لاقەکردنی عەقڵ، یان سەماکردن بە دەوری خیانەتدا

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2022-08-31     521

لە لێکدانەوەی سیاسیدا، خیانەت وەک کردەی هەڵگەڕانەوە، لێکترازان، فیتنە، پیلانگێڕان و تێکدان دەناسرێت، بەڵام لە مانای هونەری و قانونیدا، بریتییە لە خۆهەڵواسین و دەستگرتن بە عەبای دوژمنەوە، هەروەها پێشکەشکردنی هاوکاری و دابینکردنی ئارامی بۆی، بەکورتی، واتە بەشداری لە پیلانی دەرەکی و کۆمەککردن بە دوژمن دژ بە نیشثیمان و پرەنسیپە نیشتیمانییەکان.

د.گوست میرلو، وەک پزیشکێکی دەروونی، پەیوەندی خیانەت بە کێشە و ژیانی گشتییەوە، کە بابەتێکی خودییە و خۆی لە خیانەتی خوددا دەبینێتەوە، وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە مانای ڕاستەقینەی چەمکی خیانەت دەبینێت.

ڤایرۆسی خیانەت، سەرەتا لە دەستبەرداربوونی مرۆڤ لە پرەنسیپ و باوەڕەکانی، چەکەرە دەکات و دروست دەبێت. کاتێک ئەمە ڕوویدا، ئیدی وردە وردە دەستبەرداربوونی زیاتر لە بنەما و پرەنسیپەکان درێژەی دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی مرۆڤ خودی خۆی، کەسایەتی، توانا و خزمەتەکانی بۆ دەسەڵاتێکی باڵاتر دەخاتە بازاڕی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنەوە. مرۆڤی خیانەتکار هەندێجار تووشی وەهمی خودپەرستی و جۆرێک لە قەناعەت دەبێت، هەر خۆی ڕاست و لەسەر هەقە، ئەوەی لە دەرەوەی ئەو دەگووترێت دوورە ڕاستییەوە، ئەم جۆرە لە کەسایەتی خائین، تایپێکی تەواو جیاوازە، تایپێک لە سێبەردا و لە ژێر عەبای نیشتیمانپەروەری و بەرژەوەندی و کەرامەتی نەتەوەییدا، درێژە بە خیانەت لە نیشتیمان و نەتەوە دەدات، بۆیە لە چیرۆکەکانی خیانەتدا دەبێ بۆ دیوە شاراوە و نەبینراوەکانیشی بگەڕێین. ئەم فۆرمە لە خیانەت جگە لەوەی شایستەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە، هەمیشەش هەوڵدەدات لەبری ددانپێدانان، لەبری هەستکردن بە گوناهی گەورە، خیانەت دەخاتە ناو بازنەی لێکدانەوە و تەفسیری نابابەتییەوە.

خائینانی سیاسی و هاوکارانیان هەڵگری سیفات و تایبەتمەندی هاوبەش و تایبەت بەخۆیانن. زۆرینەی ئەوانە بە ئاسانی ددان بە کردەی خیانەتدا نانێن و ناشیرینترین گوناهی نیشتیمانیش وەک خیانەت نابینن. وێڕای ئەوەی بەردەوام پاساوی ناعەقڵانی و بێ بنەما بۆ ڕەفتارەکانیان دەهێننەوە، کاری لادان و خیانەتیش بە تۆڕێکی ئاڵۆز لە سەفسەتە و بیانووی نابەجێ، کە هەرگیز هێزی داپۆشینی کردەی خیانەتی نابێت، گەمارۆ دەدەن. ئەمانە بە هەموو هێزیانەوە لە بەرامبەر قبوڵکردنی وێنەی بابەتیانەی کردەوەکانیان دەوەستنەوە، چونکە قبوڵکردنی مانای سەرکۆنەکردنی خۆیانە لە کولانەکانی خۆیاندا.

هەوڵدان بۆ داپۆشینی خیانەت، زۆرجار دەزگای گەورەی میدیایی، پارەی زۆر، کەناڵ و ئۆرگانی سیاسی و حیزبی، پەیوەندی دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی گەورەی بۆ دەخرێتەگەڕ، بەڵام لەم پرسەدا شتێکی گرنگ فەرامۆش کراوە، ئەویش ئەوەیە، ڕووداو و مێژوو لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی سیاسی و حیزبی ناتوانێت بەرەو ئامانجی دیاریکراوت ببات، چونکە لە بەرامبەر بۆچوون و دیدگا و لێکدانەوە بچووکەکانی تۆدا، لێکدانەوەی فرەڕەهەند و بابەتیش بە کۆتا نەگەیشتوون.

 گومان لەوەدا نییە، درۆ داڕشتن، پڕوپاگەندەی زۆر و دەربڕینە ساختەکان مەبەست و ئامانجی خۆیان هەیە. هیچ هێزێکی داگیرکەر لە مێژوودا ئەم چەکە کاریگەرەی شکاندنی کەسایەتی مرۆڤ و بەتاڵکردنەوەی ئیرادەی فەرامۆش نەکردووە، هەر وەک چۆن هیچ خیانەتکارێکی نیشتیمانیش سڵی لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازە کاریگەرانە نەکردووەتەوە. خاوەنانی ئەم وشە و ڕستە و دەربڕینانە بە ئامانجێکی دیاریکراو دەخرێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەرکێکی تایبەت، کە دەشێ بە (مەسرەفکردنی قسە) ناوبنرێت، کە وادەکات بەشێک لە خەڵک ئامادەبن بۆ وەرگرتن و قبوڵکردنی هەر جۆرێک لە وەهم و ئەفسانە لە دەرەوەی حەقیقەت و بابەتیبوون. ئەو هێز و گروپانەی بۆ ئەم مەبەستە دەخرێنەکار ئامانجیان ئەوەیە، ئەو وێنە تایبەتە لە هۆشیاری و تێگەیشتنی هاوڵاتیاندا بینا بکەن، کە خۆیان دەیانەوێت، تا هاوڵاتیان نەتوانن بە چاوی خۆیان ببینن و بە گوێی خۆیشیان ببیستن. واتە مرۆڤ ئەگەر بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاگایی و بوونی خۆی نەکات، دوورنییە بە ئاسانی بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم شاڵاوەی لە دەرەوەیدا و بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو هێرش بۆ سەر دونیابینی، تێگەیشتن و ڕوانینی، دێنێت.

جەنگی وشە، جەنگێکی کاریگەر و فریودەرە، تایبەت ئەوکاتانەی مرۆڤەکان لەگەڵ بیرۆکەیەک، شاڵاوێکی میدیایی و ئایدیۆلۆژی ڕووبەڕوودەبنەوە، هێزی ئەوەیان نابێت بە وردی تێیبگەن و ئامانجەکانی بخوێننەوە، واتە لەبری تێگەیشتن لە ڕاستی ڕووداوەکە، گوێ لە دووبارەکردنەوەی تاقەتپڕوکێن و بێ بنەما دەگرن، ئەمەش هەرچی زیاتر ئەگەری ئەوەی دەبێت، حەقیقەتت لێبگۆڕێ بە وەهم و خیانەتیشت لێبکات بە دەستکەوتی نیشتیمانی. درۆیەک ئەگەر بۆ چەندین جار دووبارە بکرێتەوە، دوورنییە لای خودی خۆیشت بگۆڕێت بۆ نیمچە حەقیقەتێک.

ئەوەی پارتی لە ئێستادا دەرهەق بە خیانەتی ٣١ ئاب دەیکات، هەوڵدانە بە ئاراستەی لێکدانەوەی مێژوو بەهۆی بیرکردنەوەی حیزبی، هەوڵدانە بۆ قبوڵکردنی وەهم بە نرخی حەقیقەت. لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕووداوێک نادۆزینەوە لە ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی و دەوروبەری دابڕاو بێت. هەر ڕووداوێک بە کردەی خیانەتیشەوە، هۆکاری خۆی هەیە، بەڵام بوونی هۆکارەکان هیچ شتێک لە مانای خیانەت ناگۆڕن، پاساوەکانیش هەرچیبن ئەستۆی هیچ فیگەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کردەیەکی خیانەتکارانە پاک ناکاتەوە. کورت و پوخت، خیانەتی نیشتیمانی خیانەتە و هۆکارەکان مانای دووەمی پێنادەن. بۆیە وەهمی لێکدانەوە بۆ ڕووداو هەرگیز ناتوانێت بگۆڕێت بۆ وەهمی زاڵی ناو کۆمەڵگە، وەهمێکی گشتی. ئەوەش ڕوونە، ڕەنگە ڕاستکردنەوەی وەهم ئەرکێکی قورس بێت، تایبەت کاتێک ئەو وەهمە سنوری مرۆڤ وەک تاک دەبەزێنێت و دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی گروپ، هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی. دونیای دیموکراسیش دەرفەتێکی باشی بۆ خستنەڕووی لێکدانەوەی وەهمی بۆ ڕووداو ڕەخساندووە، چونکە دیموکراسییەت لە دونیایەکی پڕ لە وەهمی جیاواز و دژبەیەکدا داکۆکی لە جوڵەی فیکر و ئازادی بیرکردنەوە دەکات.

کەسی خیانەتکار لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕووبەرەکانی هەڕەشە و مەترسی، زۆر لە فاشیزم دەچێت. فاشیزم هەمیشە بۆ سڕینەوەی بوونی ئەویدی پێویستی بە دروستکردنی مەترسییەک، هەڕەشەیەک دەبێت، فیگەری سیاسی خیانەتکاریش بەهەمانشێوە. سیاسی خیانەتکار، بەردەوام لەگەڵ وەهمی مەترسی گەورەدا دەژی، هەمیشە خۆی وا پێشاندەدات لە دۆخێکی پارێزراودا نییە، بۆ ئەوەی کارتەکانی خیانەتیش ڕاکێشێت، دەبێ وێنەی دوژمنێکی وەهمی بۆ دەوروبەری خۆی بکێشێت، دەبێ مەترسییەکانی لەناوچوون و کۆتایی خۆی و گروپەکەی، لانیکەم بۆ بازنەکانی دەوروبەری خۆی، لە وەهمێکەوە بگۆڕێت بۆ ڕاستییەکی مێژوویی، واتە دەبێ پاساوی ئامادە و هۆکار و بیانووی نابابەتی بۆ خیانەت وەک پێشینەی کردەکە ساز و ئامادە بکات.

لۆرد (ولیام جۆیس)، ئەو خائینەی حکومەتی بریتانی لە سێدارەیدا، خۆی وا پێشاندەدا لە نەژادی ڕاستەقینەی (ئاری)یە، لەمەشدا مەبەستی بوو هاوکاری و کۆمەکی بۆ بەرژەوەندی ئەڵمانیا دژ بە نیشتیمانەکەی (بریتانیا)، پاساو بداتەوە. نازییەکان بە ڕێگەی سیاسی لادەرانەی خۆیان هەوڵیاندەدا بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئەوانیدی بە ڕیزەکانیان، کۆمەڵێک پاساو و نموونەی ئامادە پێشکەش بە کەسە لاواز و بێزار و ڕوخاوەکان بکەن. هیتلەر لە کتێبی (کفاحی)دا دەڵێت: ئەوکاتەی هەست بە نائومێدی دەکرێت، مرۆڤەکان بە ئاسانی ئامادەی وەرگرتنی هەموو جۆرە پێشنیارێک دەبن. واتە لاوازی کەسێتی، بێزاری و ڕوخان، دەشێ وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ لادان و خیانەتی نیشتیمانی بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەلایەن دەرەوەی خۆت سوودی لێوەربگیرێت و بەکاربهێنرێت. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئێمە دەزانین، زۆرجار دەسەڵات و گروپی دەسەڵاتدار، خەریکی بەشینەوەی تۆمەتی خیانەت و کاری تێکدەرانەن لە بەرامبەر خەڵکانێکی نیشتیمانپەروەر و بیرکەرەوەدا. ڕەنگە سۆکرات و تۆمەتبارکردنی بە خیانەت بە پاساوی (تێکدانی عەقڵی گەنجانی ئەسینا) باشترین نموونەی ئەم بۆچوونە بێت. جیاوازییەکە ئەوەیە لە دۆخی فیگەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەو هێز و گروپانەی خەریکی سەماکردن بە وشە و ڕستەکانن بە ئامانجی گۆڕینی وەهم بە حەقیقەتی مێژوویی، هیچ پاساو و هۆکار و لێکدانەوەیەک ناتوانێت کۆمەکیان پێبکات و خیانەتیان بۆ بگۆڕێت بە نیشثیمانپەروەری، لە دۆخی سوکرات و هاوشێوەکانی سوکراتیشدا، هەرچی دەسەڵات و دەسەڵاتداری نێو مێژووە، ناتوانن سوکرات لە سیمبولێکی گەورەی ناو دونیای فیکر و فەلسەفەوە بگۆڕن بۆ مرۆڤێکی لاوازی خیانەتکار. ئەو فیگەر و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی، بە بەکارهێنانی ئامرازە مودێرنەکانی بەردەستیان، بەپشتبەستن بە پاساوی ئامادە و هۆکاری نابابەتی، دەخوازن خیانەت لە هۆشیاری خەڵکدا بگۆڕن بە نیشتیمانپەروەری، جگە لە لاقەکردنی عەقڵ هیچ شتێکی دیکە ناکەن، گروپ و کەسانێکیش عەقڵ و هۆشیاریان لاقە کرابێت، لە بەرامبەر لاقەکردنی عەقڵی ئەوانیدیکەدا، دەبێت بە دەستی بەتاڵ بچنەوە کولانەکانیان.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×