوەیەکە، بەرەی ئەو ئێرانەی کە ئەمریکا زەندەقی لێی چو بو لە عێراق دا، سەدر بە چۆکی داھێناون!

چوار ڕوداو، بونە ھۆی داڕوخانی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق:-

یەکەم:ـ کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی کە پایەیەکی سەرەکی ھێشتنەوەی ھەژمونی ئێران بو لەسەر عێراق. بەجۆرێک، بە ئیعازێکی قاسمی سولەیمانی، لە سەرۆک کۆمارییەوە دەڕۆشتە تەوێڵەو پێنجوێن بۆ دیداریی و، بۆ یەکەمجار وشەی «عوزما»ی بۆ ئاخوندە پلە نزمەکانی ئێرانیش داھێناو، کۆڵەکەیەکی ھێشتنەوەی بەردەوامیی پێکھێنانی حکومەتی ئێران بو لە ناو عێراق دا.

من لە بابەتەکانی یەک ساڵی ڕابردوودا، کە زۆرینەیان لە سایتی ئاوێنە ماون. لە زۆرێکیان دا بە شیکاری سیاسیی بۆ سەرکردە باڵاکانی یەکێتییم ڕونکردۆتەوە کە بەردەوامبون لەسەر ئەو نەریتەی مام جەلال، یەکێتیی دادەڕوخێنێت. بەڵام بافڵ و بەرھەم ساڵح، ھەروەک مام جەلال، بەردەوام بون لە دیداری جەنەراڵەکانی پاسداران لە تەوێڵە بۆ پێکھێنانی حکومەت!

بەڵام، کەمێک نەفەس درێژیی سەلماندی، کە تێفکرینەکانی من، کە دەمنوسی: مەلا بەختیار بۆ ئەم قۆناغە بۆ سەرۆک کۆمار باشترە تا بەرھەم ساڵح. ھەروەھا دەمنوسی: تەنانەت لاھور بنێردرێت بۆ بەغداد لە قازانجی یەکێتییە. عەقڵی بافڵ نەیبڕی بو! چونکە ئەگەر مەلا بەختیار لە چێی بەرھەم ساڵح دابنرایە، نە شەڕە قۆچی یەکێتیی و پارتیی دەگەشتە ئەم ئاستە و، نە بەرەی شەقامیی عێراقیی دژ بە ئێران، ھێندە ڕقیان لە یەکێتیی ھەڵدەگرت! خۆ ئەگەر لاھوریش بنێردرایە بۆ بەغدا، شەڕی ئامۆزاکان بەم ڕۆژە نەدەگەشت! سیاسەت ھونەری مومکینات و سەرکێشیی و خوێندنەوەو پلانداڕێژانە بۆ قۆناغی داھاتو! گەر توانای پلانداڕێژیی و خوێندنەوەی بەشێکی ڕوداوە سیاسییەکانی داھاتوت نەبێ، کەواتە ھوشیاری سیاسییت نییەو بۆ سیاسەتکردن ناشێیت!!

دووەم ڕوداو کە بەرەی ئێرانی لاواز کرد: کوشتنی قاسمی سولەیمانی بو لەلایەن ئەمریکاوە!

سێیەم ڕوداو کە بەرەی ئێران «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری»ی لە عێراق لاواز کرد، گەندەڵیی و مافیاگەرییەکی بێ وێنەی ئەم گروپانە بو.
بە جۆرێک کە کوڕی مالیکی لە شەقامی ئیجوارد ڕۆدی لەندەن، بە ئۆتۆمبێلی وا گرانبەھا پۆزی لێ دەدا، کە بە موچەی «یاسایی!» دەیان مانگی باوکی، نەدەكڕدرا!
لە سلێمانیی لە دوو ساڵی ڕابردووەوە، یەکێتیی ھەستاوە شەست و پێنج ھەزار پارچە زەوی موڵکی میللەتی، بەش-بەش کردوەو لە بازاڕی تاڵانیی دا، فرۆشتویەتی. کە تاڵانیی وا لە مێژوی خراپترین حوکمڕانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ڕوی نەداوە!


کورتوپەخت، گروپەکانی سەر بە ئێران لە ژێر سەرکردایەتی «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری» بە جۆرێک لە گەندەڵیی و مافیاگەریی و کوشتنی چالاکوان و خەڵکی مەدەنی گلاون، کە لەم سەردەمەی جیھان دا ھاوشێوەی نییە!

چوارەم: سەرکێشیی سیاسیی سەدر و ھەبونی غیرەت و ئازایەتییەکی گەورەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی گروپەکانی ئێران، شەقامیی عێراقی ڕێکخست دژی بەردەوام پێکھێنانی حکومەتی کارتۆنیی ئەم گروپانە و، ئەمەش چوارەم ھۆکاری لاوازکردنی بەرەی ئێران «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری» بو!

سەدر ئەمڕۆ سەر بکەوێت یان نا، تازە شەقامی عێراقی خستە قۆناغێکەوە، کە لە ھەڵواسینی وێنەکانی خومەینیی و خامنەیی و قاسمی سولەیمانییەوە لە عێراق دا، بۆ دژایەتیی ڕاستەوخۆی ئێران ھەنگاو بنرێت. 


واتە: ئەمە قۆناغێکی تەواو جیاوازە کە سەدر بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بە شەقامیی عێراقی بەخشیی و، ئێستا بە ئاشکرا نەک ھەر لە شەقامەکانی عێراق وێنەکانی خومەینیی و خامنەیی و سولەیمانی ھەڵناواسرێت، بگرە خەڵکەکە شۆڕشگێڕانە ڕوبەڕوی گروپەکانی ئێران بونەتەوە.

لە ناو سەرکردەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، «سەدر»ێک لە ١٩٩٢ ەوە تا ئێستا بونی نییە. کە ھێندە ئیرادەی پۆڵاینی ھەبێت کە شەقام ڕێکبخات و شۆڕشی مەدەنیی-سەرشەقامیی-چەکداری بخولقێنێ و، ھەر ڕۆژەی خۆی بە جۆرێک بنوێنێ و، ھەر جارەی بە شێوازێ سەرکێشیی بکات کە سەر لە بەرانبەرەکانی بشێوێنێت. سیاسەت بە کەشوفش و بۆڕە بۆڕ تا سەر ناکرێت!!

ڕاستە سەدر شیعەیە. بەڵام ھەر تەنیا شیعەبونەکەی نەیکردوە بەم کاراکتەرە، خۆ لە ناو کوردییش دا شیعە ھەیە. ئەگەر سەدر توانای کاریزمایی خۆی نەبێ، چۆن دەتوانێ ئەو ملیۆنان سوننەو شیعەیەی عێراق بکاتە شوێنکەوتەی خۆی! ئەی بۆچی عەمار حەکیم نەیتوانیی ئەوە بکات کە ئەویش کوڕی پیاوێکی ئاینی ناوداری شیعەیە و ئێرانیشی لە پشتە! 


کەوابو، کاریزمایی و نەترسییەکەی و سەرکێشییە سیاسییەکانی، «سەدر»ی کردۆتە ژمارە یەک لە عێراق دا. بە جۆرێک ئەگەر سەدر نەبوایە، ئێران ھەڵدەستا بەرھەم ساڵحی دادەنایەوەو، حکومەتێکی پێکدەھێنا لە بەغدا، کە حکومەتەکەی ھەرێمیش بە چۆک دا بێنێت.
سەدر بە سەرکێشییە ڕۆژانەییەکانی، زۆربەی ڕیسەکانی بەرەی ئێران «مالیکی، حەکیم، عەبادی، غەز عەلی، بافڵ تاڵەبانی و عامری» ی کردۆتەوە بەخوری.

لە ئێستا دا، زۆر پێویستە ئۆپۆزسیۆنی کورد، لە سلێمانییەوە کە مەڵبەندی ناڕەزایی و گوتاری سیاسیی پێشکەوتوخوازانەیە، دەستەیەکی ڕێکخراوی سەرکردایەتیی کردن بۆ جوڵانەوەیەکی نەترسی سەرشەقامیی دژ بە ستەمکاریی بێتە مەیدانەوە. کە ھاوتەریبی گوتاری سیاسیی شۆڕشگێڕانی شەقامەکانی بەغداد ھەنگاو بنێت بە بەرگێکی کوردانەی شۆڕشگێڕانەوە. ھەر ئەمەشە دەیسەلمێنێ لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایی جەماوەری کوردستان دژی ستەمکاریی لە لوتکەدایە، بەڵام نەبونی «سەدر»ێک لە ناو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد، جەماوەرە ناڕازییەکەی بێ ئومێد و ناڕێکخراو لە کوردستان دا ھێشتۆتەوە. بۆیەشە ھەبونی «سەدر»ێک بوەتە پێویستییەکی گرنگ بۆ ئەم قۆناغە لە ناو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد دا، کە نەترسانە و لێبڕاوانە سەرکردایەتی بەرەی گەل بکات دژی ستەمکارییەت!

 

خۆ ئەگەر لە ناو سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردیش دا، نیمچە «سەدر» ێک نەیەتەبون. ڕوداوەکانی بەغداد ئەو پەیامانەش دەدەن کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان دەبێ و، مەرج نییە لە کوردستان ستەمکاریی بتوانێ تا سەر فەرمانڕەوا بێ!
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×